واتەی پڕ مەعنا
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
848 بینین
ڕێی ئەو دەشتانە کە لە پێش چاوە
دێڕێکە بە پێی مردوو نووسراوە
کێلی گۆڕەکان، نامەی ئاشکران
لە عوقباوە بۆ زیندووەکان نووسران
ئەو پێچپێچۆکەی ڕێگەی خەراجیان
ڕێچکەی فێڵێکە بۆ ڕێوی دەوران
حیرسی ماڵداری و دووپشکی عەربەت
بۆ ئەهلی مەعنا بووە بە عیبرەت
تەشوێ کە سەری شۆڕ و داماوە
ڕەنجی فەرهادی لە چاو گیراوە
هەر دانەیەکی لە سەید سادق
سەری شاهێکە و مەردێکی لایق
هەر نەیجەیێکی سەرچاوەی قوماش
باڵای لاوێکە پڕ زۆر و پڕخاش
قارەمان شەش پای لە قوماش داگرت
ئێستا دۆم جێگای قارەمانی گرت