حەسەنی قزڵجی و بیرەوەی و هەڵوێستێک بەرامبەر چیرۆکی کوردی

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 25 خولەک  1190 بینین

ئەوە بوو دەستەی نووسەران لە ژمارەی ٧ی گۆڤارەکەماندا بڕیاری دابوو، کە هەر جارە لە بارەی پەلێک لە پەلەکانی ئەدەبەوە، چەند پرسیارێک بخاتە بەردەم نووسەرەکانمان، چ تاک تاک و چ بە کۆمەڵ... تاکوو بیرەوەری و کرد و کۆشیان لە مەیدانی ئەدەبدا تۆمار بکەین و دەربارەی جووڵانەوەی ئەدەبیی ئەمڕۆمان ئاگاداری هەموو چەشنە لێکدانەوە و تێڕوانینێک بین و ڕێگەی لێکۆڵینەوە و لێدوانی هونەرەکانی ئەدەب بە هۆی گۆڤارەکەمانەوە تەخت بکەین تا بێتە کەرەستەیەکی بەکەڵک و ئەو بیرەوەرییانەش تۆمار بکەین کە دەوری پێشڕەوی لە ئەدەبەکەماندا دیاری دەکەن. وا ئەمجارەش دیسانەوە دەربارەی چیرۆکی کوردی ئەم وتارە بڵاو دەکەینەوە، کە بریتییە لە وەڵامی مامۆستای چیرۆکنووس حەسەن قزڵجەیی دەربارەی ئەو پرسیارانەی کە گۆڤارەکەمان ئاراستەی کردبوو سوپاسی هەستی خاوێن و بەرزی مامۆستاش ئەکەین.

نووسەری کورد

نامەکەی مامۆستا حەسەن قزڵجی

برایانی بەڕێز، دەستەی نووسەرانی گۆڤاری «نووسەری کورد» دوای ڕۆژباش و سڵاوی گەرموگوڕ.

نامەکەتانم لە کاتێکدا پێگەیشت کە نەخۆش بووم و لەناو جێوباندا کەوتبووم. پرسیارەکانتان تەواوی بیرەوەری ڕابوردوومی هێناوە بەرچاوم. بە تایبەتی بیرەوەری ئەو سەردەمەی کە وەکوو شاعیری عەڕەب دەڵێ:

وكنا باجتماع كالثرياعەرەبی
فصيرنا الزمان بنات نعشعەرەبی

ئەو ڕۆژگارانەی کە لەناو خزمەکان و کەسوکارمدا دەژیام و دەمخوێند و ئەدەبی عەڕەبی و فارسی فێر دەبووم، وە ئێستا یەکدوویەکیان نەبێ هەموویان لە ژێر خاکدان. ئەو زەمانەم بۆیە وەبیر کەوتەوە، چونکە پێوەندی بە یەکێ لە پرسیارەکانەوە هەیە.

لەگەڵ سڵاو و ڕۆژباشی گەرم، وە ڕێزی زۆر و زەوەند، سەرکەوتنتان لە وەپێشخستنی ئەدەبی کوردیدا بە ئاوات دەخوازم.

براتان: حەسەن قزڵجی

پرسیاری یەکەم:

«لە بارەی سەرەتای نووسینی کورتە چیرۆک لە ئەدەبی کوردیدا یادگارتان چییە، وە ئەوەی پاڵی پێوەنان بۆ ئەوە سەر بەم دەرگایەدا بکەن، وە ئەو چیرۆکانەش هەوەڵ جار دەتخوێندەوە و چێژت لێ ئەدین کامانەن؟!»

ئەم پرسیارە لە سێ بەش پێکهاتووە:

١. لە بارەی سەرەتای نووسینی کورتە چیرۆک لە ئەدەبی کوردیدا.

٢. ئەوەی پاڵی پێوەنام سەر بکەم بەم دەرگایەدا.

٣. ئەو چیرۆکانەی هەوەڵ جار دەمخوێندنەوە.

بەشی دووەمی پرسیارەکە لە توێی پرسیاری سێیەمیشدا هاتووە. لەبەرئەوە ئێستا وەڵامی بەشی یەکەم و سێیەم دەدەمەوە.

بەشی یەکەم... لەو پرسیارە لە بارەی سەرەتای نووسینی کورتە چیرۆک لە ئەدەبی کوردیدا:

نووسینی کورتە چیرۆک کە بە هێندێ لە زمانەکانی ئوروپایی «نۆڤیڵ-» و وە بە ڕووسی ڕاسکاز- znovellaی پێ دەڵێن بە مانای ڕاستەقینەی وشە و لە سەدا سەد، لە Racckaz زمانەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یانی عەڕەبی و فارسی و تورکیشدا. لەمێژ نییە، وە مێژووی ئەوە مەرگ تاک و تەراک، ئەگینا لە شەڕی هەوەڵی جیهانی کۆنتر نییە، چونکە کورتەچیرۆک بەو مانا تایبەتییەی هەیەتی لەناو ئەواندا باو نەبووە، وە لە ئەدەبی ئوروپایی وەرگیراوە.

نووسینی کورتەچیرۆک لەناو گەلەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەستەبووە بە ئاشنایەتی ئەو گەلانە لەگەڵ ئەدەبیاتی ئوروپایی، وە هەروەها بەستەش بووە، بە دامەزران و پەرەسەندنی چاپ و چاپەمەنی لەناو ئەو گەلانەدا. هەرکامێکیان زۆرتر ئاشنایەتییان لەگەڵ ئەدەبیاتی ئوروپایی پەیدا کردووە، وە زووتر چاپ و چاپەمەنییان دامەزراندووە زووتر دەستیان کدووە بە نووسینی کورتەچیرۆک. چونکە کورتەچیرۆک وەکوو شێعر نییە چەند دێڕێک بێت و لەبەر کرێ یان خێرا بنووسرێتەوە. کورتەچیرۆک یان لە ڕۆژنامە و گۆڤارا چاپ دەکرێ یان کۆ دەکرێتەوە و بە جیاوازی دەکرێ بە کتێب. جا لەبەر ئەمە چاپەمەنی، بە تایبەتی گۆڤار لە پەرەسەندنی کورتەچیرۆکدا تەئسیرێکی گەورەی هەیە. یا بە جۆرێکی تر بڵێین ئەدەبی هەر گەل و میللەتێک دەبێ بگاتە پلەیەکی تایبەتی لە پێگەیشتن و بەخۆدا هاتندا تا نووسینی چیرۆک و کورتەچیرۆک لە ناویدا ببێتە باو.

لە کوردستان، ئەو حکوومەتانەی کە فەرمانڕەوایی بەسەردا دەکەن نەیانهێشتووە چاپ دامەزرێت و چاپەمەنی کوردی ببێ، چاپەمەنی کوردی کە ماوەیەکی کەم لە سەردەمی عوسمانیدا، وە هەروەها پاش ڕووخانی ڕژێمی عوسمانی ماوەیەکی کەمیش لە سووریە هەبوو زۆر تەنگەبەر و شپرزە و کەم تەمەن بووە. لەبەرئەوە نەیپەرژاوەتە سەر ئەم جۆرە کارانە. لە عێراقی سەردەمی پادشایەتیدا کە ئیجازەی چاپەمەنی ئەدەبی کوردی دەدرا، چاپەمەنییەکە تووشی ئەوەندە کەندوکۆسپ دەهات نەیدەتوانی ماوەیەکی درێژ بژی، جێی خۆی بگرێ و دەرفەتی خزمەت کردنی ئەدەبی کوردی ببێ. هی هەرە تەمەن درێژیان ڕۆژنامەی حەوتەیی «ژین» وە گۆڤاری مانگانەی «گەلاوێژناوی تایبەت» بوو.

ڕۆژنامەی «ژینناوی تایبەت» لە دوو پەڕەی بچووکدا چاپ دەکرا، بەشی زۆری بە ئاگاداری و شتی وا پڕ دەکراوە، «پیرەمێردکەس» پیر و تەنیاباڵ بوو، کەمتر دەیپەرژا سەر کورتەچیرۆک، لە ڕاستیدا زۆر کەمیش یارمەتی دەدرا. بەڵام گۆڤاری گەلاوێژ مەیدانێکی فراوان و هەراوی هەبوو، وە خزمەتێکی باشی ئەدەبی کوردی، بە تایبەتی کورتەچیرۆکی کرد. ئەم گۆڤارە زیاتر ئاوڕی لە کورتەچیرۆکی وەرگەڕاو دەداوە. وە کارێکی زۆریش بەجێ بوو. کورتەچیرۆکی وای وەردەگێڕا کە بۆ چاوکردنەوەی لاوەکانی ئەوسا بەکەڵک بوو. وە بە ناوی ئەوە کە وەرگێڕاوەیە خۆی لە گێچەڵی حکوومەت لادەدا. کاک برایم ئەحمەدکەس خۆشی کورتەچیرۆکی تێدا دەنووسی، وە هی نووسەرانی دیکەشی چاپ دەکرد. ئەمە بووە هۆی ئەوە کە ئەو نووسەرانەی لە وزەیاندا بوو کورتەچیرۆک بنووسن دەست بکەن بە نووسین بەم پێیە دەتوانین ساڵی ١٩٣٩ کە ساڵی دەستپێکردنی بڵاوبوونەوەی گۆڤاری گەلاوێژە بە سەرەتای نووسینی کورتەچیرۆک دابنێین لە کوردیدا.

ئەمە وەکوو بزووتنەوە لەم ڕستە ئەدەبییەدا. ئەگینا پێش ئەوەش بە چەشنی تاک و تەراک کورتەچیرۆک نووسراوە. بەڵام وەکوو بزووتنەوەیەک ناژمێردرێ.

بە داخەوە، هیچ ژمارەیەکی گۆڤاری گەلاوێژ یا چاپەمەنی دیکەی ئەو سەردەمەم بەلاوە نییە. لەبەرئەوە بە چەشنی گشتی ڕێبواری لەم باسە دوام. ئەگەر کەسێک بیەوێ وردتر و قووڵتر باسەکە ڕوونکاتەوە دەتوانێ ژمارەکانی گەلاوێژ و ڕۆژنامەی ژین و هی دیکە بپشکنێ وە چەندایەتی و چلۆنایەتی ڕەوتی نووسینی کورتەچیرۆک ڕوونکاتەوە.

بەشی دووەم لە پرسیاری هەوەڵ «ئەو چیرۆکانەی هەوەڵجار دەمخوێندنەوە؟».

کۆمەڵە چیرۆکەکەی کە «منفلوطیعەرەبی» ی میسری کردبوونی بە عەڕەبی چیرۆکێک بە ناوی «ئینسان»، چیرۆکێک بە ناوی «روزاموند»، تارتوف، گەلێ لەو چیرۆکانەی کە ئەوسا لە گۆڤاری «الهلالعەرەبی» ی میسیردا چاپ دەکران، گەلێ لە چیرۆکەکانی ماکسیم گورگیکەس، چیخۆفکەس، ئەلکساندر دۆماکەس، ڤیکتۆر هۆگۆکەس وە هی دیکە.

پرسیاری دووەم: ئاگاداریت بەسەر چیرۆکنووسەکانی هاوتەمەن و هاوچەرختدا، وە ناوی بەرهەمەکانیان و ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی تێیاندا بڵاو کراونەتەوە؟.

کورتەچیرۆکەکانی کاک برایم ئەحمەد کە لە گۆڤاری گەلاوێژدا چاپکراون، لە دواییدا بە ناوی «کوێرەوەری» بە جیاوازیش چاپ کران. کۆمەڵە چیرۆکێکی کاک شاکر فەتاحکەس کە بە ناوی «شەبەنگە بەڕۆژە» چاپ کرابوو. چیرۆکێکی ا.ب. هەوری بە ناوی «دڵداری و پەیمانپەروەری» کە وەکوو نامیلکەیەک چاپ کرابوو، هێندێ لە چیرۆکەکانی شێخ مارفی بەرزەنجی کە لە گۆڤاری «هیوا» دا چاپ کرابوون، هێندێ چیرۆکی «مەم» یش کە هەر لەو گۆڤارەدا چاپ کرابوون و هی دیکە.

پرسیاری سێیەم: «چیرۆک نووسین لای ئێوە هەر ئەنجامی بەهرە، یا خولیایەکی ئەدەبی بوو، یان بارێکی تایبەتی، چ کۆمەڵایەتی، چ ڕۆشنبیری، چ بیروباوەڕ وای کرد ئەوەی لە دڵتان دایە بە چیرۆک دایڕێژن؟».

وەکوو لە سەرەتای ئەم نامەیەدا ئیشارەم کرد، لە تەمەنی بیست ساڵیدا بووم، لەگەڵ ئامۆزایەکم کە بەداخەوە لەم ساڵانەدا لە کرماشانشوێن لە دنیا دەرچوو، لەلای مامێکمان «مەلا ئەحمەدی تورجانی زادەکەس» لە مەهابادشوێن دەمانخوێند. تورجانی زادە بۆ پێخوێندنی ئێمە میتۆد و شێوەیەکی تایبەتی بەکاردەهینا. ڕێزمانی عەڕەبی «نحو- صرفعەرەبی» ی فێر دەکردین، دوای فێر کردنی هێندێ «قاعدەعەرەبی» یەکێ لە چیرۆکەکانی مەنفەلووتی پێشان دەداین. دەبوو لەو چیرۆکەدا دیاری بکەین کە ئەو قاعدانە چۆن بەکار هێنراون. لە پاشان دەبوو تەواوی چیرۆکەکە بگێڕینەوە و ڕوونی کەینەوە مەبەستی نووسەر لە نووسینی ئەو چیرۆکە چ بووە. ئەگەر بمانزانیایە ئافەرینی دەکردین، ئەگەر نەمانزانیایە خۆی ئەو مەبەستەی بە درێژی بۆ ڕوون دەکردینەوە و تێی دەگەیاندین. تورجانی زادە بایەخێکی زۆری بە چیرۆک دەدا، خۆشی لە کتێب و گۆڤاراندا چیرۆکی بخوێندایەوە گەلێ جار بۆمانی دەگێڕایەوە و بە درێژی لێی دەکۆڵییەوە. ئەمە بووە هۆی ئەوە کە هەر لەو وەختەوە حەز لە چیرۆک بکەم. ماوەی چەند ساڵێکیش لە تاوی پۆلیسی ئەوسا لە «بازیان» خەریکی تووتن کردن بووم و لەناو وەرزێڕەکاندا دەژیام، دەمدی کە وەرزێڕەکان گەلێ نەقڵ و حیکایەتیان دەزانی وە زۆر بەتام و لەزەت بۆ یەکتریان دەگێڕاوە. لەمەش بۆم دەرکەوت کە چیرۆک لەناو کۆمەڵانی ڕەنجدەر و زەحمەتکێشی کورددا تەئسیرێکی زۆری هەیە. بەڵام ئەمە بەو شەرتە کە چیرۆک یان هەر بەرهەمێکی دیکەی ئەدەبی باری گەلایەتی ببێ.

بەرهەمی ئەدەبی کاتێ دەتوانێ ئەم خاسییەتەی ببێ کە لەو مەسەلە گرنگانەی تووشی کۆمەڵانی خەڵک هاتوون و، لە دیاردە گرنگەکانی ژیانی ئەوان بدوێ، وە لە ڕوانگەی سوود و مەسڵەحەتی کۆمەڵانی خەڵکەوە لەو مەسەلە و دیاردانە بکۆڵێتەوە.

خاسییەتیگەلایەتی داوا لە نووسەر دەکات کە نووسینەکەی سادە بێ، دەم و کاوێژی ڕەوان بێ.

مەبەستەکانی بە ڕۆشنی بخاتە بەرچاوان تا کۆمەڵانی خەڵک بە ئاسانی تێی بگەن.

ئەمانەش بوونە هۆی ئەوە لە کورتەچیرۆک، وەکوو هۆیەک بۆ دەربڕینی ئەوەی کە لە دڵمدایە کەڵک وەرگرم.

ئەما ئەوەی کە لە دڵم دایە:

ژیان و موتاڵا و تەجروبە تێی گەیاندم هەر خوێندەوارێک کە پێ دەنێتە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە پێویستە بۆ جاری دووەم بێتە دنیاوە. ئەم، وەکوو ئەو کەسانەی کە بۆیان نەلواوە بخوێنن و پەروەردە ببن لێی قبووڵ ناکرێ بە لەدایک بوونی هەوەڵ جار بەسی بکات، بە چاوبەستراوی بە هەوراز و نشێوی ژیاندا بڕوات، وە بەچەشنی تەبیعی سەرەتایی لە دەرگای لانکە و بێشکەوە بێتە دنیاوە و لە دەرگای گۆڕەوە بۆی دەرچێ.

خوێندەوار کە جاری هەوەڵ بە دەست خۆی نەبووە، هاتووەتە دنیاوە جاری دووەم بەدەست خۆیەتی.

پێشینیان گوتوویانە: «بزن بۆ شەوێک جێگای خۆی خۆش دەکات» خوێندەوار کە ئینسانیشە و خوێندووشیەتی دەبێ ئەو شوێنەیکە سەدان و هەزاران باوک و باپیران بۆیان بەجێهێستووە، وە لەمەش دووا سەدان و هەزاران نەوە و نەتیژەی لەوێدا دەژین خۆش بوێت، وە بۆ ئاوەدانی و بووژانەوەی ئەوێ تێبکۆشێ. خوێندەوار دەبێ سەرنجی ئەوە بدات کە لە کام گەل و کۆمەڵە هەر بەو جۆرە کە خەرمان لە تەواوی دەنکە دەنکەی گەنمەکان پێکدێ گەل و کۆمەڵەکەی ئەویش لە یەکە یەکەی ئەو کەسانە پێکهاتووە، وە هەر کامێکیشیان لەبەرئەوە کە یەکێکە لەو گەل و کۆمەڵە ئەرکێکی زۆری دەکەوێتە سەرشان، کە ئەرکی هەرە گەورەیان ئەوەیە بۆ ئازادی و خێر و خۆشی و بەخۆدا هاتن و پێگەیشتنی گەل و کۆمەڵ کار بکات.

خوێندەوار دەبێ بە وردی ڕوونی کاتەوە کە کامانەن لە تەواوی گەل و کۆمەڵەکەی زوڵم دەکەن: چ زوڵمی نەتەوایەتی، چ زوڵمی ئابووری، وە چ زوڵمی ئەدەبی و زانیاری. وە کامانەن لەو زاڵمانە پشتیوانی دەکەن مەسەلەن وەکوو ڕژێمی ئێران و ئیمپریالیستەکانی پشتیوانی ئەو ڕژێمە. وە لە دژی تەواوی ئەوانە خەبات بکات.

هەروەها خوێندەوار پێویستە بڕوانێتە خودی کۆمەڵیش و بزانێ لە چ جۆرە چینێک پێکهاتووە. ئەو چینانەی ڕزیو و داوەشاون و بوونەتە بەرهەڵستی پێشکەوتن و پێگەیشتنی کۆمەڵ وە مێژوو فەرمانی فەوتانی داون کامانەن، وە ئەو چینانەش کە خەریکی بووژانەوەن و بەرەو پێگەیشتن دەڕۆن و دواڕۆژی ڕووناک و ژیانی خۆشتر و باشتری گەل بەدەست ئەوان دەکرێ کامانەن وە دۆستان و پشتیوانانی ئەم چینانە کێن. لەگەڵ ئەم چینانە و دۆستانی ئەوان بێت و خزمەتی ئەوان بکات، وە بۆ ئەوەی خێراتر ببووژێنەوە هەوڵ بدات. لەم جۆرە سەرنجدان و وردبوونەوەیە تێگەیشتم ئەو حکوومەتە کۆنەپەرەست و زاڵمانەی حوکمڕانی بەسەر پارچەکانی کوردستاندا دەکەن دوژمنی کوردن. ئیمپریالیزم پشتیوانی ئەوانە. خەبات لە دژی ئەوان و پشتیوانەکانیان ئەرکی سەرشانی هەموو خوێندەوارێکی کوردە. تێگەیشتم کە چینی دەرەبەگ و ڕیسەندۆڵی ئەو ڕزیو و داوەشاوە، بەرهەڵستی بووژانەوە و بەخۆدا هاتنی کۆمەڵە. وە پێویستە بە هەموو تواناوە لە دژی ئەم چینە خەبات بکرێ. چینی خەریک بووژانەوە و ڕوو لە پێشکەوتن چینی کارگەر و وەرزێڕ و توێژی ڕووناکبیری پێشکەوتخواز و زەحمەتکێشەکانی دیکەیە، وە دۆستان و پشتیوانی ئەوان هێزە پێشکەوتووەکانن. خوێندەواری کورد دەبێ لەگەڵ ئەم چینانە بێت و شان بە شانی ئەوان و بۆ خێر و خۆشی گەل و بۆ ئازادی و ئاوەدانی نیشتمان تێبکۆشێ.

لە نەتیجەی ئەم سەرنجدان و وردبوونەوەیەدا ویستوومە بۆ خەبات لە دژی چینەکانی کۆنەپەرست و داوەشاو، وە بۆ خزمەت کردنی چینەکانی خەریک بووژانەوە و بەخۆداهاتوو بە پێی توانام لە کورتەچیرۆک کەڵک وەرگرم، وە ئەرکی سەرشانم ئەوەندەی لە وزەمدا بێ بەجێ بگەیەنم.

پرسیاری چوارەم «بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە و، لە باری مێژووی ئەدەبەوە، بەلای ئێوەوە چیرۆکی کوردی بەچەند دەور یان قۆناغدا تێپەڕیوە، چ لە بارەی شێوە و چ لە بارەی ناوەڕۆکدا؟».

١. لێرەدا دوو ئەرک بە من سپێردراوە: یەکەم، لە باری ڕەخنەی ئەدەبییەوە، دووەم لە باری مێژوویی ئەدەبەوە. لە چیرۆکی کوردی بدوێم کە بە چەند وارگەدا تێپەڕیوە.

ئاشکرایە کە ئێمە نامانەوێ لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبی بورژوازییەوە بڕوانینە شوێنەواری ئەدەبیمان. چونکە لە ڕەخنەی ئەدەبی بورژوازیدا بیروڕا و سوودی چینەکانی فەرمانڕەوا بایەخیان پێدەدرێ و دەخرێتە بەرچاو. لەبەر ئەوە، ڕەخنەی بورژوازی بە زانستە و بە ئەنقەستە لەو ئەسەرە ئەدەبییەی کە نیشاندەری بیروڕاوی پێشکەوتووە، وە چینی کارگەر و ڕەنجدەر وریادەکاتەوە و هەستی نەتەوایەتی ڕەوای گەلە غەدرلێکراوەکان دەبزوێنێ- بە نادروستی دەکۆڵێتەوە. ڕەخنەی بورژوازی ئەسەری کۆنەپەرستی دەخاتە برەو. یانی ئەو ئەسەرانە بە باش و بەنرخ دەزانێ کە لەواندا نابەرامبەری ئینسانەکان و دەسەڵاتی زۆردار و دەوڵەمەندەکان وە کش و ماتی گەلە ژێردەستەکان، بە پێویست و گرنگ زانراوە یان ئەسەری ئەدەبی بێ ناوەڕۆکی وا کە خوێنەر لە تێگەیشتنی هۆ و سەبەبەکانی بێعەداڵەتی کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی هەڵدەکا وە لە خەبات بۆ پێکهێنانی نیزامی ڕەوای کۆمەڵایەتی دەیگێڕێتەوە.

٢. لە باری مێژووی ئەدەبیشەوە، ئەگەر مەبەست ئەوە بێ کە مێژووی ئەدەبی بە ناوبانگی یەکێ لە گەلەکانی ئوروپا بکەینە ئەیارە و پێوانە بۆ سەرنجدانی ڕەوت و تێپەڕبوونی چیرۆکی کوردی بە وارگە و قۆناغەکانیدا لەو بڕوایەدام کە ئەمەش سەر ناگرێ، وە تەواوی ئەو زاراوانەش وەکوو: کەلاسیسم، ڕومانتیسم، سیمبولیسم و هی دیکە، غەیری ڕییالیسمی ڕەخنەگری کە بەکار دەهێندرێن، هیچیان نەک تەنیا لەگەڵ ئەدەبی کوردی، بەڵکوو لەگەڵ ئەدەبی فارسی و عەڕەبی و شتی واش ڕێک نەکەوێ، وە بەکارهێنانی ئەوانەیان بە چەشنی «مجازیعەرەبی» یە، یا بە ئیعتباری کەرتێک لە ماناکەیانە، یا بە مانای «لغویعەرەبی» وشەکانە. چونکە مەسەلەن لە فەڕانسە نزیکەی دووسەد ساڵ لەمەوپێش شۆڕشی بورژوائی کراوە نیزامی دەرەبەگی و فیئودالی ڕووخێنراوە، ئەوسا نیزامی بورژوائی پێشکەوتوو بووە، پاشان پێشکەتوویی لەکیس چووە، پاشان بۆتە نیزامی ئیستعماری وە ئاخرەکەی بۆتە نیزامی ئیمپریالیستی.

ژێربینای ئابووری کۆمەڵی فەڕانسە لە هەر سەردەمێک لەو سەردەمانەدا جۆرە سەربینایەکی ئەدەبی خواستووە کە هەرکامێکیان ناوێکی تایبەتی هەیە. بەڵام ئەدەبی کوردی و ئەم گەلانەی دیکە کە ئێستاش هێندێکیان لە نیزامی دەرەبەگیدا دەژین و، هێندێکیشیان تازە خەریکن لەو نیزامە ڕزگاریان بێ بەو وارگە و قۆناغەدا تێنەپەڕیوە تا، بە تەواوی مانا وەبەر ئەو وشانە بکەوێ.

لێرەدا دەمەوێ داوای لێبوردن بکەم و، بە ڕێبواری و زۆر بە کورتی لە ڕەخنەی ئەدەبی و مێژووی ئەدەب بە چەشنی نوێ و عیلمی بدوێم:

١. ڕەخنەی ئەدەبی:

بریتییە لەو ئەسەر و وتار و نووسراوانەی کە لە ڕوانگەی سوود و مەسڵەحەتی ژیانی کۆمەڵایەتی وەخت و زەمانەوە لە ئەسەری ئەدەبی دەکۆڵنەوە و لەگەڵ لەبەرچاو گرتنی مەسەلەکانی ئەم سەردەمە نرخی بۆ دادەنێن. ئەم ڕەخنەیە ڕوون دەکاتەوە کە ئەسەرە ئەدەبییەکە تا چ ڕادەیەک کۆمەکی چارە کردنی مەسەلە ژیانییەکانی گەل دەکا. ئەم ڕەخنەیە پیشان دەدا کە ئەو کارانەی لە ئەسەرەکەدا نوێندراون، یا ئەو دیمەنانەی لەودا لە ژیان کێشراون تا چ ڕادەیەک ڕاستەقینەن. ئەم ڕەخنەیە هەروەها نیشان دەدات کە نووسەرەکە بە بەکارهێنانی وەسائیلی هونەری توانیویەتی بگاتە ئەو ئامانجەی کە بۆ خۆی داناوە یان نا. ڕەخنەی ئەدەبی هۆیەکی کاریگەرە بۆ بەرز کردنەوەی ڕادەی کەیفییەت و چلۆنایەتی بیروڕای هونەری، وە دەبێ لەگەڵ ڕوون کردنەوەی لایەنە ئیجابییەکانی ئەسەری هونەری، کەم و کووڕییەکانیشی بە دەلیل و بەڵگەوە نیشان بدات.

٢. مێژووی ئەدەب:

باسی پێگەیشتنی ئەدەب دەکا لە کاتی پەیدابوونیەوە تا ئەمڕۆ. مێژووی ئەدەب شوێنەواری خولقێنەری گەل و ئەشخاس دەگرێتەوە. ئەرکی بنەڕەتی ئەو ئەمەیە کە قانوونییەتی مێژوویی مەوزووعی ڕەوت و جەرەیانی ئەدەب ڕوون دەکاتەوە. مەسەلەن لە ئەم یا ئەو ئەسەرە هونەرییە بکۆڵێتەوە، پایە و گرنگی نووسەرەکان دیاری بکا، وە گرنگی میتۆدە جۆربەجۆرەکانی ئەنواعی پێگەیشتنی ئەدەبی نیشان بدات.

ئەدەب لە هەموو جێگایەک لە پێوەندی لە پسان نەهاتوودا لەگەڵ تایبەتییەکانی ئابووری، سیاسی، کولتووری وە ئاڵوگۆڕەکانی دیکەی ژیانی گەلدا پێ دەگا...؟ وە ئا ئەمەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی گەلەکان و خەڵکە جیاوازەکان شوێنەواری ئەدەبی تایبەتی خۆیان بێ، وە دەبێتە هۆی ئەوە کە مێژووی ئەدەب مێژووەکانی شوێنەوارە ئەدەبییەکانی میللەتەکان جیاکاتەوە. مێژووی ئەدەب لە پێگەیشتنی ئەدەب لە وڵاتێکدا دەکۆڵێتەوە، وە پێوەندی ئەو ئەدەبە و تەئسیر کردن و تەئسیر وەرگرتنی ئەو لەگەڵ ئەدەبی وڵاتانی دیکە ڕوون دەکاتەوە. مێژووی بە ڕاستی عیلمی ئەدەب قانوونایەتییەی جەرەیان و ڕەوتی ئەدەب و هونەر پیشان دەدا، یانی ئەو قانوونایەتییەی کە لە پێوەندی ئەدەبیاتی میللی لەگەڵ پێگەیشتنی مێژووی گەل و میللەتێکی موعەیەن و موشەخەس هەڵدەقوڵێ، دیاری دەکا. ئەمەش لەسەر بنچینەی وەزعییەتی ئەو گەل و میللەتە دادەمەزرێ. چونکە لە تەواوی کۆمەڵەکانی چینایەتیدا پێگەیشتنی ئەدەبیاتی میللی تاقە ڕەوت و جەرەیانێک نییە. «لێنین» دەنووسێ: «لە تەواوی ئەدەب و کولتوورەکانی میللیدا، دوو ئەدەب و کولتوور هەیە».

مێژووی ئەدەب لە کۆمەڵی چینایەتیدا، خەباتی چینەکانی بنەڕەتی لە دژی وەزع و هەڵوێست گرتنی دژی وەزع لە ئەدەبدا- ڕوون دەکاتەوە. پێگەیشتنی میتۆدە جیاوازەکانی هونەری، جەرەیانەکانی ئەدەبی، وە تێپەڕبوونی مێژوویی ڕێبازە جیاوازەکانی ئەدەبی نیشان دەدات. گەلێ ئەرکی دیکەشی لە ئەستۆیە، کە لێرەدا دەرفەتی لێدووانیان نییە.

ئێستا لەژێر تیشکی ڕەخنەی ئەدەبی و، مێژووی ئەدەبدا، بە پێی ئەو پرسیارە لە بارەی کورتەچیرۆکی ئەم ئەرکانە دێنە پێشەوە:

١. لە ڕوانگەی سوود و مەسڵەحەت ژیانی کۆمەڵایەتی ئەم ڕەخت و زەمانەوە لە کورتەچیرۆکی کوردی بکۆڵینەوە، وە لەگەڵ لەبەرچاو گرتنی گرنگترین مەسەلەکانی ئەم سەردەمە – نرخی بۆ دانێین.

٢. ڕوونی کەینەوە کورتەچیرۆک تا چ ڕادەیەک کۆمەکی چارەکردنی ئەو مەسەلە ژیانییانەی گەلی کورد دەکا؟

٣. ئەو ئاکارانە لە کورتەچیرۆکدا نوێندراون، یان ئەو دیمەنانەی لەودا کێشراون و تا چ ڕادەیەک ڕاستەقینەن؟

٤. نووسەرەکانی ئەو کورتەچیرۆکانە توانیویانە بە بەکارهێنانی وەسائیلی هونەری بگەنە ئەو ئامانجانەی بۆ خۆیانیان داناوە یان نا؟

٥. ڕادەی چلۆنییەتی بیروڕای هونەرییان چۆنە؟

٦. لایەنە ئیجابییەکانیان و کەموکوڕییەکانیان کامانەن؟

٧. پێگەیشتنی کورتەچیرۆکی کوردی لە کاتی پەیدابوونییەوە تا ئەمڕۆ چۆن بووە؟

٨. پایە و گرنگی نووسەرەکانی کورتەچیرۆک چۆنە؟

٩. میتۆدە جۆربەجۆرەکانی کورتەچیرۆکی کوردی کامانەن؟

١٠. پێوەندی کورتەچیرۆکی کوردی لەگەڵ تایبەتییەکانی ئابووری، سیاسی، کولتووری وە ئاڵوگۆڕەکانی دیکەی ژیانی گەلی کورد چۆنە؟

١١. کورتەچیرۆکی کوردی لە کام ئەدەبی دیکە تەئسیری وەرگرتووە، وە داخۆ تەئسیری کردۆتە ئەدەبی خەڵکی دیکە؟

١٢. لە کورتەچیرۆکی کوردیدا «بە ناوی ئەوە کە بەشێکە لە ئەدەبی کۆمەڵێکی چینایەتی، وە دەبێ دوو چەشنە کولتووری تێدا ببێ» دوو چەشنە کولتوورەکە کامانەن؟

١٣. خەباتی نێوان چینە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵی کوردی، لە کورتەچیرۆکدا چۆن خۆی دەنوێنێ؟

١٤. هەڵوێست گرتنی دژی وەزع لە کورتەچیرۆکی کوردیدا چۆنە؟

١٥. جەرەیانەکانی ئەدەبی لە کورتەچیرۆکی کوردیدا؟

١٦. تێپەڕبوونی ڕێبازە جیاوازەکان لە کورتەچیرۆکی کوردیدا؟

ئەمانە لانی هەرە کەمی ئەو پرسیارانەن کە ڕەخنەی ئەدەبی و مێژووی ئەدەب، لە بارەی کورتەچیرۆکی کوردی دەیانهێننە پێشەوە. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستە هیچ نەبێ بەشی هەرە زۆری کورتەچیرۆک لەبەر دەستدا بێ، وە لە یەک بە یەکیان بکۆڵرێتەوە تا بتوانرێ بڕیارێکی گشتی بدرێ. هەزار حەیف و داخ من هیچی وام بەلاوە نییە! ئەگینا هەرچەند نەخۆشی و کار کەمتر وەختم بۆ دەهێڵنەوە، دیسان پەلەقاژەیەکم هەر دەکرد.

بەڵام لەژێر تیشکی ئەو قانوونیاتییە ئەدەبییەدا کە باسمان کرد دەتوانین بڵێین:

گەلی کورد گەلێکە لە نیزامی فیئۆدال- بورژوائی دەژی. وە چەند چینی جۆربەجۆری تێدا هەیە: ورزێڕ و دەرەبەگ وە توێژەکانی سەر بە چینی دەرەبەگ، چینی کارگەر کە تازە خەریکە سەقامگیر دەبێ، وە چینی بورژوا بە توێژەکانی سەربەخۆیەوە.

چینەکانی وەرزچینەکانی وەرزێڕ و کارگەر و بورژوا سوود و قازانجیان پێویست دەکا لە دژی دەرەبەگ خەبات بکەن. دەرەبەگیش لە دژی ئەوان هەڵدەسووڕێ و چینەکانی کارگەر و وەرزێڕیش مەسڵەحەتیان پێویست دەکا دژی بورژواش تێکۆشن، ئەمیش لە دژی ئەوان هەڵدەسووڕێ.

گەلی کورد بە گشتی بە هەموو چین و توێژەکانییەوە لە پێناوی مافی نەتەوایەتیدا تێدەکۆشێ. ئەم نەژاد و خەباتانە دەبێ هەموویان لە ئەدەبی کوردیدا «وە کورتەچیرۆکیش بەشێکە لەو» خۆیان بنوێنن.

جگە لەمانە هێندێ نووسەری بێ چین و کەمتەرخەمیش هەن کە گوێ نادەنە ژیانی کۆمەڵایەتی، وە بیریان بە ژیانی خۆیانەوە خەریکە، ئەمانیش هەستی دەروونی خۆیان «دڵداری بێ، تێشکان بێ لە ژیاندا، یا خۆشی و ناخۆشی ژیانی تاکی بێ» لە کورتەچیرۆکدا دەردەبڕن.

کۆمەڵی کورد لە حاڵی تێپەڕبوون «انتقالعەرەبی» دایە، نیزامی دەرەبەگی هەڵوەشاوە چینی کارگەر زۆر پەرەی نەسەندووە، چینی بورژوا بە تەواوەتی سەقامگیر نەبووە، وە ناشتوانێ سەقامگیر بێ، چونکە کشان بۆ لای سوسیالیزم زۆر بە تەوژمە، لەبەرئەوە لە کورتەچیرۆکیشدا وەکوو تەواوی ئەدەبی کوردی گەلێ جۆرە بیروڕای جیاواز سەرهەڵدەدات وە هەر بەو جۆرە کە چینەکان خۆیان لە حاڵی شلیکدان، ئەمیش هێشتا شلکە، تەبیعییە ئەمەی کە دەیڵێین بە چەشنی گشتییە، ئەگینا ئەگەر قسە لە تاک تاکی کورتەچیرۆکەکان بێ. هی پێگەیشتوویان زۆر تێدا هەیە.

نووسەرەکانیش بە پێی وەزعی چینایەتی و ژیان و وریایی سیاسی خۆیان لە تەزادەکان و خەباتەکانی نێوان ئەو چینانە تەئسیر وەردەگرن، وە ئەم تەئسیرە لە چیرۆکرکانی ئەواندا بە جۆرێک لە جۆران خۆی دەنوێنێ. ئەو تەئسیرە لە چیرۆکەکانی ئەواندا بە جۆرێک لە جۆران خۆی دەنوێنێ. ئەو خەباتانەی خۆیان لە چیرۆکدا دەنوێنن زۆربەیان پێشکەوتووانەن. خەباتی گەل بە گشتی لە پێناوی مافە ڕەواکانی نەتەوایەتیدا، خەباتی وەرزێڕ و کارگەر و بۆرژوا لە دژی دەرەبەگایەتی وە خەباتی کارگەر و وەرزێڕ لە دژی بورژوازی. لەبەرئەمە کورتەچیرۆکەکانیش زۆربەیان لە باری ناوەڕۆکەوە پێشکەوتووانەن.

لە باری شێوەوە:

ڕاستەکەی ئەوەیە نەمتوانی بە وردی بزانم مەبەست لە شێوە چییە. وە لە جیاتی کام زاراوەی ئەدەبی بەکار هێنراوە. داخۆ مەبەست لە شێوە «ستیل» ە، «کومپوزیسیون» ە، فۆڕمە، یان زمانی هونەرییە؟ بەهەر جۆر با وای دانێین کە بە مانای قاڵبی داڕشتنی چیرۆک بێ.

ئێستا ئەگەر بگەڕێینەوە سەر وەڵامی پرسیارەکە، کە «کورتەچیرۆکی کوردی لە باری شێوە و ناوەڕۆکەوە بە چەند دەورا تێپەڕیوە؟ لام وایە دەتوانین بە چەشنی گشتی» بڵێین:

١. لە وارگەی «زەو- تولد» تێپەڕیوە.

٢. لە دەوری کاڵ و کرچی و ساوایی تێپەڕیوە و گەیشتۆتە وارگەی لاوێنی.

٣. لە وارگەی بێ ئامانجی و نووسین بۆ نووسین تێپەڕیوە و گەیشتۆتە وارگەی ئامانجداری.

٤. لە باری «شێوە- قاڵبی داڕشتنەوە» لە شێوەی نەقڵ و حیکایەت تێپەڕیوە و کەوتۆتە قاڵبی تازەوە.

٥. لە یاری کردن بە وشەش، زۆربەیان ڕزگاریان بووە.

پرسیاری پێنجەم: ئەمڕۆ چیرۆکی تازەی کوردی چۆن دەبینن؟

لام وایە وەڵامی پرسیاری چوارەم، وەڵامی ئەم پرسیارەشی تێدابوو.

بەڵام دەتوانین شتێکی لێ زیاد کەین و بڵێین:

کورتەچیرۆکی کوردی لەگەڵ ئەوە کە لە توێی تێکڕای ئەدەبی کوردیدا خنکێنراوە تاقە چەند ساڵێکە دەرەتانی خۆنواندنی هەیە لە چاو کورتەچیرۆکی فارسی و عەڕەبی کە ئەو هەموو دەرەتانە بێ سنوورەیان هەبووە و هەشیانە، بەش بە حاڵی خۆی زۆر لە دووا نییە. ئەمەی کە دەیڵێن دیارە لە باری کەیفییەت و چلۆنایەتییەوەیە، نەک لە باری کەمییەت و چەندایەتییەوە.

کورتەچیرۆکی کوردی دواڕۆژێکی ڕووناکی بۆ چاوەڕوانی دەکرێ، وە هیواداری ئەوەی لێ دەکرێ کە بە خێرایی پێ بگات. بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەش کە کورتەچیرۆکی باشمان هەیە، کورتەچیرۆکی واشمان زۆرە کە بە سەنگ و تەرازووی تیئۆری ئەدەبی نایەتەوە، هی واشمان کەم نییە کە فۆرمالیسم و سیمبۆلیسم و شتی وا وەبیر دەخەنەوە. دەردی ئەمانە هیچیان زۆر گران نییە، بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار هەموو شتێک جێگای خۆی دەگرێتەوە. بەڵام دەردی زمانی گەلێ لە کورتەچیرۆکەکان زۆر گرانە. لە ڕاستیدا زمانی گەلێ لەو چیرۆکانە کەمتر لە زمانی عادەتی کوردی دەچێ، دەڵێی کەسێکی بێگانە، کە تەواو کوردی فێر نەبووبێ نووسیونی. ئەم دەردە دەردێکی زۆر گرانە ئەگەر بێت و چارەی نەکرێ، وە هەروا بڕوات لەوانەیە زمانەکە بشێوێنێ. یان بە لانی کەمەوە ڕەنجی ئەو نووسەرانە بە فیڕۆ دەڕوات و کەس نووسراوەکانیان ناخوێنێتەوە.

لە کۆتاییدا پێویستە بڵێم لەبەرئەوە کە دەستم ناگاتە کورتەچیرۆکەکان نەمتوانی بۆ هەر مەبەستێک لەو مەبەستانەی باسم کردن نموونە پیشان بدەم. ئەگەر چیرۆکی زۆریشم بەلاوە بوایە دیسان لێرەدا مەیدانی ئەو هەر نەدەبوو. چونکە باسەکە پتر لەوەی کە دەرفەت هەیە درێژ دەبووەوە.