نازک تەدارەک
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1176 بینین
نازک تەدارەک فەسڵی بەهارە
زەریف ئاڕایش هەردە و کۆسارە
گوڵ شێوەی ڕوخسار ئازیز ئەنوێنێ
بلبل بە ڕوویا وەک من ئەخوێنێ
گوڵاڵە شەونم سەرمەستی ئەکا
دڵی ڕووی یارم بەدمەستی ئەکا
فرمێسکی چاوم شەتاو ئەدا جۆش
وەنەوشە لە تاو دەردی من شینپۆش
ئای بۆ دڵخۆشێ کە زاری نەبێ
غوسسەی بێ مەیلیی دڵداری نەبێ
بدا بە قیبلەم عەرزەی زەلیلیم
باش تێی گەیێنێ لە هەردەگێڵیم
بەڵکوو ڕێک کەوین ڕۆژێک لەگەڵ یار
سەیری بەهار کەین دیارە و دیار
سا نەی چی دەی نەی، های دروێش دەفێ
قەزای پەنجەکەت لە گیانم کەفێ
تۆ بە سەدای دەف، ئەو بە نەوای نەی
جەرگم لەت لەت کەن، ڕیشەی دڵ کەن پەی
ئای بۆ ساقییەک چواردە ساڵە بێ
بینی شەرابی پڕ پیاڵە بێ
بەڵام شەرابی کۆن و چل ساڵە
بەڵکوو ڕزگار بم لە دەست ئەم حاڵە
ئەموت پیشەی عەشق خاری شێرگیرە
چنگی چنگ نییە قولاپی شیرە
پەنجەی لەناو جەرگ هەرکەسێک گیر کرد
ئامانی نادا ڕیشەی دەرهاورد