لە کونجی میحنەتا هەر شەو خەیاڵی وەسڵی دڵبەر کەم

لە کتێبی:
دیوانی سالم
بەرهەمی:
سالم (1800-1866)
 1 خولەک  1148 بینین
لە کونجی میحنەتا هەر شەو خەیاڵی وەسڵی دڵبەر کەم
وجوودم وا بە جارێ دێتە جونبوش وەختە پەڕ دەرکەم
لە ئەووەڵ حەرفییا وەک دڵ لە کاغەز بەر دەبێ ئاگر
ئەگەر شەرحی شەرارەی ناری هیجرت سەبتی دەفتەر کەم
تەلاشی تەییی ڕاهی کەعبەیی کۆی یارە مەقسوودم
منی بێ دەست وپا لازم، کە پا بۆ ئەم ڕەهە سەر کەم
بە گێسوو چاکە زنجیرم بکا دڵبەر لە ڕووی موژگان
لەڕوویا با منی دێوانە بەس ڕووی دڵ لە خەنجەر کەم
لە ئەفلاکی خەیاڵا کەوکەبی ڕووی یارە تا قوتبم
لە زوڵماتی شەوی هیجرا ڕەهی کۆی ئەو دەبێ دەرکەم
سەرئەفگەندەی حوزووری سەربوڵەندانی قیامەت بم
سەرم تا دانەنێم شۆری ویسالت گەر لە سەر دەرکەم
بە نەڕڕادی فیراقت نەقدی جان ئاخر دەدۆڕێنم
بە خاڵی موهرەیی وەسڵت ئەگەر سەد دەفعە شەشدەر کەم
قوبووڵی نرخی بۆسەی لەعلی ڕوممانی لەبت ناکەی
لە ئەشکم پڕ بە دامانت ئەگەر یاقووتی ئەحمەر کەم
لەسەر ئەم مەزهەبەم سالمناسناوی ئەدەبی بە مەحزی ڕووبەڕووی مەتڵەب
وەکوو هیندوویی گێسوو هەر سەحەر تەعزیمی ئازەر کەم