پەند و ئامۆژگاری بۆ بازرگان

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  495 بینین
پیاوێکی کورد چوو بۆ بەسرا
سبەینیان شیری ئەگێڕا
یەکاو یەک ئاوی تێ ئەکرد
قازانجی زۆری لێ ئەکرد
سەرمایەی بوو بە سەد لیرە
هەستا بێتەوە بۆ ئێرە
سواری پاپۆڕ بوو بۆ بەغدا
شەوێک لە بەر مانگەشەودا
خەریک بوو پارە بژمێرێ
خوا خراپ بۆ خراپ ئەنێرێ
مەیموونی قەپتان پەیدا بوو
ئەو کیسەی لیرەکەی تیا بوو
فڕانی و بە دارا هەڵگەڕا
کوردە ئارامی لێ بڕا
ڕیشی ڕنییەوە بە گریان
هاواری بردە بەر قەپتان
قەپتان هەرچەند لێی توند ئەبوو
مەیموون بەرەو ژوورتر ئەچوو
تا گەییە تەوقەسەری دار
لیرەیەکی بۆ خستە خوار
یەکێکی هاویشتە ناو ئاو
تا سەد لیرەکەی کرد تەواو
یەکێک بۆ ئاو، یەکێک بۆ کورد
ئا بەم پێیە بەشی ئەکرد
کوردە شێت بوو لە تاوانا
هەستا چوو بە گژ قەپتانا
قەپتان هەروا واقی وڕما
لەم هەرایە سەری سوڕ ما
بە کوردەی وت: توخوا بەدبەخت
ئەم پارەیەت لە کوێ دەست کەوت؟
وتی: شیرفرۆشیم ئەکرد
بە چەند ساڵم گردەوە کرد
وتی: تێگەیشتم چییە
سووچی مەیموونی تیا نییە
نیوەی هی ئاو بوو کەوتە ئاو
تۆش بەشی خۆت وەرگرت تەواو
کاسب خۆشەویستی خوایە
حەرام بۆ کەسب ئاگر و کایە