مەم و زین ٤

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 12 خولەک  713 بینین
بەنگینە دەڵێ:
میرمەم لە من وایە، لەکن ئەتوو زۆر موحتەبەرم
ئەمن نەهاتووم ماڵی وەرگرم، گەنج و خەزێنێی بەرم
ئاغا بە قوربانت بم، لە غەریبەکانی دە قەلەندەرم
هەتا ئەمن دەمرم، بۆ ئەسپی بۆرە مەیتەرم
میرمەم دەڵێ:
بەنگین! چ بکەم؛ لە خۆم بێ کەماڵ و نادانێ
بۆخۆم بە قوربانت بم دەسەرت دەگێڕم یەمەنێ وێرانێ
چاوی خۆمت بە قوربان دەکەم دەگەڵ سەرتاپای ئیمانێ
وەرە، بۆ خاتری من ئەو لەشکرەی بەرەوە یەمەنێ، دەگەڵ ئەو مەخلووقەیێ ناکەم گوزەرانێ
دەشقەمێ خوڵا و پێغەمبەر بە غەریبی و بێ کەسیی من بزانێ
ئینشەڵڵا سەفەرم لەبەرە، ناگەڕێمەوە، هەتا دەچمە جزیرێ وێرانێ
ئینجا بابم دەڵێ: ئەمن تاقە کوڕێکم بوو نێوی میرمەم بوو، ساحبی بورجی بەڵەک کوانێ؟
ئینجا دایکم دەڵێ: ڕۆڵە نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ بە بەر و پشتان هەڵم گرتی، ئەدی تاقە کوڕەکەم کوانێ؟
ئینجا بەنگینە دەڵێ:
میرمەم؛ ئەمە هەردووکمان بێ فکرین
ئەوە ئێوارە داهات، بڵا مەنزڵێکی بۆ خۆمان بگرین
خەڵق چاوی لەمەیە، چونگە گەورە و سەرکردەی لەشکرین
ئەگەر ئەو قسەیان لەوێ دوو بە دوو دەکرد تەواوە
دەنگی لەشکریان دەدا بەیداغیان دە عەرزێ دەداوە
میر مەم دەڵێ:
بەنگین بگەڕێ، بزانە کێهەی بێ خەرجە، کێهەی خەرجی پێ ماوە
بەنگین دەڵێ:
میرمەم ئەتوو دەگەڵ من وەرە پای حیسابێ
هەتا سەری براهیم پادشای خۆش بێ، قۆشەن خەرجی کەم نابێ
میرمەم دەڵێ:
توخوڵا بەنگینە، بەو قسەت کردم سەرەوێرانە
ڕێگام دوورە، ڕێیەکی گەورە و گرانە
قۆشەنی بابم زۆرە، بڵا بێ متمانە
بابم وا دەکا نەچمە جزیرێ، بگەڕێمەوە لێرەکانە
بەنگین دەڵێ:
میرمەم چەند دەکەم تەگبیری توو، بە من ناکرێ.
بە خوڵا، قسەیە پیاو دەگرێوی بنێ نابێ دەست هەڵگرێ
دەنا خوڵاوەندی، میری مەزن غەزەبی لێ دەگرێ
میرمەم دەڵێ:
بەنگین، ئەتوو وا ناکەی لە دڵم ببێ سەفایە
ئەمن دەس لە یایەزینێ هەڵناگرم لە بۆ دنیایە
ئەگەر سەرم چووبێ، بە خوڵای دەس هەڵناگرم بۆ دنیایە
بەنگین دەڵێ:
«میرمەم! ئێستا یایەزین چاوەنۆڕی تۆیە، لە هەموو کەسی دەکا حاشایە
میرمەم دەڵێ:
بەنگین چی دیم تیر لێ مەدە، مەمخە فکرێ
دەس لە یایەزین هەڵناگرم، هەتا حەق و ناحەقم لە بارەگای خوڵای دەکرێ
جارێ بڵا ویستراحەتێ بکەین هەتا لەشکر و قۆشەنەکەن دادەمەزرێ
کێ دەبوو لە بەنگینێ گوڵباوە
دەڵێ: سبحەی ئەو مەسڵەحەتەی دەکەین تەواوە
هێشتا بۆ شاری جزیرێ خوا دەزانێ، چەند مەنزڵمان ماوە
جا سبحەینێ شەیپووریان کێشا، ئاڵایان ڕاکێشاوە
ئەوێ شەوێ چوار سەرکردان، هەر سەرکردەی بە هەزار کەسەوە لێی گەڕانەوە بە دواوە
میرمەم دەڵێ:
بەنگینێ! چ بکەم، هیچ قاقەز و قەڵەم و مۆری مامۆستام لەکن نەماوە
بەنگین چ بکەم لە حەسرەتی یایەزینێ هەموو دەرسیشم لێ گۆڕاوە
بەنگین دەڵێ:
جارێ لێ گەڕە، جارێ لەشکر و قۆشەنمان لەو چۆڵەی لێ بوو بڵاوە
کاکە مەم دەڵێ:
«لە خۆت دڵخەمگین و فەقیرێ
هیچ بڵا لەشکری براهیم پادشام دەگەڵ نەبێ، بۆ من ناکەن ڕا و تەگبیرێ
بەخوڵای، هیچ تەنەفیسم دەگەڵ نەبێ ناگەڕێمەوە، هەتا دەچمە شاری جزیرێ
بەنگین دەڵێ:
بۆ من هەر خزمەت و تەدارەک بێ
سەفەری لەبەر ئەتۆیە ڕەببی لێت موبارەک بێ
بۆچ بە دڵپڕی دەڵێی: جگەرم سووتاوە
سەفەرێکی دوور و درێژە، گەرم کۆڵاوە
بە حەقی خوڵای بێ شەریک، تا ڕۆحم دەبەر بەدەنێدا مەیتەرم، ناگەڕێمەوە بە دواوە!
میرمەم دەڵێ:
بەنگینە چ بکەم چارەم چییە؟
بە خوڵای دەزانم سەفەری جزیرێم بە یەکجارەکییە
بەنگینە دەڵێ:
چ بکەم دەستت بێدەسەڵاتە، چارەت نایە
چونکە سوێندیان داوی بە قورعانێ و کەلاموڵڵایە
بڕۆ غەلەل لە دڵت پەیدا نەبێ، هەموو کەس هومێدی هەر خوڵایە
ئەوێ ڕۆژێ دوو بە دوو دەیانئاژوا هەتا مەحەلی ڕۆژاوایە، جا قۆشەن نەگەیییە
ئاوەدانیان، کەوت لە چۆڵ و لە سەحرایە، ئەوێ شەوێ سێ سەرکردە، سەرکردەی
بە هەزار کەسەوە لێی گەڕانەوە بە دوایە
سبحەینێ کە لە خەوێ هەڵستان، هیچ کەس نەماوە
ئینجا بەنگینە هات، لە پشت سەری میرمەمی ڕۆنیشت، گەلێک گەلێک گریاوە
ئەگەر میرمەم چاوی هەڵدێناوە، تەماشا دەکا بەنگینە دەگریێ
فرمێسکی چاوانی دەتگوت: بەحرە، ڕووبارە، ئاوە
میر مەم دەڵێ:
بەنگین بۆچی دەگری چت لێ قەوماوە؟
بەنگین دەڵێ:
ئەی میرمەمی بەڵەک چاوە!
ئەو لەشکری بابی مەی بۆ مەی دروس کردووە، قەد کەرسوارێکمان لەکن نەماوە
کاکە مەم بانگ دێڵێ:
بەنگینێ موحتەبەرە!
ئەسپی بۆرە بۆم بێنە، ڕایگرە بە دووسەرە
دەبێ ئەتووش حوکمە بگەڕێیەوە؛ بۆخۆم دەچمە شاری جزیرێ ئەو سەفەرە
بەنگینە دەڵێ:
چ بکەم کوێرم بوون هەرتک چاوە
ئەمن هەر لەوێم عەرزی تۆ کرد، لەشکرێکی ناتەواوە
ئێستا ئەگەر سەرم لە پاشڕا ببڕی ناگەڕێمەوە بەدواوە».
میرمەم ڕقی هەڵستا بەو گۆچانی زێڕین لەسەر و بناگوێی بەنگینێی داوە
دەڵێ: هەر بەتەنێ دەڕۆم، دەبێ هەر بگەڕێیەوە بە دواوە
ئینجا بەنگین دەڵێ:
بە خوڵایێ! بە لێدانی توو ئەمن لە نۆکەری ناکەوم
هەتا دەچمە شاری جزیرێ بەسەری ڕووت، بەپێی پێخاوس وەدووت دەکەوم
ئینجا میرمەم دەڵێ:
نۆکەرەکەی دانا، بەجێ ماین لە سەحرایە
وەرە لە نۆکەری و لە ئاغایەتی بکەین حاشایە
وەرە پێکەوە ببینە برای دایکی و بابی هەتا لێمان خرا دەبێ ئەو دنیایە
ئینجا پێکەوە مەم و بەنگین دەگرنەوە قەرارێ
ئەو جووتە سوارەکەی غەریب لە یەمەنێڕا دەهاتنە خوارێ
ڕێی جزیرێ نازانن، هیچ کەسێک نییە ئەگەر لێی بکەن پرسیارێ
لە سبحەینێیان داژوا هەتا محەلی ئێوارێ
دەگەینە مەنزڵێ، ئینجا لەوێ دەگرین قەرارێ
ئەوێ شەوێ دوو بە دوو دەکەن تەگبیر و ڕایە:
هیچ دایک و بابمان نییە، هیچ کەسن نایە دە هانایە،
بە خوڵای، ئەمە ڕدێن سپیمان نییە هومێدمان هەر خوڵایە، حەزرەتی ڕەسوڵڵایە
ئینجا ئەگەر سبحەینێ سوار دەبن ئەو جووتە سوارە
وەدەر دەکەوتن ڕێی شاری جزیرێیان دەکرد پرسیارە
ئینجا دەڕۆینە خوارێ، هاواریان دەکرد: یا جەببارە!
ئەوێ ڕۆژێ دەڕۆیین ئەو جووتە سوارەکەی غەریب، حاشایان دەکرد لە دنیایە:
خوڵایە! لەدوو مەخسوود و مرادان دەچین کێن دێ دە هانایە؟
هیچ کەسی دیکەمان نییە بەغەیرەز خوڵا و غەوسی بەغدایە
ئەوێ شەوێ نەگەینە چ ئاوەدانیان، بەجێ مان لە چۆڵ و سەحرایە
قنیاتیان دەکرد هیچ کەس نەبوو دوو قسەیان دەگەڵ بکا لە بۆ سەفایە
ئینجا ئەوان شوکرانەیان دەبژارد، سەڵاواتیان دەدا لە حەزرەتی ڕەسوڵڵایە
ئەوێ شەوێ ئەوان دەنووستن دە هیمدادیان دەهات غەوسەلئەعزەم لە بەغدایە
ئەگەر ئەوێ شەوێ سبحەینێ وەخەبەر هاتن، پیاوێکی پیر و ڕیش سفیدیان لەکن بوو
لە بۆ سەفای دنیایە
لێیان پرسی:
بۆ کوێ دەچی، لە کوێ دێی، بەڵەدیت هەیە بە شاری جزیرێ، لە کوێیە ڕێگایە؟
پیاوی ڕدێن سپی دەڵێ:
ئەنگۆ میوانن، بەخێربێن، سەر چاوەکانم
بە خوڵای! بۆخۆم بەڵەدم، بە شاری جزیرێ دەزانم
ئینجا ئەگەر سبحەینێ وەدەرکەوتن ئەو جووتە سوارە
وەیسەلقەرەنی ماهیدەشتێ دەیکردن قوتارە
بۆ شاری جزیرێ دەچوونە خوارە
ئەو کێ بوو لە مەم و بەنگینی نەوجوانە
عەرزیان بۆ وێک دەهات بە ڕەزای بینای چاوانە
هەتا دەگەینە جووتێری یایەزینێ لەوێ دەبوون میوانە
ئینجا ئەو سوارە بانگ دێڵن:
ئەی جووتێر، ئەوە جووتی کوێیە؟
جوتێر دەڵێ: ئەی جووتە سوار، ئەوە جووتی شاری جزیرێیە
ئەنگۆ لە من بپرسن: ئەوە جووتی کێیە؟
ئەگەر نازانن ئەوە پیاوی یایەزینێیە
ئای بەخێرێن، سواری غەریب هاتنە ئێرەکانە
وەرن پیاو بن، لەکن ئەمن بخۆن پاروێک نانە
دا من مزگێنی بەرم بۆ یایەزینێ نەوجوانە
تەسەدوقی سەری ئەنگۆ دەیکا بە خەڵات بەخشانە
ئینجا مەم و بەنگین دەڵێن:
یا ڕەبی خوڵایە هەزار بار شوکرانە!
کێ بوو لە مەم و بەنگینی بەڵەک چاوە
لە سەرینچاوەی کانیە بوون پیاوە
کێ بوو لە جووتێری جندییە
جووتی بەرەڵدا کرد، بۆ یایەزینێ بردی مزگێنییە
کێ بوو لە کوڕی جووتێری نەوجوانە
هەر ڕای دەکرد بۆ مەم و بەنگینان دەهێنا نانە
ئەوان نانەکەیان دەخوارد، دەیانبژارد شوکرانە
ئینجا بۆ جووتێریان دەکرد بە خەڵات بەخشانە
کێ بوو لە مەم و بەنگینی چاوبەنگییە
دوو دوو دەچوونە سەرینچاوەی کانییە
ئەلحەمەدولیللا ئەو کانییە کانی گەنجییە!
کێ بوو؟ لە مەم و بەنگینی نازدارە
هاواریان دەکرد: ئەی خوڵای جەبارە!
ئەوە داغیل بە شاری جزیرێ بووین؛ خوڵا بێ ئەزێت بمانکەی ڕزگارە
کێ بوو لە میرمەمی نازەنینە، دەستی دەدا جامی، لە سەرینچاوەی کانیەڕا پڕ پڕی دەهینا
وەسەر بەنگینێی دەگێڕا؛ بەنگینێی کرد نەخشینە
کێ بوو لە بەنگینی تەواوە
ماشاڵڵا دەڵێی گوڵی بەهارێیە تاو لێی داوە
لەو ئاغا و نۆکەرەی موحتەبەرە
ماشاڵڵا یەکیان دەڵێی شەمسە، یەکیان دەڵێی قەمبەرە
ئینجا لەسەر ڕازی کانیە دادەنیشتن ئەوبەر ئەوبەرە
هەتا لە خزمەت یایەزینێ دێتەوە جواب و خەبەرە
جووتێر دەچوو بە هاوار، بە لینگدان دەگەڕاوە
موژدەی لە بۆ مەم و بەنگینان هێناوە
چەند دەستیان دە گیرفانی خۆیان نا، چەندیان زێڕ بەو جووتێرەی داوە
کاکەمەم دەڵێ:
جووتێر ئەمە لە کوێ ببین پیاوە؟
جووتێر دەڵێ:
ئەزو ببم بە قوربانە،
قاسیدو لەسەر ڕێیەیە دەگەڵو بیکا قسانە
لەوێ ڕۆدەنیشتن شان بەشانە
چوار ڕەکەعەتیان نوێژ دەکرد، دەپاڕانەوە لە بینای چاوانە:
خوڵایە! ئەمە غەریبین لەوانی دە بێگانە
کێ دەبێ بەخانەخوێمان، لێی ببین میوانە؟
یاڕەببی خوڵایە! مەخسوودمان عاسڵ ببێ، سەرمان خەلاس ببێ لێرەکانە!
کێ بوو لە جووتە لاوەکەی نازدارە
پێیان دە ڕکێفی خۆیان دەنا دەبوون سوارە
ئەی بینای چاوان! جا بۆ شاری جزیرێ دەچووینە خوارە
ئەوە دەهاتنە خوارێ جووتە سوارەکەی فەقیرێ
دەهاتن و دەگەیشتنەوە سەر چۆمەکەی کاولە جزیرێ
ئەگەر زەینێکی خۆیان بەرەژوور داوە
تەماشا دەکەن هەموو گازرکارە ڕاوەستاوە
ئینجا میرمەم دەڵێ:
بەنگینەی بەڵەک چاوە!
هۆوەی دیوتە لەوێ ڕاوەستاوە
ئەوە یایەزینە ئەگەر ئەمنی بۆ ئێرەکە هێناوە
کاکە بەنگین دەڵێ:
کاکەمەم! وانییە
ئەوە هەڵبەتە قەرەواشی بەردەستی وییە
کاکەمەم دەڵێ:
بەنگینە چ دەڵێی قسەیەکی لێ بزانم؟
کاکەمەم دەڵێ:
ئەی گازرکارێ، گازری دەکەی بە دەستانە
ئەمە غەریبین لەوانی دە بێگانە،
بە قسەی توو لە شاری یەمەنێڕا هاتینە جزیرێ بۆتانە
مەلیک ڕێحان دەڵێ:
ئەی جووتە سوارەکەی دوور مەکانە
هەر لەوێڕا بەخێرێن؛ پێڵاوو سەرچاوی من هەتا ئێرەکانە
ئەو یایەزینی ئەنگۆی هێناوە، چل قەرەواشی وەکوو من ئەوا لەبەر دەستانە
کاکەمەم دەڵێ:
ئای لەبەر ژنان؛ ئەوە لێم دەکا حاشایە
چ دەڵێی لە ترسی خوڵای لەبەر کەلاموڵڵایە
یەمەنت تەخت و تاراج بە منت بەجێ هێشت، ئێستا لێم دەکەی حاشایە؟
مەلیک ڕێحان دەڵێ:
جووتە سوارەکەی غەریب، گیانە گیانە!
ئەمن قەت یەمەنم نەدیوە بە خولای بێ شەریک و لایەزانە
ئەو خاتوونی ئەنگۆی هێنا ئێرەکانە
لە خوڵای بترسێن، بە من بکەن متمانە
«چل قەرەواشی وەکوو من دایمولمودام لەبەردەستانە
کاکەمەم دەڵێ:
بەنگینێ چاوبەنگییە!
ئەوە حاشایە دەکا، جیهەتی چییە؟
بەنگینە دەڵێ:
ئەوە حاشایە ناکا، بە خوڵای ئەو نییە
ئەو کراسی هێنابوویە یەمەنێ
ئەوە دەبەر ویدایە، ئەوە خەڵاتی وییە
ئەو کوڵێجەی دە قۆڵی ئەویدا، ئەوەی یایەزینێیە بەوهەی داوە بە یەکجارەکییە
بەنگینە دەڵێ:
ئەوی سوێندی دەگەڵ ئەتوو خوارد، ئاغای من، بە سەری توو، ئەوە هەو نییە
کاکەمەم دەڵێ:
بەنگینە، چونکە تووشی ئەوەی بووین، بڵا لێی بپرسین، بزانین لە ماڵە کێ ببین میوانە.
کاکەمەم بانگ دێڵێ:
خاتوونێ! خاتوونێ گیانە!
کێ سەغی و لۆتییە، ئەمە بچین لێی ببین میوانە؟
خاتوونێ بەشقی خوڵای، غەریبین دەگەڵمان مەبە غەیانە
مەلیک ڕێحان دەڵێ:
لە من مل بەکوێن و بابان وێرانێ!
هەر کەسێک دەگەڵو غەیان بێ، ڕەببی کوێر ببێ لە چاوان، زەبوون بێ لە ئیمانێ
لاوە هەر کەسێک دەگەڵو غەیان بێ، خوڵا لێی بکا بە کفری
لاوە ئەگەر بۆ مەخسوود و مرادان هاتوون، قسەی ساغ لە من وەرگری
لاوە پێناوداری توو بم! مەچۆ ماڵە کەس، بچۆ مەنزڵی کابەکری
ئەوە پیاوێکی سەغی و پیاوچاکە قەدری میوان چاک دەگری
لاوە ئازیزم. گەلێک لاوێکی بێ نسرینی
هەر کەسێک دەگەڵت غەیان بێ کوێر ببێ لە چاوان، زەبوون بێ لە دینی
ئەگەر بۆ نان پەیداکردن هاتووی - وەباڵت بەستۆی من - بچۆ ماڵە میرزێندینی.
لاوە گەلێک لاوێکی شیرینی
هەر کەسێک دەگەڵت غەیان بێ، یاڕەببی، خێرێ لە جوانی خۆی نەبینی
ئەگەر بۆ پیاوەتی هاتووی - وەباڵت بەستۆم- بچۆ ماڵە قەرەتاژدینی
کەس ناتوانێ دارت بە سەر بارێ ڕاکا قسەی خراپت پێ بنوێنی
کاکەمەم دەڵێ: بەنگینە ئەتوو پیاوێکی زۆرزانی
ئەمن پادشایەتیی یەمەنێم بەجێ هێشتووە، تازە بچم نۆکەری خەڵقی بکەم بۆ نانی
کاکەمەم دەڵێ:
بەنگینە، گەلێک بەنگینێکی نادری
میرمەم لە شاری یەمەنێڕا نەهاتووە بچێ فینجان فینجانێ قاوەی بە سەدەقەسەری وەرگری
ئەمن بۆ مەخسوود و مرادان هاتووم چاک وەیە، بچمە ماڵە کابەکری.
کاکەمەم دەڵێ:
بەنگین، گیانە! وەی گیان گیانە!
ڕێی دوازدە مانگ و بیست و چوار ڕۆژان ئەمن هاتوومە ئێرەکانە
شاری یەمەنێم بەجێ هێشتووە، چەند شارێکی گەورە و گرانە
ناچمە ماڵە قەرەتاژدینی، بە سەدەقە سەری بمدەنێ پاروو پارووی نانە
دڵت غایلەی نەکا، مەڵێ مەسڵەحەتی ژنانە
هەر دەچم لە ماڵە کابەکری دەبم میوانە
ئینجا یایەزین هاوارێ دەکاتە خوڵای:
خوڵایە! ئەتوو خوڵایەکی بەفکری
هەم کەریم و هەم قادری
ئەو جووتە سوارەکەی لە یەمەنێڕا هاتوون ڕێی دوازدە مانگ و بیست و چوار ڕۆژان وەبەر خۆی دەگری
ڕەببی بە ڕەببینی خۆت کەی بچنە ماڵە قەرەتاژدینی نەچنە ماڵە کابەکری!