بانگی بەیان

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  949 بینین
پیر و ئوفتادە و ڕەنجوور و غەمبار
بێ هیوای ژین و ژیان ناڵەکار
لە دەست بێدادی شای دەقیانووسی
تەئریخی مەرگی خۆمم ئەنووسی
وەک دەروێشەکەی گۆلی زرێبار
کەوڵ و پۆستی خۆم کێشابووە کەنار
مەرزی کوردستان تار و شەوەزەنگ
شاری خامۆشان بێدەنگ، بێ ئاهەنگ
تەختی تەخت بووبوو بابا ئەردەڵان
کەلاوەی کاول پەیکوڵ بەردەڵان
ئینجا لە قاپی شای پەروەردگار
ئاهـ و هەناسەی پیران کەوتە کار
ناگا ئاسۆی شەوق بە شەبەقی نوور
وەک خوێنی جوانان بوو بە تارای سوور
سەدای سەڵا و بانگ ئاوازەی شادی
ئەو شەوەی کردە ڕۆژی ئازادی