ئەرکی ژیان

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  274 بینین
هەرکەس خەریکی کاری خۆیەتی
بۆ ئەرکی ژیان هات و چۆیەتی
ئەوەی ڕۆحپاک و مرۆڤ و ژیرە
بەرزیی ئامانجی ژیان هۆیەتی
ئەوەی کە ئەمڕۆ بەدکاری ئەکا
سبەی ئەبینێ باوکەڕۆیەتی
ئەوەی ژیانی گیرۆدەی ژانە
کەم هێزی هەردەم لە ئەژنۆیەتی
ئەو دەس قوچاوەی پارە جەم ئەکا
هەمیشە ورتەی هەشت و نۆیەتی
ئەوەی کە مەردە و کرداری چاکە
شادی و ڕووناکی لە ئاسۆیەتی