مەم و زین ٣

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 11 خولەک  669 بینین
ئەوجار دوو قسان لە کاکەمەمی بکەین، بە نادری
ئەوە فەرمانی ڕەحمان بەکری
هەم کرمانج و دێبۆکری
بۆ خاتری دوکتۆر مانی نەمری
نە باس هەبوو نە خەبەرە
تەدارەکی کاکەمەمی گیرا فوقەرە بەفوقەرە
لە شارەکەی یەمەنێ وەدەرکەوت دوازدە هەزار سواری بە دەفتەرە
کاکەمەم دەڵێ:
بەنگینە!
ئەو لەشکرەی بابی من بۆ منی دروس کردووە، بچۆ بیبینە
کێ بوو؟ لە بەنگینە گوڵباوە
چوو ئەسپی خۆی لە یەختەخانێی دەرهێناوە
کە سوار دەبوو نێوی خوڵای هێناوە
لەو سەرێی بە لەشکریدا چوو لەو سەری گەڕاوە
بانگ لەسەر بانگی لێ داوە
هەتا دەهاتە دەرکی یەختەخانێی دەبوو پیاوە
کێ بوو لە بەنگینەی موحتەبەرە
لێی خڕدەبوونەوە میرئاخوڕ و مەیتەرە
دەڵێ: سەفەرێکی دوور و درێژمان لەبەرە
کێ بوو لە بەنگینەی گوڵباوە
لە پلەکان وەسەر کەوت دەرکی پەردەی هەڵداوە
هەتاوەکوو دەهات، لە ئاغای میرمەمی دەکرد سەلام و سەڵاوە.
دەیگوت: بەنگینە، ئەو لەشکرەی بابی مە بۆ مەی دروس کردووە داخوڵا چلۆنە، تەواوە؟
بەنگینە دەڵێ:
ئاغای من لە زۆرییان چی تاریفیان نینە
ئەی ئاغا! دەغیلت بم من لە سوارچاکییان هیچ قسوور، نینە
ئەو لەشکرەی بابی توو بۆ مەی دروس کردووە لە کنم هیچ بەرەودوای بۆ من و توو نینە
کاکەمەم گوتی: بڕۆ، شێتی ماڵوێران دەنا بابی من گەپی بەمن دەدا؟
ئەو کێ دەبوو لە کاکەمەمی موحتەبەرە
حوکمی دەکرد، دەیگوت: ئەسپی بۆرەم بۆ بێنەدەرە
ئەوە کێ بوو؟ لە مەیتەر و میرئاخوڕی دە گوڵباوە
ئەسپی بۆرەیان زین دەکرد بە دوو سەریان ڕاکێشاوە
دەگەڵ بەنگینەی بانگ لەسەر بانگیان لێ داوە
ئەسپی بۆرە هاتە دەرێ، لە دەرکی دیوانێ ڕاوەستاوە
هەرچەند عالەمی یەمەنێیە، سەریان لە کۆشک و پەنجەران دەرهێناوە
میرمەم بێ غیرەتی کرد لە دایک و بابی خۆی نەگێڕاوە.
کێ دەبوو لە میرمەمی موحتەبەرە
لە پلەکان دەهاتە خوار قۆڵیان دەگرت ئەوبەر ئەوبەرە
پێی دەڕکێفی ئەسپی بۆرە دەنا، لە زینی مورەسەعی خۆی دەکەوتە سەرە
ماشەڵڵا! هێندێک دەیانگوت: «ئەوە شەمسە» هێندێک دەیانگوت: ئەوە قەمبەرە
ڕەبی، نەزەرپیس لێی نەکەنەوە نەزەرە
بەقەد دوو هەزار کەسی ڕادەوەستان ئەوبەر ئەوبەرە
نۆکەر و وەکیل دەڵێن:
بڕۆن دامەمێنن، خەبەرێکی وەبراهیم پادشای ڕابگەیەنن
کێ بوو لە وەکیل و وەزیری دە بێوەفایە:
خەبەرێکی بدەن بە دایکی میرمەمی دەگەڵ دایکی بەنگینەی، بڵا حەسرەتێ
نەکێشن لە دووی کوڕی خۆیان، دەشقەمی بێن گەردنی خۆیان بکەن ئازایە
کێ بوو لە وەزیری دە تەواوە
خەبەرێکیان بە دایکی بەنگینەی داوە
دایکی بەنگینەی ئەگەر وا دەزانێ
دەڵێ: سەرم دانا سەر کووپەڵە خمخانێ
سەڵای گەورەم لێ ڕابوو شاری یەمەنێ چۆڵ دەبێ، گۆڕ و گۆڕخانە دەچێتەوە
جزیرە وێرانێ
دایکی بەنگینەی دەهات بە شین و گریان و تەواوە
بانگ لەسەر بانگی لێ داوە
خەبەرێکی لە بۆ دایکی میرمەمی هێناوە
دەڵێ: دایە میرمەمی ئەتوو نازانی چ قەوماوە؟
دەڵێن بورجی بەڵەک بەبێ ئاغایێ لە شاری یەمەنێ بەجێ ماوە
دایکی میرمەمی ئەگەر وای دەزانی
فرمێسک دەهاتە خوارێ لە هەرتک چاوانی
دایکی میر مەمی ئەگەر وا دەزانێ
خۆی هەڵدەدێرێ لە تالارێ هەتا دەگەیە باڵەخانێ
بە سەری ڕووتی بەپێی پێخاوسی دەهاتە کۆڵانێ
بە کووچەیدا دێ دەس دەکا بە گریانێ
هەتا دەگاتە بورجی بەڵەک، دەڵێ: وەکیل و وەزیرینە ئەدی تاقە کوڕەکەی من کوانێ؟
وەکیل و وەزیر دەڵێن:
لە خۆمان یەخسیرێ
ئەتوو تازەکە دەبێ کوڕی خۆت وەبیرێ
بورجی بەڵەک چۆڵ و ئەحدەل قەندەهار بوو بەسەفەر ڕۆی بۆ شاری جزیرێ
دایکی مەمی ئەگەر وا دەزانێ
دەڵێ: ئەهلی یەمەنێ، وەرن، وەسەرم بکەن قوڕ و خۆڵی ئی کۆڵانێ!
جا بانگ دێڵێ:
ڕۆڵە، میرمەم، گیانی گیانە!
ئازابی خۆمت لێ حەڵاڵ بێ دەگەڵ شیری هۆردک مەمکانە
مەچۆ شاری جزیرێ، شارێکی بەدقەدەمە، ویستراعەتی گەلێک گرانە
دایکی بەنگینە دەڵێ:
ڕۆڵە، لە خۆم فەقیرێ
ئەتوو ئەمەگی دایکی فەقیرت وەبیرێ
سەڵام لێ ڕابوو لە بۆ مەم و بەنگینان، گۆڕ و گۆڕخانە دەکەوێتەوە شاری جزیرێ
دایکی میرمەمی دەڵێ:
لە خۆم مل بەکوێن و بابان وێرانێ
ڕۆڵە میرمەم! نۆ مانگان، نۆ ڕۆژان، نۆ سەعاتان، نۆ دەقیقان، بە بەر و پشت
هەڵم دەگرتی بەغەیرەز برک و ژانێ
لە خەزێنەی ڕزگاربووی، کەوتیە چەنگ مامانێ
لە مانانێ خەلاس بووی کەوتیە چەنگ دایانێ
ڕۆڵە میرمەم! لە دایانێ خەلاس بووی، کەوتیە چەنگ لەلەی، دەیانبردیە دیوانێ
ڕۆڵە دەبەر کوتابیان نای؛ حەوت ساڵان دنیای ڕوونت نەدی لە ژێرخانێ.
ئەهلی یەمەنێ وەرن کوێنێکم دەبەرکەن لەبۆ جوانێکی وەک میر مەمی؛ شاری یەمەنێ لێم چۆڵ دەبێ، ئاوەدانی دەکەوێتە جزیری وێرانێ
دایکی بەنگینەی دەڵێ:
ڕۆڵە! بۆچ وا کوڕێکی بێ فکری
ڕۆڵە! سەفەر لەبەرە بەنادری.
ڕۆڵە! لە شیری دایکی خۆت گەردنت ئازابێ دەس لە ئاغایە خۆت هەڵنەگری
دایکی میرمەمی دەڵێ:
های یەمەنی، هاوارە، ئامانە!
ڕۆڵە، میرمەم! لەسەر دایکت ڕاوەستە، دەگەڵم بکە دوو قسانە
ئەمن لە شاری یەمەنێ بۆت هەڵدەگرم خەزێنە و دەبۆتخانە
ڕۆڵە بۆت دەبم بە ئێڵچی بۆخۆم، دەچمە شاری جزیرێ بۆتانە
یایەزینت بۆ دێنم. شاری جزیرێش بە خاک و بادەوە دەکڕم؛
بابی دایکێ، بە جێومەکانەوە بۆت دێنمە ئێرەکانە
کاکە مەم دەڵێ:
لە خۆم فەقیرێ
ئەمن بۆخۆم سوێندخۆرم، دەبێ لە دووی بچمە جزیرێ
دایکی مەمی دەڵێ:
هاوارم وەبەر ئەو خوڵایەی تاق و تەنیایە
ئاورێکم تێ بەربووە، هیچ چارم نایە،
شاری یەمەنێ چۆڵ و واحیدەلقەهارە چ بکەم بەبێ ئاغایە
دایکی بەنگینەی دەڵێ:
چ بکەم لەخۆم بێ فکری
ڕۆڵە نابێ دەس لە میرمەم کوڕی براهیم پادشای هەڵبگری
دایکی بەنگینەی دەڵێ:
هاوار و واوەیلایە
ئازابم بەهیچێ چوو لە دنیایە
تاقە کوڕێک خوڵای دایمێ لێ بۆم هەڵنشتە، هەڵوەدایە
دایکی مەمی دەڵێ:
ڕۆڵە، میر مەم! خوڵا نەیدامێ ڕۆنیشم بە دەنگ دلێری
ڕۆڵە! ئێستا بەپیری تووشی ئەستۆم بوو وەجاغ کوێری
دایکی میرمەمی دەڵێ:
ئەهلی یەمەنێ سەید و مەلای دە نەوجوانە!
ئەزو ببم بە قوربانی هەردووک چاوانە
دەرکی دەروازەی یەمەنێم بۆ بگرن تا دوو قسان بکەم دەگەڵ کوڕی تاقانە
دایکی مەمی دەڵێ:
سەید و مەلا خۆشەویستی ئەو خوڵایە
هەموو دەسینگو دایە جوزوی کەلاموڵڵایە
وەرن دەگەڵ ئەمن، بچینە خزمەت میرمەمی، تکایێم بۆ بکەن، دەشقەمێ دەگەڵم بگەڕێتەوە دوایە
دایکی بەنگینەی دەڵێ:
ئاورم تێ بەربوو، لێم خەرابوو جگەرە
ئاغا و نۆکەران، سەفەری کاولە جزیرێ لەبەرە
دایکی بەنگینەی دەڵێ:
چ بکەم لەخۆم بێ سەڵایە
چ بکەم؛ بۆ براهیم پادشا لە هاواری مەم و بەنگینان نایە؟
دایکی مەمی دەڵێ:
چ بکەم لە خۆم ئێخسیرێ
هیچ کەسم نییە بۆم بکا ڕا دەگەڵ تەگبیرێ
هەرچەند دەکەم دەستم پێ لە کوڕی خۆم هەڵناگیرێ
دەبێ، کەشکۆڵێکی هەڵگرم دەگەڵ دارعەسایەکی، ببم بە دەروێش وەدوو میرمەمی کەوم، هەتا دەچمە شاری جزیرێ
دایکی بەنگینەی دەڵێ:
چ بکەم، ڕۆڵە، گیانە؛
حاشا لە یەمەنێ، ئەگەر گەورە و گرانە؛
دەبم بە ئێڵچی لە هەموو دەرکان پەیدا دەکەم نان نانە
هەموو شاران لێک دەدەم هەتا دێمە شاری جزیرێ بۆتانە
خەڵقی جزیرێ دەڵێن: قەرەواشیان دەگەڵە، ئەو جووتە نەوجوانە
کاکەمەم دەڵێ:
لە خۆم غەریب، بێ سەڵایە
بە دایکم عەرز بکەن: بەخوڵا ناگەڕێمەوە دوایە
چونکە سوێندم خواردووە بە کەلاموڵڵایە
دایکی مەمی دەڵێ:
ڕۆڵە، دیدەی شیرینم!
ڕاوەستە دەستت دەستۆی بکەم تێرت ببینم
کاکە مەم دەڵێ:
مەکە فکرێ،
دەست دەستۆکردنی من هیچ کەڵک ناگرێ
ناگەڕێمەوە دوایە، کەڵک ناگرێ.
سەفەرم لەبەرە دەبێ بچمە جزیرێ بۆتانە
دەستم لێ هەڵگرن، ئەی بەندەی موسڵمانە!
دایکی بەنگینەی دەڵێ:
ڕۆڵە! لە من مل بەکوێن و بابان وێرانێ
خوڵاکەی مەم و بەنگین ئیزن بدەن، بڕۆن بۆ جزیرێ بۆتانێ
وەرن، بە خوڵایان بە زامن بدەن؛ بە ئەمانەت بە پێغەمبەری ئاخر زەمانێ
دایکی میرمەمی دەڵێ:
ڕۆڵە، لە خۆم بێ سەڵایە
ئاورێکم بەربۆتێ، لە دڵم کوژاوە چرایە
شاری جزیرێ ئاوەدان دەبێ شاری یەمەنم بێ کوڕی ئاغایە
کاکەمەم دەڵێ:
چ بکەم، ڕۆژم لێ وەرگەڕاوە
خەڵقی یەمەنێ سەید و مەلای تەواوە
سەفەرم لەبەرە دەوڵەت زیاد و ماڵی ئاوا
خەڵقی یەمەنێ، سەید و مەلا دەڵێن: کوێرین
هەڕۆ، بڕۆ، بە خوڵات بە زامن دەدەین بە پێغەمبەرت دەسپێرین
جا کێ بوو لە بەنگینی گوڵباوە
جاڕی ڕاکێشا دەنگی قۆشەنی داوە
قۆشەنیان بار دەکرد، ئاڵا هەڵدراوە
بەجوملەی سەعاتێکی تەدارەک دەگیرێ
ئاڵایان هەڵگرت پشتی خۆیان دە یەمەنێ کرد، ڕوویان کرد دە شاری وێرانە جزیرێ
جا خەبەرێکیان لە براهیم پادشای یەمەنێ گێڕاوە
ئاورێک لە یەمەنێ بەربووە بەهیچ کەسێ نەدەکوژاوە
براهیم پادشا بنێرێتە بورجی بەڵەک، بزانێ کاکەمەم بۆ لەوێ نەماوە؟
براهیم پادشا دەڵێ:
خەڵقێکی نادانە!
بچن کاکەمەمم بۆ بێننە ئێرەکانە
وەکیل و وەزیر دەڵێن:
براهیم پادشا، لەخۆت فەقیرێ
ئەتوو نەتزانی، کاکەمەم لەشکری هەڵگرت، ڕۆی بۆ شاری جزیرێ؟
ئەگەر براهیم پادشا وا دەزانێ، دەست دەکا بە شین و گریانێ
دەڵێ: جا ئەمن بەبێ کوڕی چ بکەم لە یەمەنێ وێرانێ
براهیم پادشا دەڵێ:
وەکیل و وەزیری موحتەبەرن
دەغیلو بم وەرن گەنج و خەزێنەی بۆ کوڕی من بەرن
وەکیل و وەزیر لە وێندەرێ ڕاوەستاوە
دەڵێن: قوربانت بم براهیم پادشای تەواوە
کاکەمەم پیاوێکی ئاقڵە موخاریجی خۆی هەموو لەوێ داناوە
براهیم پادشا دەڵێ:
چ بکەم ئاورم گرت، دڵم ناسرەوێ
ڕۆڵە! شاری یەمەنت بە قوربان دەکەم، مەرگی من ڕەپێشت کەوێ
جا ئەو کێ دەبوو لە کاکەمەمی نادری،
هەتا ئێوارێ دەیئاژوا، ئێوارێ مەنزڵی دەگری
دەڵێ: بەنگینە! دەبێ بچی بۆم دە قۆشەن و تیپ و سوپایە بفکری
ئینجا وەرەوە، دەبێ تەدارەکی شامم بۆ بگری
ئەوێ شەوێ مەنزڵیان لەوێ تەواوە
سەرکردێک بەخۆی و بە هەزار کەسی گەڕاوە
کە سبحەینێ بەیانی داوە
شەیپووریان کێشا، ئاڵا هەڵکراوە
جا لەوێیان بارکرد بۆ شاری جزیریان ئاژواوە
هەتا ئێوارە بەسەر داهات مەنزڵیان تەواوە
کاکەمەم دەڵێ:
بەنگینەی، بەڵەک چاوە!
دە قوشەنێ بگەڕێ بزانە کێهە ئاجزیی کێشاوە
بەنگینە دە قۆشەنێ گەڕا، خەبەری بۆ میر مەمی هێناوە،
دەڵێ: ئاغا گیان! کەس ئاجز نییە، هیچ کەس ناڕەحەتیی نەکێشاوە
ئەما ئەو شەو سەرکردێک بەخۆی و هەزار کەسی گەڕاوەتەوە بەدواوە
میرمەم دەڵێ:
بەنگینەی نەوجوانە!
بەڕەحمەتی خوڵای شوکرانە
هەڵبەتە براهیم پادشای بابم دەگەڵم غەیانە
بەنگینێ بۆ وا دەرفکری؟
ئاغایێ خۆت دەبەر هەردووک چاوان مری
ئەوشەو سووک تەدارەکی بۆ ئەو شەو بگری
بەخوڵایێ ناگەڕێمەوە، مەگەر کاکەمەم بمری
ئەوێ شەوێ ویستراحەت کرا تەواوە
سبحەینێ کە بەیانی داوە
جاڕیان ڕاکێشا، بەیداغ ڕاکێشاوە
بۆ شاری جزیرێ دەڕۆن، یەمەن بەجێ ماوە
هەتا ئێوارێ ئاژواوە
دیسان مەنزڵیان گرت، قۆشەن هەڵی داوە
میرمەم دەڵێ:
بەنگینێ دە قۆشەنێ بگەڕێ، بزانە قۆشەنێکی تەواوە
بەنگینە فرمێسکی چاوانی دەهاتە خوارێ، دەتگوت: بەحر و ئاوە
میرمەم دەڵێ:
بەنگینێ! چ بووە، چ قەوماوە؟
ئەگەر دڵت بە دایک و بابتەوە هەیە، ئەتۆش بگەڕێوە دواوە
بەنگینە دەڵێ:
لە خۆم غەریب و خانەوێرانێ
بە زاتی خوڵاێی، بە حەقی پێغەمبەری ئاخری زەمانێ
دەستت لێ هەڵناگرم، هەتا میوانی خوڵام دێنەسەرێ بۆ گیان کێشانێ
جا کێ بوو لە کاکە بەنگینی گوڵباوە
دەگەڵ میرمەمی ڕۆیشتن دڵخۆشیی یەکتریان داوە
هەتا سبحەینێ ڕۆژ لە مەشریقێ سەری دەرهێناوە
جا ئاڵای ڕاکێشاوە
قۆشەن پێی ڕاهێناوە
سەبرکە سەبرکە لەبۆ شاری جزیرێیان ئاژواوە
دە محەلی نوێژی نیوەڕۆیە خەبەر بە میر مەمی دراوە
«سەلامەت بێ ئاغایێ بەڵەک چاوە
ئەتوو دەزانی، سێ سەرکردە بەخۆی و بەقۆشەنی نەماوە؟
کاکەمەم دەڵێ:
چ بکەم بە ڕەزای خوڵای شوکرانە
ئەمن چ بکەم بابی خۆم دەگەڵ غەیانە
کاکەمەم دەڵێ:
بەنگینە! لە خۆم بێ سەڵایە
چاک نییە مەخلووقی ئازار بدەین، پێی خۆش نییە ئەو خوڵایە
وەرە، بۆ خاتری من ببە سەرکردە؛ ئەو لەشکرەم بۆ بەرەوە دوایە