چەند مشتە حەرفێ

لە کتێبی:
کازیوە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  468 بینین
چاوم لێ بوو، هەڵبەستێکی «گارسیا لۆرکاکەس»
هەستایە پیان
بەرامبەری پەخشانێکی «غەسانکەس» هات و
لەیەک کاتدا، لەناوەڕاستی «غەرناتەشوێن» و،
«قودسا» هەردوو
توند توند یەکتریان ڕاوەشان،
کە تێکەڵ بوون و هەڵڕژان
مشتێ حەرفیان بوون بە چەک و نارنجۆک و
خۆیان هاویشتە ناو دەستی
شۆڕشگێڕان
مشتێکی تریان بوون بە نان
مشتی دواییش بوون بە گوڵ و
خۆیان دا لە:
سنگ و مەمکی
ئۆخژنی کچی دەزگیران!.