بیدی مەجنوونی

بە ناوی بێسارانییەوە وتوویەتی
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  609 بینین
بیدی مەجنوونی، بیدی مەجنوونی
باڵا بەرز و نەرم، زار و زەبوونی
بە لارولەنجە لەیلا نموونی
بەڵام لە داخی دڵ سەرنگوونی
***
ئاوارە و لەرزان بە گوێ تافەوە
پەخشان بە شنۆی هەوای سافەوە
عەنبەربار بە بۆی مسکی نافەوە
ڕەخشان بە پەلکی زەڕ کڵافەوە
***
بە دەنگی تاڤگەی ساز و سەمتووری
ئەینۆشی بادەی ئاوی بلووری
سایەبانی بان تەختی گەنجووری
بەڵام تامت تاڵ بە دەردی دووری
***
وتم: شۆڕەبی دەستنیشانی دۆست
سێبەر دەوای تا، سەڵفات و زینک پۆست
درەختان سەربەرز بەبێ قۆرت، بێ شۆست
بۆچ سەرت شۆڕە وێنەی کەفتەکۆست
***
جوابی دایەوە بە زبانی حاڵ
بۆچ تۆ نازانی پیری کۆنەساڵ
من سەربەرزێک بووم شیرین پەڕوباڵ
سوجدەم بردە بەر باڵای سۆسەن خاڵ