ناو

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  453 بینین
هەبوون، نەبوون
دوو ئاسکی عاشق هەبوون.
شەوێک، شەوی مانگەشەوێ
لە مێرگی بەر تریفەدا پاڵ کەوتبوون
باسێ لێرە و باسێ لەوێ
کە هاتنە سەر خۆشەویستی
وتیان: با هەر یەکە و «ناوی»
یارەکەی خۆی بۆ یادگار
لەسەر شتێ هەڵبکەنێ.
با بزانین ناوی کاممان
لە دوای خۆمان هەر ئەمێنێ و
وەک ئەستێرە ئەجریوێنێ؟!
یەکەمیان چووە لای کەوێ
کەویش لەسەر تاشەبەردێ
بە چەند مانگێ
ناوی یارەکەی بۆ هەڵکەند.
بۆ هەقدەسیش، کە لێ بۆوە
ئاسکی دڵدار پڕ بە کڵاوی بەڕوویەک
مسکی دایە!
ڕۆژ هات و چوو.
بەردی بەر باران و بەفر
لەشی تێک چوو
شوێنی هەڵکۆڵین ساف بۆوە
«ناو» چووەوە.
ئەوی تریان
چووە لای حاجی لەقلەقێ
لەبەر دەمیا خۆی پاڵ خست و
لە چەند جێوە
لەسەر پێستی ئەم دڵدارە
بە دەنووکە درێژەکەی
ناوی یارە شیرینەکەی
بە خاڵ کوتی.
کە لێ بۆوە، ئەمیشیان هەر لە جێی هەقدەس
پڕ بە گوپی خونچە گوڵێ، مسکی دایە.
ڕۆژ هات و چوو
ئاسکی عاشق، ڕۆژێ کوژرا
دوای مردنیش، کە گوروویان
پێستەکەیان بە قەد دیواردا هەڵواسی
ناوی کوتراو، خاڵ خاڵی شین
هەر مابۆوە و هەر ئەژیا و ئەیجریوان!