فەلسەفەی کورد

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  610 بینین
هەر ئەموت: خۆزگە دنیام بدیایە
گلەیی خەڵقم لێ بپرسیایە
بموتایە: بۆچ گلەیی ئەکەن؟!
بۆچ وا جنێوی سووکت پێ ئەدەن
ڕۆژێک بە تەنها لە ماڵەوە بووم
وەنەوزم ئەدا خەریک بووم بنووم
لە پڕ تەڕپیرێک بە ئاڵ و واڵا
تەنیا و سەربەخۆ خۆی کرد بە ماڵا
بە لارولەنجە هات بە لامەوە
بێپەروا دانیشت بە ئارامەوە
وتی: ئارەزووی منت کردووە؟
خەڵک ناوی منیان بە سووک بردووە
ئەوەش ئەزانم، تۆ منت ناوێ
خۆت قەمتەر ئەکەی بە نان و ئاوێ
لەبەر ئەوەیە کەوا هاتمە لات
ئەوا خۆم هێنا بۆ تۆ بە خەڵات
من ئەو سێبەرەم دوام کەوی ئەڕۆم
ڕووم لێ وەرگێڕی من لە شوێنی تۆم
لەوساوە کە خوا منی داناوە
مۆری کچێنیم هێشتا نەشکاوە
ئەوی نێر پیاوە منی لا سووکە
ئەوی ئەیەوێم ڕاست نێرەمووکە
خوا پیاوی بە من تاقی کردەوە
بۆ محەکی پیاو بووم بە کردەوە
ئەوی کە جارێک گرتمە باوەشم
دین و ویژدانی کرد بە پێشکەشم
بەبێ ئیختیار تەسلیمی من بوو
کە ئەملام دایە، ئەولای لە بیر چوو
هەر من بۆم تێکرد، ئەو تێری نەخوارد
دواییش بەجێی هێشت بە هەناسەی سارد
ژنەکەی بردی بۆ مێردی تازە
وتی با بۆرە بێتە جێی بازە
خەڵک ئەم ئەحواڵەی وا لە پێش چاوە
کەچی هێشتاکو بۆ من سووتاوە
هێندە شیرینم شانەی هەنگوێنم
پێی عاشق وەک مێش پێکا ئەلکێنم