پەندی باڵندە

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  696 بینین
باخەوانێک بوو لە دێی کۆستەی چەم
باخێکی جوانی هێنا بووە بەرهەم
هەرچی میوەیەک ناوی بیستبوو
ناشتبووی بەڕیز ڕێکی خستبوو
گوڵی هێنابوو لە پۆپەی چنار
لێی دابوو چنار گوڵ بوو بە بەهار
بیستوچوار چەشنی ترێ لێدابوو
ڕەونەقێکی وای بەو باغە دابوو
ئەیانوت: ئەمە باغی ئیرەمە
بڵێی بەهەشتە هێشتا هەر کەمە
دەوری باغەکەی هەموو هەنجیر بوو
چەشنی هەنجیری شاری ئەزمیر بوو
قەلە باچکەیەک وای پێ فێر بووبوو
بەیانیان ئەیخوارد هێند لێی تێر بووبوو
لە دوای تێر خواردن هەڵیئەوەران
میوەی تریشی تێکڕا ئەژاکان
ڕۆژێک باخەوان تەڵەی بۆ دانا
پێوە بوو، قیڕەی کرد لە تاوانا
باخەوان هێندەی داخ لە دڵا بوو
چەقۆی دەرهێنا و سەری بڕێ زوو
قەلەباچکەکە لێی هاتە زبان
وتی: مەمکوژە لالۆی باخەوان
بەو شەرتە جارێک کە تا دەمێنم
ئیتر دیداری باغت نەبینم
سێ ئامۆژگاری واشت بۆ ئەکەم
یەکی گەنجێک بێت، بێ زیاد و کەم
یەکەم ئەو شتەی کەوا مەحاڵە
شوێنی مەکەوە ڕەنجت بەتاڵە
دووهەم خەم مەخۆ کە ماڵ لەکیس چوو
عومریشت ئەڕوا خەم ئەبێ بە دوو
سێهەم بە درۆی کەس تەفرە مەخۆ
بە شوێن کردەوەی حەرامدا مەچۆ
باخەوان ئەمەی وا چوو بە دڵا
چوو بەرەڵڵای کرد لە داوی چڵا
قەل فڕی و چووە سەر لقی دارێ
کە کەس نەتوانێ بیخاتە خوارێ
ڕووی کردە کابرای باخەوان وتی:
داخەکەم بۆ تۆ کە بێ قسمەتی
من گەوهەرێکم لە ناو زگا بوو
بتفرۆشتایە بە ملوێن ئەچوو
باغەوان وتی: وەرە ئاشنا بە
لەم باغەی مندا سەر بەرەڵا بە
قەل بە پێکەنین وتی: من ئێستا
پەندم دای کەچی لەلات نەوەستا
من نەموت: بە شوێن مەحاڵا مەچۆ؟
جارێکی تر من چۆن دێمە لای تۆ!
وتم: خەم مەخۆ کە ماڵ لەکیس چوو
ئەبینم ڕەنگت هەڵبزڕکا زوو
وتم بە درۆ باوەڕت نەبێ
لە زکی قەلدا گەوهەر چۆن ئەبێ
«ئەمانە پەندی پێشوونیانە
کە بە زمانی مەل وتوویانە»
«هەرسێ پەندەکە زۆر بەهادارن
لەجێی خۆیانا گەلێک بەکارن»