شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی ٦

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 12 خولەک  852 بینین

فەرخ بانگ دێڵێ: ئەی کوندەم کوندەی بەرانی

عەمرم بەپیریش هەر جوانی،

ئەگەر شەرمێ لە من ناکەی، بترسە لە یەزدانی.

بوو لە من تەڕ دەکەی پەنجە و پێی بڵقیسای سولەیمانی.

کوندەم کوندەی بزنێ،

یا ڕەبی قەت کێردی قەسابانو هەڵنەگیرێ لەسەر گەردنێ

ئەتوو بۆ لە من تەڕ دەکەی پەنجە و پانیەی دەوێ شەکرەژنێ

کوندم کوندی پانێری!

بتگاتێ نەخۆشیی ڕەشەگوێری

ئەتوو بۆ ئاوێ لە کۆڵی ئەوێ شەکرەژنێ دەبوێرێ

کوندم کوندێکی نادانە!

گۆشتی تۆیان نەخوارددە چ کافر و موسڵمانە

ئاوێ بۆچی دەبوێرێ بەخاتوون ئەستیێیە غەیانە.

وسوو ئاغا تەماشای مانگی مونەوەر بکە؛ ئەوە لە حەوت تەبەقەی ئاسمانە،

فەرخ دەڵێ: «وسوو ئاغا چ بکەین لەوێ ڕەمەزانێ؟»

«هەرچی بکەین هەرایە، بەغەیرەز شوکرانێ.

بڵا مزگێنیی مانگی موبارەک بدەین بە مام غەڵیفەی دەپێش هەموو کەسیدا بزانێ

مامی خۆمە هەر ئەو خەلاسم دەکا لە تەنگانێ،

جا مزگێنی بەرین بۆ مام غەڵیفەی، ئاغای شارییە».

مام غەڵیفە ئەگەر وای دەزانییە،

لە مانگی مومبارەکیان دایە مزگێنییە،

ناردی کەوڵ و جوانو ئەسپی نارد بەدیارییە.

فەرخ کەوڵی دا بە وسوو ئاغای جوانوو ئەسپی قبووڵ کردییە.

ئەوی ئەسپ و کەوڵیان هێنابوو، خەڵاتی کردن بەنەجیمییە،

گوتی: «عەرزی مام غەڵیفەی بکەن، ڕوح و سەرم هەر ئی وییە».

ئەوێ شەوێ لە مزگەوت و خانەقایە تەگبیریان ڕۆناوە،

لەبەر خوڵای دەپاڕانەوە سەڵەواتیان لێ داوە،

سبحەینێ کە نوێژی ڕەمەزانیان دەکرد، نانی هەموو کەسی دراوە.

کوڕی مام غەڵیفەی چوونە خزمەت بابیان، ڕاوەستاون تەواوە.

دەڵێن: «بڵا، بچین فەرخۆڵەی بێنینەوە. ئابڕوومان نەماوە،

لە ماڵە وسوو ئاغای، بەینەڵڵا پیاوێکی تەواوە».

مام غەڵیفە گوتی: «ئەگەر لە دوو فەرخی دەچن بەیەکجاری،

دەبێ هەمووتان خزمەتی بکەن بەقەننەداری.

بێتەوە ڕۆنیشی بەگەورەی شاری».

کوڕی مام غەڵیفەی لە بابیان قبووڵ کرد تەواوە.

لە هەموو کەیخودا و سەید و مەلایانیان گێڕاوە

هەموو بۆ ماڵە وسوو ئاغای دەهات تەواوە.

وسوو ئاغا بەپیریانەوە هات ئیکلامی هەموویانی کێشاوە.

گەینێ، کەوشی فەرخییان لەسەر سەری خۆیان داناوە؛

دەڵێن: «قوربان! گەورەییی شاری داودییەی بەتوو دراوە.

ئەوە کوڕی مام غەڵیفەن گەورەییی توو قبووڵ کراوە».

گوتیان: «وسو ئاغا چ دەفەرمووی لە بۆ مە؛ ئەمە دەگەڕێنەوە چ کاری دیمان نییە».

فەرخۆڵە گوتی: «حاشا و مادوڵڵا؛ نامەوێ ئاغایەتی شاری داودییە؛ ئەمن لە ماڵە وسوو ئاغای دانیشتووم بەنۆکەرییە»

وسوو ئاغا دەڵێ: «ڕێم ناکەوێ ئەمن هیچ بەشم بەسەر ئەو ماڵ و دەوڵەتەوە نییە».

فەرخ دەڵێ: «قەت ناچمەوە نێو شاری داودییەی جارێکی دییە».

دەوێ هەموو گەڕانەوە بەبێکەیفییە،

فەرخ دەڵێ: «وسوو ئاغا! چوونەوە بۆ من چوونەوە عەیب و شوورەیییە.

ئەگەر لێرەش بێ سەحەت بم، دەچمە ماڵێ خاڵم ئەوا لە شاری شامێ میری وا نییە»

کەیخودا و کوڕی مام غەڵیفەی هاتنەوە بەدواوە،

موژدەیان بەمام غەڵیفەی داوە.

گوتی: «لێی گەڕێن هەتا ڕادەبری شەش لە شەشەکانێ؛

ئینشاڵڵا دەییەنمەوە سەر مەکانی خۆی هەتا هەموو کەس پێ بزانێ».

کوڕی مام غەڵیفەی بەدزی بابیان و خاتوون ئەستییە بۆی هەڵدەکەنن زیندانێ؛

شەوێ فەعلەی بەزێڕێک بەکرێ دەگرن هیچ کەس نازانێ قەت وچان نادەن لە گڵ کێشانێ،

هەتا ڕۆژ دەبێتەوە، فەسڵی مەلا بانگدانێ.

ئەگەر شەش لە شەشەکانێ چوون تەواوە

کوڕی مام غەڵیفەی دیسان هاتن لەولاوە

چوون، ئیکلامی فەرخۆڵەیان کێشاوە

کەوشیان لەسەر سەری خۆیان داناوە.

فەرخ ئاوڕێکی بە وسوو ئاغای داوە

دەیگوت: «وسوو ئاغا نازانی چ قەوماوە؟

دەبێ هەر بچمەوە، داوە لەمنیان ڕۆناوە».

لە جێی خۆی هەڵستا کەوشیان بۆ ڕۆناوە

وەدەرکەوت بۆ ماڵە مامی خۆی گەڕاوە.

خاتوون ئەستی تاماشای کرد، ئیجهەی ئامۆزای و برای هاتن لەولاوە.

خاتوون ئەستی نەیزانی زیندانی بۆ دروس کراوە.

دەودەمیدا موسڵمانێک هات، خەبەری بە ئەستی داوە.

خاتوون ئەستی دەڵێ: «وای کوێرم بێ چاوە!

لە قسەی ئەنگۆ دەنا هەر ئەوەندەی لەسەر دنیایە ماوە».

هەڕای دەکرد، دەزووی بەدەرزییەوە کرد، جامێکی ئاو هێنا، تێی ئاویت، لەسەر ڕێی دانا. فەرخ ئەگەر چاوی پێ کەوت گوتی: «ئەوە دەزووە کفنم پێ دەدروون؛ ئەو جامە زیندانە تێی دەکەوم، تێدا دەخنکێم. ئەو ئاوەش پێم دەشۆن». ئەگەر وای چاوپێ کەوت، مستێکی لە دەمی خۆیدا، خوێن هاتە خوارێ؛ گەڕاوە. گوتیان: «قوربان ئەو خوێنە چ بوو؟» گوتی: «نازانم! دەچم دەمی خۆم دەشۆم». گوتیان: «قوربان! ئەو خەڵقە هەموو نۆکەری تۆیە. دەمی خۆت لە ماڵێ بشۆ». گوتی: «نا ئەمن عەمبەڵیم، دەبێ بچمە سەر شەتی داودییەی. ئەنگۆ ڕۆنیشن، ئێستا دێمەوە». ئەگەر لەوان ڕەدبوو، دەمی خۆی بەدەستڕەی ئەستڕی هەڕای کردە ماڵە وسوو ئاغای. وسوو ئاغا گوتی: «قوربان! چ قەوماوە؟»

فەرخ دەڵێ: «وسوو ئاغا گیانە!

نەمگوت کوڕی مامم دەگەڵم غەیانە

جوانوو ئەسپەکەم بۆ بێنە دەرێ، ئەمن دەڕۆم لێرەکانە.

دەگەڵیان دەرنابەم، هەمووی شمر و شەیتانە.

وسوو ئاغا دەڵێ: «سەرت لەسەر دادەنێم، فەرخۆڵە گیانە!»

فەرخ دەڵێ: «چارەم بڕاوە، وسوو ئاغا گیانە!

دەبێ بڕۆم لێرەکانە».

جوانووی فەرخیان هێنادەرە،

لێی بکەن زینی موحتەبەرە.

پێی نا ڕکێف کەوتە سەرە،

دەڵێ: «وسوو ئاغا دادەبەزمەوە، بەخۆڕایییە ئەو سەفەرە

شیرەکەی بابم بۆ بێننە دەرە،

جوانوو ئەسپەکەم بۆ بگێڕن ئەو سەر ئەو سەرە

کێ بوو؟ لە فەرخۆڵەی نازدارە،

شیری بابی وەچەنگ کەوت ئەو جارە

دەستی دایە، بۆ یەختەخانەی ماڵە مامی چووە خوارە،

دەرکی کردەوە، چوو، لە تەویلەی گرتی قەرارە.

بەتەویلەیدا هات، لە ڕەفیسکەی هەموو ماین و ئەسپانی داوە،

قەت یەکێکی بەساغی نەماوە.

هەڵات و بۆ ماڵە وسوو ئاغای گەڕاوە،

پێی دەڕکێفی نا، وەسەر زینی کەوت تەواوە،

دەڵێ: «وسوو ئاغا! گێچەڵە، بۆخۆم و بۆ تۆم بنیاد ناوە».

مەیتەر و میرئاخوڕ هاواریان برد بەهەشتاوە

خەبەریان لە مام غەڵیفەی و لە کوڕانیان دەگیڕاوە.

کوڕی مام غەڵیفەی دەنگی لەشکریان دا هاتن لەولاوە.

ئەگەر وسوو ئاغای وا دەزانێ زرێی دەبەرکرد مەتاڵی دە دەستی هەڵکێشاوە

خزمی خۆی هەموو بانگ کرد، لە پێش کوڕی دە مام غەڵیفەی ڕاوەستاوە

سوێندی بە کەلاموڵلایە خوارد: «ئەگەر هاتوون فەرخی بکوژن، نایەڵم، یەک یەک سەری بچێتەوە بەدواوە».

هەموو دەیانگوت خێرە؛ ئەمە خزمەتی دەکەین. هەر گەورەیە ساحب ئیختیارە.

هەر زەرەری لە خۆی داوە.

فەرخ گوتی: «وسوو ئاغا پێی ناوێ دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا».

ڕکێفی لە جوانووەکەی دەدا؛ ئەمەگی خاتوو ئەستیێی لەسەر بوو، تۆڕی بەسەر هەرتک چاوان کشاوە.

خەبەر بە خاتوون ئەستیێ دەدرێ، دەڵێن: جوانووەکەی کوێر بوو، ڕێی بۆ هیچ کوێ سەرەدەر نەکراوە.

خاتوون ئەستی گوتی: «بڵا بمکوژن لەسەر فەرخی». بانگ دێڵێ: ئەی جوانووڵە، جوانووڵەی سەری ساڵان!

ڕەنگت دە کلکێ دەدەم، خەنەت دەگرم دە بژ و یاڵان.

ڕۆحی خۆمت نەزر دەکەم، ئەگەر فەرخم بۆ دەرکەی، لە دەس دژمنان لە دانگەی ماڵان.

ئەی جوانووڵە جوانووڵەی سەر هۆزان!

چرای چاوی خۆم فرزەندی ڕەش بۆزان

ڕۆحی خۆمت نەزر دەکەم، ئەگەر فەرخم بۆ دەرکەی لە چەنگ دژمنان، لە دەس ئامۆزان.

ئەی جوانووڵە، جوانووڵەی گوفتارێ!

ڕەنگت دە کلکێ دەدەم، بژانت دەگرم لە ژەنگارێ

فەرخم بۆ خەلاس بکەی، بۆ شاری شامێ بچێتەوە خوارێ

ئەگەر خاتوون ئەستی گەردنی جوانووڵەی ئازا کرد و ڕۆیی لە دنیایە ڕووی

کردە کوێستانێ و کێو سەرایە

لەوێندەرێ بەفر نایداتێ ڕێگایە.

ئەوا لەشکری دێ لە دوایە،

وسوو ئاغا هەروا دەگەڵیانە، سوێندیان لێ دەخوا بە کەلاموڵڵایە

دەڵێ: «نابێ ئیلاقەی فەرخی بکەن، ئەمەگم دەچێ بەزایە».

فەرخ بانگی بەفرێ دەکا:

«بەفری کوێستانێ! گەلێک بەفرێکی نادری»

بووی بەجەردە جابر، ڕێ لە موسڵمان و ڕێبوار دەگری

نایەڵی میوان بگاتە ئاوەدانییە، مەنزڵێکی پەیدا بکا، لە تینوان نەخنکێ، لە برسان نەمری».

بەفر دەڵێ: «فەرخۆڵە، چرای چاوانم

ئەمن خانەخوێم ئەتووی میوانم

ئەمن بەڕەزای خوڵای بینای چاوانم

بەرەکەتی ئەرز و ئاسمانانم.

لەوەش بەدەرەوە ڕۆژی هەرچی بەگیانم؛

لە وی زیاتر، دەرمانی نەخۆش و بیووردارانم».

فەرخ دەڵێ: «بزانم چلۆنم لێ هاتۆتە مۆلەکێ، هەر نەخۆشێکی تۆ تەڵەب دەکا،

ڕەبی! لێی ببیە کۆخە و برک،

لێی بچییە دە کەلەکێ. هەر نەخۆشێکی بەتوو ڕاس دەبێتەوە، هەڵنەستێ لەوێ کەونە لێفۆکێ».

ئەگەر فەرخ دیسان ئاوڕی دەداوە،

لەشکری شاری داودییەی ئاوا بەدواوە،

وسوو ئاغای دەپێشدایە، بەیداغی ڕاکێشاوە.

فەرخ هاوار دەکا: یا ساحبی عەرز و ئاسمانێ!

ڕەبی! خەلاسم بکەی لەوێ تەنگانێ.

ڕەحمی بەوی کرد ساحبی عەرز و ئاسمانێ

هەور دەچریکێنێ، هەڵی کردە شەماڵی، لێی دا لە گۆپاڵ بارانێ.

هەتا دوو سەعاتان باری تەواوە

لە پاشان خوڵا ڕەحمەتی کرد، دنیا ڕۆشەن کراوە

لە هەموو زینو و بانوان هەڵستا سێڵاوە

فەرخ ئاوڕی وەدوای خۆی داوە

لەشکری شاری پاڵی وێ داوە

دەڵێ: «بەخوڵای دەمکوژن سەفەرم ناتەواوە

خاتوون ئەستیێ چاو بەڵەکم لێ بەجێ ماوە».

شەتی داودییەی پڕ هاتووە لە سێڵاوە،

فەرخ ئیختیاری لێ بڕا، ملی لە شەتی داودییەی ناوە.

فەرخ چوو دە شەتێوە، وسوو ئاغا دەستی بەقورعانێ داداوە

سێ جاری کەلاموڵلای کرد تەواوە،

دەڵێ: فەرخ لە شەتی داودییە بخنکێ، نایەڵم عەبدێکو بگەڕێتەوە بەدواوە.

پاکانو سەردەبڕم شاری داودییەی دەکەم بڵاوە.

خوڵا فرسەتی جوانووی فەرخی داوە

گەیییە بەری ئەوبەری چەنگی لەسەر دیواری ڕۆناوە

چۆم ڕای دەدا خوارێ، قەوەتی نەماوە.

کەلێنێکی خوڵا بەوی دا، دەستی ئاویتە سەرێ، فەرخ نێوی هێناوە

هێزی لە خۆی دا، فەرخ کەوتە بەیاری، لینگە چەکمێکی دەڕکێفیدا ماوە

فەرخ خلاس بوو جوانۆکەی برد ئەو ئاوە

فەرخ دەڵێ: «لە شەتی مرادی پەڕیمەوە

جوانوولەم چوو بەزینەوە

بەپێ و چەکمە زێڕینەوە

خاتوون ئەستی لێرە نییە بیگێڕینەوە».

فەرخ دەرپێیەکی جاوی دەپێدا بوو. پێیەکیشی پێخواس بوو دەرپێیەکەی

تەڕببوو، لە لاقانی دەهاڵا، پێوەیان ماندووبوو؛ فەرخ دەڵێ:

نە هەورازت لەبەربێ شەقاوێک

نە کۆڵت پێ بێ گەزە جاوێک

نە پووڵ قەرزداری هیچ کەس بێ قۆشە دراوێک».

فەرخ دەڵێ: لەوڕۆ بەدەر هیچ میوان بەشەتی داودییەی نەکا ئیختوبارێ

نە خۆی بە خانەخوێ دەزانێ، نە لە میوان و ڕێبواری دەکا پرسیارێ

لەوڕۆ بەدەر کەس بەشەتی داودییە نەکا متمانێ

نە پرسیارێ لە میوانی دەکا، نە خۆی بە خانەخوێ دەزانێ

ڕەبی شەتی داودییەی خوڵاگیرم بی ئەوێ ڕۆژێ خوڵا دەکا دیوانێ.

لەوڕۆ بەدەر هیچ میوان بەشەتی داودییەی نەکا ئیختوبارێ

نە خۆی بە خانەخۆی دەزانێ نە لە میوان و خانەخوێ دەکا پرسیارێ

ڕەبی لە ئاهی من سێ مانگەی بەهارێ نەبێ چۆڕی ئاوێت لێ نەیەتە خوارێ

چ بکەم ئەمن بەناچاری

بانگێکم وەبەر خوڵای، یەکم وەبەر جەباری».

فەرخۆڵە خەوی بەسەردا باری،

جوانووی فەرخی لە دەریا وەدەرکەوت بەیەکجاری. بە فەخۆڵەی نەدەزانی

لەکوێیە، بۆیە گریا بەزاری، شەماڵ کە هات بێنی فەرخی بۆ جوانووی هێنا بەیەکجاری.

ئەگەر بێنی فەرخی کرد تەواوە

لینگی دا هەتا چوو لەسەر فەرخی ڕاوەستاوە

گوتی: «هەڵی ناستێنم، خەمگینە، شاری داودییەی لێ بەجێ ماوە

خەمناکە لە خاتوون ئەستی هەڵبڕاوە».

دەستی بە لەوەڕێ کرد لەوێ ڕاوەستاوە

پیرەبارگینێک نەخۆشە چەند ساڵە دەرکراوە

لە چۆڵ و بیابانی لەوەڕاوە

ئەگەر جوانووی فەرخی کەوت بەچاوە

لەسەرڕا دێتەخوار بۆ شەتی داودییەی دەیگوت: «بزانم کێیە لەوێ ڕاوەستاوە؟»

جوانوولەی فەرخی ئەوی کەوت بەچاوە

گوتی: ئینشاڵلا ئاوەدانییەکم بەو گیاندەبەرە، وەچەنگ دەکەوێ تەواوە

ئەگەر پیرەبارگین هات لەولاوە

جوانوولە ئەگەر تەماشای کرد، گوتی: هەو خۆ ئەوهە گولە دەرکراوە

دەگەڵ جوانووی فەرخی دەستی کرد بەشەڕ و داوە

هەرچەند بەدەنی جوانووی فەرخییە هەمووی پچڕاوە

جوانوولکە سەرەسمێکی وە فەرخی هەڵداوە

فەرخ لە خەوێ هەڵستا تەماشای کرد هەموو بەدەنی جوانوولکەی پچڕاوە.

دەڵێ: «خودایە! حەقی من و شەتی داودییەی بکە تەواوە!

ئەمن چ بکەم دەگەڵ شەتی داودییەی شەتێکی بێ ئامانە

لە منی ئەستاند ئەو جوانوولە بەستەزمانە

بزانە چییان لێ کردووە ماسی و نەهەنگانە».

ئەگەر ئەو قسەی کرد تەواوە،

پیرەبارگین ئاخێکی ساردی هەڵکێشاوە

دەڵێ: «خوڵایە! نەمزانی فەرخۆڵەیە، وام لە جوانوولەی کرد، کوێرم بێ هەرتک چاوە».

خەجاڵەت بوو، لە ڕاستەخۆی گەڕاوە،

فەرخ بانگ دەکا، دەڵێ: «بەهاران، گەینە بوهاران

ئەو پیرەبارگینی ئەگەر نایەنی دوو پاران

نەبوو، بێیە کن ئەمن بۆت بچمە بارەگای خوڵای وەک تکاکاران؟

ئەتوو بۆ لە جوانوولەی من دەپسێنی پۆست گۆشت و دەماران؟»

فەرخ بەپیرەبارگینی دەڵێ: «ئەگەر پیاو پیاوی بکوژێ

ئەگەر چووە ماڵێی نابێ دەگەڵی بەئینجەت بێ.

ئەگەر پیاو ژنێ لە پیاوی هەڵگرێ، ئەگەر چووە ماڵێی، دەبێ دەگەڵی بەسوفەت بێ

پیرەبارگین! هەڕۆ، بڕۆ؛ هەتا لە دنیایە زیندووی، ئەو دەردە لەسەر تایفەی ئەنگۆ هەر موسەللەت بێ»

فەرخ جوانۆکەی هێنا، سەر شەتی ڕای گرت.

لە فەرخی غەریبی ناتەواوە

هەر ئاوی هێنا، بەپشتی جوانۆکەیدا کراوە،

هەتا هەمووی دەشووشتن تەواوە.

خوڵا ڕەحمی دەگەڵ کرد هیچ برین لە بەدەنی جوانووی وی نەماوە.

سبحان ئەلەزی سەخەرە لەنا ماکونی سەخەرە لەنا موکرینینە