شکات لای تۆ بێ
لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
691 بینین
شکات لای تۆ بێ بۆ یەزدانی گەورە
کەوا خوڵقانت ئەم چەرخ و دەورە
ئەم چەرخ و دەور و سەیر و عەنتیکە
دەماخی زانا تێیدا خەریکە
مرۆڤ و ئەشیا و خوڵقەت گۆڕاوە
هیچ شتێک لە جێی خۆیا نەماوە
هەموو شت ئێستا پێچەوانەیە
خاوەنی تەلار بەبێ لانەیە
سواڵکەری سەرتون خاوەن تەلارە
گەنجەفە ئەکا بە زێڕ و پارە
سەگ بۆ ئێسقانێ کلکی ئەلەقان
ئێستە گاڵتەی دێ بە گۆشتی بەران
سەر لە جێی پێیە و پێ لە جێی سەرە
گا لە جێی شێر و شێر لە جێی کەرە
دز بۆتە سۆفی، سۆفی بۆتە دز
مامز بۆتە سەگ، سەگ بۆتە مامز
عالم و پیاوی زۆر تێگەیشتوو
بێ نرخ و ناون پەست و دواکەوتوو
ئەو کەسەی ژیرە یا خانەدانە
یا دەربەدەرە یا بێ نیشانە