بەیتی عەبدوڕەحمان پاشای بەبە

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 4 خولەک  849 بینین
خالەق! هەر ئەتووی قادر،
ڕەبی! هەر ئەتووی قادر،
چەند باقی و هەم نادر،
تۆی عەرز و ئاسمان ڕاگر،
هەشتێ هەزار عالەمە، بێ شکە وەڵلاهـ زیاتر
ئەمنیش یەکم لەوان عالەمان، خۆ دەگرم لە هەمووان کەمتر.
سەجدەی شوکرێم لەسەر بوو، نەتخووڵقاندم بە کافر،
«لا اله الا اللهعەرەبی» سەد هەزار جار شوکر
تۆی ئەووەڵ و تۆی ئاخر،
تۆی باتین و تۆی زاهیر.
چەند باران و چەند بەفر
چەند ڕووبار و چەند بەحر
چەند ئاسمان و چەند هەور
چەند بەهەشت و چەند ئاور
چەند قۆشەن و چەند لەشکر
چی توو پێت ببێ ئەمر
نەشبێتن دەیکەی حازر.
حازر دەکەی بە ڕەوانی
ڕەبی هەر تۆی تەن سوبحانی
خالقی کوللی شەیئانی
مالکی بەحر و بەڕیانی
عالم و خەبیری هەمووانی،
تەوفیقدەری، موستەعانی!
ئەزم «عەلی بەردەشانی»
دە بەندێم نەکەی زبانی
بەیتێ دەڵێم بە دیوانی
مەدحی پاشای کوردستانی
مەدحی پاشای کامیان باشە
شایەد ڕۆم و قزڵباشە
هەر جارێ شیری دەکێشا
هەمووی دەهاتنە تەماشا
عالەم ئاڵایە چاوەشە
مەردە عەبدوڕەحمان پاشا
پاشای بەبان جیهانگیری
وەک ڕۆستەمی زاڵی پیری
تەحا بە ڕا و تەگبیری!
ڕانابوێرێ بە ڕەزیلی:
«ناکەم خزمەتی وەزیری
نانی دەستێنم بە شیری!
بە شیری نەبێ قەت پێک نایە».
دەوڵەت نایەتە ڕەدایە
ناچمە سەفەری لەحسایە
یاغی دەبم لە بەغدایە!
یاغی دەبم ئینشائەڵڵاهـ
خزمەتی ناکەم وەڵلاهـ!
ئافەرین بارەکەڵلاهـ!
تەوەکەل تەعالەڵلاهـ!
هە کوڕە بەبەینە هەللاهـ!
بەبە هاتن بەلێمشت
لە غیرەتێیان بەست پشت
دەستی لە بەغدایە شوشت
حەمەد پاشای کۆیی کوشت.
کوشتنی بە چ قەرار بوو؟
پاشای بەبان سەردار بوو
سەد وەک وی خزمەتکار بوو
دە حاڵی خۆیدا شۆفار بوو
خزمەتی پاشای پێ عار بوو
بێ تالعی لە ملان بار بوو
تالعی پاشای دیار بوو
پاشا کردیە گوفتوگۆیی،
لەگەڵ تۆ محەمەد کۆیی:
«حەزم کرد هاتی و نەڕۆیی.
زۆرم حەز کرد میری سۆران
دوو زمانی وەکوو گۆران
بە ئەقڵ هاتوویە نۆران
بێ کەسی دوژمنی زۆران
ئەوجار لێی دەن بە ساتۆران»
ساتۆر دەبان ڕەنگ شمشێری
دەست و باهوو حەملەی شێری
وای کوتوە شیعری شایێری
یاڵلاهـ پاشا گوێم بدێرێ
کە فرسەت هات، قەت نەیبوێرێ
مەرد هەر خۆی بە ئەڵلاهـ دەسپێرێ.
هەر ئەڵلایە و ساحیب سوڕە!
وەدەست کەوت بەبێ قڕە
پشتیان شکان، زگی دڕا
لە سایەی توو ڕیشی بڕا.
لێک سوار بوون کوڕە کوڕە
لەردوو ئوردووان بوو بە چڕە.
بوو بە چڕە و سەڵاوات
قووەقووە، هاتەهات
هەر خێوەتن بێ قەڵات
هەی دەستی بێ دەستەڵات
کۆیی گیران کێ هەڵات؟
لەوان کۆیی دە بەدبەخت
خەلاس ناکەن ڕووحی سەخت
کەلەپوور و ماڵی نەغد
ئەسپ و ئێستر ڕێشمە و ڕەخت
وەرگیرا نەغد بە نەغد
وەرگیرا بە قەتارەوە
بە ئاڵتوون و دینارەوە
بە ئاغا و خزمەتکارەوە
پاشای بەخشین بە بارەوە.
چی پێ بەخشین پێی بوون غەنی
پاشا سوار بوو بۆ مەوتەنی
مەتاڵ لە گوێی کەرگەدەنی.
هات، گەیییە قەرەحەسەنی
ئەسەح یاغییە پێدەکەنی
لە پێکەنینی سەرداری
چڕەچڕی کۆچ و باری
هەڵگیرا ڕێیە ڕێبواری
لە جحێڵ تا هەرزەکاری
هەر لە پیر تا ئیختیاری
هەرچی دەستی بگرێ داری
دونیا دەبوو شەوی تاری
خوێن لە سامی سۆران باری
خوێن باری لە سامی سۆر
هەر لە نیزیک هەر تا دوور
پاشای بەبان قڕان قڕان
بوو بەسەری سەر ئەسکەران
سوێندی خوارد بە پێغەمبەران:
«لە بۆ شای دەنێرم سەران
سەری ئەوغان و قەجەران».
سرکە سرک بوو لە مووندەران
قاسید هاتەوە بە موتلەق
قسەی کردن دەقاودەق:
وەزیرە وەک بەردی ڕەق
ئەو خەیانی موستەحق
ڕەجایە ناگرم بەحەق
لەسەر زینم نەکەن شەق
بەغدایەم پێ نەکەن لەق».
شای کە ئەو قسەی پێ دەزانی
هەڵدەستا بۆ سەر چۆکانی
هەردووک دەستی دان لە ڕانی:
«پاشای دەگەڵ سەلیم خانی
دەنێرمەوە کوردستانی
لە کوردستانی باخێوێ
لە بەغدایێ سەر ببزێوێ
ئێران و تووران بشێوێ
هەرچی لێو دابنێ لەسەر لێوێ
نەرمی دەکەم وەکوو مێوێ
دەری داوێم لەوێ نێوێ
دەری داوێم بە عەجەمان
بە هەوشار و موغەدەمان».
پەیدا بوو سەدای زەمزەمان
لەبەر دەنگی زیل و بەمان
شێر هەڵاتن لە گوێ چەمان
نەهەنگ دە بەحراندا نەمان
شا خۆش بێ نەکێشێ غەمان
ڕاهی ببێ، چ قسە نەمان
ڕاهی بێ دەگەڵ ئاڵایە
لێرە بڕوا تا بەغدایە.