بەیتی زەمبیل فرۆش

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 14 خولەک  2949 بینین

زەمبیل فرۆش پادشا بوو. ڕۆژێکی سوار بوو، چووە ڕاوێ. لەسەر قەبران غەڵەبەیەک بوو، پرسی: «ئەوە چییە؟» گوتیان: «پیاوێک مردووە» پادشا گوتی: «دەبێ ئەمن بچم، بزانم، قەبر چلۆنە». هەڵستا هاتە سەر قەبران. پیاوێکیان هێنا دە قەبریان نا، بەردیان پێ ڕایەڵ کرد، قوڕیان دادا، گڵیان پێدا کرد. پادشا گوتی: «ئەوە ڕەعیەتە مەلا، جێی ئەمنیش هەروا دەبێ؟» مەلا گوتی: «ئەوە ڕەعیەتە، خەرجێ دەدا، بێگارێ دەکا، جێی وی لە جێی توو خۆشترە، بەشکەم ئەتوو فڕێ دەن، نەیەڵن لێرە بمێنی». گوتی: «ئاخر ئەمنیش دەمرم؟» مەلا گوتی: «ئەتوو دایکت ماوە، بابت ماوە؟ ئاخر ئەتووش هەر دەمری». گوتی «مەلا ئەگەر ئەمن مردم، لێفێک، دۆشەکێکم بۆ ڕاناخەن؟» گوتی: «نەوەڵڵا هیچت بۆ ڕاناخەن». گوتی «بڵا بڕۆینەوە، جاڕی ڕاکێشن، ئەمن ئیدی پادشایەتی ناکەم». هاتنەوە ماڵێ، دابەزی، گوتی: «بابە، کەس پێم نەڵێ پادشا». ژنی خۆی بانگ کردە دەرێ، گوتی: «ئەمن ئەو پادشایەتیم ناوێ، مردنی لە دووە، ئەتۆش کەیفی خۆتە ئەمن خوڵا حافیز». ژنەکە گوتی: «بابم لە بابت ماقووڵتر نییە ئەتوو دەس لە پادشایەتی هەڵبگری، ئەمن دەس لە خانمەتی هەڵناگرم؟ هەر جێیەکی ئەتوو بڕۆی ئەمنیش دێم».

لە شاری وەدەرکەوت؛ ژنەکەشی وەدووی کەوت. بەپێیان ڕۆین گەینە گاوانی. گاوان لە نێو گاڕانێ بوو. پادشا گوتی: «گاوان بەقوربانت بم وەرە جلان بگۆڕینەوە». سەر و بەرگیان پێکەوە گۆڕییەوە. ڕۆیی؛ خانم ڕەدووی کەوت. تەماشایان کرد. ژنێکی کوێری فەقیر بەڕێیەدا دەڕۆیی خانم گوتی: «وەرە سەر و بەرگان پێکەوە بگۆڕینەوە». جلیان گۆڕییەوە. هەردوو ڕووت و ڕەجاڵ ڕۆین. هەتا گەیشتنە شارێکی. چوونە ماڵێکی؛ ساحب ماڵ گوتی: «بابم جووتی دەزانی؟» گوتی: «بەڵێ دەزانم». گرتیان بەنۆکەر. سبحەینێ زوو جووتێکیان گا دایە، گوتیان: «بڕۆ جووتی بکە». گوتی «بەخوڵای جووتیم کەم کردووە، بۆم لێ بخوڕن تا فێر دەبم». بڕێکی جووت کرد هاتەوە، دەستی دا بێڵ و سەوەتەی خەریکی پەین ڕشتنێ بوو، سبحەینێ چۆوە جووتی کرد هەتا ئێوارێ. هاتەوە بەساحب ماڵی گوت: «خوڵا هەڵناگرێ ناتوانم بەکەیفی ساحبی بکەم» ئەویشی بەجێ هێشت و چووە شارێکی دی. دەستی بە زەمبیلکردنێ کرد.

ڕۆژێ دەچوو کوڵۆشی خڕ دەکردەوە؛ دەیهێنا دەیکرد بەزەمبیلە لە بازاڕی دەیفرۆت. تەماشای کرد ئەو کوڵۆشە گاڕان و مەڕ لە پەرێزان دەیخۆن؛ گوتی «خوڵا هەڵناگرێ ئەمن ڕۆزیی ئەو بەستەزمانانە ببڕم». ئەو کارەشی نەکرد، چۆ شارێکی دی لەو شاری شەوێ دە خەوێی هات. سبحەینێ هەڵستا چووە سەر دەریایە دە نێوەڕاستی ئەو دەریایەی جزیرێک بوو. مێشەیەکی لێ بوو گوتی: «خوڵایە! ئەوە کەس نەیچەقاندووە؛ چ بکەم لەبەر دەریایە ڕێم نییە بچم بڕێکی بێنم بۆ خۆم بیکەمە زەمبیل». ئەوێ ڕۆژێ زۆر بەئاجزی هاتەوە. شەوێ دە خەوێدا پێیان گوت: «سبحەینێ بڕۆ لەو مێشەیدا بۆ خۆت کارێ بکە».

زوو هەڵستا چووە سەر دەریایە. بێ پایە لە دەریایەی دا، هیچ پێی تەڕ نەبوو.

هاتە شاری دەستی بە زەمبیلی خۆی کرد.

خاتوونی پادشای شەوێ زەمبیل فرۆش دە خەوێ دی ئاشق لە وی بوو.

حەق! دڵ وەرە جارێک بەجۆش

جامێ جە ئەشقە مەی بنۆش

کین قەزیەتی زەمبیل فرۆش

فەسیح بکەم حیکایەتێ

دەست دە کورسی سەناعەتێ

دەست لە کورسی و فەرمانێ حەق بوو

ئاشق بەلیقا و شەوق بوو

سەنعەتی زەمبیل لەکن بوو

ئەو پێ بدرێ کیفایەتێ

ئەو لاوێکی تازە ڕواڵ

تەرکی کرد شاهی و گەنج و ماڵ

لە ترسی مەوت، ماڵ کرد بەتاڵ

خۆی مەشغووڵ کرد بە تاعەتێ

ئەو لاوێکی ئی سادە بوو

هەردەم لەسەر ڕێی جادە بوو

بەئەسڵ پادشازادە بوو

دایم لە زیکر و تاعەتێ

کوا یاقووبی ساحب کەماڵ؟

عیبادەت کرد هەشتێ و دوو ساڵ

لە ترسی مەوت، ماڵ کرد بەتاڵ

خۆی مەشغووڵ کرد بەتاعەتێ

ساڵێ دەری دوازدەی مودام

سەنعەتێ ویم وی خاس و عام

ڕۆژیێ دەکرد زەمبیل تەمام

دەیبردە شار بۆ قیمەتێ

چی ڕۆژێکی لاو زەمبیل دەبەست

دەیبردە باژێڕی بەقەست

نیعمەتی شەوی پێ کەوتە دەست

لاو قانیعە بەقیسمەتێ

چی ڕۆژێکی لاوا زەمبیلان دێنێ

خاتوون لە بورجان ڕادەمێنێ

بەدڵ و بەجان دەیحەبێنی

لاو کەوتە پێ موحەبەتێ

ئەو جارییەی خەوفی خودێنە

دێن بەحیلە بەلاو دەڵێنە:

«لاو! میر لە تۆی زەمبیل دەوێنە،

ئەو بەچاکییەت بانگ کەتێ».

لاو بەو قسەی بوو خۆشحاڵە

ڕووی کردە ماڵ، چۆتە حاڵە

هەڵی گرت زەمبیل چی بوو

ڕووی کردە دیوانی میران

یەک لەدوای وی هات بەخوارد:

«لاو! میر لە تۆی مەتڵەب دیداردا

بۆخۆت وەرە، بکە قیمەتێ».

لاو، بەوێ فێڵەی نەزانی

بێ ترس و خۆف چوو بۆ خانی

دەربەی دا چەنگ دەرکەوانی

قایم کرا لای دە حشەتێ

لاو نۆڕی دەربە نەماوە

لێی تەغیر بوو ڕەنگ و باوە:

«تا بمداتێ زەحمەتێ»

لاو بانگ دەکا: «میری کوبارە!

ئەتوو بەمنت هەیە چ کارە؟

تا پێک بیەنم حاجەتێ».

خاتوون دەڵێ: «لاوی فەقیرە،

پیر و ئاقل و هۆش و ژیرە!

حازر نین لێرە چ میرە

بۆت هات بازی دەوڵەتێ».

لاو دەڵێ: «خاتوونێ مومتازە!

لێرە تا شام و حیجازە

نامەوێ دەوڵەت و بازە

من نیم لە گوێن خەیانەتێ»

خاتوون دەڵێ: «لاوی شلێوە!

وەرە نێو ریحان و سێوە

شەکەر بملێسە بەلێوە

تا ڕۆژی سبحەییەتێ».

خاتوون دەڵێ: «لاوی ڕواڵە!

وەرە نێو دۆشەک و پاڵە

تێک وەردە ئەو زولف و خاڵە

دوورە ڕۆژی ئاخرەتێ»

لاو دەڵێ: «خاتوونێ! زولف و خاڵی تووم حەریری

قابیل بەخۆت بەبەژنی میری

حەد نییە ڕەنگ من فەقیری

ئەو ناکرێ دەستیان داتێ».

خاتوون دەڵێ: «پەستە و چۆغەڵەت دەبەر دەکەم

بۆ زێڕی سوورت ڕۆ دەکەم

پاک گیانت کەسک و سوور دەکەم

دەتکەم بەچەرخی داوەتێ».

لاو دەڵێ خاتوونێ: «پەستە و چۆغەڵەی خۆم چاترن

لەش گوناهباری پێ وەشرن

لە بۆ ڕۆژی مەسڵەحەتێ».

خاتوون دەڵێ: «دەنا لاو وەها نابی

ئەگەر فیل بی، ئەبرەهە بی

لە چەنگانم خەلاس نابی

نایەی سەر پێی مەسڵەحەتێ».

خاتوون دەڵێ: «لاو مەکە چ قسە و چ دەنگان

بچیە نێو حەوت بەحری نەهەنگان

خەلاس نابی بە چ ڕەنگان

نایەیێی سەرپێی مەسڵەحەتێ».

لاو دەڵێ: «خاتوونێ بە ئەرکان و تۆرە

مەسڵەحەت ناکرێ بەزۆرە

ئێوارە دابێ ئەنگۆرە

تێی دەبینین مەسڵەحەتێ».

خاتوون بەو قسەی دڵ بوو غەتی

خۆش هەڵستا، زوو پێ کەنی

دەڵێ: «لاو! وات دێنمە سەر هیدایەتێ».

لاو وای کرد خلاس لە داوێ

ئەنجەتی کرد بەپێشاوێ

بچێ لە باڵەخانان خۆی باوێ

بەشقەم خلاس بێ لە داوێ

خاتوون خوڕیە جاریەی بەنادری:

«مەسینەی ئاوێ هەڵگری

بیبە بۆ جێی لاو تێوە دێ».

لاو هاوار دەکا شێخ و مەلێ:

مووسا لە نێو بەحری عەمیق

بۆ ویت کردە دوازدە تەریق

فیرعۆنی تێدا کرد غەریق

ئەو بۆ جەزای شیرکەتێ

پەنهام بە توو شاهی کەبیر

یووسف توفلێک بوو شێت و ژیر

بران بردیان ئاویتیانە بیر

بردت لە میسرێت کردە میر

نێزیکت کرد لە ڕەحمەتێ

بزانە چیان کرد قەومی کوفار

مەنجەنیقیان ئاویتە خوار

ئیبراهیمیان نابوو دە نار

بێ بەش نەبوو لە ڕەحمەتێ

هوودی لەنێو بەحری دەڵان

چل ساڵیشت ئەو دەخەڵاند

فەتاحی بابی ڕەحمەتێ

ئادەم گەنمی خوارد، کردی گوناه

تۆبەت قبووڵ کرد، ڕەبەنا

هەر تۆی بابی سەڵتەنەتێ

زەکەریایان بە موشاران بڕی

ئەیووب لەسەر کرمان دڕی

کوانێ عیسای ڕۆشەن چەراخ؟

خوێندی ئینجیلی خۆش دەماخ

کێ بوو لەکن خوڵای گوستاخ؟

مووسا بنی عیمران نەمان

کوا ئەبوبەکری سدیقی موستەمان؟

کوا عوسمانی بنی عەفان؟

ئەو جامیعەی دەس بەقورعان؟

پەنهام بە توو شاهی جەبار

زەمبیل فرۆش نەیما ئیختیار»

دەستی گرت خۆی فڕێ دا خوار

جوبرایلی چوست و تەیار

خۆش لە ئاسمانێ هاتەخوار

زەمبیل فرۆشی گرت بەزار

دەڵێ: «عومرم! نەکێشێ زەحمەتێ

پەنهام بەتوو ساحب سجوود

ئەلحەمدوللا یا وەدوود

دەرچووم لەوێ زەلالەتێ

پەنهام بە توو لایەزانی

واسیتەی گیاندار و بێ گیانی

پێم هیج نییە دنیای فانی

بێ بەش نەبووم لە ڕەحمەتێ

پەنهام بەتوو توو نادری

هەم کەریمی هەم قادری

چی توو نەیکوژی نامری

بەشم کەوتۆتە فرسەتێ

شوکرم بەتوو، پادشای جەبار

خەلاس دەکەی عەبدی هەژار

هیچ کەس ناتبینێ پەروەردگار

دنیا بۆ کەس نییە باقی دار

چۆن کەوتمە باری فرسەتێ».

خاتوونی میری گوتی: «لاو بۆ نەهاتە خوار؟» چۆ سەربانی تەماشای کرد زەمبیل فرۆش دەگەڵ قەرەواشێ نییە. پرسی: «چی لێ هات؟» گوتی: «خاتوون! لەسەرڕا خۆی هاویشتە کووچەی». خاتوون گوتی: «جا من چ بکەم؟» غەمی وەمە جارێکی دی چاوم پێ ناکەوێ». ڕوانی بەکووچەیدا هەڵدەهات. ئەگەر تەماشای کرد زەمبیل فرۆش چوو دە خانووێکەوە، خاتوونی میری نیشانەی کرد. ژنی زەمبیل فرۆش گوتی: «ها عەمرەکەم بۆچی وا بزڕکاوی؟ ئەدی نانت بۆ نەهێناوە؟» گوتی: «ئەمڕۆ زەمبیلەم بردنە ماڵی میری. بردیانە ژوورێ، حەقیان بۆ نەهێنام؛ ئەمنیش هاتمەوە. ژنەکەی گوتی: «دەنا زۆرم برسییە». زەمبیل فرۆش گوتی: «بەخوڵای چی توو نەتدیبێ ئەمنیش نەمخواردووە». بە ژنەکەی گوت «ئەتوو بچۆ بۆ حەقی زەمبیلان ئەگەر دایانیەی بێنیە. ئەگەر نەیاندایەی وەرەوە شوکری خوڵای دەکەین».

ژنی زەمبیل فرۆشی چوو گوتی: «کوێخا دەرک! عەرزی خاتوونی بکە حەقی زەمبیلەکانم بداتێ چمان نییە بخۆین». کوێخا دەرک چوو عەرزی خاتوونێی کرد. خاتوون: «بیهێنە ژوورێ حەقی بدەمێ». دەرکەوان هێنایە ژوورێ. خاتوون کە چاوی پێ کەوت لە پلەکانان بەپیریەوە هات، ماچی کرد گوتی: «بەشقی خوڵای وەرە! نەقڵی خۆت و زەمبیل فرۆشی بکە». گوتی: «خاتوون نێوی خوڵات هێنا جەرگت بڕیم. جارێ حەقی زەمبیلانم بدەیە، زەوادمان نەخواردووە؛ جا لە دووم بنێرەوە نەقڵت بۆ دەگێڕمەوە». دەستی ژنی زەمبیل فرۆشی گرت؛ بردیە گەنجخانەی چارشێوی ڕاخست بۆی پڕ کرد. هەرچی کردی چارشێوەکەی بۆ هەڵنەگیرا. کۆشی پێ گرتەوە، بۆی پڕکرد هەتا پێی هەڵگیرا. ڕۆیی چۆوە ماڵێ. زەمبیل فرۆش پێی پێ کەنی: گوتی: «بۆ عەمرم! ئەمن ناتوانم ئەوانە لە دم چۆمان

بێنم؟ ژن بۆیە ناچیزەن، ئەتوو ئەو پووڵەت بۆچ هێنا؟ ڕۆی کە عەرزی. بزانم». ئەگەر ڕۆی کرد پاکی بوو بەمار و دووپشک و کیسەڵ، بەنێو ماڵێدا بڵاوبوون؛ حەقی زەمبیلان نیم پەنابات کەوتە عەرزی. گوتی: «عەمرم! ئەوانە دەتوانی بەریەوە، هەتا ئەتوو دێیەوە ئەمنیش دەچم نانی دەکڕم، دێمەوە».

ژنەکە گوتی: «دەترسێم پێمەوە دەن». گوتی: «نا! مەترسە زەرەریان نابێ بۆت». هەڵی گرت پێیدا ناردەوە. بۆخۆشی هەڵستا چۆوە بازاڕی نانی کڕی؛ پەنیری کڕی. زۆری برسی بوو، تەمای بوو نانی بخوا، گوتی: خوڵا لێم هەڵناگرێ ئەو ژنە چاو لە دەستی منە».

هاتەوە ماڵێ.

ژنی زەمبیل فرۆشی زێڕەکانی بردەوە. خاتوون گوتی: «ئەوە کەم بوو، بۆیەت هێناوە؟» گوتی: «قوربان! بۆچی مێردی من ناتوانێ لە بیابان ئەوانە بێنێتەوە؟» ڕۆژ هاتبووە ئاوابوونێ. خاتوون گوتی: وەرە نەقڵی خۆتمان بۆ بگێڕەوە، با من ئەمشەو لە جیاتی توو بچمە پاڵ زەمبیل فرۆش». ژنی زەمبیل فرۆش هەموو ڕێوشوێنی زەمبیل فرۆشی پێ گوت. خاتوون خۆی ڕووت کردەوە. جلی خۆی دا بەژنی زەمبیل فرۆش. ژنی زەمبیل فرۆش جلی وی دەبەر نەکرد. خاتوون جلی وی دەبەر کرد. چوو بۆ ماڵێ زەمبیل فرۆش. ئەگەر وەژوور کەوت زەمبیل فرۆش گوتی: عەمرەکەم بۆچی وا درەنگ هاتیەوە؟ گوتی: «خاتوون ڕای گرتبووم. نەیدەیەشت بێمەوە». گوتی وەرە نانی بخۆین. خاتوون لە خۆشییان نانی پێ نەدەخورا گوتی: «زوو جێم بۆ چا بکە دەنووم». پێکەوە چوون دەجێوە. ئەگەر هاتن ڕاکشان خاتوون باسکێکی بۆ کردە سەرین ئەوی دیکەش دە ئەستۆی کرد خاتوون. زەمبیل، فرۆشی ماچ کرد. زەمبیل فرۆش گوتی: «داخوڵا لە کەنگێوە کەیفی لێیە بۆیە ئەمڕۆ ئەو نسیبەتم بەسەر هات». زەمبیل فرۆش لاقی هەڵێنا خاتوون لە فکری نەبوو خڕخاڵی زێڕ لە پێی دەرێنێ؛ دەستی وێ کەوت گوتی: «خانەم خراپ ئەوە ژنی منیان سوێن داوە خۆی لێ گۆڕیوم». لاقی دانا و هەڵستا وەدەرکەوت. خاتوون چوو بیگرێ؛ هەڵات. خاتوون ڕێی کەوت دەیگوت: «ئینشاڵلا لە کووچەی دەیگرم». زەمبیل فرۆش دەیگوت: «ئینشاڵلا ئەمنیش لەو کووچەی لێی ون دەبم». هەتا بەیانی ڕێی کەوت بۆی نەگیرا. زەمبیل فرۆش ئاوڕی داوە، هەر لە دووی بوو. ملی لە چۆڵی نا. شاری بەجێ یەشت لە چەنگانی هەراسان بوو. دە عەرزی ڕاخوڕی، عەرز قەڵشاوە چۆ تێوە. خاتوونی میری گەیییە لەسەر عەرزی غوڵامانەی توند گرت. هەر چەند هاواری کرد بەری نەدا گوتی: «وەڵلاه نەیە دەرێ، قسانم دەگەڵ نەکەی، بەرت نادەم». زەمبیل فرۆش دەڵێ:

«خاتوون گیانە!

ئەگەر قایل بوو هەوێ سارانە

دەچم ئەویش دێنمە ئێرەکانە»

کێ بوو لە زەمبیل فرۆشی گوڵباوە

ئەگەر چوو نەگەڕاوە بەدواوە

لەو شارەش چوو بەولاوە

خاتوون لەوێ بەجێ ماوە

ڕۆژ بۆ نیوەڕۆی وەرگەڕاوە

خاتوون گوتی: «چم لێ قەوماوە

بۆچ قاسیدێک نەهات واوە؟

خوڵایە لە خۆم سەر بەتاڵێ!

ئینجا چلۆن بگەمەوە ماڵێ؟»

کێ بوو لە زەمبیل فرۆشی خورد

ڕووی لە شارێکی دیکە کرد

حەوت ساڵی دی کاسبیی کرد

خوا وای کرد ژنەکەی مرد

حەوت ساڵان تازیەی داگرت

ڕووی دە شارێکی دیکە کرد

سێ ساڵی زەمبیل فرۆشیی کرد

خاتوون قەڵای دروس کرد

سوورەتی هەرسێکانی دروس کرد

خاتوونی زۆر خامۆشی

سوورەتێکی خۆی دروس کرد، یەکی ژنی یەکی زەمبیل فرۆشی

ئەگەر ئەو سوورەتەی دروس کرد

ئەمیندار جێبەجێ زەمبیل فرۆشی گرت

مزگێنییان بۆ خاتوونی دەبرد

خاتوون چراغانی دەکرد:

«وەڵڵاە لە دڵم هەڵگیرا غەم!

جا خەبەرێ بەپادشای بدەم

ئەو جارە کە مێردی دەکەم».

قاقەزێکی لە برای نووسی؛ گوتی: «قایل بی مێردی دەکەم. ناقایل بێ مێردی هەر دەکەم». پادشا قاقەزەکەی ماچ کرد. خوێندیەوە، گوتی: «لە من دەوڵەت بەشارەتە ئەگەر مێردی بکا». پادشا گوتی: «حەز دەکەم ئەوەی ئەو مێردی پێ دەکا بزانم کێیە؟» خاتوون گوتی: «ئەگەر دەفەرمووێ دەینێرمە خزمەتی». خاتوون گوتی: «هەستە بچۆ سەڵاوێ بکە تەعزیمێ مەکە». کە زەمبیل فرۆش هەڵستا چوو سەڵاوی لە دیوانێ کرد. پادشا گوتی: «ئەو فەقیرە کێیە، شتێکی بدەنێ بڕوا». گوتیان: «قوربان! ئەوەی خوشکی تۆی دەوێ، ئەوەیە». گوتی: «بابم خوشکی من مێردی بە توو دەکا؟» گوتی: «بەڵێ ئەگەر خوڵا بدا». پادشا ڕقی هەڵستا. ئەوی لە دیوانێ بوون کەس قسەی پێ نەکرا؛ پادشا گوتی: «خوشکی بکوژم یا ئەوەی بکوژم؟» گوتیان: «قوربان! هیچیان مەکوژە. دەرکی خۆت بەخوێن مەکە. ئەو ساڵ دوازدە ساڵە، ئەو باغە هەژدیهایێکی تێدایە؛ هەرچی بچێتە ئەو باغەی هەژدیها دەیخوا. ئەوی بنێرە بخورێ». پیاوێکیان دەگەڵ نارد، هەژدیها بیخوا. کابرا گوتی: «چونکە خاتوونی پادشای ئەتووی دەوێ، ئەتووی ناردووە هەژدیها بتخوا. ئەمن ناوێرم بێم». گوتی: «بابم ئەتوو ڕاوەستە». زەمبیل فرۆش ڕۆیی. ئەو هەژدیهایە بوو بەپیاوە و بەپیر زەمبیل فرۆش هات. گوتی: «یا ڕەبی زۆر شوکر! ئەوە خۆت و باغی خۆت ئەوە ڕۆیم». کابراکە مزگێنیی بردەوە بۆ پادشای گوتی: «ئەوانە موسڵمانن». پادشا هەڵستا بۆخۆی ڕۆیی. خەڵقی ئەو شارەی پێیان موسوڵمان بوون. قۆڵی زەمبیل فرۆشی گرت بردیە دیوانێ. قاقەزێکی بۆ خوشکی نارد. گوتی: «لەمنی کەوێ بۆ مێردی بۆ خۆی دیتۆتەوە. ئیزن بدا مارەی بکەم». گوتی: «حاشا! مێردی پێ ناکەم». زەمبیل فرۆش گوتی: «قوربان! وێستا کە مێردیم پێ ناکا ئەتوو ئەو باغەت بەمن کەرەم فەرمووە فەعلەم بدەیە بۆ خۆم دەچم خانووێکی لێ دروس دەکەم». دەنگی فەعلانیان بۆ دا هەر کەس بەخێری خۆی چوو. ئەوێ ڕۆژێ قەڵایان بۆ دروس کرد چوو تێوێ سەری بردە سەر سەجدەی گوتی: «یا ڕەبی ئەمن و خاتوونێ بێنیەوە سەر حەدی چاردە ساڵەی». جێبەجێ هاتنەوە سەر حددی چاردە ساڵە. خاتوون ئەوجار خۆی لێ مارە کرد. پێکەوە دانیشتن.

دەستێک گوڵ بەنادری

ساحبی ئاڵمانی نەمری

ئەوە فەرمایشی ڕەحمان بەکری