شیننامە بۆ خوالێخۆشبوو «عەبدوڵڵا لوتفی»

لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 3 خولەک  489 بینین
شیننامە بۆ خوالێخۆشبوو «عبدالله لطفیکەس» کە لە ڕۆژی ١٩٧٤/١٠/٦ کۆچی دواییی کرد...
دەنگێ بەرز بوو لە عەرشی یەزدان
هێندە بەسۆز بوو جەرگی ئەسووتان
دەنگێکە وا بوو بەتین و بەرزی
عەرش و زەمینی لەتاو ئەلەرزی
خاکی عێراقی هێنایە خرۆش
دەریا و بیابان گشتی هاتە جۆش
ئەو دەنگە ئەیوت: ئەی ئەهلی زەمین
ئەزانن کە چی ڕووی داوە لە ژین؟
ئەزانن ئاخۆ کە چی قەوماوە؟‏
دایکی زەمانە جەرگی سووتاوە!
ڕۆڵەی بەنەرخ و بەرز و تاق و فەرد
«عەبدوڵڵا لوتفی»، کۆچی دوایی کرد
ئەو مەردە تاکە بەلوتف و چاکە
هاوتای هەر نەبوو لەسەر ئەم خاکە
بۆ کەسوکاری باوک و برا بوو
بۆ تاریکیی ژین شوعلەی چرا بوو
بۆ ئەهلی وڵات لە عارەب و کورد
بێ فەرق و جودا خزمەتی ئەکرد
لە بەخشایشا وێنەی حەتەم بوو
قارەمانێکی عەتف و کەرەم بوو
لە ڕووخۆشییا گوڵی بەهار بوو
وەک ڕۆژی هاوین دایم دیار بوو
داخی گرانم بۆچی وەها زوو
بێ دەنگ و ورتە لە دنیا دەرچوو
ئێمەی هەژاری خستە دەریای شین
بووینە هاوڕازی ناڵین و گرین
خێزان و خوشک و هەموو کەسوکار
بە جۆش و خرۆش ئەکەن ناڵەی زار
هەرچیی بۆ بکرێ هێشتا هەر کەمە
ناکەسە ئەوەی بۆ ئەو بێ غەمە
من کە خزمێکی دوور و هەژارم
لە گێژاوی غەم بۆی بێقەرارم
زۆر حەزم ئەکرد کە من بوومایە
لە جێی ئەو گیانم فیدا کردایە
چونکە مانی ئەو خێر و ڕەحمەت بوو
لابەری هەزار کۆسپ و زەحمەت بوو
ئینجا منێکی بێ سایە و مایە
کە لە دنیادا چیم لە دەست نایە
بە کەڵکی چی دێ مان و ژیانم
بۆ خۆم و کەسم زیان و ژانم
بەڵام ئەو مەردە ئەگەر بمایە
بۆ خۆم و کەسم ئەبوو بە سایە
بۆ برا و خوشک و خزمان و خێزان
لە دوای تۆ نەمان چاترە لە مان
بەهاری شادیت لێ بوو بە خەزان
تۆ وا ئەچیتە بارەگای ڕەحمان
زۆر بەسەربەرزی بێ سام و ترسان
بەهەشتە جێگەت بێ شک بێ گومان
لەگەڵ کۆمەڵی چاکان و پاکان
کە دێتە یادم نوکتە خۆشەکان
شیعر و چیرۆک و وتاری جوان
تک تک ئەڕێژم فرمێسکی گریان
دەروون و دڵم ئەبێ بە بورکان
دڵ بە کێ خۆش کەم ئیتر لە جیهان
کێ لە دووی ئێوە بێتە پشتیوان
ڕەحمەت لە گۆڕت زۆر بێپایان
. . . . . . . . . .دەقی نائاشکرا
هەتاکوو ماوە زەمین و زەمان