وردە زیو
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
778 بینین
نازنازی نازی چاوی شابازی
گەردنی قازی بە گەردنی قازی
ددان بە لێو بای شەکری ناوچایی
ماچی گیان بایی گوڵی هەرجایی
کوڵمی گوڵ مینا، گەردنی مینا
لەسەر زەمینا لە یەکەمینا
گڕ لە سینەما، بوو بە سینەما
جەرگ و سی نەما، باسی سی نەما
سنگی زیوی قاڵ، بەهێ و چاوی کاڵ
من کە نیمە ماڵ بۆم نابێ بە ماڵ
شەو بە خەو هی من، بە خەو هەر هێمن
بێخێو ماوم من، خەو بوو بە دوژمن
دڵم پیر نابێ، مناڵە و ژیر نابێ
بۆم ئەسیر نابێ، بە بەند گیر نابێ
من گەر بە خەیاڵ چاو لێک نێم دەرحاڵ
شیرین خەت و خاڵ، حازرە لە ماڵ