لاوی بگەڕێتەوە

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  224 بینین
تۆ بڵێی لاوی بگەڕێتەوە
پیری بە ژیری سەربنێتەوە
زستانی ژیان ناوی نەمێنێ
ساڵی دوو جارێک بەهار بێتەوە
گەڵای باخی ژین هەر سەوز و تەڕ بێ
خونچەی دڵشادی بگەشێتەوە
تۆ بڵێی هەوری خەفەت تێپەڕێ
ناڵە و بروسکەی نەمێنێتەوە
مرۆڤ هەر بژین زۆر بە ئازادی
کە بە سەربەستی بسووڕێتەوە
لێوی زۆر جوانی پڕ زەردەخەنە
ئەو ڕەنگە ئاڵەی قەت نەچێتەوە
تاریکی شەوی نەگبەتی بڕوا
ڕووناکیی ئومێد نەکوژێتەوە
هەموو کەس نەیبێ غەمی نەبوونی
بۆ پارچە نانێ نەپاڕێتەوە
ئاوازی شوومی بوومی دڵشکێن
لە باخی ژینا نەیسڕێتەوە
ئەترسم ئەمەی نووسیم خەیاڵ بێ
یا وڕێنەمە و ئەجووڵێتەوە