شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی ٨

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 10 خولەک  637 بینین

فەرخ بانگ دێڵی: «ئەی سییە! ئەی سییەی قۆڕقۆڕکەرە!

لە گەرمێنێ هاتووی سەفەری کوێستانێت لەبەرە

ئەمنیش فەرخی داودییەم لەوێ دەربەدەرە

ئەمن غەریبم لەوانی قەلەندەرە

وەرە ئەو قاقەزەم تا شاری داودییە لە بۆ بەرە».

سی دەڵێ: «فەرخۆڵە! ئەوە لە چەنگ من نایێ

گەلێکم دز و درۆزن هەن لەسەر ڕێگایێ

خەجاڵەت دەمێنم چم پێ نایێ».

فەرخ دەڵێ: «سی! ئەگەر حەزێ دەکا پیاو بێ پەنهان بێ

هەر لە حەوت ساڵان یاخوا! ساڵێکو قڕان بێ».

فەرخ لەوێندەرێ بەجێ دەما، بەدڵ شکستەیییە،

ئەگەر دەیڕوانی دەستێک قورینگ دەهاتن لەلایەکی دییە.

بانگ دەکا: «ئەی قورینگە قورینگەی نەوجوانە!

وەرە خوارێ گەلێکم بەتوو هەیە فەرمانە

ئەو قاقەزەم بۆ بەرە شاری داودییەی گەورە و گرانە».

قورینگ دەڵێ: «فەرخۆڵە! ئەمن لە بڵندان ئەتوو لە نەوییان»

فەرخ دەڵێ: «لە بڵندان، وەرە نەوییان، لە نەوییان وەرە زەوییان

لە زەوییان وەرە کن فەرخی مامادییان».

قورینگ دەهاتە خوارێ تەواوە

فەرخۆڵە بەپیرییەوە چوو دەستی دەستۆی کراوە

قاقەزەکەی هەڵگرت و لەبن باڵی موشاممای داوە.

قورینگ دەڵێ: «ئەمن بەقسەی توو دەچم ئەگەر سەر نەیەنمەوە دواوە

گەلێکم جەردە لەسەر ڕێ ڕاوەستاوە».

فەرخ دەڵێ: «هەڵستە، لەسەر سەرم لەنگەرێ بگرە، نسحەتم بکەم تەواوە».

قورینگ هەڵفڕی لەسەر فەرخی ڕاوەستاوە.

فەرخ بانگ دێڵێ: قورینگێ، سەربەخۆیە!

ئەتوو ئێڵچی ئەمنی، کۆبەکۆیە

ئەمن دایم ڕوحم لەکن ئەتۆیە

ئەگەر دەڕۆی لە ڕێیەت دەگاتێ هەڵۆیە

پیاوێکی ناچیزەیە، تڕۆیە

هەتا دەتوانی، ملان کۆم بکەی لەبەری بڕۆیە

ئەگەر لەوێندەرێ ڕەدبووی بەخاترە

لەولاتریش هەن ڕێگرە

ئەویش مەسکەنی سەقرە

هەتا دەتوانی لەبەری بڕۆ، دەسەری هەڵبڕە

ئەگەر بەخێر لەوێ ڕادەبری

بازە ڕێت لێ دەگری

بازێکی چەنگ بەخوێنە

ئیکلامی لێ بکێشە ئامانی لەبەربێنە

دەعبایەکی ساحب ڕازە

نەجیم و گەلێک مومتازە

لەوێندەرێ ئەو دەتکا سەرەفرازە

بڕۆ لەوێش دامەمێنە

لەسەر ڕێت جەردەیە، ئەویش مەسکەنی شەهێنە

ئەستۆ کەچ بکە ئامانێی لەبەر بێنە

ئەگەر بەخێر جا لەوێ هەڵدەبری

شەوت بەسەردا دێ بەفر و سەرما ڕێت لێ دەگری

لەوێندەرێ خۆت باوێ گۆلی کا بەکری

ئەو خەواسێکی چاکە بەتوو ڕێ دەگری

دەتباتە ماڵە خۆی، زۆرت قەدر دەگری

سبحەینێ بۆ چێشتانێ لە شەتی مرادێ ئینشاڵلا لەکن خاتوون ئەستی ناز و نازدارێ داوری».

کێ بوو لە فەرخی تەواوە

گەلێک لەوێ لە بۆ خۆی گریاوە

قورینگ شەقژنی لە باڵی خۆی دا، هەڵستاوە

قورینگ ڕۆیی، فەرخ بەجێ ماوە.

قورینگ لە هەموو تەنگانان خەلاس بوو هەتا شەوێ لە گۆلی کا بەکری دەکرد سەڵاوە

ئەو تۆڕی بەسەر ئاوێدا داوە

بۆ ماڵێی برد گەڕاوە بەدواوە.

ئەگەر زانی ئێڵچی فەرخۆڵەیە، هەتا سبحەینێ ئەستۆ کەچ لە پێشی ڕاوەستاوە

سبحەینێ مەرەخەستی دەکرد؛ شەقژنی لە باڵی خۆی داوە.

بۆ هەندەهەندی چێشتانێ لە شەتی داودییەی لە خاتوون ئەستی و ناز و نازدارێی کرد سەڵاوە.

دەیانگوت: «خوڵاکەی! ئەوە دەعبا برینداری کردووە، یان گوللەیان لێ داوە».

نازدار بۆی چوو هەرچەندی کردی بۆی نەگیراوە

نازێ بۆی چوو هەڵات؛ دەتگوت شێتە حەمایەت نەکراوە

خاتوون ئەستی بۆی چوو، باڵی خۆی کرد بڵاوە

خاتوون ئەستی بەئامێزێی دەیگرت دەیهێناوە.

دەیگوت: «خوشکێ! بڵا بیگەڕێین بزانین کوێی بریندار کراوە».

باڵیان هەڵدەهێنا، قاقەزێکی لێ موشەمما دراوە.

هەرسێ خوشکەکان جارێکیان لە بانگێ داوە

لەوان وابوو مردووە ئەوهە قاسیدە جوابی هێناوە

هەڵیان گرت؛ بۆ کن مام غەڵیفەی چوون تەواوە.

مام غەڵیفە دەڵێ: «ڕۆڵە ئەوە چییە؟»

دەڵێ: «بابە ئەوە قورینگە؛ قاقەزی فەرخۆڵەی هێناوە».

مام غەڵیفە قاقەزەکەی خوێندەوە؛ گوتی: «کارێکی گەورە قەوماوە

«ئەو قاسیدە سەرئەفراز بکەن، بڵا بڕوا بەولاوە

بزانین ئەو مەسڵەحەتە بە کێ دەبێ تەواوە».

مام غەڵیفە پیاوێکی زۆرزانی

ناردی لە دوو هەموو کوڕەکانی

گوتی: «ڕۆڵە! ئەوە قاقەزی فەرخۆڵەیە خۆوزانی».

ئەگەر خوێندیەوە تەواوە

گەلێک بەزەلیلی نووسراوە

کوڕەکانی گوتیان: «بابە ئەمە چ بکەین لەو کاری ناتەواوە؟

خۆ ئەوە لە شێخاڵە کەچەڵی مارەکراوە.

بەخوڵای! نایدا بۆ شاری شامێ خاتوون ئەستیێ بنێرین بەولاوە».

مام غەڵیفە دەڵێ: «بچن شێخاڵم بۆ بێنن» شێخاڵیان هێنا لەولاوە

ئیکلامی مام غەڵیفەی کێشاوە.

مام غەڵیفە گوتی: «مام شێخە! کارێکی خراپ قەوماوە

دەبێ دەگەڵ کوڕەکان بیکەین تەواوە

لە سوێیان هەموو جەرگم سووتاوە

بەهەمووان تەگبیرێکم بۆ بکەن، فەرخۆڵە لە وڵاتی غەریبیێ بەجێ ماوە».

شێخاڵ گوتی: «ئەمن نازانم ئەو قسە چییە؟

ئەنگۆ هەڵبەت بەمن دەڵێن: بنێرە شاری شامێ خاتوون ئەستییە

وەک تێ دەفکرم ئەو کارە هەی سەروپای نییە؟

ئەمن ژنی خۆم بۆ بنێرمە شامێ بۆ خەڵقییە؟

قەت ئەوهە ڕەزایە بۆ دینییە.

دەڵێن ئەتوو ژنی خۆت بنێرە بۆ یەکی دییە.

وەڵڵاهی! ئەمن دەچمە کن سوڵتانی ئەستەمبووڵێ دەبم بەعەرزچییە»

شێخاڵ هەڵستا ڕۆیی بەزیزییە،

مام غەڵیفە گوتی: کوڕینە! ئەمە مەسڵەحەتمان چییە؟

بۆمە عەیبە فەرخۆڵە بمرێ لە غەریبییە

کوڕەکان گوتیان: «دایکمان بێ بچینەوە کن شێخاڵییە».

دایک و کوڕ ڕێک کەوتن بەیەکجارەکییە

چوونە نێو مەڕی داوێنی شێخاڵیان گرتییە

گوتیان: «دەبێ خاتوون ئەستی بەمە بدەی بەزامنییە».

گوتی: «ئەگەر خاتوون ئەستی بنێرنە شاری شامێ، ئەگەر نەیداتەوە چارەم چییە؟»

بوونە زامن ئەو کوڕانە

سوێندیان خواردبوو بەقورعانە

«شێخاڵ برا گەورەی هەمووانە

خاتوون ئەستێت بۆ دێنینەوە ئێرەکانە».

دایکی بۆی خوارد سوێندی دییە:

«ترست نەبێ نەبەدییە

فەرخ ئاشقی ئیللاهییە

ئەو کارەی ئەتوو دەڵێی نییە

بۆت دەینمەوە ئێرە خاتوون ئەستییە».

ئەگەر ئەو قسانەی کرد تەواوە

شێخاڵیان هێنا لەولاوە

دەتگوت ئێخسیرە گیراوە

مەلایان هێنا تەواوە

قورعانیان هێنان لەولاوە

چل شەوانیان قەرار داناوە

خاتوون ئەستییان قورعان داوە

تەدارەکی بۆ گیراوە

لەشکری بۆ دروس کراوە

سەربازی لە سان دراوە

پاک ئاڵای بۆ هەڵکراوە

لەسەر سەحاتێ ڕاوەستاوە

ئەگەر شەیپووریان کێشاوە

گوتی: «دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا».

لە بۆ شامێ بەڕێ کراوە.

حەزرەتی غەوس هات لەولاوە

ئەو قاسیدێکی تەواوە

تەنگەی عەرزی بۆ کێشراوە

چلۆن بەچەپەری ئاژواوە

حەوت ڕۆژی کرد تەواوە

چەندی سەرباز بەجێ ماوە

سوارەی شکستی هێناوە.

ڕۆژێکی هاتە ڕۆژئاوا

لە دەورەی شامێ هەڵی داوە

خەبەر بەفەرخی دراوە.

فەرخ چەندی مزگێنی دا: «چرای دنیایەم هەڵکراوە»

فەرخ ئەگەر وا دەزانێ

بۆ خوڵای دەبژێرێ شوکرانێ

قۆشەنی درا لە سانێ

لەوێ دووربەدوور دەڕوانێ

دەڵێ: «ئەدی خاتوون ئەستی کوانێ؟»

خاتوون ئەستیی بەڵەک چاوە

تەدارەکی بۆ گیراوە

نەیزانی ئەوە شاری شامێیە لەوێی هەڵداوە

بەڵەدی هێنان لەولاوە

دەیگوت: «سبحەینێ دەگەمە شامێ ڕۆژئاوا؟»

هەموو سەدەقیان لێ داوە

ئەو مەخلووقە پاک لێی گۆڕاوە

هەتا نوێژی شێوان تەواوە

بانگی خەوتنان لێ دراوە.

فەرخ بۆ دز چوو بەولاوە

دەنێو قۆشەنێ گەڕاوە.

هەمووی خەستەیە، یەک هەڵنەستاوە

بۆ خاتوون ئەستی هات واوە

لە چادرێی دەکرد سەڵاوە

هیچ کەسیش جوابی نەداوە

دەستی دا لێفەی، هەڵداوە

کێشکچی هاتووە لەولاوە

توند توند ئەو دزە گیراوە

خاتوون ئەستی لە خەوێ هەڵستاوە

گوتی: «ئەوە چ بووە چ قەوماوە؟»

گوتیان: «ئەستێ بەڵەک چاوە

دزێکی حیزباب هات لەولاوە

قولینچکی لێفەی تووی هەڵداوە».

خاتوون ئەستی: دەچریکێنی

قۆشەنی پاک وەخەبەر دێنی

بانگ دەکا فەڕاشان هەڵدەستێنی

دەڵێ: «دەبێ هێندی لێ دەن تا دەیمرێنی».

هێندیان لێ دا چارەی نییە

زمانی شکا لە بێ کەسییە

چونکە دزە تکای نییە

هەوڵێ دەدەن زنجیر نییە

کەزی ئەستۆی پچڕی ئەستییە

دەست و پێیان توند بەستییە.

فەرخ دەڵێ: «ئەوا دەمرم لە خۆشییە

برا ئەو ئێڵچییە کوێندەرییە؟

هاتووە لە شاری داودییە

ئێڵچی توو شامێت بۆچییە؟

ئەگەر وای زانی خاتوون ئەستییە

گوتی: «هەرتک چاوەکەم کوێر بییە

خۆ ئەو فەرخی داودییە

ئەمن هاتوومە کن ئەوییە

ئێستا بووە بەدزی خەیبەرییە

دەست و پێیان کردەوە بەیەکجارەکییە.

بیست و نۆ ڕۆژان پێکەوە ڕۆنیشتن؛ سوال و جواب نییە».

گوتی: «سوێندم خواردووە بەیەکجارەکییە

ئەگەر نەچمەوە کەڵاموللا دەمگرییە

خوڵا دەمکوژێ چارەم نییە».

فەرخۆڵە گەلێک دەگرییە

سبحەینێ تەدارەکیان گرتییە

لە سانیان دا تفەنگچییە

هەمووی سواری عەرەبییە

فەرخۆڵە قوڕی وەسەرییە

شامێ جێی غەریبان نییە

بەڕێی کرد خاتوون ئەستی

ئەویش لەدووی بوو ئێڵچییە

کە چل شەو تەواو دەبییە

نەگەیییە جێ ئەستییە

شێخاڵ چاوەڕێی ئی وییە

لە خەسووی کرد گلەیییە:

«ئەدی ئەستی بۆچ دیار نییە؟»

بەسەریدا هات نەخۆشییە

هاتەوە شاری داودییە

هێند نەخۆش بوو، حاڵی نییە

حەوتووێکی زوبان نییە

میوانی خوڵای هاتن لە غەیبییە

ڕوحیان وەرگرتبوو لەوییە

بۆتە چەمبەر و گرییە

دایکی چوو سەر خمییە

چەند مەلا و سۆفی و قازییە

هەڵیان گرتبوو خاتوون ئەستییە

بردیان لە بۆ قەبرییە

تەسلیمیان کرد بەخاکییە

غەیرەز خوڵای هیچ کەس نییە

کار بەخوڵای دەبێ تەواوە

مەخلووق بۆ ماڵێ گەڕاوە

بانگی خۆشییان لێ داوە

هەتا حەوتوو بوو تەواوە

تەدارەکی بۆ گیراوە

خێر و حەسەناتی بۆ بکەن؛ لاوە

ئەگەر حەوتووی بوو تەواوە

فەرخۆڵە هاتەوە لەولاوە

گاڕانێک لەوێ ڕاوەستاوە

سەبر سەبر چوو بەلاوە

دەڵێ: «گاوان! لە شاری داودییەی چ قەوماوە؟»

دەڵێن: «نەتزانی مامی ڕدێن سپی، هاتی لەولاوە؟

خاتوون ئەستی ئەوڕۆ حەوت ڕۆژە نەماوە

بچۆ خێراتی بخۆ تەواوە».

دەڵێ: «گاوان! هەڕۆ بڕۆ ڕزقت سوار بێ؛ بۆ خۆت پیادە بی. قەت نایگەیێی».

فەرخ لێی چووە شاری داودیە.

فەرخ چووە ماڵە پیرێژنێکی، گوتی «وەرە، لە ماڵێمان ڕۆنیشە؛ دەچم خێراتی خاتوون ئەستیێ دێنم ئەتووش بخۆ؛ ئەمنیش دەخۆم. ئەو هەویرەی باوەشێن بکە مێشی لێ نەنیشێ». فەرخ دەگریە: «ئای لە خۆم فەقیر و ئێخسیری

حەوت ساڵانم لە شاری شامێ کردەوە میری ئێستا سەرەنجامانم هاتۆتەوە سەر باوەشێنی هەویری».

فەرخ چوو بەولاوە

نانی خێراتیان بەفەرخی داوە

بەسەر سەری شێخاڵیدا کرد. شێخاڵ دەستی دا خەنجەرێ؛ گوتی: «دەتکوژم تەواوە».

فەرخ بۆ قەبران هەڵات ڕێی کەوتن واوە

هەتا گەیییە قەبری خاتوون ئەستی، دەستی لە کێلەکەی وەرهێناوە.

فەرخۆڵە دەڵێ: «خوڵایە! نە بەکەبرێنی، نە بەسەبرێنی

گیانان دەدەی گیانان دەستێنی

یانە خاتوون ئەستیێ بۆ من وەژێنی

یانە ئەمنیش بەکێلی وێوە بمرێنی».

هەرچەند دوعای دەکرد فەرخی بەستەزمانە

لێی نەهاتە جواب خاتوون ئەستیێ نۆجوانە

لە بارەگای خوڵای دەهات میوانە

ڕوحیان لێ وەرگرت ئەو بەستەزمانە

دەهاتنە سەری ئەو هەموو خزمانە

زەریفیان دەشوت سەید و مەلایانە

کن خاتوون ئەستیێ لێ بوو گۆڕخانە

فەرخ لە خاتوون ئەستیێ میوانە.

ڕەحمەت لە گوێدێرانە

بەنەحلەت ببێ شەیتانە

تەوفیقێ بدا بینای چاوانە