لە هێلانەی دڵ

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1372 بینین
ئەم هەڵبەستە لە کاتی خۆیدا پیرەمێرد بە ناوی بێسارانییەوە بڵاوی کردۆتەوە؛ بەڵام هی خۆیەتی، تەنها دێڕی چوارەم هی مەولەوییە و تێهەڵکێشی کردووە لەگەڵ ئەو دێڕانەی تردا.
لە هێلانەی دڵ، لە هێلانەی دڵ
ئەگەر جێت تەنگ بێ لە هێلانەی دڵ
ئەو لەشە جوانەی نازکتر لە گوڵ
لە ئاهی گەرمی دڵەی پڕ سکڵ
تینی بگاتێ، دڵ ئەبێ خەجڵ
دڵیش بەبێ تۆ هەڵکردی موشکڵ
کەوابێ بارێ ئەی بەرگوزیدە
بگوێزەرەوە گلێنەی دیدە
برژانگەکانم ببێت بە پەرژین
ڕێی گوزەر نادا بە دیدەی بەدبین
بە هەر چوار دەورا لە ئاوی دیدەم
جەزیرەیەکت بۆ دێتە بەرهەم
لەوێ وەک پەری جەزیرەی واق واق
چونکە تاقانەی دانیشە بە تاق