هەی ڕۆ ئەمڕۆ ڕۆی شین و ڕۆ ڕۆمە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
991 بینین
ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی پیرەمێرد ئەو هەڵبەستەیە کە بەوە کۆتایی بە چیرۆکی مەم و زین ئەهێنێ کە لە «ئەحمەدی خانی»یەوە وەریگرتووە:
هەی ڕۆ ئەمڕۆ ڕۆی شین و ڕۆ ڕۆمە
کە مەم ڕۆیی ڕۆی پەژارەی خۆمە
ئەم زوڵفە لوولەم بۆ مەم شانە کرد
دەک فەلەک کوێر بی بۆنێکی نەکرد
ئەم خاڵ و میلە من بۆ مەمم ڕشت
پەیمانم وایە بۆی بەرمە بەهەشت
لێوم دانابوو بۆ گفتوگۆی مەم
عەهدە تا مردن واتەی پێ نەکەم
توخوا مەم! منت لە کوێ پەیدا کرد؟
گوناهم چی بوو منت شەیدا کرد؟
هەرکەس هاوسەرێ بۆ ژیان ئەگرێ
منت بۆیە ویست لە بەرت مرێ
هەی خەجاڵەت بی چەرخی پڕ ستەم
هیچ شەرمت نەکرد لە نەوجوانی مەم
مەم! لە ژێر خاکا بە میوانت بم
بە برامەوە بە قوربانت بم
ناچارم بێ تۆ ژیانم نابێ
وا ئەیبڕمەوە هەر ئەبێ وابێ
لە ناو دوخمەدا دوو جێگا دەبێ
زاوا و بووکێنی لە خاکا دەبێ
ئای مەم! دەستی مەم نەگەیشتە تۆ
وا نووکی خەنجەر بوو بە سزای تۆ
خەنجەر بۆ دڵە گەر ڕاستت دەوێ
ئاخ مەمی تیایە نەک بەری کەوێ
ئەی سینە بگرە خەنجەر بۆ تۆیە
هەرچی زۆر جوان بێ هەر ڕەنجەڕۆیە
بە بەرگی خوێنی شایی ڕەنگەوە
بە سۆز و ناڵەی خۆش ئاهەنگەوە
با دەست لە مل کەین مەم یەک جارییە
نە ڕای بێگانە نە بەدکارییە
ئاخ بۆ دەنگخۆشێک لە ژوور سەرینمان
بە بەیتی کوردی بدا تەڵقینمان
بڵێ ئاخ دڵی دڵخواز مەشکێنن
بە زۆرەملی کچان مەمرێنن