بەیتی باپیر ئاغای مەنگوڕ بابی هەمزاغا

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 9 خولەک  904 بینین
گوێ ڕادێرنێ دیوانە
گوێو لە من بێ دیوانە
سێ شەو و سێ ڕۆژانە
بۆو بکەم مەدحی شێرانە
دۆڵابی موکریانە
قاقەز چوو بۆ عێلانە
بێ ڕەشەی ڕەسوڵ ئاغانە
دەگەڵ حەمەدی شینانە
ڕابەریان ئاڕەحمانە
چۆڵیان کرد، باگردانە.
بە عیزەتی سوبحانی
سبحەی دەگەڵ بەیانی
لەشکری باپیر خانی
ڕەنگ وەزیری ڕۆمیانی
سوار بوو لە باگردانی
مەنگوڕی دە مێ وەجاغێ
پیاو بوون لە سابڵاغێ
تەدارەک بۆ مەراغێ
بۆ مەراغەی ڕەوانە
سێشەم سەری هەمووانە
بە سێشەمۆی پڕ هونەر
باپیر ئاغای پڕ جیگەر
بداخان بوو دەستەبەر
لە سابڵاغێ چوو بۆ دەر
دەڵێ: «هیچ پەرچت نایەتەبەر»
خالەق ساحب سەفایە
پەرچی دەوێ دنیایە
بە ئومێدی ئەو خوڵایە
لێیان دا دەهۆڵ و زوڕنایە
ئەسپیان هاتە سەمایە
زۆر خۆشن بۆ دەعوایە
هومێد ڕەسووڵلایە
«ئەو کارە وا پێک نایە!»
هات گەیییە فەخرەقایە
لێیان دا دەهۆڵ و زوڕنایە
حەوسەد کەسی ڕاگیرایە
زەوقی باپیر ئاغایە
لێ دەن لە تەپڵی شایە
شوکر وەبەر خوڵایە!
مەکوژن سەید و مەلایە!
قورعانیان دە سینگیدایە
هات، گەیییە خاتوون باغێ
باپیر ئاغای قۆچاغێ
دەگەڵ خانی سابڵاغێ
سەیرێ کەیف و دەماغێ
چوو لە عەجەمی یاغێ
باپیر ئاغای خاڵ لە ڕوو
بە ڕۆژی سێشەمۆ چوو
عامی خەڵقی چوو لە دوو
چاویان لێ کرد بە فەندی
هات، گەیییە وەکیل کەندی
حەوسەد سواری لە ڕەندی
سبحەینێ چێشتەنگاوە
قاسیدیان دەگێڕاوە
چی ماوە دەنگیان داوە
قۆشەن نەبووە تەواوە
تەگبیریان لێ ڕۆناوە
سبحەی بەیانی داوە
هەر بزووت و نووسراوە
دوو عەشیرەتی ماوە
ئەغڵەب ڕمب نەزەرییە
یەک لە سەتی کەم نییە
بزانن مەسڵەحەت چییە
بێ تیپی مەرنەکەنان؟
بۆیێ عەقڵم ڕاچەنان
بە عەقڵم ڕاچەنانە
مەقسوودیان گۆرانە
سولەیمان بەخۆ و بەبرانە
ڕایان کردە جلیتانە
مەسڵەحەتی هەمووانە:
«بچین بۆ سەر عەجەمانە
ڕابەرن بداخانە
مەراغەی بکەین وێرانە
بێن ڕۆنیشین لێرانە
مودەبیر کاک سولەیمانە
چونکە گەورەی عێلانە
چ دەفەرمووی گیانە؟
ئێرە دەبێ وێرانە؟
مارەیان بکەین ژنانە؟
ئێدی، چلۆنە سەوزیخانە؟»
«هۆی سولەیمانی خەزاڵی
نەوەی ڕۆستەمی زاڵی!
حەوت قوبەی لە مەتاڵی
پێم نەڵێن ئەتوو منداڵی!
لە جلیێ نەکرد خاڵێ
وەک هەوران بە گەواڵی
دەکوژم ماڵ و تفاڵی،
درەنگە ڕێی مەکەن خاڵی».
گەیییە ئەڵڵاهو ئەکبەری
لینگی دا پێش خانی بە موشتەری
دەڵێم: «خانە ئەتوو کوێندەری
نۆسەد سواری بە دەفتەری».
دەڵێم: «خانە! لە ڕوحێم بوویە موشتەری
لە بۆ مەراغێن بەری»
بۆ مەراغەی بردە خوار
یا بینای پەروەردگار
بە زار خۆشە نۆسەد سوار
هەم ڕوحمبەر و جەببار
ئیزرایل بوو جلۆدار
بۆ مەراغەی بردە خوار
بۆ مەراغەی ڕاکشان
ورشە ورشێ کەمبەران
بێنی میشک و عەنبەران
فەندی پەپاغ بەسەران
قەتن نابێ گوزەران
قەت نانبێ گوزەرانە
عەجەم زۆر بێ ئیمانە
لێن تیک دەدەن مەکانە
سەرن دەبڕن لێرانە
خدر ئاغای نەوجووانە
چووە سەر خانی بە ڕمبانە
«بابە لێ دەم ئەمانە»
باپیر دەڵێتن: «کاکە!
کەس ئەوێ مەسڵەحەتێ ناکا
بداغم دەگەڵ پاکە
هیچ دەهۆیێن لێ نەکا
تەگبیران بکەین چاکە
جێگاکەن زۆر غەمناکە
عەجەم یەکجار هیلاکە»
«عەجەم هیلاک و زۆرزانە»
چووە سەر خانی بە ڕمبانە،
دەڵێ: «بابە لێ دەم ئامانە»
بانگم وەبەر پادشای لە ژوور!
خانی ناردنی دوور بەدوور
بڵباس هاتن بە جەمبوور
ڕانک ڕەشی چەکمە سوور
خان ناردنی بە حوجەتە
بڵباسان تالحە و بەختە
بە سی ڕەختی دە زەردا
کاکەڕەشی نامەردا
هاتە خوارێ لەسەردا
ئیمانی پێ بوو هەردا
مەنگوڕی دە ڕمب جۆلانە
چاویان کەوت بە زێڕانە
وەژوور کەوتن یەکانە
چەند شیوی پڕ دەرمانە!
چەندی شیشە و شەڕابە
عەجەم بوون بە جەللابە
موکری بوون بە قەسابە
هیچ کەسی وا لێ دەرنابا
چلۆن دەبێ ئەو حیسابە
هەمووی مەستی شەرابە
وای لێ دەرنابا کەسە
خالەق! تۆی فەریادڕەسە
مەرگی بە هەرەوەزە
بداخان لێی بوو قەزا
ڕێکی دەدان بە خەزا
تایفەی خان باپیری
ڕێکی دەدان بە شیری
بوو بە خانەبگیری
ئیسلام قڕ بوو بە شیری
بە شیری قڕ بوو ئیسلام
تێیان دابوو قەتڵ و عام
قەتڵ و عامیان تێدابوو
سولەیمان بەخۆ و بە بران بوو
سولەیمان بەخۆ و بە برانە
دەردەچوو لە دەربانە
ئەگەر لە دەربان دەرچوو
چوار و پێنجی کەوتە دوو
خەلاسبوونی بۆ نەبوو
بۆی نەبوو خەلاسبوونە
لەو کافری دە مەلعوونە
بەو ڕمبی دە سێ سوونە
بە داسی کەرەنتوونە
هەر وەک گەنمیان دەدروونە.
هەر وەک گەنم و سواڵە
دە خوێنێدا شەڵاڵە
بڵباس حاڵت بێ حاڵە
لەولای بێ شێرە خڕە
تۆپیان لێ دا بە گوڕڕە
حەوتی لێ بوون بە وڕە
دەنگی لە عەرزێ بڕا
ئافەرین وەستای خەڕڕات
دەست بە خەنجەرێ دەدات
حەوت ماڵی کرد بەر باد
وەستا عوزێری هەندوو
خەنجەری شام و تەشوو
لەبەر گەڕەکێ داچوو
یەکی لێ خەلاس نەبوو
هۆیە وەستا عوزێری!
حەوت ماڵ بەوەجاغکوێری!
هەر یەکێکیان دەبوێری
ئاویتی جەزایێری،
دابووی لە تەپڵی سەری
ئەویشی کرد بێ بەری
کوا مەرزینگ؟ کوا ئۆمەربل؟
شۆڕە لاوی شل و مل
لە کۆڵانان بوونە جل
بوونە جل لە کۆڵانان
لەشی دە وان نەوجوونان
کەوتبوون لە کۆڵانان
لە کۆڵان و کەناران
لەشی دە شۆڕەسواران
وەک بژانگی دە داران
سەریان گەیییە حەساران
لە حەساری دە وا گرد
لە بڵباسی دە وا خورت
لەش و کەلەش بوونە پرد
عەجەم بەسەردا ڕابرد
هەرکەس میوانی خۆی کوشت. بە دەهۆڵ و زوڕنا هاتنە سەر باپیر ئاغای جا باپیر ئاغا لە بداخانی پرسی:
«لە باپیر ئاغای جندییە
لە بداخانی پرسییە
خان، ئەو قوولە قوولە چییە؟»
دەڵێ: «باپیری شۆگایییە!
ئەوە دەهۆڵ و زوڕنا و شایییە
ئەوە پیشەی ترکییە
زەوقە لە بۆ خەلقییە»
ڕۆژێکی لە ڕۆژئاوایە
خان باپیر لە سەرایە
ئاوری تۆپخانەیان دایە
زەلیل باپیر ئاغایە
لێرەی هیچ بۆ پێک نایە
خدری شۆڕیان هەڵێناوە
لەپێش بابی ڕاگیراوە
حەمەسوور بە چەلەنگی
هەڵیان ئەشکاوتە سینگی
کوڕ لەسەر سینگی بابی
لێیان دا بە جەللابی
توو قەت موسڵمان نابی!
سبحەینێ ئەلەسەحەر
کوێت و بۆز و سەقەر
لە خەویان هێنادەر
لێی کەن زینی موحتەبەر،
توندی بکێشن تەنگەوبەر
پێی نا لە ڕکێف کەوتە سەر
سوار ببێ پەپاغ بەسەر!
پەپاغ بە سەر سوار بێ
خێڵی فەقیر هەژار بێ
موکری هەر وا داغدار بێ
هەر هاوار و لێدان بێ
هەر هاوار و لێدانە
بێ سەردار و خێزانە
دەڵێی: مەڕی بێ شوانە
پەخش بوون لە زەویانە
دۆڵابی بەگزادانە
سەرکردەی موکریانە
خراب بوون ئەو کارانە
بە قڕی دان موسڵمانە
یەکیان نەمان ئەوانە
هومێد بداخ سوڵتانە
قبووڵ نەکا لەوانە
بۆچ بە دینی غەیانە؟
وای کرد بۆ عەجەمانە
پێیان نەکا متمانە!
غەلیزن ئەو سەگانە
نەمرە ئەو بداخانە
ناترسێ لە گۆڕخانە
چییان کرد بوو بەستەزمانە؟
ماڵێ خۆی کرد وێرانە،
کەسی نەهێشت لە عێلانە
ڕەبی سەدجار شوکرانە!
چونکە پێشکار شەیتانە
دەست هەڵگرێ لەو کارانە
هات و گەیییە کارێزێ
منداڵی پڕ بە ئامێزێ
ئێخسیر چوونە تەورێزێ
هات و گەیییە دریازێ
مەحبووبیان بژارد لە ڕێزێ
هاتە خوار لە لاچینی
لەت بێ لە نێوی زینی
لە بڵباس، بەقینی
برایم ئاغا بێ لەسەردا
تاقە سواری بێ گەردە
خێزانی دێکدی وەردا
دێکدی وەردا خێزانە
حەسەنی بەکر ئاغایە
مێردە ڕۆژی تەنگانە
بەری هەڵنەدا گۆرانە
مەلا ڕەسووڵ بێ فەڕە
دەپێش بداغی گەڕا:
«خانە! بەسی بێ ئەو شەڕە!
ئیسلام هەمووی وەرگەڕا.»
ئیسلام پاک وەرگەڕاوە
هەتا سێلمێی هەڵناوە
تا سێلم و بەیتاسی
ئێخسیر بە سێ عەباسی
بە سێ عەباسی ئێخسیر
زینی ڕۆمیان و بارگیر
لەسەری بوو ڕەمب و شیر
بداخانی جیهانگیر
بداخان بوو لە دوایی
هەزار مەڕی شۆگایی
هەر هەرزانە، خۆڕایی
دەیاندا مەڕ و شایی
بزنێک بێنێ دوو کارە
لە مووی بکرێ دەوارە
بەهای بزنێم دوو پارە
هەزار گا بێ جووت بەندە
قیمەتی گای خوڵابەندە
بڵباسان کاریان گەندە
لە بڵباسی گرد و مرد
خزمەتی خانیان نەکرد
بۆیە بەدیان بۆ ڕابرد
خان عەرزی شای لەوان کرد
بۆیەیان تەگبیر لێ کرد
خان کوتی: «خزمەت بە گەرمێنیان کرد».
بۆیە پاکی برد قڕی کرد
قڕی کرد لە زەمانی
بنۆڕنە تەگبیری خانی!
وا گوزەران دەزانی
ئەمینی دەوڵەتانی
بڵباس زۆر بەستەزمانی
خزمەتوو نەکرد بە خانی
بۆخۆو پەیدا کرد غەیانی
تایفەی بداخ سوڵتانی
لەکن پادشای ڕەوانی
مەنگوڕ زۆر بەستەزمانی
بەستەزمانی بێ شومار
نەیاندا خەرج و بێگار
خانیان لێ بوو دەعواکار
هاتنە پێش پیادە و سوار:
«ماڵیاتی نادەین چ جار».
وای گوت باپیری نازدار:
«بۆخۆم دەبمە حاکمی شار
خانی دەردەکەم ئەوجار
خانی دەردەکەم یەقین
بۆخۆم دەبمە جێنشین
دەڵێم بەگزادە چ نین».
ئەگەر ئەو قسە هات، ڕابرد
خان ڕۆنیشت تەگبیری کرد
قسەی خۆیان پاک یەک کرد
عەرزی پادشایان دەکرد
پادشا لەوانی قبووڵ کرد
بداخانی گرد و خورد
مانگێکی دی سەبری کرد
پاک مەنگوڕی وەخڕ کرد
سەرتاپای خەڵات دەکرد
بداخان کوتی: «بمێنم
باپیر ئەمنت دەزبێنم
سابڵاغێت بۆ دەستێنم
باپیر مەبە ئینتیزار
دەبێ ببیە حاکمی شار
لەبەرم هەیە یەک کار
کارم هەیە لە وێندەرێ
جارێ دەنێرم چەپەرێ
چەپەرێکی بەڕەوان
بۆ کن پادشای بە دڵ و جان
مەراغەی بکەم وێران
پادشای دەکەم بێ خودان
بۆخۆت ببە ئاغای هەمووان».
لە مەنگوڕی گرد و مرد
قسەی خانیان قەبووڵ کرد
بە حەوتووێکی پاکی وەخڕ کرد
بە سابڵاغێ تەگبیر کرد
گوێو لە من بێ گەلی جەماعەتێ
کەس بە بەگزادان هەڵنەخەڵەتێ!