مامە خەمە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
843 بینین
دووبارە پیرەمێرد ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی بە بۆنەی گرانی شەڕی دووهەمەوە وتووە:
بەهارمان بۆ هات بەڵام بە برسی
کەس لە سەیران و شایی نەپرسی
ساڵان هەر باسی گوڵ و گوڵزار بوو
نەشئەی نێرگزی دوو دیدەی یار بوو
بانگی بلبل بوو لەسەر چڵی گوڵ
تەمی زستانی ئەڕەوان لە دڵ
ئەمساڵ کنگر و گێلاخە باوە
چونکە گرانە و مردن لە ناوە
هێشتا زستانە و تازە برینین
خاو نەبووینەوە خۆمان ببینین
هەتاوی بەهار بەردی گەرم کرد
کاتێکت زانی وتیان فڵان مرد
لەبەر ئەوەیە وەک بێسارانی
لەم بەهارەدا بوومە زیندانی
ئەو فەرموویەتی: (نەوبەهار سیان
ئەمساڵ وە دیدەم نەوبەهار سیان
نووری بیناییم جە دیدەم جیان
بە هیچ ڕەنگدا نمادۆ دیان
هەر هێند مەکنوم چەم وە دینی گوڵ
چون غونچەی نەوخێز لەت لەت مەبۆ دڵ
هەر گوڵ نەشتەرێ، هەر سۆسەن خارێ
هەر چیمەن زیندان، هەر شەتاو مارێ
دە بەختم بدیە جە تەور شیویان
سوپای مەینەتان وەنەم دیویان)
وا بولبل بەسەر گوڵدا ئەخوێنێ
نەغمەی زەبووری داود ئەنوێنێ
ئەو بە نەشئەی کەیف، من بە داخەوە
ناڵە ناڵمان بێ لە توێی باخەوە
چونکە مەحروومم لە بەهار جارێ
سەر دەنێمەوە لە بای موغارێ
بەم هەموو دەردە بە دیدەی نمناک
هاکا خەڵتان بووم ڕۆژێک لە ڕووی خاک
ئای بۆ هاودەمێ، هامدەم و یار بێ
وەک من خەفەتبار، دڵبریندار بێ
دەستی یەک بگرین ڕوو بکەینە شاخان
پێکەوە بگرین هەردووک لە داخان
ئەم خاکەی کەوا لە ڕووی زەمیندا
سلێمانییە لە ڕووی نگیندا
تێک هەڵشێواوە بە بای باڵی دێو
هەموو لە برسا ڕوو دەکەینە کێو
دەستی دڵسۆزێک دەوایان ناکا
وا ئەتلێینەوە لە پەردەی خاکا