دووبارە «شیعری نوخشەی تازە شاعیر»
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
647 بینین
خۆ هەڵبەستی ئەم دەورە
لە جێی خوێندن و دەورە
جنۆکەمان لە دەورە
«بسم اللهعەرەبی» کەین بە دەورە
دەورییەک پڵاوی چەورە
وەک کۆتر کەوتە دەورە
ئەچیت بۆ پیاوی گەورە
ئاسمانی ئێمە هەورە
یەکێ بوو، یەکێ نەبوو
لەو دوانە ئەوەی نەچوو
کەرێکی بێ گوێچکە بوو
بۆ خۆی بۆ کێشە ئەچوو
کەرە لە دەست خۆی ئەچوو
ئیتر لە ناوا گوم بوو
کەچی ئەوەی کە نەبوو
کەرەکەی فروشتبوو
کەری خستبووە هەڕاج
فرۆشتی بێ خەرج و باج
گۆنییە شڕێکی بێ ناو
چەقۆیەکی دەم شکاو
هەمووی کڕی و چوو بۆ ڕاو
لەسەر سەرچاوەی سەراو
هەروا ئەیڕوانییە ناو ئاو
بە سیحری مەلا خنکاو
وەک ئاوێنەی ئەسکەندەر
ڕوانی لەودیو تاریدەر
وا چێرگێک نیشتۆتەوە
ڕووبەڕووی ملەکەوە
فیشەکی نایە تفەنگ
هاویشتی بێ ناڵە و دەنگ
نەیگەیشتێ و چێرگی کوشت
خۆی کەوت لەسەر گازی پشت
گۆنییە شڕی هەڵسووڕان
چێرگی شل شل تێچەسپان
بردیە ماڵەوە لێی نا
لە ناو دیزەی بێ بنا
لە کوڵانێکی کەما
گۆشتی ڕۆیشت، ئاوی ما
هێندە سوێر و چەور بووبوو
بە ڕیشیەوە مەیی بوو
ئەوەی کە نەیبەستبوو
چەوری لێوی بەستبوو
سەگ هات ڕیشی لستەوە
سەگی گرت بە دەستەوە
کە کێشای بە زەویا
سەد تۆپ بلووری ڕیا
خاوەن سەگ و سمێڵ چەور
لە یەک کەوتنە شەڕە تەور
هەریەکە بۆ خۆی ئەبرد
ئەوان بەشیان نەئەکرد
لەوەلا قۆڵچی تەموین
هات و تێی خوڕین بەقین
وتی ئەمە قاچاغە
لە قاچاغ جەرگمان داغە
لە دەست ئەوانی وەرگرت
بە بێ قڕە بەشیان کرد
بۆیە پرسین نەماوە
کە وا بەشکردن باوە
ئەم هەرایە و گەردشە
هی ئەوەیە بێ بەشە