شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی ٧

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 14 خولەک  607 بینین

فەرخ زینی خۆی دێنا دەیکرد لە جوانوولەی نەخشینە

دەیگوت: خوڵایە بۆ شاری شامێ لە کوێڕا بچینە؟

فەرخی ڕووی کرد بەولاوە

تەماشای کرد: جەنگەڵ و قامیشە ڕاوەستاوە

جووتێک ڕەشیشەی دەخوێن، لەبەر ئەوان جوانوو ڕێی پێ سەرەدەر نەکراوە.

فەرخ بانگ دێڵێ: «ڕەشیشە، هۆی ڕەشیشە!

بۆچی لێرەو داناوە ساز و چەقەن و هەزار پیشە؟

ڕەشیشە ئەنگۆ نادرن

بوون بەجەردە، ڕێیێ لە موسڵمان و ڕێبواری دەگرن

نایەڵن موسڵمان بگاتە ئاوەدانییە، مەنزڵێکی پەیدا بکەن، لە تینوان نەخنکێن، لە برسان نەمرن.

ڕەشیشەی زەنوێرە!

ئەو ساڵ حەوت ساڵە ڕێو دەبەست بردووە لێرە

ئەتوو نەتزانیوە ئەو ماشووقەی توو چاوێکی کوێرە؟»

ئەگەر ڕەشیشەی ئەو قسەی بیست تەواوە

دەیگوت: «وای! تیرێکی لێ دام جگەرم بڕاوە

ئەوساڵ حەوت ساڵە ئەمن دەگەڵ ئەوەی ماڵم پێکەوە ناوە».

ڕەشیشە نێرەکە نەیزانیبوو، مێیەکەی چاوێکی کوێرە. هەڵستا چوو، تەماشای کرد بزانێ فەرخ ڕاست دەکا. ئەگەر چوو تەماشای کرد؛ وایە. بەتەپڵی سەریدا نووسا، چەرمی سەری دەنێو چاوان کرد. مێیەکە زیزبوو لێی دا ڕۆیی. نێرەکەش وا ڕۆیی فەرخ ڕزگار بوو لەو جەنگەڵەی.

گەیییە ئاوەدانییانە

مەنزڵێکی دەگرت ئەو بەستەزمانە

دەیکردەوە نوێژی شێوانە

دەیگوت: «خوڵایە! چییان لێ هات ئەو ڕەشیشە فەقیرانە!

مێیەکە بریندارە نایەتە سەری لوقمانە

ئەرەستووش دیارنییە لەو مەکانە

وەبەری خۆیان گرت چۆڵ و بیابانە».

فەرخ تەمەنای دەکرد لە بینای چاوانە:

خوڵایە! ڕوحمێکی بکەی بەو بەستەزمانانە

خەتای من دەگرن زۆر خەجاڵەت بووم لەو ڕەشیشانە

ڕەبی ڕووناکایی بێتە بەر چاوانە».

سەری نەخشین ببێ بۆ خۆی ببێتەوە جوانە».

ئەگەر فەرخ بۆ وان پاڕاوە

لەکن خوڵای دوعای قبووڵ کراوە

سبحەینێ نێرەکە، لە مێیەکەی گەڕاوە

گەیشتێ لێی کرد سەڵاوە

مێیەکە زیز بوو جوابی نەداوە

دەیگوت: «دوێنێ بۆچت وا لێ کردم خراپم لێ قەوماوە».

نێرەکە گوتی: «تەخسیری تۆیە وا قەوماوە

حەوت ساڵە حەڵاڵی منی، چاوت کوێرە بەمنت نیشان نەداوە

بۆ خاتری فەرخۆڵەی ئەوا لە تووم کرد سەڵاوە».

لێی قبووڵ کرد گوتی: «بەخێرێی سەر ئەو چاوە».

ماوەتەوە بۆ فەرخی بڕواتەوە بەولاوە.

ئەوێ ڕۆژێ لەو ئاوەدانییەی مەحتەل ماوە

هەتا بەخێر و بەسەلامەت جوانۆکەی حەساوە

سبحەینێ بەیانی داوە

فەرخۆڵە لە خوڵای دەپاڕاوە

دەیگوت: «ئەمن لە چۆڵ و بیابانێم ئەستێی فەقیر چیی لێ قەوماوە؟»

خاڵی دە شاری شامێ خەونی پێوە دییە

دەڵێن: «فەرخۆڵە دێتە ئێرە. حەوت ساڵان دەبێتە میری شامێ لەوی زیاتر هیچ کەس نییە».

ئەگەر خاڵی ئەو قسەی دەبیست بەیەکجارەکییە

هەڵدەستا، دەگەڕا بەهەرچەندی کەیخودا و ڕدێن سپیی شارییە:

«ئەرێ ئەنگۆ چ میری دیو قبووڵن، یا قبووڵو نییە؟»

کەیخودا جوابی وییان داوە بەسەحییە:

«سەد میری دی بێ لە توو زیاتر کەسمان قبووڵ نییە».

سبحەینێ بەیانی داوە

میر هەڵی گرت کەشکۆڵێک، دارعاسایەکی تەواوە.

هەرچەندی مەنزڵی ساحب مەنسەبان بوو، هەمووی گەڕاوە

دەیانگوت: «میر خێرە وات لێ قەوماوە».

دەیگوت: «خوڵا خێران کا، دەڵێن: میرێک دێ لەولاوە».

دەیانگوت: «هیچ میرمان قبووڵ نین، ئەو کەشکۆڵ و عەسایەی بگێڕەوە بەدواوە».

میر بەقسەی خەڵکی دەگەڕاوە،

پێنسەد زێڕ بۆ مەولوودی پێغەمبەری تەعین کراوە

کە میری شامێ بەفەقیر و زەلیلانی داوە.

ئەگەر ئەو لەوێ بەرقەرار کراوە

جوانوولەی فەرخیش لەوێ دەحەساوە

برینەکانی پاک چاکبوونەوە، تووکیان دەهێناوە.

دەیهێنا زینی دەکرد، لە خوڵاوەندی عالەمیان دەپاڕاوە:

«ئەمن بۆ شاری شامێ دەچم بۆ ماڵە خاڵم، خاتوون ئەستی قەلەندەر چیی لێ قەوماوە؟»

ئەگەر ڕێی وەبەر خۆی گرت، بۆ شاری شامێ هاتە خوارە

گەرمای هاوینێ لەوێ دەیکرد کارە،

لە خۆی و لە جوانوولەی بڕا ئیختیارە

دەیگوت: «یا ڕەبی عالەمێ! هاوارە!

بیابانە واحیدەلقەندەهارە».

هەرچەندی کەوی کوێستانێ بوو، هەمووی بۆ خزمەتی فەرخی دەهاتە خوارە

ئەوبەر ئەوبەر تێک دەپەڕین دەیانکردەوە هاوارە.

جوانووی فەرخی ڕێی دەرنەدەکرد، لەبەر ئەوان لە عەرزێ نەیدەکرد کارە.

فەرخ دەڵێ: «بەهارە چ لە ڕەون!

موتریبی دە کێوانم کەون

ئەویش دێن، ڕەپێش جوانوولەی فەرخی دەکەون.

بەهارم چ لە ڕەو دین!

قەرەچی دە کوێستانم کەو دین

کەوی کوێستانێ، گەلێک نادرن

ڕەبی، شەوارەو لێ دانێن بەداوو بگرن

دە قەفەسی دۆمانو بکەن، دێو دێو پێ بگەڕێن، قڕانو هەڵگرن

قەت کێردی قەسابانو لەسەر گەردنێ هەڵنەگرن

بۆچی ڕێ لە جوانووی فەرخی بێ دایک و باب دەگرن؟

نایەڵن بگەنە ئاوەدانیێکی، بڵا لە تینوان نەخنکێن، لە برسان نەمرن

یا ڕەبی هەر باڵێک بڕۆن، دە بەفرێ بکەون، ڕاوکەر بووگرن».

ئەگەر فەرخ ئەو قسەی کرد و گەڕاوە

هەرچی کەو بوو لە ڕاستەخۆی گەڕاوە.

فەرخ لێی دەخوڕی بۆ شاری شامێی ئاژواوە.

فەرخ دەگریا لەو چۆڵەی بەستەزمانە

دەیگوت: «هیچ کەس نییە، دەگەڵی بکەم قسانە

دەچم لە ماڵە خاڵم دەبم میوانە.

خاڵم لەکنم نامکا بەخودانە

دەبمە دژمن و بێگانە

نازانم ڕێی شاری شامێی ئی چەند شەو و ڕۆژانە».

کێ بوو لە فەرخی نازدارە

دەگەڵ جوانۆکەی دەهاتە خوارە

تووشی دەبوون کاروانی و ڕێبوارە

لە ڕێی شاری شامێی دەکرد پرسیارە.

دەیانگوت: «منداڵی فەقیر، بەستەزمانە!

کوا شاری شامێ لێرەکانە؟

لە کوێ دەردەچی بەو جوانووەیەوە؛ ئەوهە نابڕی مەنزڵانە».

فەرخ دەیگوت: «دەیگەمێ بەئیزنی خوڵا و ڕەسووڵانە».

خاڵی وی لە شاری شامێ خەبەری بیستییە

دە خەوێدا پێیان گوتییە

دەڵێ: «نابێ هیچ کەس لەو شارەی ڕاگیرێ بەمیوانییە

هەتا ساڵێکی دی لەو شارەی میوانم قبووڵ نییە».

میر قەرار و مەداری دانا لە شاری.

لەکنە خۆی فەرخ دێتە ماڵە خاڵی بەخەمخواری

فەرخ غەمگین بوو ئەوێ ڕۆژێ؛ دەڵێ: «چ بکەم، لە من غەریبێ

خاتوون ئەستی بەجێ ماوە فرمێسکی لە چاوی دێ بۆ خۆمی بۆم دەگریێ بەزاری.

چ بکەم نە بەپیاد ەیی دەگەمێ نە بەسواری

لە کۆڵاناندا دەمرێ بەهەژاری».

فەرخ ڕاست بۆ شامێ دەهاتە خوارە

دەیگوت: «جوانوولە! بڕۆ، ئەو فکرانە نایەن بەکارە

بچینە شاری شامێ بگرین قەرارە

بزانین، کەنگێ ڕەحمەتمان لە بارەگای خوڵای بۆ دێتە خوارە».

میری شامێ دەڵێ: «چ بکەم، هەڵگرن جێی خەمێ؟

بچن خەڵکی شامێم هەمووم بۆ بنووسن، پاکی مووچە و مواجبی دەدەمێ

هەموو کەس بەڕێ و شوێنی خۆی بزانی

لە دەوڵەتی من کەم نابێ بەئیلتیفاتی سوڵتانی

ئەمما قایل نیم، هیچ کەس، کەس ڕابگرێ بەمیوانی.

ئەمیندار وەدەرکەوتن تەواوە

شاری شامێ هەموو محەلەی نووسراوە

میرزایان دانا نێوی عالەمانیش بکەن تەواوە

هەموو عالەمیان لە قەڵەم داوە

میر دەڵێ: «سبحەینێ ڕاوە».

پێنسەد سواریان کرد تەواوە

پاک تاجی و توولەی دە ڕستەی کراوە.

وەدووی ڕاوی ئاهووی دەکەوتن، هەموو لێک بوونەوە بڵاوە.

تەماشایان کرد، تاقە سوارێک هات لەولاوە

جوانۆلەیەکی قولەی پێیە، منداڵێکی ناباڵقی سوار بووە، دەڵێی نەخشەکێشراوە.

خەبەریان بۆ میری شامێ هێناوە،

گوتی: «بێنن، بیبینم بەهەرتک چاوە».

دەچوونە کن چەپەر و ئێڵچییە

دەڵێن: «میر تەڵەبت دەکا». دەڵێ: «ئەمن غەریبەی شارانم؛ میر حاجەتی بەمن نییە؛

ئەمن دەچمە شاری شامێ بەمیوانییە».

دەڵێن: «هەڵستە بچینە کن، کوڕە. میری شامێ زۆر ماقووڵە». دەڵێ: «لەوەش ماقووڵتر بێ، ئەمن ئیختیاجیم بەوی نییە».

ئەگەر دەگەڵ فەرخیان دەرکرد گوفتوگۆ

هاتنەوە کن میری، دەڵێن: «میر هەرچەندی دەکەین، ئەو منداڵە نایەتە کن ئەتۆ».

میر دەڵێ: «حوکمێی لێ بکەن، بڵا: مەیە شاری شامێ، بۆ لایەکی دی بڕۆ»

فەرخ گوتی: «ئەمن غەریبەی شارانم

دێمە شاری، لە ماڵە یەکی دی میوانم،

میر دەترسێ، دەڵێ دێ دەخوا ئەو نانم!».

ئەو قسانەیان بۆ میری عەرز کرد و گێڕاوە

جاڕیان ڕاکێشا، هەموو لەشکر خڕکراوە

ئەوبەر ئەوبەری ڕێیە کووچەی سەربازی ڕاگیراوە،

فەرخ هات لەولاوە،

بەهەردووک دەستانی لەو عالەمەی کرد سڵاوە

حوکمی میری بوو، کەس جوابی نەداوە.

فەرخ زۆری زگ بەخۆی سووتا بەستەزمانە

دەڵێ: «خاڵەمە خۆی لێ کردووم بەبێگانە».

دووبارە سەڵاوی کردەوە لە هەمووانە

بۆ خۆی دەیگوت: «عەلەیکەسەلام، گەلی غەیبییانە»

فەرخ سەڵاوی خۆی ئەستاندەوە تەواوە.

حوکمی میری بوو، ئەویش بەخۆی و لەشکری بۆ ماڵێ گەڕاوە.

فەرخ سەری جڵەوی خۆی بەرداوە

ئەو کووچە و کۆڵان گەڕاوە.

تەکێیەکی موشایخان بوو چوو، لەوێندەرێ ڕاوەستاوە

جڵەویان دەگرت و دەیانکرد پیاوە».

جاڕچی میری ڕە شاری دەکەوت، دەیگوت: «هەرچی ئەوهەی ڕاگرێ، بزانە تاڵان کراوە».

سۆراخیان کرد جاڕچییان، خەبەریان بۆ میری هێناوە

گوتیان: «قوربان ئەوا لە تەکیەی موشایخان بووە پیاوە

ئەمە قەوەتمان پێ نەشکا دەری کەین، مەسکەنی شێخان گەلێک عالی و تەواوە».

میر گوتی: «بۆم دانێن ئەو کەوشانە

ئەمن حوکمم کردووە کەس ڕانەگرێ ئەو میوانە

بچمە تەکیەی شێخان دەگەڵیان بکەم دوو قسانە».

میر هات لەولاوە،

گەیییە دیوانی موشایخان، لێی کردن سەڵاوە.

شێخان فەرموویان: «میر! بەخێرێیەوە لەو ڕاوە

میر! ئەوڕۆ چت دی، چەند ئاسکت هێناوە؟»

دەڵێ: «ڕاوی ئەوڕۆم، یا شێخ نەبوو تەواوە».

قەننەیان بۆ میری هێنا قەننێکی کێشاوە.

میر فەرمووی: «ئەو کوڕە چکۆڵە کێیە میوانە، هاتووە لەولاوە»

شێخان فەرموویان: «میر ئەتوو چت بەسەری ئەو منداڵەیەوە داوە؟»

میر فەرمووی: «ئەی فرزەندەی میوانە!

ئەگەر لێت بپرسن مەسەلانە

دەفامی جواب بدەیەوە قسانە؟»

ئەگەر میر ئەو قسەی دەکرد تەواوە.

فەرخۆڵە بۆخۆی جوابی دەداوە

دەیگوت: «فرسەتە، بەخوڵای ڕاوەستاوە».

میر فەرمووی: «بەنۆکەرانە

بچن ئەحمەدەکوێر هەیە، بییەننە ئێرەکانە

دا دەگەڵ ئەو مناڵەی بکا دوو قسانە

«ئەگەر نەیزانێ جوابی بداتەوە، دەری دەکەم لێرەکانە».

ئەحمەدەکوێریان هێنا لەولاوە

دەیانگوت: «ئەو کوڕە بدوێنە، بزانە منداڵێکی زەریفە، دەزانێ بکا قسانە».

ئەحمەدەکوێر دەڵێ: «بەوەی کەم لە ژووری سەرییە

جانەوەرێک پەیدا دەبییە

بۆ گەدا و پادشا فەرقی نییە

ئەوی دەسووتێنن بەئاورییە».

فەرخ دەڵێ: «ئەی ئەحمەدەکوێری نادانە!

لەنگۆ وایە میوان حەیوانە.

ئەمن ڕۆنیشتووم لە مەجلیسی ئەو شێخانە

بۆ من عەیبە، بکەم ئەو قسانە

ئەوی لە بەدەنی ئینسانی دەبێ ئەوا بەڕەزای بینای چاوانە

لەکن ئەوی نییە فەرقی پادشا و گەدایانە

ئەبلە! ئەوە ئەسپێیە، دەیکوژن بەدەستانە».

ئەحمەدی کوێر گوتی: «پتوو لە من! هەتیوێکی خوێڕی لەولاڕا دێ میری شەمێ دەبێ ئەمن بێ ئابڕوو بکا». ئەحمەدی کوێر زیز بوو، لێی دا ڕۆیی. میر فەرمووی: «بچن مەلا حەسەنی بێنن؛ زۆری بدەنێ بێ، بەفڕان ئەوەم بۆ دەربکا». مەلا حەسەن هات، جێیان پێ نیشان دا؛ ڕۆنیشت. بەخێرهاتنی ئەو کوڕە چکۆڵەی کرد.

مەلا حەسەن دەڵێ: «ڕۆڵە گیانە!

شتێک هەیە بێ زەبانە

بەعەرزی دەبێ گوزەرانە

بەدەستی ئی عەبدانە

ئەوی دەبێ بەچراخانە

پشکۆژە دەبێ لەو مەکانە

هەر دەڵێی گوڵی نیسانە

شایان پێ دەبێ ئەوانە

ڕەزای بیناییی چاوانە

بەئەنعام دەیبەن بۆ پادشایانە

ڕێی ئەنعامێ دەدەن ئەوانە».

فەرخ دەڵێ: «مەلا حەسەن هاتووی لەوێوە

منداڵێکی غەریبم، مەم بزێوە

ئەو سەر و سمێڵەت دە کونی کەرێوە

ئەوە نازانی شەمامەیە سوور دەبێ بە بڕکێوە».

مەلا حەسەن دەستی دا عەبای خۆی، ڕۆیی. میر، مەلا حەسەنی گێڕاوە. مەلا حەسەن بەدزی گوتی: «قوربان وانابێ بچن دیزێکی پڕ بکەن لە مێوژ و گوێز و خورما و گەزۆ بێنن لێرەی دانێن، نانیش دانێن بۆ مەجلیسێ. ئەگەر زانی چی

تێدایە، ئەوە یا شێخە یا شەیتانە. ئەگەر نەیزانی بۆ بابی ئاقڵ دەکەم. وەدەری دەنێم لەو شارەی». دیزێکی وایان هێنا لە مەجلیسێیان دانا. نانیشیان هێنا، لە مەجلیسێیان دانا؛ هەمووی مەحتەل ما کەس نانی نەخوارد. مەلا حەسەن گوتی: «نانخواردن بۆ نییە؟» فەرخ گوتی:

«ئەمن غەریبم ئەگەر قسان بکەم شوورەیییە.

مەلا حەسەن پاپەی لە من گرتییە

لە قەستی دەپرسێ بۆ ناخۆن نانییە؟

ئەوە شەڕی ئەوەیەتی لێم بپرسێ، ئەوە چییە؟

ئەگەر شێخان پێیان ناخۆش نەبێ، جوابی ئەوەی دەدەمەوە بەسەحییە».

شێخان: مەرەخەستیان کرد فەرخی داودییە.

فەرخ دەڵێ: «ئەگەر پێنجین ئەگەر شەشین

ئەسپاردەی بیلالی عەبەشین

هەموومان غولامی دیزەی ڕەشین

وەرن مێوژ و گوێزان لێک وەبەشین.

بیبەشینەوە بەڕەوانی.

مەلا حەسەن غەزەبی میوانی

ئینجا تەڕدەس بخۆن نانی

میر دەگەڵ مەلای خۆی زانە».

میر و مەلا حەسەن هەڵستان، لێیان دا ڕۆین.

میر گوتی: «مەلا حەسەن وەرە بچینە ئێرانە

بزانین، مەسڵەعەتمان چلۆن دەبێ دەگەڵ ئەو میوان و شێخانە».

چوون ڕۆنیشتن دوو بەدووە

هەزار تەگبیریان کردووە

هیچ فایدەی بۆ وان نەبووە.

میر و مەلا گوتیان: «ئەمە چ بکەین لە دنیایە؟

ئەو شێخ و میوانە چارەیان نایە».

شاری شامێ سێ ڕۆژان نەیبوو هیچ ئاغایە.

شلووخ بوو شامی گرانە

لێی پەیدابوو لۆتیخانە

شەڕیان کەوتە سەر ژنانە

نیوەیان بوون بەقاوەخانە

کەیخودا و ڕدێنداری وانە

ڕوویان کردە دیوانی شێخانە:

«قوربان ئاخر شامێ بوو وێرانە

بەبێ پادشا نابێ گوزەرانە

ئەدی بۆ دیار نییە میری ئێرانە؟

شێخ ناردیانە کن میرییە:

«بۆ بێ حوکمە جیهەتی چییە؟»

میر فەرمووی: «بابە! ئەمن ئیختیارم نییە،

پەیدا بکەن میرێکی دییە».

خەبەر هاتەوە بۆ شێخییە.

شێخ فەرمووی: «ئەمە مەسڵەحەتمان چییە؟»

وەهای گوت: «یەکی دییە

ئەوە شێخێلی بێ قەیدییە:

لەوی مەکەن گلەیییە.

ئەوە دوو مانگە میر نییە

پەیدا بکەن یەکی دییە

خەبەر بنێرینە سوڵتانییە

بزانن فەرمایشی وی چییە».

شێخ قسەیان کرد تەواوە

بانگی نیوەڕۆی داوە

فەرخ لەوێ هەڵستاوە

گوتی: «بزانم جوانۆکەم ئاودراوە».

تێلغوراف بۆ سوڵتانی کراوە.

سوڵتان فەرمووی: «میری خۆیان لەوێیە تەواوە».

خەبەر دە شێخان گەڕاوە

چراخانیان بۆ ڕۆناوە.

سبحەینێ کە ڕۆژ کراوە

مەجلیسی تاقیقەی گیراوە

بازی یەقینیان هێناوە

هەردووک چاوی وی بەستراوە

هەڵیان ئاویت، ڕاوەستاوە

لە هەوای لەنگەر بەستراوە

سەر بەرەژێر هات گەڕاوە

ئیکلامی فەرخی کێشاوە

شێخان قۆڵیان بۆ کێشاوە

قەند و نەباتیان هێناوە

شیرنی ئی میری خوراوە

تەختی حەقیان بۆ هێناوە.

شێخی گەورە هات لەولاوە

گوتی: «سەلام عەلێک فرزەندە لاوە!

ئەلحەملای چرات هەڵکراوە».

قۆڵی فەرخی گرت لەولاوە

لە جێگای خۆی هەڵستاوە

لەسەر تەختێیان ڕۆناوە

بانگی حەقیان بۆ لێ داوە

تانج و تۆماریان داناوە.

ئەوا جێی خاڵی گیراوە.

تا حەوت ساڵان ڕاوەستاوە

میرە و بەیەقین ڕۆنراوە.

فەرخ دەڵی: «خوڵایە! چم لێ قەوماوە؟

ئەمن میرێتییێ چ لێ بکەم بەبێ خاتوون ئەستییێی بەڵەک چاوە؟

خۆ مە داخلی ناکەم ئەو دونیایەم بۆ نابێ تەواوە.

ئەگەر دنیاش تەواو نەبێ فایدەی چییە

ئێستا خاڵم لێ دەکا گلەیییە

خوڵا دەزانێ خەتای من نییە.

ئەمن میرایەتی چ لێ بکەم؛ گزیریم پێ خۆشترە بچمەوە شاری داودییە».

کە حەوت ساڵە میرێتی فەرخی بوو تەواوە،

گوتی: «ئەو دنیایە چ لێ بکەم، بۆ کەس نەماوە؟

لازمە قاقەزێکی بنێرم بەولاوە.

بنووسم قاقەزێکی بێ کەسییە

بنێرمە خزمەت مام غەڵیفەی شاری داودییە

دەشقەمێ بۆ منی بنێرێتە خاتوون ئەستییە».

فەرخ ڕۆدەنیشت قاقەزێکی کرد تەواوە

چ بکەم ئێڵچییەکم ببێ بینێرم واوە؟

کاری من بەو عەبدانە نابێ تەواوە

خوڵایە دەفریام بێی لە هەموو کاران

بچمە قەراخی شاری شامێ بۆ پرسیاران

هەمووم کەوتۆتە کن باڵداران».

لە شاری شامێ دەچوو بەولاوە

تەماشا دەکا دەستێک سی دێن واوە.