فیدات بم
لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
720 بینین
فیدات بم کیژە ساواکەم
لە من گوێ بگرە ئەی «تارا»
کە بوویتە بووکی کوردستان
بەسەر خۆتا نەدەی تارا
کە بوویتە مەشخەڵی جوانی
لە دنیای خۆشی لاویدا
دەمت پڕخەندە بێ هەردەم
وەکوو غونچە لە گوڵزارا
بینایی چاوەکەم «بینا»
ئەتۆش پارچەی لە ڕۆحی من
فریشتەی گوڵشەنی ژینی
نییە وێنەت لەناو شارا
بە قوربان گیانی شیرینم
گوڵە نازدارەکەی ژینم
کە تۆ خۆت جوان و شیرینی
وەهاش بە هەر لە کردارا
کە مردم تۆ لەگەڵ تارا
وەرن بگرین لەسەر گۆڕم
لە گۆڕا دوور ئەبم ئیتر
لە ناخۆشی و لە ئازارا