ئافرەت

لە ساڵی ١٩٤٥دا بە ناوی «شێخ ئەبولوەفا» ەوە بڵاوی کردۆتەوە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1134 بینین
بە ڕۆژ زوڵف بێنێتە سەر ڕوو، ئەڵێن: هاوارە، ڕۆژ گیرا!
بە شەو ڕووی دەرکەوێ، مژدە ئەدەن: وا جەژنە مانگ گیرا!
بە شەو ناڵەی نەخۆش جێی ڕەحمە، من بێ تۆ بناڵێنم
ئەڵێ لاچۆ، هەڵەوەڕ، دەنگ مەکە دز دێتە سەر شوێنم
وتم: تۆ دەرم ئەکەی، پێی من بە مووی ئەگریجە بەستراوە
وتی: سەیری درۆی کە! ئێستە ئەگریجە لە کوێ ماوە؟!
وتی: بێڵە بنووم، بێیتە خەوم شایەد تەسەللام بێ
وتی: لێم تێر ئەبی بمبینی، با هەر مەیلەکەت لام بێ
وتم: ئێوە وەفاکار نین، کەچی عاشق ئەشێوێنن
وتی: مەعشووق دڵیان ساردە، بازاڕ گەرمیە ئەینوێنن
وتم: تۆ وا بڵێ، ئێمەش بە جارێک لائەدەین لێتان
وتی: تا مفلسن هەروان، مەگەر ماڵ بێتە سەر ڕێتان
وتم: ڕوویی جیهانم بێ، بە ساتێ وەسڵی تۆی نادەم
وتی: کەم دەسەڵاتییە وا حەڵاڵخۆری بەنی ئادەم!