ڕووداوی هەردوو دیوی پەنجەرەکە

از کتاب:
لە غوربەتا
اثر:
محمد عمر عثمان (1957-2019)
 2 دقیقه  937 مشاهده
لەودیو پەنجەرەی تەزیوی زستانەوە..
دوو چاوی گەشی پڕ ئەشک و نزا..
بەدەم شەپۆلی گل و ژانەوە
تک.. تک.. ون ئەبێ..
لە تاریکیی و تەم و مژا.. دەتوێتەوە
تا ساتێ زووتر.. خوا تابووتی شەو..
لە دارستانی بەرەبەیانا.. بشارێتەوە
کەچی تا دێ شەو سامناکتر ئەبێ..
خوا ناڕوانێتە سیمای پشتی ئەو پەنجەرە ڕەشە..
کە مرۆڤێکی تەنیای کڵۆڵە
پێخەفی هەور و سەرینی خۆڵە
ئەگری و ئەپرسێ..
مەگەر بە تیشکی زەردەی مەرگی خۆم..
سەهۆڵ بەندانی شەو بتوێتەوە!
جگەرەی ئەبەدیی خەمی گەردونم لە لێو بێتەوە
ئەگری.. ئەیەوێ خۆی بسووتێنێ..
جەستەی تەزیوی ئاگر تێبەردا و
تا دوا هەناسەی ئەم ژینە پەستەی..
پڕ بێ لە ئۆخەی..
لەبەر ڕۆشنایی سووتانی خۆیا..
وێنەی گزنگی ئاوابووی ژینی بدۆزێتەوە..
خۆڵەمێشی خۆی تێکەڵ کا لەگەڵ گەرد و سووتوەکەی
ئاگر شک نابا..
دێتە دەرەوە..
بەناو جەنگەڵی تابووت و مەرگا
ڕووەو کەناری گۆڕستانەکە ئەکەوێتە ڕێ
لە کاسەی سەریا..
هەوری خۆکوشتن ئەڕەوێتەوە
بەڵام هەزار داخ هێندەی پێ ناچێ..
سەگەکانی بەگ ئەیگرن.. ئەڵێن..
ئەمە هاتووە لە تەلبەندەکان بپەڕێتەوە و
نەخشەی جۆگەکان تێک بداتەوە
لەت لەتی ئەکەن.. کەسیش تەرمەکەی نابینێتەوە!