گیانە بەسیەتی
لە ساڵی ١٩٤٤دا بە ناوی «بێ ناو» ەوە بڵاوی کردۆتەوە
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1323 بینین
پیرەمێرد چەند میسرەعێکی ئەو هەڵبەستەی لە هەڵبەستێکی «وەلی دێوانە»وە وەرگرتووە.
گیانە بەسیەتی، گیانە بەسیەتی
توخوا بەسیەتی، دەرد و مەینەتی
هەر هێندە دەبێ تووشی و نەگبەتی
قنیاتم تەنها ژاراوی پەتی
لە نەحسی چارە و بەختی گومڕاهم
عالەم بێزارە لە ناڵە و ئاهم
ئەجەل قولاپی گیر کرد لە جەرگم
نیشانم ئەدا نیشانەی مەرگم
ئەوا هەناسەم کەوتە ژمارە
هێندەم نەماوە وا ئەمرم دیارە
توخوا وەسیەتم ئەمەیە لە لات
بە یادی عەشقی بەندەی جان فیدات
کاتێ کۆچم کرد بۆ هەوارگەی نۆ
ئاوام کردەوە مەنزڵگای گوڵکۆ
ئەوسا دیار نابم لەبەر دەرگاکەت
چۆڵ ئەبێ لە من سایە و پەناکەت
بزانە هەی لەیل قەیست مردووە
حەسرەتی ڕووی تۆی بۆ خاک بردووە
من لەوێ تەنها پەژارەی تۆمە
چە باکی چۆڵی و ساردی گڵکۆمە
تۆش سا بێ باک بە لە تانەی ئەغیار
وەرە سەر قەبرم بۆم بگری جارجار
بڕوانە قەبرێک لە قەبران تاکە
بەردی وەک خەڵووز خاکی نمناکە
ئەوە شەرارەی قرچەی تاسەمە
تەپە دووکەڵی شوێن هەناسەمە
فیدات بم گیانە، من داغبردەی تۆم
توخوا دانیشە کەمێک لە گڵکۆم
تۆزێک بۆم بگری گوێم لە دەنگتە
لەگەڵ فریشتەی منا جەنگتە
دڵۆپێ فرمێسک لە چاوت تکا
بەو فرمێسکەی تۆ خوا عەفوم ئەکا
تۆش وەفاداری لەگەڵ جوانی
بۆت ئەبێ بە ناو فەخری جیهانی