های لە «بەیان» دا
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
958 بینین
پیرەمێرد لە کاتی خۆیا ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی بە ناوی «بێسارانیکەس» یەوە بڵاو کردۆتەوە. لە ڕاستیدا هەڵبەستەکە هی بێسارانییە و پیرەمێرد بە دەسکارییەوە لە شێوەی هەورامییەوە گۆڕیویەتیە سەر شێوەی سلێمانی، بەڵام دەسکاریەکی تەواو و وەستایانەی کردووە کە مەگەر هەر خۆی ئەو دەسەڵاتی گۆڕین و دەستکارییەی بووە.
های لە «بەیان»دا، های لە بەیاندا
های ئەو بەیانەی دیم لە بەیاندا
خاڵێک لە مابەین جووتەی بەیاندا
ئەستێرەی بەیان لە توێی بەیاندا
دوو مار بە حەڵقە دەوری بەیان دا
تا ڕێی بەی نەبێ دز لە بەیاندا
کێ توانی ئەمە شەرح و بەیان دا
ڕەشە ئێوارە لە دەم بەیاندا
ماری لای بەیان بۆیە نیهان دا
هەرکەس دەسبەرێ، ماری لێ هان دا
ئەمەوێ لە خوا مەرگم نیشان دا
سەر لە بەیاندا، سەر لە بەیاندا