مەم و زین ٢

لە کتێبی:
شێوەزاری کوردیی موکری
بەرهەمی:
ئۆسکار مان (1867-1917)
 14 خولەک  742 بینین
میرمەم دەڵێ:
یایەزین، عەمرەکەم! چی دیکەی لێ نازانم، پێی ناکەم بوختانە
میرمەم دەڵێ: خاتوونێ چاو بەنگییە!
بە ئەشقی ئەو خوڵایەی لە ژووری سەرییە
ئەگەر ئەتوو پێم نەڵێی نێو و نیشانەی کۆشک و پەنجەرەی توو دە شاری
جزیرێدا چییە
یایەزین دەڵێ:
میرمەم، کۆشکی من بڵندە سەر لە شاخی
ئاوی سپی لە حەوزی کەوسەرێ دێ هەڵدەڕژێتە سەر بەردی مەڕمەڕ پەخش و
پەرێشان دەبێ لەنێو چوارباغی
شەهێن و شالوور و شمقاڕ لەوێدا بوون یاغی
یایەزین دەڵێ:
میرمەم، کۆشکی من بڵندە سەر لە حەوت تەبەقەی ئاسمانێ
وەستای بۆ هاتوون لە هیندێ، میعماری لە بوخارایە، گێچی بۆ هاتووە لە
تاریکستانێ
کۆشکی من خشتێکی زێڕە، یەکی گەوهەری کارخانێ
هەرچەندی بەردی وەقیمەتە، غەواسان دەریان هێناوە لە دەریای نیل و عومانێ
هەرچەندی پارچەی هیندییانە، ئەوە لەوێم داناوە پیاوی تاجر، ئەگەر کلووری
نەبێ بەقیمەتێ نازانێ
میرمەم، عەزیزم! بڵا بەڵەدی پێکەوە بکەین، ببژێرین شوکرانێ
کێ بوو لە جووتە ئاشقانە نەوجوانە
هەڵدەگرن، فەنەرێ، فانۆسێ، دەگەڵ چرانە
هەرچەندی کۆشکان پەنجەران دەگەڕانە
کۆشکی کاکەمەم بوو؛ خاتوونێ نەیبوو چ نیشانە
خاتوون سەری لە کاری خوڵای تاجوب ما لە قسەی خۆی بوو پەشیمانە
کاکەمەم دەڵێ:
یایەزین، عەمرەکەم! بۆچت بەمن دەکرد ئەو گەورە بوختانە؟
یایەزین دەڵێ:
لە من مەگرە مانێ دەگەڵ ئەوێ گەورەمانێ
ئەمن هەورێک بووم لە هەورەکانی دە ئاسمانێ
ئەمن لە بۆ توو هاتوومە خوارێ دەگەڵ دڵۆپەی دە بارانێ
هەتا پێکەوە بکەین سەفایە دەگەڵ سەیرانێ
یایەزین دەڵێ:
توخوڵا! میرمەم لێم مەگرە مانێ لێم هەڵمەکە پشتێ
ئەمن هەورێک بووم لە هەورەکانی دە بەهەشتێ
خوڵاوەندی عالەمیان ئەمنی لە بۆ توو هاوێشتە پێدەشتێ
کێ بوو لەو جووتە ئەشقەی دە تەڕلانە،
دەسترە و ئەنگوستیلەیان پێک دەگۆڕیەوە بەنیشانە
دەستیان دەستۆی یەک دەکرد، دەهاتنەوە، لەسەر فەرشان، جانمازان، قالیچانە
جا پێکەوە ڕۆنیشتن، دەیانبژاردەوە شوکرانە
یایەزین دەڵێ:
خوڵاکەی میرمەم، ئەگەر سبحەینێ هەڵدەستی ئەو خەونەت وەبیر بێ
ئەگەر هەڵنەستی نەبی بە ئێڵچی لە دووری من، نەیەیە شاری وێرانە جزیرێ
یا ڕەببی، پێناودارم بی، ئەگەر ئەوێ ڕۆژێ خوڵا دەکا دیوانێ، ئەگەر دیوان دەگیرێ
کاکەمەم دەڵێ:
یایەزین، گیان گیانە!
ئەگەر سبحەینێ هەڵستم، خوڵا نەخواستە ئەتوو نەمێنی لێرەکانە، ئەگەر
هەڵنەگرم کەشکۆڵێکی دەروێشان، دار عەسایەکی نەوجوانە
ئەگەر بە سواڵکەری وەدووت نەکەوم، پەیدا بکەم نان نانە
یاڕەبی بە کافری بمرم، لەسەرم ببێ کۆچک و دەسماڵی دە ژنانە
یایەزین، عەمرەکەم، هەرچەند ماینەی خوڵا دروستی کردووە، جوولەکەیە،
فەڕەنگە، داسنییە، ئورووسە، دیانە
حەڵاڵی دنیایە لێم حەرام بێ لە توو زیاتر هەموو وەکوو دایک و خوشکانە
یایەزین دەڵێ:
لە خۆم مل بەکوێن و بێ سەڵایە
هەرچەندی نێرینەی خوڵاوەندی عالەمێ دروستی کردوون لە دنیایە
هەرچەندی جووە، هەرمەنییە، لە توو زیاتر حەڵاڵی دنیایەم لێ حەرام بێ
هەمووم لەکن وەک باب و برای خۆم وایە
کێ بوو لەو ئاشقی دە تەڕلانە
دەستیان دەستۆی یەک دەکرد دمیان بە دمی یەکدی دەنانە
پەرییەکان گوتیان: ئەگەر نەیبەینەوە ڕووڕەشی خوڵای دەبین، ئەگەر دەیبەینەوە
خوڵاگیری ئەوی دەبین». خوشکی گەورە کوتی: پیاو بە خوڵای خەڵاسی دەبێ بەڵا
بە عەبدان خەلاسی نابێ
کێ بوو خوشکی، چکۆڵە گەلێک نازداری
تەمەنای دەکردەوە لە خوڵای لە پێغەمبەری موختاری:
یاڕەبی خەو بۆو ئاشقانە لە بارەگای خوڵای بباری
ئەوانە کەوتن بێ هۆش بوون بەیەکجاری
ئەو کێ بوو؟ لەو پەریی دە تەڕلانە
تەگبیریان کرد بە هەر سێ خوشکانە:
ئەمە بڵا ڕووڕەش نەبین لە بارەگای بینای چاوانە
بڵام یایەزینێ پێچینەوە بە پەنجەی دەستانە
لێرەی هەڵگرین بەجێومەکانە
بیبەینەوە شاری جزیرێ، سبحەینێ خەجاڵەت نەبێ ئەو بەستەزمانە
جا لە کاکەمەمی چ بکەین، دەمێنێ بێ جێومەکانە؟
دەڵێ: عیلاجی دەکا بینای چاوانە
کێ بوو لەو پەریی دە گوڵباوە
یایەزینیان توندتوند بە دەستان دەپێچاوە
لەسەر باڵی خۆیان دادەناوە
هەتا هەڵیان گرت، بردیان لە حەوت تەبەقەی ئاسمانێ ڕاوەستاوە؛ وچانیان
نەدا هەتا بردیان لە شار جزیرێ لە جێومەکانی خۆیان داناوە
ئەگەر سبحەینێ کاکەمەم لە خەوێ هەڵستاوە
بانگ دێڵێ: ئەو بەنگینەی بەڵەک چاوە
ئەو یایەزینەی لەکن ئەمن بوو بۆ چ دیار نییە لەکن ئەمن نەماوە
بەنگینە دەڵێ:
میرمەم، بە حەقی ئەو خوڵای لە ژووری سەرییە
ئەمن هیچ کەس نازانم و هیچ کەسم نەدییە
کاکەمەم بانگ دێڵێ:
بەنگینە خەمناکم، گەلێک دەرفکرم
ئافتاوە و لەگەن بێنە دەسنوێژێکی ممبارەک هەڵگرم
ئەوە کێ بوو لە بەنگینی گوڵباوە
ئافتاوە و لەگەنی بۆ ئاغای خۆی هێناوە
ئەگەر دەسنوێژی هەڵدەگرت دەستڕەی دەستانی لەبەری خۆی دەرێناوە
ئەگەر تەماشای قامکی خۆی دەکرد مۆر و ئەنگوستیلەی یایەزینێ لەکنی بەجێ ماوە
دەسبەجێ بێ حاڵ دەبوو زمانی شکاوە
چاوی هەڵنەهات هۆشی ئۆمەتێی نەماوە
بەنگین دەرمانی بێهۆشیی هێناوە
کاکەمەم جێبەجێ چاوی هەڵات، زمانی کراوە
کاکەمەم بانگ دێڵێ:
بەنگینە جێم بۆ ڕاخە کارم کراوە
کاکەمەم بانگ دێڵێ:
بەنگینە دەروونم گەلێک لە جۆشە
خەبەرێکی بە بابم بدە بڵێ کاکەمەم دەردی گرانە گەلێک نەخۆشە
کێ بوو لە بەنگینەی گوڵباوە
بانگ لەسەر بانگی لێ داوە
چووە دیوانێ براهیم پادشای ڕاوەستاوە
براهیم پادشا دەڵێ:
بەنگینێ چاو بەنگییە
ئەدی ئاغای توو لە کوێیە دیار نییە؟
دەڵێ: قوربانت بم دڵم بەخەمە نابێ خامۆشە
کاکە مەم دەردی گرانە گەلێک نەخۆشە
کە براهیم پادشا وا دەزانێ
هەڵدەستێ شەقژن دەکەوێتە دیوانێ
کێ بوو؟ لە براهیم پادشای گوڵباوە
فرمێسکی چاوانی دەتگوت ڕووبار و ئاوە
کێ بوو لە براهیم پادشای موحتەبەرە
لە پلیکان و پەنجەران دەکەوتە سەرە
کێ بوو لە براهیم پادشای گوڵباوە
دەرکی کردەوە، پەردەی هەڵداوە
کێ بوو؟ لە براهیم پادشای جندییە
سەری کاکەمەمی دەگرت، داینا لەسەر ڕانییە
دەڵێ: ڕۆڵە، بە قوربانت بم کوێت دێشێ ئازارت چییە؟
ڕۆڵە، چاکە بابت ئازارت بزانی
تا بنێرم لە دووی ئەرستۆی، لوقمانی
دەشقەم کەسێک بێ شەفای دەردی تووم بۆ بزانی
هەرچەند بابی دەیگوت و دەپاڕاوە
کاکەمەم نە قسەی دەکرد نە جوابی دەداوە
براهیم پادشا دەڵێ:
ڕۆڵە! ئازارت لە کوێیە لە خۆم ماڵ وێرانێ
ڕۆڵە! ڕۆحت دەسەر دەگێڕم دەگەڵ سەرتاپای ئیمانێ
ڕۆڵە! دڵم سووتاوە؛ میرمەم ئاورم بەربووە لە بەدەنێ
ڕۆڵە! چاوی خۆمت دەسەر دەگێڕم دەگەڵ شارەکەی یەمەنێ
ڕۆڵە! وەکازی دەستم، ڕووناکاییی هەردووک چاوانم
ڕۆڵە! هێزی جەرگم، ویردی زبانم
ڕۆڵە! ئەگەر ئەتوو چت بەسەر بێ، ئەمن خۆم بەساحبی یەمەنێ نازانم
ڕۆڵە! فرزەندی خۆم، دیدەی شیرینم
ڕۆڵە! توو چاوان هەڵێنە، تا من جارێکی بتبینم
میرمەم دەڵێ:
بابە منداڵ بووم، بووم بە فەقێ
لە فەقێیەتی ڕابردم بووم بە مەلا
لە مەلایەتی ڕابردم بووم بە قازی
بابە گیان ئەلعان و بیلفەرس دەبێ ژنم بۆ بخوازی
براهیم پادشا دەڵێ:
ڕۆڵە! لە ڕۆحی بابت کەوێ دەگەڵ ئەوێ غەمێ، دەگەڵ ئەوێ فکرێ
ڕۆڵە! لەبۆت داوێمە سەر بەحرێ کەڵەکێ دەگەڵ جیسرێ
ڕۆڵە! تەشریفی موبارەکت بێ، دەچم لەبۆت دەخوازم کچی پادشای میسرێ
ڕۆڵە! لەمنت کەوێ دەگەڵ ئەوان خەمان ئەوان گلەیییان
ڕۆڵە! لەبۆت داوێمە سەر بەحران کەڵەکان دەگەڵ گەمیان
ڕۆڵە! تەشریفی موبارەکت بێ دەچم لەبۆت دەخوازم کچی پادشای هیندییان
ڕۆڵە! لەمنت کەوێ دەگەڵ ئەوێ خەمێ دەگەڵ ئەوێ غەباتێ
ڕۆڵە! تەشریفی موبارەکت بێ، دەچم لەبۆت دێنم کچی پادشای لە ڕۆژهەڵاتێ
دەڵێ: بابە گیان نە میسرم دەوێ نە شامە
بە کابەتوڵڵایە کەم ماڵە خوڵایە بەیتوڵڵامە
دڵی من وای لە یایەزینێ گرتووە مەقامە
لەپاش یایەزینێ حەڵاڵی دنیایە لە من حەرامە
بابە ئەگەر ڕاستە بۆم دێنی چ ژنانە
یایەزینم دەوێ وای بە زوڵفانە
خوشکی میرزێندینە و کچی میرئاودەڵانە
ئەگەر دەپرسی مەملەکەتی وان شاری جزیرێ بۆتانە
براهیم پادشا گوتی: جزیر دە موڵکی خوڵایدا نییە
وەکیل و وەزیران گوتیان: «قوربان نییە». کوتی: «بەڵا، بۆ من عەیبە؛ ئەمن پادشا بم، کچی نۆکەری خۆم بۆ کوڕی خۆم بێنم». گوتیان: «کۆنە وەزیرێک هەیە، بچن ئەوی بێنن، بزانن، جزیر هەیە یان نییە». وەزیریان هێنا؛ دە قەفەزێدا بوو. هێنایان لە دیوانی براهیم پادشای دایان نا. براهیم پادشا کوتی: «وەزیر شاری جزیرێ دە موڵکی خوڵایدا ئەمن دەڵێم نییە؛ هەیە یان نییە؟» وەزیر گوتی: «قوربان! شاری جزیرێ ئەوا لێرە لە ڕۆژاوایە؛ حەوت ساڵان پادشای بابی توو لەجیاتی مواجبی دایمێ موخاریجی منی دەرنەهێنا». براهیم پادشا کە وای زانی ڕقی هەڵستا؛ زیزبوو ڕۆی. کاکەمەم لە جێی خۆی هەڵستا؛ ڕۆنیشت. وەزیر هەموو ڕێوشوێنی جزیرێی بەوی گوت؛ هەزار لیرەی ئەنعام دا بە وەزیری. براهیم پادشا ناردی جەللابی لەسەر ڕێی وەزیری دانا: «ئەگەر لە وەتاغی کاکەمەمی هاتە خوار،
سەری ببڕن لەبۆ منی بێنن». ئەگەر هێنایانە خوارێ تەماشای کرد جەللاب ڕاوەستابوون دە کووچەیدا. وەزیر ئەوانی ناسی؛ گوتی: «بانگی ئەو جەللابانە بکەن». ئەنعامی دانێ؛ گوتی: «مەرەخەستم دەکەن بچمە دیوانێ یا سەرم دەبڕن؟» گوتیان: «بەڵێ قوربان! مەرەخەستی بۆ دیوانێ». هەڵیان گرت و بردیان بۆ دیوانی براهیم پادشای. عەرزی پادشای کرد: «پادشا، هەڵبەت مردن بۆ من چاکە بە جیهەتی چی فەرمووتە سەری ببڕن؟» کوتی: «ئەمن ئەو تاقە کوڕەم هەیە؛ ئەمن دەڵێم: جزیر نییە ئەتوو بۆ دەڵێی هەیە؟» کوتی: «قوربان ئەمن نەمزانی، ئەوە خەونی پێوە دیوە. دە سەر کاکەمەمی بکە بچێتە ڕاوێ. یەمەن چل دەروازەی هەیە. چل محەلەیە. هەر محەلەی چل کچ و ژنی
جوانی لێ هەڵبژێرە؛ بێنە داوەتی بۆ بگرە. ئەوی لە ڕاوێ دێتەوە لۆتی و ڕەقاسی بۆ دانێ، شێر و مەیموونی لەسەر ڕێ دانێ، چاوەش و سازندەی لەسەر ڕێ دانێ. ئەگەر بەخێر لە ڕاوێ هاتەوە، ئەوێ شەوێ لە خەوێی دیوە لەو ژنانە و لەو کچانە یەکیان وەوی دەچێ. کاکەمەم کەیفی دەیگرێ. ئەگەر کچ بوو، بێ منەتە. بابی ئەو کچەی حەزی دەکا، کوڕی براهیم پادشای کاکەمەم ئەوی بخوازێ. ئەگەر ژن بوو، مێردی بانگ بکە بیکە وەزیر؛ زێڕی زۆر بدەیە؛ ژنەکەی پێ تەلاق بدە، جا بەخێر لە کاکەمەمی مارە بکە؛ ئینشاڵڵا ئاوە دادەمەزرێ». کوتی: «ئافەریم وەزیر! ئەنعامی
بدەن بە وەزیری». ئەنعامێکی زۆر بە وەزیری گەیی. کاکە مەم هەتا نیوەڕۆیە ڕاو و شکاری کرد. براهیم پادشا هێنای، داوەتی بۆ وی دروس کرد، تەدارەکی بۆ گرت. جا هەرچی کچی بوو دەڵێ: «ئینشاڵڵا کچی منی دەوێ». هەرچی ژنی بوو دەگریا؛ دەیگوت: «پادشا ژنەکەم لێ دەستێنێ؛ جا من قوڕی کوێ وەسەری خۆم کەم. ژنەکەم دەچێ». بەنگینە گوتی: «کاکەمەم ئەوە چ غوڵوێکە لە دەورەی شاری یەمەنێ». کاکە مەم گوتی: «شاری یەمەنێ هەزار فێڵی هەیە.» بەنگینە گوتی: «میرمەم بڵا بچینەوە بۆ ماڵێ» ڕاویان بەتاڵ کرد، ڕوویان دە ماڵێ کردەوە. ئەگەر هاتن گەینە قەراخی شاری تەماشایان کرد؛ داوەت بوو. لۆتی و ڕەقاس بوو، شێر و ورچ بوو. بەنگینە گوتی: «میرمەم! بزانە بابی توو ئەتۆی چەند خۆش دەوێ؛ بزانە چەندی سوحبەت بۆ توو دروس کردووە». جحێڵی ناردنە سەر ڕێی کاکەمەمی. لە پاش وەی کەیخودای پێشوازیی ویی نارد. لەپاش ئەوەی سەید و مەلای لەسەر ڕێی وی ڕاگرت. گەیییە جحێلان مەرحەبای لێ کردن. گەیییە کەیخودایان، سڵاوی لێ کردن. گەییە سەید و مەلایان لە نێویان دابەزی، ئەنعامی بۆ سەید و مەلایان قەرار کرد. لەوێ سوار بۆوە. لۆتی و ڕەقاس بەپیریەوە هاتن؛ خەڵاتی کردن. گەیییە داوەتێ سەری لەسەر قەڵپووزی زینی دانا، تەماشای کەسی نەکرد، چۆوە دەرکی دیوانی خۆی؛ لەوێ دابەزی. داوەت بەتاڵ بوو. هەرچی کچی بوو دەیگوت: «چ بکەم؛ قەرزدار دەراتم. کچەکەی نەخواستم؛ جا ئەمن چ بکەم؟» ئەوی ژنی بوو گوتی: «یاڕەبی زۆر شوکر! ژنەکەم نەچوو». خەبەر بە براهیم پادشا درا: «قوربان! کاکەمەم هاتەوە، هیچ کەسی نەویست». براهیم پادشا گوتی: «بچن، وەزیری بێنن، هەر دەیخنکێنم». لە پاشان پیاوی نارد گوتی: «سەری ببڕن؛ چاوم پێی نەکەوێ». گوتیان: «قوربان! سەری مەبڕە؛ بڵا بێتە ئێرە بزانین تەگبیری چییە». ناردیان وەزیریان هەڵگرت؛ هێنایان. وەزیر گەیییە دیوانی پادشای یەمەنێ؛ گوتی: «قوربان، سەری من بۆ بڕینێ چاکە». گوتی: «ئەتوو بۆ شایەدی
جزیرێت دا؛ ئەمن تاقە کوڕێکم هەیە». گوتی: «قوربان، کارێکی گران نییە؛ لەشکرێکی بۆ دروس بکە، دوازدە هەزار کەس ببێ؛ سەرکردەی بۆ قەرار بکە. دە بۆتخانەی بۆ دروس بکە. دوازدە مەنزڵ بڕوا هەر مەنزڵێ هەزار کەس لێی
بگەڕێتەوە؛ جا بەتەنێ دەمێنێ؛ بۆ کوێ دەچێ؟ ئەویش دێتەوە ئێرە؛ هەر کچە پادشایەکی کەیفت بێنێ، جا بۆی بێنە». کاکە مەم دەسەر بابی کرد گوتی: «مەرخەس بفەرمووی دەڕۆم». براهیم پادشا فەرمووی: حەوتوێکی سەبرم لێ بگرێ، تەدارەکی بۆ دەگرم». بڵا بچینە سەر بەحسی یایەزینێ. پەرییەکان یایەزینیان هەڵگرت، بردیانەوە شاری جزیرێ. سبحەینێ یایەزین لە خەو هەڵستا، جنێوی دا بە مەلەکڕیحانێ؛ گوتی: «ئەمنت بۆ هەڵنەستان؛ نوێژم چوو». مەلەکڕیحان گوتی: «ئەمن چ بکەم چوویە شەوگەردییە، درەنگ هەڵستاوی». گوتی: «دەنا ئاوێ بێنە چاوم بشۆم».
چاوی شووشت دەستڕێی دەرهێنا چاوی خۆی پێ بسڕێ: دەستڕێی کاکەمەم بوو. ئەگەر تەماشای کرد مۆری کاکە مەمی لە قامکی دابوو. گوتی: «چارشێوم بۆ بێنن، دەچمە ماڵە قەرەتاژدینی، کن خاتوون ئەستیی خوشکم». هەڵستا چووە ماڵە قەرەتاژدینی. خاتوون ئەستی بەپیریەوە هات. قۆڵی گرت؛ وەسەری خست، پێکەوە ڕۆنیشتن. خاتوون ئەستی خوشکی گەورەی وی بوو؛ ژنی قەرەتاژدینییە. گوتی: «خوشکێ بۆ وا زەرد و زەعیف بووی؟» گوتی: «خوشکێ هانێ ئەوانە!» دەستڕێ و ئەنگوستیلەی لە پێش خاتوون ئەستی دانا. خاتوون ئەستی تەماشای کرد مۆری کاکەمەمی بوو، تاقە کوڕی براهیم پادشای یەمەنێ. گوتی: «خوشکێ ئەتوو ئەوانەت لە کوێ بوو؟» گوتی وەڵڵاهـ نەمزانیوە ئەوشەو ئەمنیان بردە یەمەنێ:
چم نەزانی ئەمنی مل بەکوێن و بابان وێرانێ
لە وێیان ئەمن سوێن دا بە سی جوزووی قورعانێ
جا لەوەی بەدەرەوە؛ خاتوون ئەستی گەورەیە بۆخۆی دەزانێ
خاتوون ئەستی دەڵێ:
وای، ملم بەکوێنە بابانم وێرانێ
ئەو میرمەمی لە یەمەنێ دەبەر تۆی ناوە سی جزووی قورعانێ
ئاخر دەست هەڵناگرێ، دێتە ئێرە، نادۆڕێنێ ئیمانێ
خاتوون ئەستی دەڵێ:
یایەزین، گیانە!
ئەو میرمەمی دەگەڵ ئەتۆی خواردووە قورعانە
چاری بڕاوە؛ دەست هەڵناگرێ تەشریفی موبارەکی دێتە ئێرەکانە
جا یایەزین دەڵێ:
چ بکەم ئەمن سەر بەتاڵ و بابان وێرانێ
جا ئەمن ڕووڕەشی خۆمە، چلۆن بکەم گوزەرانێ؟
خاتوون ئەستی کوتی: «دەبێ سەکۆیەکت لەسەر شەتی جزیرێ بۆ دروس بکەم. بنێرم دوو سەد تۆپ جاوت بۆ بکڕم. چل قەرەواشت هەیە؛ دەگەڵ ئەو قەرەواشانە هێندێک گازری بکەن. هێندێکیان ئارەخچنان بدروون، خەمی توو لە دمی ئاوێ بڵاو دەبێ. ئینشاڵا تەعالا جا ئەمن دەنێرمە کن کاکم، دوو جووتانم بداتێ، پیاوانم بداتێ. بۆخۆم جووتی ڕادەبەستم، موخاریجم زۆرە. بە دەستندە بەڕێ ناچم». ئەوانە دەنێرمە سەر ڕێ؛ ئەگەر کاکەمەم و بەنگینە هاتن، جووتێر مزگێنی بێنێ». مەلەک ڕیحانیان دەرکردبوو؛ بانگیان کردەوە. بازیبەندی لە قۆڵی خۆی کردەوە، لە پێش یایەزینی دانا؛ گوتی: «ئەمن چی دی قەرەواشی ناکەم». یایەزین گوتی: «لەبەر چی؟» گوتی: «یایەزین ئەتوو دەچییە شەوگەردییە، ئەمن نابەی». خاتوون زین گوتی: «ئەمن چوومە کوێ؟» گوتی: «ئەمشەو، هەموو شەوێ چوویە شەوگەردییە ئەمنت نەبرد دەگەڵە خۆت؟» گوتی: «جا بۆ زیز دەبی؟ ئەگەر هاتن قەرارمان بێ: ئاغا بۆ من نۆکەر بۆ توو». ئەو قەرارەیان پێکەوە کرد؛ هەڵستان چوونەوە ماڵە خۆیان. جا ناردیان جاویان کڕی. تەدارەکیان گرت. چوونە سەر شەتی جزیرێ.