قەر و گوڵەزەر ٢

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 13 خولەک  824 بینین

قەر دەڵێ: «لە خۆم خانەخراپ و ماڵوێرانێ!

ئەمن چلۆن بەبێ کەسی لە دوور وڵاتی بکەم گوزەرانێ؟»

خێڵی حەمەدی پاشاغان باری دەکرد تەرکی دەکرد ئەو مەکانە

قەر وە دووی خێڵاتی دەکەوت بێ سەر و بێ زمانە

ئەگەر حەمەدی پاشاغان داخیل بەگەرمێنێ دەبوو، بەکری شێخانی دەبۆوە میوانە

سێ ڕۆژانی قەرار دەگرت، بۆ تیجارەتێ دەچوو ڕووی دەکردە شارانە

قەر ئەوا لە بیابانان، تەماشا ڕێیانی دەکرد، کاروانێک دیارە

دەڵێ: «بچم حەواڵی ئەو کاروانەی بکەم پرسیارە

ئەو کاروانە نازانم نە گایە، نە گادارە

نە وشترە، نە وشتربارە

نە پیادەیە، نە سوارە

بچم حەواڵێکی حەمەدی پاشاغان لە وی بکەم پرسیارە».

قەر دەیزانی بەکری شێخان حەزێ لە خاتوون گوڵەزەرێ دەکا

بەکری شێخانیش دەزانێ قەر حەز لە خاتوونێ دەکا. قەر خەڵقی کوێستانێ

بوو، بەکریش خەڵقی گەرمێنێ بوو. ئەوا دەڕوا بۆ تیجارەتێ

قەر بانگ دەکا: «کاروانی، ئای کاروانی!

ئەتوو هیچ هەواڵی خێڵی حەمەدی پاشاغان نازانی؟»

بەکر گوتی: «ئەمن کاروانم،

ڕەئیسی گەرمێن و کوێستانم

هەواڵی خێڵی حەمەدی پاشاغان زۆر چاک دەزانم

ئەمشەو سێ شەوە لەنێو خێڵی حەمەدی پاشاغان میوانم

ئەگەر خەبەری خێڵی حەمەدی پاشاغان لە من دەپرسی: خاتوون گوڵەزەر نەخۆشە دەردی گەلێک گرانە

عەزیزم ئەمن ئەوێ شەوێ لەوێ بووم بۆیان کردە سەدەقە چل شەکی جووت ددانە

ئەمنیش چوومە سەری نەزمانی دەگەڕێ نەهەڵدێنێ چاوانە

نەخۆشێکی هێند گرانە لەکنم هەتا ئێوارێ ناژی ئەو بەستەزمانە».

قەر بانگ دەکا: «بەکر بەکری شێخانی!

مووت بکەوێ لەسەری زبانی!

بەکر بەکری ماڵ شێواوە!

یا ڕەبی، سەفەرت نەبێ تەواوە

خێرێ لە جوانی خۆت نەبینی کوێرت ببێ هەردووک چاوە

ئەوە چی خەبەرێکە لە بۆ منی ماڵوێرانت هێناوە؟

یا ڕەبی! سەفەری خێرت نەبێ، بەسەلامەتی نەگەڕێیەوە بەدواوە»

بەکر دەڵێ: «ئەتوو خەڵقی کوێی لە خاتوون گوڵەزەرێ دەکەی پرسیارێ؟

خاتوون گوڵەزەر هەر زمان خۆشە بەشوان و گاوانان دەکاتەوە بێگارێ

ئەگەر خاڵی بار دەکا، بسکێکی دەنێ دە خەنەی یەکی دەنێ دە ژەنگارێ

هەنیەی خاتوون گوڵەزەرێ دەڵێی ڕۆژی منەوەرە، لە مابەینی عەرز و ئاسمانێ

دەکاتەوە کارێ

مەخلووقات گوزەرانی لەبەر دەکا لە سبحەینێ هەتا ئێوارێ».

قەر دەڵێ: «هەی بەکر، بەکری شەیتانە!

خوڵا چلۆنت لێ قبووڵ دەکا لەگەڵ من دەکەی ئەو قسانە

چ بکەم. دڵ هیلاکی کردووم گاگا دەبم بەنۆکەر و گاگا دەبم بە شوانە

ئەگەر لێم موعەبین بێ نەخۆشێکی هیلاکە ڕاستن ئەو قسانە

بۆخۆم دەبمە ئێڵچی، دەچم دێنمە سەری ئەرەستوو و حەکیمێکی وەک لوقمانە

دەشقەم خوڵا تەوفیق بدا ڕاست ببێتەوە، شایی بە دنیایە، نەوجوانە»

بەکر دەڵێ: «بەخوڵای! نەخۆش بوو خەڵقی هەمووی بۆی ڕاوەستابوو، لە ئامین ئامینی فەقێ و مەلایانیان دێنانەوە سەرێ لە بۆی بخوێننەوە یاسینێ. ئەگەر یاسینیان کردبوو تەواوە

چاوی هەڵات زبانی کراوە

نۆکەر و پێشخزمەتان موژدەیان لە بۆ حەمەدی پاشاغان هێناوە

4حەمەدی پاشاغان شوکرانەی دەبژارد گەلێک لەبەر خوڵای پاڕاوە

ئەگەر ئەمنیش زانیم خاتوون گوڵەزەر چابوو، قەتاری خۆم ڕاکێشا هاتووم واوە»

قەر دەڵێ: «ئەگەر نەمرم، بژیم، بمێنم

دەبێ بێ سوعبەتێکی بە حەمەدی پاشاغان بنوێنم

وڵاتی بەغدایەی پێوە بشێوێنم».

بەکر دەڵێ: «ئەتوو لەوەی مەکە فکرێ

پیاوی شوانەوێڵە و بێکەس دەگەڵ عێلی چی پێ ناکرێ».

قەر دەڵێ: «ئەتوو بزانە قسەی ئەو تاجرەی هەموو خۆڕایییە

لە توو وابوو هەموو شتێک چەرچیگەری بازاڕییە

گەزگەزەی چیتی دەفرۆشی لە توو وایە هەموو شتێک چەرچیگەری بازاڕییە

ئەگەر نەمرم، بژیم، بمێنم

دەبێ بە مەملەکەتی ئیسفەهانێ ڕابگەیێنم

تۆپ و تۆپخانە و لەشکری بۆ سەر بەغدایە دێنم

ڕێی کوێستانێ دەبەستم گەرمێنێ دەشێوێنم».

بەکری شێخان دەڵێ: «بەخوڵای! بە شوانان پێک نایەن ئەو کارانە

حەمەدی پاشاغان پیاوێکی ماقووڵە، شاری بەغدایە شارێکی گەورە و گرانە»

بەکری شێخان دەڵێ: «جارێ لەو قسانە گەڕێ خوڵا بکا خاتوون گوڵەزەر چاک

ببێ لەو دەردەی، خلاس بێ ئەو بەستەزمانە».

قەر دەڵێ: «بەکر ئەتوو بەکری شێخانی».

قسەی چاکت بەزاریدا نایە

ڕەببی زەلیل بی لە چاوان، نەکەویە بەر ئاڵای حەزرەتی ڕەسووڵوڵلایە

خاتوون گوڵەزەر ئینشاڵلا لەو دەردەی ڕزگار دەبێ، چونکە دەگەڵ ئەمنی

خواردووە کەلاموڵلایە

ئەوە دەچمەوە سندووسی بۆی دروس دەکەم تیپ و سپا و ئاڵایە

ڕەببی هەر دوو چاوت کوێر بێ، ئەتوو بۆچی قسەی چاکت بە زاریدا نایە؟»

بەکر دەڵێ: «ئەمن چ بکەم، ڕێبوارم، تاجری هەر چوار دەوڵەتانم

ئەوی دیومە هەر وای دەزانم

ئەمنیش سوێندخۆری خاتوون گوڵەزەرێم بۆیە وا سەرەوێرانم

موداخڵ لە بەغدایە دەکەم خۆم بە نۆکەری فەرەجوڵلا خانی حاکمی سندووسی دەزانم».

قەر دەڵێ: «بەکر! دڵت خۆش کردووم بەو قسانە

خەڵقی گووی خوارد لە گووی بابیان دەیانگوت: شێتە بەکری شێخانە

وەرە دە مەیدانی خەوف و ڕەجایەدا بەئەمانەت بچۆ حەواڵێکم بۆ لە حەمەدی

پاشاغان بزانە

بۆ خاتری خوڵا و پێغەمبەران! بەکر بۆم بکە ئەوێ سوباتێ

بچۆ کن حەمەدی پاشاغان، بڵێ: قەری کوڕی فەرەجوڵلا خانی دەیگوت خاتوون

گوڵەزەرێم بداتێ

مەڵێ: قەر شێت و ئاگا لەخۆ نییە

ئەمن ساڵەوەختێکە دەستم لە حوکماتێ هەڵگرتووە شاە عەباسی ئیسفەهانێ

دەگەڵ فەرەجوڵلا خانی لەبەر ئەوهە ئەمینان بە نەحلەت کردییە

دەزانم خاتوون گوڵەزەر دەگەڵ تۆش سوێندخۆرە، بەڵا ژن دینی نییە

ئەتوو ئەمینی هەر چوار دەوڵەتانی ئەو کارەش بۆ توو عەیبی نییە

بچۆ بۆم لێ بزانە قسێکی بەسەحییە

وەڵلا یا ئێسفەهانێ بە قڕ دەدەم، یا ڕێی کوێستانێی لێ قەدەغە دەکەم یەکجارییە

بەیەکجارێکی بچۆ، کارم بکە تەواوە

شەرمت پێ نەبێ سەری قەتارێ بگێڕەوە بە دواوە

یانە سندووسی بەقڕ دەدم، یانە بەغدایە دەستێنم تەواوە».

بەکری شێخان لە شەرمی قەری گەڕاوە

هەتا وەکێ لەنێو خێڵێ حەمەدی پاشاغان تەمبەڵێتیی خۆی بە عەرزێ داداوە

چوو لە حەمەدی پاشاغانی کرد سەلام و سەڵاوە

حەمەدی پاشاغان دەڵێ: «وە عەلێک ئەسلام، خێرە، شوکور! وا قەتارت گەڕاوە».

گوتی: «نازانم چت عەرز بکەم، قاسیدم هیچ گلەییم لەسەر نییە

بەڕێی ڕاستی خۆم دەڕۆیم یەکێک لە ڕازی بەردی بانگی منی کردییە

گەلێکم قسە دەگەڵ کرد هەتا دوێنێ نەمزانی کێیە و کوێندەرییە

سەری قەتارێم ڕاگرت گەلێکمان پێکەوە قسە کردییە

گوتی: «ئەمن قەرم کوڕی فەرجوڵلا خانی ئێستا لە ئیسفەهانێ شا عەباس

دەگەڵ بابم لێم دەکا گلەیییە

ئەگەر خاتوون گوڵەزەرم نەداتێ بەغدایەی لێ دەکەم وێرانە».

ئەگەر حەمەدی پاشاغان ئەو قسەی بیست تەواوە

دەیگوت: «سەبرێ بگرە بەکر، هەتا قسێکی لە ماڵێ دەزانم تەواوە».

ناردیە کن خاتوون گوڵەزەرێ: «ئەو خەبەرە چییە، دەڵێن زبانت دە گرێو ناوە

دەگەڵ شوانێکی خوێڕیلە؟» دەڵێ: «بابە ئەمن عێلێکی سەر ئاواڵەم، بێ خودانە

ئەتووش مەزنێکی گەورەی ساحبی هەموو عێلانە

ڕدێن سپی دوڵەتانی، چاکت دەناسی سوڵتانە

ئەمن ساحب دەوڵەتم، دەبێ بدوێنم هەموو شوان و گاوانە

ئەگەر ئەمن هەموو کەسێکی نەدوێنم نامبێتەوە گوزەرانە

بابە تەخسیری من چییە خەڵق دەکا ئەو قسانە؟»

حەمەدی پاشاغان دەڵێ: «ناردوویەتە کن ئەمن بۆ خوازبێنییە

ئەو کوڕی فەرەجوڵلا خانی حاکمی سندووسییە».

گوتی: «بابە دەگەڵ ئەمن مەکە گفتوگۆیە

ئەگەر بە سەگێکم بدەی ئیختیاری من هەر بە تۆیە».

حەمەدی پاشاغان بانگی کردەوە بەکری شێخانە:

«ئەمن خاتوون گوڵەزەرم دواندووە ئەتۆش بۆخۆت بچۆ قسێکی لێ بزانە».

بەکری شێخان وای گوتییە:

«قوربان! بەڕیشی سپییەوە ڕەمن ناکەوێ دەڵاڵییە

دەبێ ژنان بنێری بزانی قسەی چییە».

حەمەدی پاشاغان گوتی: «جا ئەو تەگبیرە بەمن نییە

بەکری شێخان عەرزت بکەم قسێکی دییە

ڕاوەستە خێڵ بگەڕێتەوە ساڵێکی دییە

لەوێ دەتدەمێ بە یەکجارەکییە

بچۆ پێی بڵێ جا بزانە جوابی چییە».

ئەگەر بەکری شێخان جوابی بۆ قەری هێناوە

ئەگەر عەرزی کرد هەموو قسەی بۆ گێڕاوە

گوتی: «یا خوڵا بەخێرێیەوە زەحمەتت بۆ من کێشاوە».

قەر لە ڕاستەوە، گەڕاوە بەدواوە

گەیییە جێ هەواری بانگێکی خۆشی لێ داوە

گیر نەبوو، هەتا هات، گەیییە سندووسی، جێنشینی کرد تەواوە

عەرزی بابی کرد لە ئیسفەهانێ، گێڕاوە

ئەگەر فەرەجوڵلا وا دەزانێ

دەچوو دەبوو بە عەرزچی لە کوڕی خۆی لە شای ئیسفەهانێ

شا فەرمووی: «ئەو لە گەرمێنێ ئەمە لە کوێستانێ؟

ئەوە کارێکی زۆر گەورەیە مەگەر سوڵتانی ئەستەمبووڵێ پێ بزانێ».

شا فەرمووی بە فەرەجوڵلا خانییە:

«ئەوە کارێکی زۆر بە قابلەت نییە

لەکنم ڕۆم کچێ نادا بە عەجەمییە

ئەڵبەتتە کوڕی تو عەوامە چ ئاگای لە خۆی نییە

دەنا مەملەکەتی من کچی وەک کچی حەمەدی پاشاغانی تێدا نییە؟»

شا عەباس گوتی: «فەرەجوڵلا خان! قاقەزێکی بنووسە لە قەری:

«نێوی ئەو کچەی چییە؟» قاقەزی بۆ قەری نارد. قەر گوتی: «لە ڕووم هەڵنایە

قاقەزی بۆ شا عەباسی بنووسمەوە». لەشکری برد و چوو بۆ سەر حەمەدی

پاشاغان خەبەری دا بە حەمەدی پاشاغان:

«ئەمنم کوڕی فەرەجوڵلا خانی

چەندم خزمەتی بەرخ و مەڕی وی کرد بە شوانی

ئەمن خۆم کردە نۆکەرێکی کەمترین، ئەوانم دانا لە جێی فەرەجوڵلا خانی

خۆی لە من نەناس کرد قەدری منی نەزانی

ئیدی نەڵێ لە ڕووی هەڵنایە

یا د ەبێ خاتوونێم داتێ، یا د ەبێ دەگەڵم بکا دەعوایە

ئەو نەیزانی ئەگەر ئەو حەمەدی پاشاغانە

بابی منیش فەرەجوڵلا خانە

بەکر ئەگەر فکرێ بکا، سەد تاجر و توججاڕی وەکو وی لە مەملەکەتی پادشایدایە

قاسیدێکی بنێرە کن خاتوون گوڵەزەرێ، بزانن بۆ بەکری لە من دەکا حاشایە

ئەگەر جوابی منی دا دەگەڕێمەوە بەدوایە

ئەگەر بۆ بەکری شێخان بێ بۆی دروس دەکەم سەیر و سوحبەت و سەفایە».

ئەو خەبەرە بە بەکری درایە

گوتی: «نەمزانی کوڕی فەرەجوڵلا خانییە، کوێراییم دایە

ئەگەر خاتوون گوڵەزەرێ بدەن بە قەری هەرچەند خەرج و موخاریجی بێ خۆم دەیکێشم لە دنیایە

بۆ خاتری قەری خاتوون گوڵەزەرم بەخوشک قبووڵ کرد، بۆخۆم دەبم بەبرایە

دەشقمی مەقسوودیان حاسڵ بێ، لێکتری ببیننەوە کام و سەفایە».

ئەگەر خەبەری لە حەمەدی پاشاغان دەکرد یەقینە

دەیگوت: «بەخوڵای! کچی من لایقی کوڕی فەرەجوڵلاخانی نینە

لێم قبووڵ ناکا سوڵتانی ئەمینە

«ئەگەر بێتو بیدەمێ دەبێ عەرزچی بکەم بەدڵ و یەقینە».

ئەگەر ئەو قسانە دەگەڕاوە بۆ قەرییە

گوتی: «لەوی وایە هەر ئەودەمە، کە دەگەڵم دەکردەوە شوانییە

ئەو مەعنایانە هەموو چییە؟

ئەو کارانە وا پێک نایە

تازە نەهاتوومە تکایە

یان بمداتێ یا وەخۆ کەوێ بۆ دەعوایە

دەعوایە دەکەم بەدڵ و بەجانە

هەتتا کەنگێ دەگرێ ئەو بیانووانە؟

«لەشکری ئیسفەهانێ دێنم بەجارێکی، بەغدایە دەکەم وێرانە».

سوارێکی نارد بەچەپەر و بەڕەوانە:

«تەشریفی بەکری شێخان بێتە ئێرەکانە».

کە خەبەر بە بەکری شێخان گەڕاوە

بە پەلەپەل هات لەولاوە

لە قەری کردەوە سەڵاوە

دەڵێ: «برالە! چ داوێکە بۆ منت ڕۆناوە».

دەڵێ: «لەتۆ دایە، هەر ئەو قەری شوان ماوە

گوفتارە لە بۆ تۆم ڕۆناوە

بەغدایە دەکەم بڵاوە

ئاخر زۆرم لە توو گێڕاوە،»

دەڵێ: «ئەمنیش خزمەتم پێ کراوە

خەبەرم لە خاتوونێ گێڕاوە

بەخوشکم قبووڵ کراوە

بۆ توو چاکە ئەو نەولاوە».

بەکر چوو بە قاسیدییە

بە حەمەد پاشاغان دەڵێ بە یەکجارەکییە:

«ئەتوو بۆ ئەو پیاوە جوابت چییە؟

ئەویش پیاوێکی کەم نییە

بۆ تووش عەیب و شوورەیییە

دەست هەڵگرتنی لە بۆ نییە

مەگەر دەوڵەت لێک درێن یەکجارەکییە

هیچ سەفای لە بۆ توو نییە

بەغەیرەز کوێرەوەرییە»

گوتی: «بەکر، ئەتوو بۆ چ لە من دەکەی حوکمی؟

کچی خۆم نادەم بە عەجەمی

سبحەینێ بێتە دەعوایە»

خەبەری لە بۆ قەری برد

قەر سبحەینێ خۆی دروس کرد

سبحەینێ فەسڵی چێشتاوە

خەبەر بە قەری دراوە:

«ئەو لەشکر هات لەولاوە

دار و بەردی دەپۆشاوە

هەڵێ و بگەڕێوە دواوە».

قەر دەڵێ: «نەمرم، بمێنم

بەغدایە پاک دەشێوێنم

یا سەری خۆم دەدۆڕێنم

یانە گوڵەزەرێ دەستێنم»

بەکری شێخان وای گوتییە:

«بۆ توو عەیب و شوورەیییە

ئەو شەڕەم هیچ پێ چا نییە

حەمەدی پاشاغان کوێستانی نییە

لێی گەڕێ تا ساڵێکی دییە

بڵا گەرمێنی لەسەر نەبییە

دەورەی بگرە یەکجارەکییە

لێی دەستێنی چارەی نییە

وێستا هەقت دەگەڵ بەغدایە چییە؟»

قەر دەڵێ: «بەکر کار تەواوە

تازە ناچمەوە بەدواوە

لەشکر و قۆشەنم هێناوە

سندووسم لێ بەجێ ماوە».

بۆتە شەڕ لە زەمانی

جوابی ئەو قسەی درا بە سوڵتانی

دنیا دەمێنێ بە وێرانی

لەبەر کوڕی فەرەجوڵلا خانی

سوڵتان دەڵێ: «ڕامەمێنن

ئیسفەهانێ تێ بگەیەنن

ئەگەر قسەم نەسەلمێنن

قەت نابێ عەجەمێک بمێنن

هەرچی شیعەیە بیبەتڵێنن».

ئەو خەبەرە هات، گەڕاوە

بەمیری بەغدایە دراوە

ئەگەر میر وا دەزانێ

شەقژن کەوتە دیوانێ

دەڵێ: «بێننە دەرێ جبەخانێ

سەربازم بۆ بدەن لە سانێ».

سەرباز لە سان ڕاوەستاوە

کارێکی گەورە قەوماوە

ئاڵای حەقێیان هەڵداوە

دەس بە دەعوایە کراوە

تا نیوەڕۆ لێکیان داوە

لەشکری بەغدایە شکاوە

سەری بەیداغان بەردراوە

هەرکەسە بۆخۆی گەڕاوە

قەر ڕۆستەمە ڕاوەستامە ڕاوەستاوە

شاش و پەڕ پاڵیان وێک داوە

پاڵیان وێک دا لە زەمانی

هەروەکو بەوری بەیانی

کە عێلات هەمووی پێی زانی

دەیانگوت: «هەتا دوێنێ دەیکرد شوانی

ئەوڕۆکە بەوری بەیانی».

دنیا بەو شەڕەی دەزانی

بەکری شێخان هات، لەولاوە

قاقەزی خاتوون گوڵەزەری هێناوە

ماچی کرد، لەسەر چاوی داناوە

بەکری شێخان گوتی: «قوربان، چ نووسراوە؟»

گوتی: «دوعا و سەڵاوی داناوە

فەرموویە: بۆ لە ڕووی بابم وەرگەڕاوە؟

زۆر خراپم لێ قەوماوە

ئەوا خەتای من گیراوە

پێی بڵێ بگەڕێتەوە

قەرارە دەگەڵم ڕۆناوە

قەرارمان تا بەهارێ

هەتا بەخێر خێڵ دێتەوە خوارێ

جا بۆخۆم دەگەڵی دەکەم گوفتارێ

چا نییە چی دی بگرێ بنارێ»

قەر گوتی: «پێی بڵێ پێی ناکەم متمانێ

هەتا بۆم نەخوا قورعانێ

بۆم دانێ قەول و قەرارێ

هەتا وەکو خێڵ دێتە خوارێ».

بەکری شێخان هات، گەڕاوە

قسەی بۆ گوڵەزەر هێناوە

قورعانی بۆ خوارد تەواوە:

«کە هاتم نایەم بە دواوە،

چی دیم ئابڕوو نەکا بڵاوە».

قەر لە بۆ شەوێ گەڕاوە

لەشکری خۆی کرد بڵاوە

سوڵتان بە شا عەباسی تێ گەیاندییە:

«ئەگەر دەڵێ تاراجی بکەم بەیەکجارەکییە

ئەو شەڕ و مەعرەکە چییە؟»

شا عەباس وای گوتییە:

«ئەگەر دەفەرمووێ دەری کەم خوێڕییە

دە سوڵتانێ زیاتر کەسم نییە»

سوڵتان وای دا جوابی وییە:

ئیختیاری وی بەمن نییە»

فەرەجوڵڵا خان قاقەزی نووسییە:

حاشا و مادوڵڵا کوڕی من نییە

لە سندووسی دەکەم خوێڕییە»

قەر گوتی: «دەستەڵات بە من نییە

دەستەڵات بە من نەماوە

حاشا، مادوڵڵا لەو کارانە

دەزانم دەمگرێ قورعانە

ناتوانم لەبەر فەرەجوڵلا خانە

لێم حەرام بوو ڕووی نانی

جا خاتوون گوڵەزەر خۆی زانی».