ئاوڕێک بۆ دواوە

بۆ ساڵی ١٩٣٤
لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 1 خولەک  643 بینین
ئەی «ژیان»، ئەی ئەمەلی تائیفەی پیر و جوان!
ئەی بەبێ تۆ، شەوی دەیجوورە هەموو ڕۆژی ژیان
هیچ مەوەستە لە دەسا تا دەگەیە «زەردیاواشوێن»
ئەم دوو سێ شیعرە بەدیاری بەرە خزمەتی «گۆرانکەس»
بڵێ: ئەی نازری ئەو دیمەنە جوانەی قەرەداغ
دوور لە دەرد و لە پەژارە، لە خەم و میحنەت و ئاخ!
باوکم ئەو وەختە ئەدیبێ بوو لە ڕێزەی ئودەبا
مەلەوانێکی بەقودرەت بوو لە دەریای ئەدەبا
ئەو دەمە شیعری دەوت، هۆش و شعوورێکی هەبوو
سەر و دڵخۆش و ڕەحەت، کەیف و سروورێکی هەبوو
ئێستە کۆماوەتەوە پشتی بەسەر جەدوەلدا
قسمەتی خۆی ئەمە بوو، هەر لە دەمی ئەوەلدا
ڕۆژ و شەو فیکری بە نووسینی حیساباتەوەیە
شەو و ڕۆژ زیکری بە تەسدیدی ئەماناتەوەیە
شیعری بیکری بووەتە تەسفییەی تەسلیفات
وێرد و زیکری بووە بە تەحشیەی تەحویلات
جەدوەلی مولحەق و تەسوییەی ناو ئازاری
بووەتە قافیە و میسرەعی مەعنیداری