گیانە ئەژمێرم
دووبارە بە ناوی «بێسارانی» یەوە وتوویەتی
لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1123 بینین
گیانە ئەژمێرم، گیانە ئەژمێرم
بۆ ئاکامی مەرگ نەفەس ئەژمێرم
کاتێ بە نیگای تۆ گیان ئەسپێرم
تیپی فریشتە گشت دێنە سەیرم
خۆم بە شەهیدی عەشق ئەژمێرم
مەقبوولی مزگەوت، پەسندی دێرم
تاوێک لەو زوڵفەی سەودای زەرەتار
لە گەردنما بێت بە وێنەی زەننار
قەباڵەی عیسا و ئەحمەدی موختار
پارێزگارم بن لە دووتوێی مەزار
ئەوسا فریشتە دێنە سەرینم
تا لێم بپرسن ڕێگای ئایینم
شەرمی تای زوڵفی لوولی وەک زەننار
فریشتەکانم لێ ئەکا بە یار
هیچکەس ناتوانێ بڵێ کوڕی کێی
یا خەڵکی کام دێی؟ یا لە کوێوە دێی؟