وەکوو یەک

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  332 بینین
ئەم گۆمەیش حەپس کراوە! ئەی نازانن؟
ئەم شەپۆلە بەندکراوانەیش هەر وەکوو
کوڕەکانی ئێمەی ئەو دیو دیوارەکانی زیندانن!
تۆزێکی تر، وەردیانی ئەم سەددەیەیش
کە دەرگاکانی کردەوە
تەماشا کەن! چۆن شەپۆلەکانی ئەم دیو
ڕا ئەکەن و
باوەش ئەکەن بە ملی ئاوی ئەو دیودا
بیبینن چۆن ماسیی ئەم دیو
دەم ئەبەن و
ماچی ماسیی چاو گریاوی ئەو دیو ئەکەن!
لێرەیش ئەمڕۆ «مواجەهە»ی شەپۆلە زیندانییەکان و
درەختی دوور و نزیکی کەسوکاری
پەشۆکاو و چاوەڕوانە.
هەر تەواو وەکوو ڕۆژانی «مواجەهە»ی
شەپۆلی یەک لە دوای یەکی
دڵی دایک و کوڕەکانمان.
وەکوو ماچی ئاوی تینووی
ئێمە و ڕۆخی گیانی سەوزی کوڕەکانمان!