واتەی پەخشان

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 3 خولەک  863 بینین

ئاخ! خۆزگە فەن ئەوەندە سەرکەوتایە کە بە میناتوز وێنەیەکی بچکۆلەی تۆم لە سەر سینەی خۆم بکێشایە و ببوایە بە نەخشی سەر دیدەم، ئەوسا دیدە، کلی کۆی توور... تاقە توورێکی نەدەهێنا لە لام.

خۆزگە وەک ڕادیۆ چۆن دەنگ ڕائەکێشێ و دەنگ ئەداتەوە، پەڕەی گوێچکەش جازبەیەکی وای ببوایە کە دەنگی تۆم هەمیشە لە گوێدا بوایە. ئەوسا ئەمکرد بە ئاهەنگی ڕۆحم... ئەوسا دەنگی داود و زەبوورم بە ئەفسانە ئەزانی...

خۆزگە حلول و تەناسوخ ڕاست ئەبوو، ڕۆحم ئەچووە قاڵبی پەپوولەیەکەوە و هەمیشە بە دەوری سەرتا ئەگەڕا.

خۆزگە تەیارەیەکم ئەبوو، خۆشم ئەمزانی لێیخۆڕم، سواری تەیارەم ئەکردیت و ئەمبردیتە سەر کێوی قاف، کە ئەوسایە بە تەنها چووبووم، بەبێ تۆ ئەو کچە گورجیە پەریانەم لەلا هیچ بوو، ئەموستم بۆ ڕائەهێشتن و هەڕەشەم لێ ئەکردن و ئەموت: ڕامەوەستن... ئەچمەوە، ئەفسەرتان بۆ ئەهێنم، ئەوانیشم ئەکرد بە کارەکەرت.

خۆزگە شاعیر بوومایە، ئەو شەوی مانگەشەوی بەهارە کە لە نیوەشەوا چووبوویتە ئەستێڵەکەی کارێزی «حسێنی عەزیز جۆڵا» و لەوێ دانیشتبووین، ئەمڕوانییە تۆ... شەوقی مانگەشەو دابوویە ڕوخسارت، شەوقی ڕووی تۆش دابوویە ئاوی ئەستێڵەکە. ئاو لە ڕووی تۆدا ئەلەرزی، ئەستێرە لە ئەستێڵدا ئەلەرزی، گیان لە ئەندامی منا ئەلەرزی... هەوا ئەلەرزی، گیا بە هەوا ئەلەرزی، لە لای من هەموو جیهان ئەلەرزی.

جا ئەگەر شاعیر بوومایە، بە شیعری تۆ، لەرزەم ئەخستە عالەمی شیعرەوە، خۆزگە ئەوکاتە خۆشت لەو ئاوەدا بە چاوی من خۆتت ئەبینی و دڵت ئەلەرزی.

خۆزگە وەک عەشقی من کۆن نابێ و تاکوو پیرتر ئەبم ئەو عەشقە تازەترە، خۆزگە جوانی و شیرینی تۆش هەتاکوو من ماوم هەروا بمایە...

بەڵام ئاخ و داخ!!

من لە خاکم و تۆ لە ئێسک، ئەم ئێسکە سووکەت زوو ئەڕزێ. لێرەدا وا بە چەند شیعرێک کە لە کۆندا بۆ نەوجوانێکم وتبوو وا بەو بۆنەیەوە بۆ جارێکی تر بڵاوی ئەکەمەوە:

بتزانیایە
بتزانیایە گۆڕە سەرەنجامی ژینی تۆ!
ئەڕزێ لەژێر گڵا قەد و باڵای سیمینی تۆ
نامێنێ خاڵ و میل و دەم و پێکەنینی تۆ
دڵت نەدەشکاندم!
بتزانیایە جامەیەکی جاو لەبەر ئەکەی!
تەڵقینی کوێرەکانە لەجێی دەنگی نای و نەی
لەو جێگە تەنگ و تارە بەتەنهایی هەڵدەکەی
لە خۆت نەدەتاراندم!
بتزانیایە کە جوانی گوزەرگای پیرییە!
مەرگیش کوت و پڕێکە، دەوا ناپەزیرییە
دوایی ئەوەی کە بە جوان ئەبڕێت دەستگیرییە
جوانیت پێ دەنواندم
بتزانیایە دەست لەملانی کاتی بەیانیان
چەند خۆشە تا لە گۆڕ ئەخزێی مەست و تێکخزان
چارەی بە بەزمی وایە غەمی گەردشی زەمان
وا ڕاتنەدەپەڕاندم!