کەچی جارێک نەماندی بێیتە مزگەوت

لە کتێبی:
دیوانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1688 بینین
کەچی جارێک نەماندی بێیتە مزگەوت
دیارە، پیاوی خوا نیت، دوورکەوتی، دوورکەوت
جومعە ناکەیت، ناچیە زکر و تەهلیلە
هەر کەبابە و هەریسەیە و قەندیلە
ڕۆژوو ئەگریت، کەچی لە نوێژ بێزراوی
بە فتوای شێخ یەکانەی دەم بەسراوی
دەسنوێژ ناشۆیت، پاک نابیەوە گڵاوی
بێیتە خواردن مێمڵی گۆشت و پڵاوی
ڕەحمەت لەوەی لە لاتەوە نان ناخوا
پارێز ئەکات، چاکت ئەناسێ بەخوا
گیاندارکوژ و، تووڕە و تڕۆی لە ڕوودا
ماسیت نەهێشت لە زەڵم و تانجەڕۆدا
لە هیچ و پووچ هەرزە، وەکیلی خەڵکی
هەر بۆ ئەوەی کە پێت بڵێن بەکەڵکی
ڕووت و قووت و لا هەڵپچڕاو، بێ پشتێن
بەشەو تەغارێک پرتەقاێ تێ ترشێن
بە عومری خوت خاولی بۆ ماڵ ناکڕی
کە نانت خوارد دەستت بە ڕیشت ئەسڕی
هێشتا فلست بە دەلاکێک نەداوە
خۆ حەمام هیچ، چڵکی پارت لاماوە
کێ دی جلی تازەت لە بەر کردبێ؟
قۆندەرەت بۆلای بۆیاغچییەک بردبێ؟
توخوا سەر و ڕیشت سابوون ئەناسێ؟
هەڕاج خانە ئەگەڕێیت بۆ کراسێ!
پانگزە ساڵە پەنجەرەت ناکرێتەوە
میکرۆب ناوێرێ بێتە ناو جێتەوە
لە بەفر و دۆی هاوینان نائومێدی
بەند و باوی کابرات لێ هاتۆتە دی
منیش ئەڵێم:
حاڵی دنیا، هەرچۆنێک بێت دێتە بەر
تێدەپەڕێ، شا و گەدا ئەیبەنە سەر