بە ناوی «کونەماسی» یەوە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
682 بینین
من ماسیەکم لە نەتەوەی نوون
یونس پێغەمبەر بەو بوو بە «ذالنونعەرەبی»
داپیرەم چەندێک لە ناو سینەدا
پارێزگاری کرد وەنەوزی نەدا
بە «لا اله الّا انتعەرەبی» ەوە
قەهری ئیزەدی لێ دوور کەوتەوە
کە هاتە دەرێ و بوو بە پێغەمبەر
ئیتر لە ئێمەی نەپرسی خەبەر
لەوساوە لێمان بوون بە تەڕیدە
ئەمانخۆن ئەڵێن«لحماً طريهعەرەبی»
لە ناو تاوەدا ئەبین بە کەباب
بۆ کەیف ئەمانکەن بە مەزەی شەراب
ناڵێن ئەمانەش ڕۆح لەبەرێکن
نێر و مێ لەگەڵ یەک هاوسەرێکن
بۆچی نازانن کە ڕۆح شیرینە
لە گیانەڵادا ئەوان ببینە
ئەو پەلەپەلە ئەو واوەیلایە
هەموومان ڕۆحە لە بەرمانایە
ئینسان ئەوەیە کە ئازاری خۆی
بۆ کەسێکی تر نموونە بێ بۆی
کە بە برینێک جەرگی خۆی بێشێ
بە خۆڕایی تیغ لە کەس نەکێشێ
جاران هەر بە تۆڕ ئەکەوتینە داو
ئێستا بۆمبامان بۆ ئەخەنە ئاو
کە بۆمبا زرمە لە ئاو هەڵسێنێ
سەرئاو ئەکەوین هۆشمان نامێنێ
ئێنجا ئەو کەیفە و ئەو ڕاکە و وەرە
عیزرائیل لەوان بەڕەحمترە
گۆڕیان بێ، ئێستا وا شەڕ قەوماوە
بۆمبا بۆ خۆیان دروست کراوە
ئێمە بێ کێردین، بەستەزبانین
نەخوێندەوارین لە فەن نەزانین
یا خوا هەروا بن ئەی بە ناو ئینسان
نەتانپەرژێتە سەر ئێمەمانان