وەسێت

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  394 بینین
لقی دارێ وەسێتی کرد، هەر وەختێ مرد
بیکەن بە بێشکەی منداڵێ.
بێشکە وەسێتی کرد کە مرد
بیکەن بە پنەی بەردەمی
ڕیزە چادر و دەوارێ.
پنە وەسێتی کرد کە مرد
بیکەن بە کورسی بۆ چرای
ماڵە فەقیر و هەژارێ.
کورسیی وەسێتی کرد کە مرد
بیکەن بە سەری مەرکانەی
ئاوی کەرکووکشوێنی غەمبارێ.
«سەر»یش وەسێتی کرد کە مرد
بیکەن بە چوارچێوەی وێنەی
«بادینانشوێن»ی بە ئازارێ.
ئەویش وەسێتی کرد کە مرد
بیکەن بە سنگی دیواری
جلی پێشمەرگەی نێو شارێ.
سنگیش وەسێتی کرد کە مرد
بیکەن بە شانەی دڵدارێ.
شانەیش وەسێتی کرد کە مرد
بیسووتێنن و لە دواییدا
خۆڵەمێشی بکەن بە سەر
گوڵکۆی قژی منداڵێکی هەڵەبجەشوێندا!.