ئەی کچینە وەرنە مەکتەب

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  3055 بینین
ئەی کچینە وەرنە مەکتەب
ئێوە تەسکینی دڵن
زینەتی باغ و تەرەقین
ڕەونەقی دەستەی گوڵن
***
تازە ئێمە تێگەیشتووین
دایکی چاکی خوێندەوار
نەسلی وا دێنێتە مەیدان
قەومەکەی پێ بێتە کار
***
ژن شەریکی ژینی پیاوە
نەک خەریکی بەرد و دار
تەربیەی مێشکی مناڵی
بۆ وەتەن بێ و جاننسار
***
خۆزگە من ببمە درەختێک
بۆ قوتابخانەی کچان
ئەو کچانەی وا دەخوێنن
ببمە سێبەر بۆ ئەوان
***
هەر کچانی خوێندەوارە
میللەتی پێ سەرکەوێ
تەربییەی منداڵ هیوایە
پێشڕەویمان بەرکەوێ
***
ڕۆژهەڵاتیش ڕۆژی هەڵدێ
خوێندنی کچ هاتە ناو
جەهلە تاریکەشەوی کورد
خوێندنیش تیشکی هەتاو
***
دەرزی چاڵ هەڵناکەنێ
فەنە وەتەن ئاوا ئەکا
خوشکە، گیانی دایکی موشفق
نەسلی چاک داوا ئەکا