هەندێ زانیاری مارکسی-لێنینی

چەند دەرسێکی سەرەتاییە
لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 44 خولەک  1644 بینین

چەند وشەیەک:

مامۆستا حەسەنی قزڵجی کە ئامادەکاری ئەم دەرسانەیە، چیرۆکنووس و ئەدیب و نووسەر و سیاسەتمەدارێکی ناسراوی کوردی کوردستانی خۆرهەڵاتە و ساڵانێک بەرپرسی بەشی کوردیی ڕادیۆی «پەکی ئێران» بوو. لە دەمێ ساڵەوە برادەریمان بەهێز بوو، هەر بەو هۆیەشەوە ئەو دەرسانەی «هەندێ زانیای مارکسی-لێنینی» کە بۆ خوێندنەوە لە ڕادیۆی پەکی ئێرانەوە ئامادەی کردبوون و کاتی خۆی پێشکەش کران، بە خەتی خۆی کەوتنە لای من و بە زمانێکی سادە و کوردییەکی ڕەوان نووسیونی و، هەرچەندە لە ساڵانی کۆتایی شەستەکاندا پێشکەشی کردم، پاراستوومن و چەند جارێک بە شێوەی جۆربەجۆر سوودمان لێ وەرگرتوون و ئێستا وا بەم شێوەیە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە، ئەمەش لەسەر پێشنیار و نووسینەوەی کە کۆمپیوتەر و ڕێکخستنەوەی هاوڕێی بەڕێزم ئازادی نووری سەید وەلییە و، هیوادارم وێڕای تێپەڕ بوونی ئەوەندە ساڵە، کە زۆر شت گۆڕدراون، کەڵکی خۆیان لە دەست نەدابێ و سەرەتایەک بن بۆ فێربوونی ئەو زانیارییانە و پاشان بۆ قووڵبوونەوە تیایاندا، بە سوود وەرگرتن لە زۆر سەرچاوە کە لەبەردەستدان.

مامۆستای زانا و ئەدیب حەسەنی قزڵجی کە ئەندامی ڕابەرایەتی حزبی توودەی ئێران بوو، قارەمانانە لەژێر ئازاردا لە بەندیخانەیەکی تاراندا شەهید کرا. یەکێک لە بەرهەمە بەنرخەکانی قزڵجی نەمر کۆمەڵە چیرۆکی «پێکەنینی گەدا» یە کە نووسەرانی کورد دەزانن چ شوێنێکی دیاری لە چیرۆکنووسی کوردیدا هەیە.

نووسینی: جەلال دەباغ یەکەمی ئایاری ٢٠٠٢

هەندێ زانیاری مارکسی لێنینی دەرسی یەکەم: دنیابینی چییە؟

دنیابینی مانای تێکڕای بیروڕای کەسێک یان کۆمەڵێک دەربارەی سروشت و کۆمەڵ. ئەم دنیابینییە یان بە جۆرێکی زانستی و زانیارییە، یاخود پێچەوانەی زانستە و نازانیارییە.

دنیابینی نازانیاری:

بنچینەی لەسەر قبووڵکردنی ڕادێرانەیە...

دنیابینی زانیاری:

بنچینەی لەسەر دەلیلی عەقڵی دامەزراوە... بە تەجروبە سەلمێنراوە و بە واقعییەت و ڕووداو پتەو بووە.

-مارکسیزم- لێنینیزم: کۆمەڵێک بیروڕای زانیاری و بە یەکەوە چەسپاوە دەربارەی قانوونەکانی بزووتن و گۆڕانی دنیا و کۆمەڵ. دەربارەی ئەوەی چۆن لە کۆمەڵێکی دامەزراودا لەسەر خەباتی چینایەتی و چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە و دیلی و گیرۆدەیی نەتەوەیەک بە دەست نەتەوەیەکی ترەوە. دەتوانرێ کۆمەڵێکی ئازاد لە ناکۆکییەکانی چینایەتی و دوور لە چەوساندنەوە و ڕەنج خۆری و ڕزگار لە دیلی و گیرۆدەیی نەتەوایەتی پێکبهێنرێ.

- ڕێوشوێنی بنچینەی مارکسیزم- لێنینیزم... کارڵ مارکس و فردریک ئەنگلس و ڤلادمێر ئیلیچ لێنین ڕێکیان خستووە.

- مارکس بۆ دانان و ڕێکوپێک کردنی بیروڕای خۆی لە سێ چاوگە کەڵکی وەرگرتووە کە ئەمانەن:

١. ئابووری ئنگلیز: واتە لە بیروباوەڕی ئابووری زانەکانی ئنگلیزەکان وەک «ئادەم سمیت و ڕیکاردۆکەس».

٢. فەلسەفەی ئەڵمانی. واتە لە بیروباوەڕی فەیلەسووفەکانی ئەڵمانی وەک: «هیگڵ و فۆیەرباخکەس».

٣. سۆسیالیزمی فەڕەنسایی... واتە لە بیروباوەڕی ئیشتراکییە خەیاڵییەکانی فەڕەنسایی وەک «سان سیمۆن و فوریە».

-مارکس و ئەنگڵس لە سەردەمی سەرمایەداری پێش ئیحتیکاردا دەژیان و تێدەکۆشان... بیروڕای خۆیان لەو سەردەمەدا دەربڕی کە سەردەمی بووژاندنەوە و بە خۆداهاتنی سەرمایەداری و سەردەمی چاودێڕی و مل ملەی ئازاد بوو.

-لێنین لە سەردەمی سەرمایەداریی ئیحتکاردا دەژیا و تێدەکۆشا... و مارکسیزمی بەسەر سەردەمی پێگەیشتن و بووژانەوەی تێکەڵ بە کارەساتی سەروبەندی شەڕەکان و شۆڕشەکاندا تەتبیق دەکرد.

- مارکسیزم. لێنینیزم لە سێ بەشی گرنگ پێکهاتووە: فەلسەفە. ئابووری و سۆسیالیزم.

مارکسیزم- لێنینیزم... دوای مارکس و ئەنگلس و لێنین بە هۆی تیئۆری زان... یانی زانا و خاوەن بیروڕاکانی تری مارکسی-لێنینی و بە هۆی حزبە کۆمۆنیستەکانی دنیاوە پەرەی گرت و بەسەر وەزعی ڕۆژگاری ئێمەدا کە سەردەمی ڕزگاری نیشتمانییە... سەردەمی ڕووخاندنی موستەعمرات و ئیمپریالیزمە... سەردەمی پەیدابوون و پەرەگرتن و پتەوبوونی ڕژێمی سۆسیالیستی جیهانە... تەتبیق کرا.

مارکسیزم- لێنینیزم دنیابینی تەواوی حزبە شۆڕشگێڕە کارگەرییەکانی چەشنی نوێیە... ئەو حزبانە بە پێی ئەم دنیابینییە علمییە دیاردە قورس و گرانەکانی کۆمەڵایەتی لێک ئەدەنەوە... ستراتیژی و تاکتیکی خۆیان ڕێک دەخەن و دروشمەکانی دوور و نزیکی خۆیان ڕوون دەکەنەوە.

-مارکسیزم- لێنینیزم چەکێکی کاریگەری وایە ئەگەر لە جێی خۆیدا و بە چاکی کەڵکی لێ وەربگرێت دەتوانێ ببێتە هۆی سەرکەوتنی حزبی چینی کرێکار. مەسەلەی تەتبیقی دروستی دنیابینی مارکسی لێنینی مەسەلەیەکی زۆر گرنگ و دژوارە...

-هەر کەسێکی شۆڕشگێڕ پێویستە دنیابینی مارکسی لێنینی فێربێت و بە چاکی وەری بگرێت و بە قووڵی تێی بگات. ئەگەر مارکسیزم- لێنینیزم باش فێر نەبین و قووڵی وەری نەگرین... هەروا نەختێکی لێ بزانین و زانینەکەشمان سەرزارەکی و کتێبی بێت... جگە لەوە کە سوود و کەڵکێک ناگەیەنین، زیانیش ئەدەین.

ئەمە زانست و فێرکردێکی گەورە و بەرزە بەڵام وەرگرتن

و تێگەیشتنی گران و زەحمەت نییە... چونکە حەقیقەتە... حەقیقەتیش هەمیشە سادە و ڕۆشنە.

دەرسی دووەم: دیالەتیک چییە؟

فەلسەفەی مارکسی، ناوی ماتێریالیزمی دیالەکتیکە... فەلسەفەی مارکسی لە سێ بەشی گرنگ پێکهاتووە...

١. ئسلووبی دیالەکتیک

٢. ماتێریالیزمی فەلسەفی.

٣. ماتێریالیزمی مێژوویی.

ئسلوبی دیالەکتیک: نیشانی ئێمەی ئەدات کە تەبیعەت و کۆمەڵ بە پێی چ جۆرە یاسایەک لە بزووتنەوە و ئاڵوگۆڕدان... فێربوونی ئسلوبی دیالەکتیک بۆ تێگەیشتنی دروستی دیاردەکانی تەبیعەت و کۆمەڵیەتی و بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم دیاردانە پێویستە. ڕاستە ئەگەر کەسێک زۆر خاوەن تەجرەبە و وردبێت و مەبەستێک باش موتاڵا بکات و نیازێکیشی نەبێ لە خۆیەوە بە چەشنی دیالەکتیک بیردەکاتەوە... بەڵام بەهەر جۆر زانینی یاساکانی دیالەکتیک و بەکارهێنانی وریایانەی ئەم یاسایانە و بۆ بیرکردنەوەی دروست و چارەکردنی ڕاست و دروستی مەسەلەکانی کۆمەڵ دەکات.

یەکێ لە فەیلەسووفەکان دیالەکتیکی ناو ناوە ڕیازیاتی شۆڕش. واتە بۆ ئەوە کە شۆڕشێک بتوانێ مەرجەکانی شۆڕش و ڕاپەڕین بە چاکی حساب بکات دەبێ ئەو ڕیازیاتە باش بزانێ.

دیالەکتیک چوار یاسای گرنگی هەیە:

یاکەم: یاسای پەیوەندییە «قانون الترابطعەرەبی»: واتە ئەم یاسایە ئەمەیە کە سەرانسەری دنیا... گیاندار و بێگیان بە یەکەوە پەیوەندی هەیە و لە یەکتردا موئەسر و کاریگەرە... تەواوی دنیا ئەشکالی جۆربەجۆری مادەیە کە دەگۆڕدرێ و پێدەگا... ئەگەر لە دنیادا شتی جۆربەجۆر چلۆنایەتی وەک «جمادعەرەبی» و ڕەقینی و «نباتعەرەبی» و شیناوەرد... «حيوان-انسانعەرەبی» لە مادی و مەعنەوی دەبینین... لەبەر ئەوەیە کە بینای مادە تا دێ تێکەڵ و پێچراوەتر دەبێ... ئەم جۆربەجۆرییە دەلیلی ئەوە نییە کە دنیا لە شتێ بە تەواوی جیاوازی وا بە یەکەوە پەیوەندییان نەبێ، پێکهاتووە. لە زەمانی زوودا بە لایانەوە وابوو کە جسم و گیان دوو شتی بە تەواوی لێک جیاوازن. ئەمڕۆ دەزانین کە فکر و گیان خاسییەتی ئەو مادەیەیە کە بێناو پێکهاتێکی یەکجار زۆر گران و پێچراوەی هەیە... و شتێک نییە لە مادە جیاواز بێت.

دووەم: یاسای بزووتنەوە و گۆڕان «قانون الحركه والتغييرعەرەبی»:

واتە ئەم یاسایە ئەمەیە کە سەرانسەری ئەو دنیایەی کە بە یەکەوە چەسپاوە و پەیوەندی هەیە وەکوو یەک دەزگا وایە لە حاڵی بزووتنەوە گۆڕانی هەمیشەییدایە. هیچ شتێک لەم دەزگایەدا بە حاڵێک و بە چەشنێک نامێنێت. «سکوون و نەگۆڕان» ڕواڵەتە. ئەسڵ بزووتن و گۆڕانە.

سێیەم: یاسای کێشە و ناکۆکی «التناقضعەرەبی»:

لە یاسای یەکەم و دووەم تێگەیشتین کە سەرانسەری دنیا دەزگایەکی بە یەکەوە چەسپاوی وایە کە دەگۆڕدرێ.

ئێستا ڕەنگە ئەم پرسیارە بێتە پێشەوە: بۆچی دەگۆڕدرێ؟ لە زەمانی زوودا کە وەڵامی ئەم پرسیارەیان نەدەزانی خۆیان ئاسوودە دەکرد و ئەیانگوت بزوێنەرێکی یەکەم هەیە ئەم جووڵە و بزواندنەی دەستپێکردووە... بەڵام دواجار ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە: ئەو بزوێنەری یەکەمە کێ خستوویەتییە جووڵانەوە و بزووتن؟ کە وابوو ئەم وەڵامە بۆ قبووڵ کردنی نابێ. دیالەکتیک دەڵێ «گۆڕان و بزووتن» هەر لە ناو مادەدایە... یا بە جۆرێکی تر بڵێین «جووڵاندن و بزووتن» «ذاتیعەرەبی» یەو لە خۆوەیە. جووڵە و بزووتن بە واتای ئەوەی کە شتێک خەریک دەبێ ببێتە شتێکی دیکە... یا بە چەشنێکی تر جیاوازی و کێشە و ناکۆکی پەیدا ئەبێت. لە هەموو شتێک و دیاردەیەکدا هەمیشە شتێک خەریکی پەیدابوون و بەخۆداهاتنە و شتێک بەرەو نەمان و فەوتان دەڕوات... «تازە و کۆنە»... «ڕابردوو و داهاتوو» خەریکی خەباتن لە دژی یەکتر... ئەم خەباتەیە کە «گۆڕان و بزووتن» ی پێکهێناوە.

چوارەم: یاسای پێگەیشتن «التطورعەرەبی»:

واتای ئەم یاسایە ئەوەیە کە بزووتن و گۆڕان ئەنجامی کێشە و ناکۆکی دەروونی شتەکان و دیاردەکانە... دووپات بوونەوەی وەزعی پێشوو نییە... بەڵکوو هەمیشە بارودۆخێکی تازە و تەواوتر و پێچراوەتر پێکدێنێ. «مادە» لە سادەوە بەرەو پێچراوە... لە نزمەوە بەرەو بەرز دەبزوێ. لە بێگیان گیاندار... لە ئاژەڵ مرۆڤ. لە مرۆڤی پێشینان کۆمەڵی ئەمڕۆکە پێکهاتووە. گۆڕان لە سەرەتاوە دیار نییە و نابینرێ بە شێنەیی پێئەگات. لە پاشدا کە گۆڕان گەیشتە ڕادەیەکی تایبەتی. ڕاپەڕین یان بازدان پێکدێت و گۆڕانێکی خێرا لە کەیفییەتدا ڕوو ئەدات. ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشی ڕووئەدا و کەیفییەتێکی تازە پەیدا ئەبێ. ئەگەر ئەم یاسایەی دیالەکتیک بە چاکی بە کار بێنین دەتوانین هەر دیاردەیەک بە قووڵی لێکبدەینەوە.

دەرسی سێیەم: ماتێریالیزمی فەلسەفی

وتمان دنیابینی لە سێ بەش پێکهاتووە: «فەلسەفە- ئابووری- سۆسیالیزمی زانستی» وتیشمان کە فەلسەفەی مارکسیزم سێ بەشی گرنگی هەیە: «ئسلوبی دیالەکتیک- ماتێریالیزمی فەلسەفی- ماتێریالیزمی مێژوویی» ئسلوبی دیالەکتیک و چوار یاساکەی فێر بووین... ئێستا دەمانەوێ کەمێک لەسەر ماتێریالیزمی فەلسەفی دەڵێ: دنیا مادەیە و هیچ کەسێک ئەوی دروست نەکردووە... هەمیشە لە ڕابردوودا بووە و لە داهاتووشدا هەر دەبێ. چونکە تەجروبە نیشانی داوە کە هیچ شتێک لە عەدەم و نەبوونی موتڵەقەوە نایەتە وجوود و مەوجوودێکیش نییە کە ببێتە عەدەمی موتڵەق. ئێستا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە: مادە چییە؟

لێنین مادەی ئاوا تەعریف کردووە «ئەو واقعیەتەیە کە لە دەرەوەی ڕۆح، سەربەخۆ لە فیکر و شعووری ئێمە وجوودی هەیە و ئێمە ئەو بە حەواسی خۆمان دەرک دەکەین» فەلسەفە ئەرکی سەرشانی نییە کە بڵێ مادە لە چی دروست کراوە. زانستە کە پلە بە پلە بێناو لێ پێکهاتنی مادە «سلوول، ملوکوول. ئەتۆم و تۆسکاڵە سەرەتاییەکانی ناوەوەی ئەتۆم ئەنەڕژی» دەدۆزێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئێمە زیاتر لە مادە تێدەگەیەنێ.

شعوور: کە بە چەشنی کەموکوفڕ سەرەتایی لە ئاژەڵدا و بە چەشنێکی تەواو پێگەیشتوو لە مرۆڤی شارستانیدا هەیە. ئەنجامی پێگەیشتنی دوور و درێژی مادەیە و خاسییەتی مادەیەکی زۆر ڕێکوپێک و یەکجار پێچراوەیە کە پێی ئەوترێ مێشک.

تێگەیشتنی ئەمە کە چۆن مرۆڤ هەڵدەسووڕێ، دەدوێ، بیردەکاتەوە، خۆ دەبینێ، ژیانی داهاتوو نەخشە دەکێشێ و تێبینی دەکا. لە ڕابردوودا بۆ مرۆڤ دژوار بوو. لەبەر ئەوە وای دەزانی کە شعوور خاسییەتی ڕۆحە و ڕۆحیش شتێکی ئاسمانی و غەیبی و نهێنییە. بەڵام زانستی ئەمڕۆ ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن سلوولەکانی مێشکی مرۆڤ کە ناویان «لۆزۆنە» وێنەی واقعی دەرەوە پێچەوانە و جێگیر دەکەن... چۆن ئەو وێنانە لێک هەڵدەهاوێرن و تێکیان دەخەن. مرۆڤ بە دۆزینەوەی ئەم یاسایە ئەمڕۆ خۆی ئامێری قسەکەر و بیرکەرەوە دروست دەکات کە پێیان دەگوترێ «سیبرنێتیک – بیۆنیک».

بەم پێیە یەکەم مادە بێگیان بوو. لە پاشان مادەی گیاندار پەیدابوو... یەکەم مادە بێشعوور بوو. لە پاشان مادەی خاوەن شعوور پەیدابوو. لەبەر ئەمە مادە لە پێش شعوورەوەیە... ئەوانەی لایان وایە مادە لە پێش شعوورەوەیە پێیان ئەوترێ «ماتێریالیست» واتە مادییەکان. و ئەوانەی لایان وایە شعوور لە پێش مادەوەیە پێیان ئەوترێ «ئایدیالیست» واتە میسالییەکان.

ئایدیالیزم چەوتە و زانستی ئەمڕۆ بە تەواوی ڕەتی کردۆتەوە. مەبەستێکی تر کە «ماتێریالیزم» دەری ئەخات ئەوەیە کە مادە هەمیشە لەگەڵ کات و جێگا و بزووتندا هاوڕێیە.

بزووتن بێ مادە و مادە بێ بزووتن وجوودی نییە و بزووتن شێوەی وجوودی مادەیە. مادە بێ زەمان و مەکان... و زەمان و مەکان بێ مادە وجوودی نییە. زەمان و مەکان شکڵی وجوودی مادەن.

دەرسی چوارەم: تیئۆری و پراکتیک «النظريه و التطبيقعەرەبی»

لە دەرسی پێشوودا زانیمان کە مادە چییە... چەشنی بوونی چۆنە... شێوەکانی بووی ئەو کامانەن. ئێستا هەندێک تەعریفی شعوور دەکەین. شعووری مرۆڤ بەرووبوومی ئینعکاسی دنیای دەرەوەیە لە مێشکی مرۆڤدا. مرۆڤ بە یارمەتی شعوور دنیای دەرەوە دەناسێ. لە جەرەیانی کار و تێکۆشان و پراکتیکدا دنیا دەناسێ. لە پراکتیک یان کار تیئۆری پەیدا دەبێ بە نۆرەی خۆی زانست یا تیئۆری پراکتیک یا کار ڕێنوێنی دەکات. زانست و کار یا تیئۆری و پراکتیک پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و نەپساوەیان بە یەکەوە هەیە. ئەمە لەو مەسەلە گرنگانەیە کە پێویستە هەمیشە لەبیر بێت.

پراکتیک یان عەمەلی مرۆڤ سێ شێوەی گرنگ و بنەڕەتی هەیە:

١. بەرهەمهێنانی مادی چ پیشەسازی و چ کشتوکاڵی.

٢. تەجربە و لێکۆڵینەوەی زانستی.

٣. خەباتی چینایەتی.

تیئۆریش سێ شێوەی گرنگ و بنەڕەتی هەیە:

١. زانستەکانی کۆمەڵایەتی و سروشتی.

٢. ئایدیۆلۆژیای سیاسی و کۆمەڵایەتی کە تێکڕای بڕوا و بیروڕای یەک یا چەند چینێکە لەمەڕ کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی.

٣. دنیابینی کە لە دەرسی یەکەمدا باسمان لێکرد.

جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی بە بێ تیئۆری شۆڕشگێڕی ناتوانێ ڕێگای خۆی بۆ پێشەوە بکاتەوە. دەڵێن: جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی کەشتییە و تیئۆری قیبلەنمایە. قیبلەنما بێکەشتی ژەنگ هەڵدێنێ. کەشتیش بێ قیبلەنما ڕێ هەڵە دەکات.

زانستی سروشت و کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ گرنگییەکی مەزنیان پەیداکردووە. لە سەردەمی ئێمەدا ڕاستەوخۆ بوونەتە بەشێکی هێزەکانی بەرهەمهێنەر و بزوێنەری گرنگی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتین... واتە ئەمڕۆ ئیتر پێگەیشتن و بەخۆدا هاتنی هێزەکانی بەرهەمهێنەر بە بێ ڕێنوێنی و ڕابەری و هاوبەشی ڕاستەوخۆی زانست مومکین نییە. ئەمڕۆ ئەزموونە زانستییەکان بە توندی بوونەتە سەنعەتی و بە کۆمەڵ و ئیتر عالمی تەنیا کارێکی پێ ناکرێ. بۆ ناسینی دنیای دەرەوە شعووری مرۆڤایەتی لە دوو قۆناغدا کار دەکا. یەکەم قۆناغی حسی «درک کردنفارسی» و دووەم قۆناغی عەقڵی.

لە قۆناغی حسیدا مرۆڤ بە حەواسی خۆی دنیای دەرەوە هەست دەکا. لە قۆناغی عەقڵیدا ئەوەی هەست و دەرکی کردووە دەخاتە شکڵی مەفاهیمەوە و لە کۆکردنەوە و هەڵاواردنی ئەم مەفهوومانە ئەحکامی مەنتیقی دەسازێنێ و نەتیجەی مەنتیقی وەردەگرێ... جووڵانەوەکانی کۆمەڵایەتیش بە قۆناغی حسی و قۆناغی عەقڵیدا تێدەپەڕن. لە قۆناغی حسیدا تین و تاو و سۆز بەسەر خەباتکەرانی جووڵانەوەدا زاڵ دەبێ و تێگەیشتنی واقعییەت بە باری ئیحساساتدایە. لە قۆناغی عەقڵی جووڵانەوەکاندا تێدەکۆشین تا یاساکانی لەمەڕ جووڵانەوەی کۆمەڵایەتی بە قووڵی تێبگەن و خەبات بە باری دروست و واقعبینیدا بەڕێ بکەن. ئەم مەبەستانە کە وتمان «تیئۆری ناسی» ناوە و بەشێکە لە ماتێریالیزمی فەلسەفی.

دەرسی پێنجەم: ماتێریالیزمی مێژوویی

ماتێریالیزمی مێژوویی چییە؟

ئێمە ئەگەر یاساکانی دیالەکتیک بەسەر ڕەوتی کۆمەڵدا تەتبیق بکەین و، لەم ڕوانگەیەوە دیاردەکانی مێژوویی مرۆڤ و کۆمەڵی مرۆڤایەتی سەرنج بدەین فەلسەفەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەتیمان دەست دەکەوێ کە پێی ئەڵێن ماتێریالیزمی مێژوویی.

ماتێریالیزمی مێژوویی لە ڕاستیدا کۆمەڵ ناسینی مارکسیستییە. ئەم کۆمەڵ ناسییە تەواوترین و وردترینی کۆمەڵ ناسییەکانە. سەرمایەدارەکان نایانەوێ چۆنییەتی و ناوەڕۆکی دیاردەکانی کۆمەڵایەتی بەو چەشنەی کە هەیە ئاشکرا بێ. لەبەرئەوە لە وڵاتەکانی سەرمایەداریدا جامعە و کۆمەڵناسی بە لێکۆڵینەوەی تەجربی تەنگەبەر بەس دەکا و یاساکانی ڕەوتی مێژوو دەرناکێشێ.

مارکسیزم بە پێچەوانەی ئەوە ئەیەوێ ئەم یاسایانە بخاتە ڕوو چینەکانی شۆڕشگێڕ بەم یاسایانە ئامادە بکات تا ئەوان بەسەر ڕەوتی لەخۆوەی مێژوودا زاڵ بن و دەستیان بگاتە هونەری شۆڕش و کۆمەڵی تازە دامەزرێنن... بە پێی ماتێریالیزمی مێژوویی دەزگای جامعە و کۆمەڵی مرۆڤ لە دوو بەشی گرنگ و بنەڕەتی پێکهاتووە.

یەکەم: ژێربینا «البنيه التحتيهعەرەبی» یاخود وجوودی مادی کۆمەڵ

دووەم: سەربینا «البنيه الفوقيهعەرەبی» یاخود شعووری کۆمەڵ

ژێربینا... تێکڕای پەیوەندییەکانی ئابووری کۆمەڵێکی تایبەتییە کە لە هێزەکانی بەرهەمهێنەر و پەیوەندییەکانی بەرهەم پێکهاتووە. هێزەکانی بەرهەمهێنەر بریتین لە مرۆڤەکانی بەرهەمهێنەر لەگەڵ ماشینەکان یان ئالەت و ئامرازەکانی بەرهەم، بەڵام پەیوەندییەکانی بەرهەم، واتە پەیوەندییەکانی موڵکایەتی، یانی ئەمە چ کەسێک خاوەنی ئامراز یان ماشینەکانی بەرهەمهێنەرە لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵدا لە کاتی بەرهەمهێناندا چ چەشنە پەیوەندییەک هەیە. پەیوەندی سوود و قازانج کێشانەوە یاخود پەیوەندی هاوکاری کردن؟

ئەم دوو مەفهوومە... واتە هێزەکانی بەرهەمهێنەر و پەیوەندییەکانی بەرهەم مەفهووم و مەقوولەیەکی یەکجار گرنگن.

سەربینای جامیعە و کۆمەڵ واتە ڕۆحیات و فیکر و بیروڕا و بڕواکانی کۆمەڵ. سەربینا بە بەشێک لە شعووری کۆمەڵ ئەزانن کە گۆڕانی ژێربینای کۆمەڵ ئەویش ئەگۆڕێ.

چ پەیوەندییەک «لە نێوان سەربینا و ژێربینادا هەیە؟»

بە گۆڕانی ژێربینای کۆمەڵ واتە بە گۆڕانی شێوەی وجوودی کۆمەڵ: گۆڕانی ئالەتەکان. ماشینەکان پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و موڵکایەتی، بە کورتی بە گۆڕانی ژیانی ئابووری کۆمەڵ سەربیناش ئەگۆڕدرێ. یانی لە ڕۆحیات و بیروڕا و بڕوای کۆمەڵدا گۆڕان پەیدا دەبێ... بەڵام مارکسیزم تەنیا سەرنجی کاریگەری گۆڕانی ژێربینا لە سەربینا نادات. ئەگەر مارکسیزم کاریگەری ژێربینای لە سەربینادا بدیایە و پێچەوانەی ئەوی نەدیایە. تووشی هەڵەیەکی گەورە ئەهات. دوژمنەکانی مارکسیزم بوختانێکی ئاوا بەم قوتابخانە زانستییە ئەکەن و ئەڵێن مارکسیزم دەورگێڕانی مەسەلەکانی ئابووری لە ڕەوتی مێژوودا موتڵەق کردووە. ئەم بوختانە نادروست و بێ جێیە. مارکسیزم لەم بڕوایەدایە کە سەربینای کۆمەڵ واتە ئایین، ماف، سیاسەت. فەلسەفە، ڕەسم و عادەت. ڕۆحیاتی کۆمەڵایەتی و هی تر. بە نۆرەی خۆی کار ئەکاتە ژێربینا و ڕەوتی ئەو خێرا یان شل دەکات. بەم پێیە سەربینا و ژێربینا کاردەکەنە یەکتر، بەڵام ژێربینا بەکارترە و دەورێکی گرنگتر دەگێڕێت جگە لەمە سەربینای کۆمەڵ بەش بەحاڵی خۆی جووڵە و بزووتنێکی نیسبیی سەربەخۆشی هەیە. چونکە لە تەرکیبی بیروبڕوا و ڕۆحیات و ڕەسم و عادەتی پێشوو- بیروبڕوا و ڕۆحیات و ڕەسم و عادەتی تازە پەیدا دەبن بێ ئەوەی گۆڕانێکی گرنگ لە ژێربینای کۆمەڵدا بووبێت.

ئەگەر ئێمە ئەم تەئسیرە پێچراوەیەی ژێربینا و سەربینا لە یەکتردا و ئەم گۆڕانی تا ڕادەیەک سەربەخۆیەی سەربینا بە چاکی تێبگەین فەلسەفەی کۆمەڵایەتی مارکسیزم تێگەیشتووین و تووشی لا ئیقتسادیەت و موتڵەق کردنی عاملی ئابووری نابین. ئەگینا تێی نەگەیشتووین. بەشی هەرە گرنگی فەلسەفی کۆمەڵایەتی مارکسی ئا لێرەدایە.

دەرسی شەشەم: پەیوەندی هێزەکانی بەرهەمهێنەر و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و شۆڕشی کۆمەڵایەتی:

بۆ ئەوەی کە هێزەکانی بەرهەمهێنەر بە بێ بەرهەڵست و بە ئازادی پێبگەن و بەخۆدا بێن، ئەبێ پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان واتە «پەیوەندییەکانی موڵکایەتی، پەیوەندییەکانی ئابووری لە ناو ئەندامەکانی کۆمەڵدا» بە چەشنێک بێ کە مەیدانی ئەم پێگەیشتن و بەخۆدا هاتنە بدات. لە حاڵەتێکی وادا ئەڵێین لە نێوان هێزەکانی بەرهەمهێنەر و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا پێکەوە گونجاون و توافق هەیە. بەڵام کاتێک دێت پێگەیشتن و بەخۆداهاتنی هێزەکانی بەرهەمهێنەر ئیتر لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی وەختدا سەرناگرێ و ئەم پەیوەندییانەی بەرهەمهێنان یا چەشنی موڵکایەتی و پەیوەندییەکانی تری ئابووری ناو ئەندامانی کۆمەڵ بۆ پێگەیشتن و بەخۆداهاتنی هێزەکانی بەرهەمهێنەر دەبنە بەرهەڵست... بۆ نموونە: ڕژێمی پاشایەتی پێش شۆڕشی «١٤ی تەموز» بەرهەڵستی پێگەیشتن و بەخۆداهاتنی هێزەکانی بەرهەمهێنەر بوو لە دێهات و تەواوی ئابووری وڵاتدا... ئەوە بوو سەردەمی نەگونجان و تەوافق نەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنەر و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان دەستی پێکرد... ئەوە سەردەمی دەستپێکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بوو... شۆڕشە پیرۆزەکەی ١٤ی تەموز تەقییەوە... لە حاڵەتی وادا کۆمەڵ ناچارە تەشکیلات و یاسا و ڕژێمە کۆنەکەی خۆی بگۆڕێ. تەشکیلات و یاسا و ڕژێمی تازە دابمەزرێنێ... بارودۆخێکی وا پێکبێنێ کە لەگەڵ پێگەیشتن و بەخۆداهاتنی هێزەکانی بەرهەمهێنەر بگونجێ و ڕێک بکەوێ... کۆمەڵ ناچارە چەشنی کۆنەی موڵکایەتی بگۆڕێ. چەشنی تازەی موڵکایەتی لەجێی ئەو دابنێ... سەبارەت بەمە موڵکایەتی خاوەنی کۆیلەکان جێی خۆی بۆ موڵکایەتی دەرەبەگەکان بەجێهێشت... موڵکایەتی دەرەبەگەکان جێی خۆی بۆ موڵکایەتی سەرمایەدارەکان بەجێهێشت. بە فەوتانی سەرمایەداری موڵکایەتی تایبەتی کۆتایی دێت. چونکە بەرهەمهێنان لەم سەردەمەی ئێمەدا زۆر بە توندی بۆتە کۆمەڵایەتی و ئەم بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتییە لە چوارچێوەی موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەدارەکاندا ناگونجێ. لەبەر ئەمە ئەبێ موڵکایەتی کۆمەڵی واتە «سۆسیالیستی» پەیدا بێ تا هێزەکانی بەرهەمهێنەر بە ئازادی و بەبێ بەرهەڵست پێبگەن و بەخۆدا بێن.

ئەم ڕێباز و ڕەوتەی باسمان کرد ناونراوە «یاسای توافقی حەتمی هێزەکانی بەرهەمهێنەر و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان» مارکس ئەم یاسایەی دۆزیوەتەوە... ئەمڕۆ گەلێ لە کۆمەڵناسەکانی سەرمایەداریش دان بەوەدا ئەنێن کە یاسای توافقی حەتمی هێزەکانی بەرهەمهێنەر و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان ڕاست و دروستە. مارکس بە پێی ئەم یاسایە پێویستی بەرپابوونی شۆڕشی کۆمەڵایەتی سەلماند. لەبەر ئەمە شۆڕش دیاردەیەکی حەتمی پێگەیشتنی کۆمەڵە. شتێکی هەڵبەستراو دڵخواز یا ئەنجامی «کەلەشەقی» کۆمەڵانی گەل نییە. وەک تاقم و دەستەکانی دژی شۆڕشگێڕی کۆمەڵ دەیانەوێ نیشانی بدەن.

واتای شۆڕش گواستنەوەی دەسەڵاتی حوکمە لە دەست چینەکانی خۆپارێز و کۆنەپەرەستەوە بۆ دەست چینەکانی پێشکەوتوو کە دەیانەوێ ڕژێمی تازە بە سوودی پێگەیشتن و بەخۆدا هاتنی کۆمەڵ دامەزرێنن واتای شۆڕش لە باری زانیاری مارکسیزمی- لێنینیزمە و لەم گواستنەوەی دەسەڵاتە زیاتر هیچی تر نییە.

بەڵام شۆڕش لە باری شێوەی بەرپا بوونییەوە دوو جۆرە «هێمنانە. بە زۆر»

چەشنی گرنگی شۆڕشی بە زۆر بریتییە لە ڕاپەڕینی چەکدار و شۆڕشگێڕی یان، «شەڕی پارتیزانی- پێشمەرگایەتی» شۆڕشی هێمنانە لە ڕێگەی دەستخستنی زۆربەی دەنگ لە کۆمەڵدا و ڕووخاندنی یاسای ئارامی دەستەی حوکمدارای کۆنەپەرەستەوە پێکدێت. لە هەردوو بارەکەیدا شۆڕش گۆڕانکارییەکی کەیفییە لە کۆمەڵدا. جگە لە مەرجی تەوافق نەبوونی نێوان هێزەکانی بەرهەمهێنەر و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان بۆ سەرکەوتنی شۆڕش مەرجی «بابەتی و خودی عەینی و زەینی» «الشروط الموضوعيه و الذاتيهعەرەبی» ی پێویستە.

مەرجی بابەتی شۆڕش: بریتییە لە بوونی بارێکی شۆڕشگێڕی لە کۆمەڵدا... باری شۆڕشگێڕی ئەو کاتەیە کە دەستەی حوکمدار تووشی ئاڵۆزی ببێ و نەتوانێ بە شێوەی پێشوو حوکمداری بکات و ژێردەستەکانی کۆمەڵیش تووشی هەژاری و بێ دەرەتانێکی قورس ببن و ئیتر نەیانەوێ بە چەشنی پێشوو حوکمیان بەسەردا بکرێ و تێکۆشان و چالاکی شۆڕشگێڕی بە خێرایی پەرە بگرێ.

مەرجی «زەینی» خودی شۆڕش:

بوونی حزبی شۆڕشگێڕی چینی پێشڕەو. حزبێکی وا کە بتوانێ کۆمەڵانی هەژار بە دوای خۆیدا ڕابکێشێ. لە سەردەمی ئێمەدا مەرجی زەینی شۆڕش بریتییە لە بوونی حزبی چەشنی نوێی چینی کرێکار کە بتوانێ توێژەکانی زەحمەتکێشی شار و لادێ بە دوای خۆیدا ڕابکێشێ و بە شۆڕشگێڕی شۆڕش بەرێتە سەر. لێنین ئەڵێ... لەمەڕ بارودۆخی شۆڕشگێڕی ئەوەندە بەس نییە کە ژێردەستەکان و ئەوانی لای خوارەوە نەیانەوێ... بەڵکوو پێویستە دەستەڵاتدارەکان و ئەوانی لای سەریشەوە نەتوانن. هەلپەرەستە یەمینییەکان پێویستی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕەت دەکەنەوە و وا بانگەشە دەکەن کە لە ڕێگەی ڕێفۆرمەوە ئەتوانن بگەن بە ئامانج!!

ئاژاوەچییە چەپەکانیش «اليساريه الفوضيهعەرەبی» پێویستی بوونی مەرجەکانی عەینی و زەینی ڕەت دەکەنەوە و وا خەیاڵ دەکەن کە بە هەندێ ئازایی و خۆڕاهێنانی شۆڕشگێڕی ئەتوانن ڕژێمی کۆنەپەرەست بڕۆخێنن.

مارکسیزم- لێنینیزم هەڵپەرستی ڕاستڕەوی و ئاژاوەچێتی چەپیش ڕەت ئەکاتەوە.

دەرسی حەوتەم: چینەکانی کۆمەڵ و دەوڵەت

«طبقات المجتمع والدولهعەرەبی»

کۆمەڵ لەو توێژانە پێکدێ کە نەخشی ئەوان و دەورگێڕانیان لە ئابووریدا یەک چەشن نییە و پێیان ئەوترێ چینەکان. ئەتوانین چینەکان بە سێ دەستە بەش بکەین.

١. چینەکانی چەوسێنەر «سوودکێشەرەوە- الطبقات المضطهدهعەرەبی» ئەم چینە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنانن. بەڵام خۆیان خەریکی کاری بەرهەمهێنان نابن. بۆ نموونە. لە کۆمەڵی ئێمەدا خاوەن موڵکەکان و سەرمایەدار «بۆرژوا» کان گرنگترین ڕەنج خۆر و چەوسێنەرن.

٢. چینەکانی چەوساوە «الطبقات المضطهدە»: ئەم چینە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان نین، بەڵام خۆیان خەریکی کاری بەرهەمهێنان ئەبن بۆ نموونە لە کۆمەڵی ئێمەدا کرێکارانی پیشەسازی و کشتوکاڵی «پرۆلیتاریا» گرنگترین چینەکانی چەوساوەن.

٣. چینەکانی ناونجی «الطبقات الوسطیعەرەبی»:

ئەمان خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنانیش و خۆشیان ڕاستەوخۆ خەریکی کاری بەرهەمهێنان ئەبن وەک سەنعتکاریەکانی شارەکان و ڕێزەکانی ناونجی و دەستکورتی دێهات.

بە درێژایی مێژووی نووسراوەی مرۆڤایەتی، لە نێوان چەوسێنەرەکاندا وەک «ئاغا و بەگ و سەرمایەدارەکان» لە لایەکەوە و چەوساوەکان وەک «مسکێن و ڕەعیەت و فەلاحی هەژار و کرێکاران» لە لایەکی ترەوە خەباتی چینایەتی هەبووە. چینە ناونجییەکانیش هەمیشە بەپێی ئەوە کە بارودۆخیان ئەوانی لە کام دەستە نزیک کردۆتەوە لەم ناوەدا ئەملا و ئەولایان کردووە.

ڕووناکبیران: ئەم دەستەیە پێکهاتووە لە هەموو ئەندامانی چینەکانی کۆمەڵ- چەوسێنەر یان چەوساوە- لەوانەی کە خەریکی کاری فیکرین وەک «دوکتۆر، هونەرمەند، پارێزەر، ئەندازیار، مامۆستا، خوێندکار، هتد...» کاربەدەستان و فەمانبەرانیش توێژێکی ترە لە کەسانی تێکەڵ و هەڕەمە پێکهاتووە. باری هاوبەشیان کار کردنە لە دەزگای دەوڵەتدا. هەندێک کەس فەرمانبەران بە بەشێک لە ڕووناکبیران ئەزانن. ئەتوانین فەرمانبەرەکان بە «عەسکەری و مەدەنی» بەش بکەین.

لێنین: تێگەیشتنی پێکهاتن و بینای چینایەتی کۆمەڵی زۆر بە گرنگ دائەنا و دەیسپارد کە دەربارەی دروشمەکان و بیروڕای سیاسییەکان سەرنج بدەن و بپرسن کە بە قازانجی کام چینن.

دەوڵەت: لە کۆمەڵێکدا کە بناغەی لەسەر چینەکانی لە ئاشتی نەهاتووی چەوسێنەر و چەوساوە بێ، نوێنەری چینە چەوسێنەرەکانە. لە کۆمەڵێکی ئاوادا دەوڵەت هەر شێوە و چەشنێک بێت لە ناوەڕۆکدا دیکتاتۆری ئەم چینانەیە. بۆ نموونە لە کۆمەڵی سەرمایەداریدا دەوڵەت دیکتاتۆریی سەرمایەدارەکانە، واتە دیکتاتۆری کەمایەتییە لە دژی زۆربەی خەڵک. بەڵام لە سەردەمی گواستنەوە لە سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمەڵی سۆسیالیستی دەوڵەت دیکتاتۆری پرۆلیتاریایە. واتە دیکتاتۆریی زۆربەیە بە سەر کەمایەتیدا. سۆسیالیزم چینەکانی چەوسێنەر لەناو ئەبا... هەر لە سەرەتاوە لە کۆمەڵدا ئەو چینانەی کە قازانجی هاوچەشنیان هەیە ئەهێڵێتەوە لە پاشدا وردە وردە بەرەو پێکهێنانی کۆمەڵی خاڵی لە چین دەڕوات.

دەرسی هەشتم: قۆناغەکانی ئابووری-کۆمەڵایەتی

ئەگەر لە بارەی بارودۆخی هێزەکانی بەرهەمهێنەر و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و پێکهاتن و چینایەتییەوە سەرنجی مێژوو بدەین و بمانەوێ بەم پێیە چینەکان دابەش بکەین و وردبینەوە ئەتوانین پلە و قۆناغی وا دەستنیشان بکەین کە تا ڕادەیەک کۆمەڵانی هەموو وڵاتان بەرە بەرە و بەدوای یەکدا بەم پلە و قۆناغەدا تێئەپەڕن. قۆناغەکانیش ئەمانەن.

«شیوعییەتی سەرەتایی، کۆیلایەتی، دەربەگایەتی، سەرمایەداری، سۆسیالیزم». ئەوا بە کورتی باسی هەر یەک لەم قۆناغانە ئەکەین:

١. شیوعییەتی سەرەتایی: ئەو کاتەیە کە موڵکایەتی تایبەتی نەبوو چونکە پێگەیشتن و بە خۆداهاتنی هێزەکانی بەرهەمهێنەر لە ڕادەیەکی یەکجار نزم و دواکەوتوودا بوو. شیوعییەتی سەرەتایی وردە وردە پێی نایە قۆناغی سیستمی خێزانییەوە و لە سیستمی خێزانیدا پەیوەندی خوێن و خزمایەتی زۆر بە گرنگ دائەنرا. لەم سیستمەدا لە سەرەتاوە دەورگێڕانی ژن و دایک لە کۆمەڵدا زیادبوو ئەم کۆمەڵە بە گەورەیی دایک «عهد زعامه الامعەرەبی» ناو ئەبرێ لر پاشدا دەورگێڕانی پیاو و باوک لە کۆمەڵدا زۆر بوو و ئەم کۆمەڵە پێی ئەوترا باەک گەورەیی. پاشماوەی سیستمی خێزانی و باوک گەورەیی هێشتا لە ناو تیرە و هۆز و خێڵەکانی کوردا زۆرە.

٢. کۆیلایەتی: وردە وردە لە کۆمەڵدا موڵکایەتی تایبەتی پەرە دەگرێ. دیلەکانی شەڕ و زۆر لە قەرزدارە هەژارەکان دەکرێنە کۆیلە، کۆمەڵ دابەش ئەبێ بە دوو بەشەوە. «گەورەکان و کۆیلەکان» ئەمە یەکەمین چینەکانی لە ئاشتی نەهاتوون لەناو کۆمەڵدا کاروباری ڕەنجی کۆیلەکان بەتەواوی هی گەورەکان بوون و گیانی هەر کۆیلەیەک لەبەردەستی گەورەکەیدا بوو.

٣. دەربەگی: لەم ڕژێمەدا واتە ڕژێمی ئاغا و ڕەعیەت، ڕەعیەت بە پێچەوانەی کۆیلە، ئەیتوانی بەشێک لە بەروبوومی کاری خۆی بۆ خۆی هەڵگرێ و بەشێکیشی بدا بە ئاغا. هەرچەندە ڕەعیەت لە زنجیرەی دیلێتی ئاغادایە. بەڵام ئاغا قانوونی حەقی کوشتنی ئەوی نییە. ئاغا بێگار بە ڕەعیەت دەکا و موڵکانە خەرج و باج و پیتاکی نەختینە و بەربوومی لێ دەستێنێ. لە کۆمەڵی ئێمەدا هێشتا پاشماوەی هێزی ڕژێمی ئاغا و ڕەعیەتی دەبینرێ.

٤. سەرمایەداری: یان کۆمەڵی کاری کرێ گرتەیی:

بە پێگەیشتن و بەخۆداهاتنی هێزەکانی بەرهەمهێنەر وردە وردە کارگە و کارخانە پەیدا ئەبێ... هەژارەکانی شار و دێهات هێزی شان و باهوی خۆیان هەڵدەگرن... ئێمە لە دەرسێکی تردا بە درێژی باسی سەرمایەداری ئەکەین.

٥. سۆسیالیزم- ئیشتراکییەت:

چەوساوە و ڕەنج خوراوەکان بە ڕابەرایەتی چینی کرێکار دەسەڵاتی سەرمایەدارەکان تێک ئەدەن و موڵکایەتی کۆمەکی دائەمەزرێنن... ئێمە دەربارەی سۆسیالیزم لە دەرسێکی تردا بە درێژی باسی ئەکەین.

مارکس دەربارەی چەشنێکی تریش قسەی کردووە کە لە ئاسیادا بووە و ناوی ناوە «شێوەی بەرهەمهێنانی ئاسایی» کە لەسەر کۆمۆنی وەرزێڕی و موڵکایەتی گەورە و فراوانی دەوڵەت لە زەوی و زاردا و لەسەر ڕژێمی دیکتاتۆری سەختی پاشایەتی دامەزراوە... و باری خودایەتی پادشاشی لەگەڵ بووە... ئەمە هێشتا باسی لەسەر ئەکرێت.

بەهەرحاڵ پێویستە بزانین ئەم چەشنە و قۆناغانەی باسمان کردن لە هەموو وڵاتەکاندا یەک شێوە و جۆرە نەبوون و هەر وڵاتە تایبەتمەندی خۆی هەیە... بۆ نموونە دەرەبەگی وڵاتی ئێمە و وڵاتانی دراوسێمان بە چەشنی دەرەبەگی ئەوروپا نییە... ئەگەر کەسێ بیەوێ ئەم چەشنانە بە یەک جۆر بزانێ تووشی هەڵە دەبێ... پێویستە تایبەتمەندییەکانی پلە و قۆناغەکان بە وردی تێبگەین و بە باشی سەرنجیان بدەین.

دەرسی نۆیەم: سەرمایەداری

سەرمایەداری ڕژێمێکە بناغەی لەسەر چەوسانەوە و ڕەنجخۆری کاری کرێگرتەیە لە لایەن سەرمایەدارەکانەوە. چەوسانەوە و ڕەنج خۆری یاخود سوود لێکێشانەوە ئەوەیە سەرمایەدارەکان ئەو نرخە زیادەیە بۆ خۆیان هەڵئەگرن کە کارگەر بە ڕەنجی شان و کاری خۆی پەیدای ئەکات.

نرخی زیادە: بریتییە لە جیاوازی نێوان ئەو کرێیە کە کرێکار لە بری کاری خۆی وەری ئەگرێ لەگەڵ ئەو نرخە ڕاستەقینەیەی کە بە ڕەنج و کاری خۆی پێکی دێنێ. بۆ نموونە وا دابنێین کە کرێکارێک بە سەعاتێک کارکردنی خۆی یەک مەتر شاڵی تەنیوە کە بایی «٢٠٠» فلسە... سەرمایەدار ئەم ٢٠٠ فلسە نادات بە کرێکارەکە بەڵکوو ١٠٠ فلسی ئەداتێ کە پێی ئەوترێ کرێ و ١٠٠ فلسەکەی تری کە پێی ئەوترێ نرخی زیادە بۆ خۆی هەڵدەگرێ... لە کۆبوونەوەی وردەوردەی نرخی زیادە سەرمایەدار پەیدا ئەبێ لەبەر ئەمە سەرمایە لە ڕاستیدا بەروبوومی کاری کرێکارانە و کۆبۆتەوە... سەرمایەدار بە یارمەتی سەرمایە، بەرهەمهێنانی کۆمەڵ ئەگرێتە دەست خۆی. قازانجی سەرمایەدار و بازرگان و قازانجی خاوەن بانکەکان هەمووی چەشنی جۆربەجۆری نرخی زیادەیە چونکە تاقە هێزێک کە سامان پەیدا ئەکات کاری بەرهەمهێنەرە... سەرمایەداری لە تەمەنی خۆیدا بە دوو قۆناغی سەرەکیدا تێپەڕیوە:

١. سەرمایەداری پێش ئیحتیکار: کە بناغەی لەسەر بەربەرەکانێ و ململانێی ئازادی سەرمایەدارەکانە «المناقسه الحرهعەرەبی» سەرمایەدارەکان لەم سەرمایەدا قازانجێکی ناونجییان دەست ئەکەوێ.

٢. سەرمایەداری ئیحتیکاری: کە ململانێی ئازادی تیا تەنگەبەر ئەبێ و تەنها ململانێی ناو خاوەن ئیحتیکارەکان ئەمێنێت... سەرمایەداری ئیحتیکاری «مۆنۆپۆل» یان ئیمپریالیزم دوای ئەوپەڕی قازانج ئەکەوێت.

لە سەردەمی ئێمەدا سەرمایەداری ئیحتیکاری گەیشتۆتە سەرمایەداری ئیحتیکاری دەوڵەتی واتە ئەو سەردەمەی کە دەوڵەت و ئیحتیکارەکان بە یەکەوە جۆشیان خواردووە و دەستیان داوەتە دەستی یەک تا ئابووری وڵات هەڵسووڕێنن. عەیبی گەورەی سەرمایەداری پەشێوی بەرهەمهێنانە... بەرهەمهێنان بە هۆی دامەزراوە جۆربەجۆرەکانی سەرمایەداری کە لەگەڵ یەکتر کێبەرکێ «منافسە» دەکەن و بۆ دەستخستنی قازانج پێکدێن... لەبەرئەمە جاری وا هەیە نرخی زیادی پەیدا ئەبێ و سەر دەکێشێتە ئاڵۆزی و بێکاری بە کۆمەڵ و شتی واوە.

سەرمایەداری ئیحتیکاری دەوڵەت ئەیەوێ بەرگری ئەم پەشێوییەی بکات بەڵام هەوڵدانەکەی چاری بنەڕەتی نییە و ڕووکەشە... سەرمایەداری بە تایبەتی لە سەردەمی ئیحتیکاریدا لە ڕێگەی دەستتێوەردانی ئابووری و سیاسی نیزامییەوە وڵاتەکانی لاواز و دواکەوتوو دەکێشێتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ئەو وڵاتانەی کە لەژێر دەستی ئیمپریالیستەکاندان دوو بەشن.

١. وڵاتی ژێردەستە «المستعمرهعەرەبی» کە تەنانەت سەربەخۆیی تەواویشیان نییە و حکوومەت بە ئاشکرایی بەدەست ئیمپریالیستەکانەوەیە.

٢. وڵاتانی نیوە ژێردەستەوە «شبە مستعمرە» کە حکوومەت ڕاستەوخۆ بە دەست ئیمپریالیستەکانەوە نییە و سەبەخۆیی بە ڕواڵەت هەیە. بەڵام لە ڕاستیدا ئیمپریالیستەکان بەسەر هەموو کاروبارێکی وڵاتدا زاڵن.

٣. ڕژێمی مستعمەراتی ئیمپریالیستی: لە سەردەمی دوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە دەستی کردووە بە ڕووخان و ئێستا تەنیا چەند وڵاتێک بە شێوەی مستعمەرەی ڕەسمی ماونەتەوە... ئێستا ئیمپریالیستەکان شێوەی ئیستعماری داپۆشراوتر بەکاردێنن کە بە شێوەی ئیستعماری نوێ «نیو کۆلۆنیالیزم» بەناوبانگە و بەم پێیە دەسەڵاتی ئابووری خۆیان لەم وڵاتانەدا ڕائەگرن... جووڵانەوەی کرێکاران بۆ ڕزگاری لە «ئیستعمار و ئیستعماری نوێ» لە سەردەمی ئێمەدا تێکەڵ بوون... لە ڕاستیدا ڕزگاری لە چنگ ئیستعمار بە بێ ڕزگاری لەدەست سەرمایەداری لە توانادا نییە.

دەرسی دەیەم: سۆسیالیزم

بە ڕووخانی سەرمایەداری و دامەزراندنی دیکتاتۆری برولیتاریا مەرجی کۆمەڵایەتی پێکهێنانی کۆمەڵی نوێی سۆسیالیستی پێکدێت... بە پێچەوانەی سەرمایەداری کە لە خۆیەوە لە ناو جەرگە و هەناوی کۆمەڵی دەرەبەگیدا پێئەگات و پەیدا ئەبێت. کۆمەڵی سۆسیالیستی بە وریایی و تێگەیشتوویی بەهۆی حزبی پێشڕەوی چەشنی نوێی چینی کرێکارەوە «یانی حزبی شیوعی» دروست ئەکرێت... ئەم کۆمەڵەیە بە دوو قۆناغدا تێپەڕ ئەبێت:

١. قۆناغی سۆسیالیستی:

کۆمەڵ لەم قۆناغەدا لەسەر بنچینەی «لە هەرکەس هێندەی توانای و بۆ هەرکەس هێندەی کارەکەی» دائەمەزرێ... سەبارەت بەوەی توانا و ئیش و کار جۆربەجۆرە، ئەو کرێیەش کە ئەدرێ جۆربەجۆرە... لەبەر ئەوە لەم کۆمەڵەدا هێشتا یەکسانی و یەک چەشنی ڕاستەقینەی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێک نەهاتووە...

٢. قۆناغی کۆمۆنیستی:

کۆموڵ لەم قۆناغەدا لەسەر بنچینەی «لە هەرکەس هێندەی توانای و بۆ هەرکەس هێندەی پێداویستی» دائەمەزرێ... لەبەر ئەوەی کە پێداویستی تەقریبەن یەک چەشنە لەم قۆناغەدا یەکسانی و بەرامبەری ڕاستەقینەی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێکدێت... قۆناغی کۆمۆنیستی تەنیا ئەوکاتە دائەمەزرێت کە نعمەتەکانی مادی و مەعنەوی بە زۆری پەیداکرێ و لە نێوان کاری فیکری و بەدەنیدا جیاوازی نەمێنێ... لە نێوان شار و دێدا جیاوازی نەمێنێ... سەرکەوتنی کۆمۆنیزم لەسەر بنچینەی بەرزترین ڕادەی تەکنیک و زانیاری و ڕابەرایەتی عیلمی کۆمەڵ و لەسەر بنچینەی ئامادەیی ڕۆحیاتی عیلمی کۆمەڵ و لەسەر بنچینەی ئامادەیی ڕۆحیاتی کۆمەڵێ لە توانادا ئەبێ.

لەو کۆمەڵانەدا کە زۆر پەرەیان نەسەندووە و کەم بووژاوەن و هێشتا پاشماوەکانی سیستمی خێزانی و دەرەبەگ هەیە و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان بەسەریاندا هەیە، شۆڕشی سۆسیالیستی ناچارە لە پێشدا بە قۆناغی میللی و دیموکراسیدا تێپەڕێ. ئەم قۆناغە ئامادەیی و بووارە.

کەوابوو ئەرک و فرمانەکانی قۆناغی میللی و دیموکراتی بریتییە لە «هێنانەدی سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری و ئیسلاحی زراعی ڕاستەقینە و پەرەپێدانی بەشی دەوڵەت لە ئابووریدا و هێنانەدی حاکمییەتی کۆمەڵایەتی خەڵک و مافی گەلەکان و بە دیموکراتی کردنی ژیانی کۆمەڵایەتی» و بەم پێیە لە هەموو بارێکەوە ڕێگە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵی سۆسیالیستی خۆش ئەکرێت.

قۆناغی میللی و دیموکراسی پێویستە بە وردی و ئارام نشینەیی ڕابوورێ و هەوڵ بدرێ عەناسوری سۆسیالیستی، نەک بە زۆر و فرمان، بەڵکوو بە نیشاندان و ئیسپاتی باشی و زیندوویەتی خۆیان بەسەر عەناسوری غەیرە سۆسیالیستیدا زاڵ بین... ئەگەر بە تێپەڕبوون بە قۆناغی میللی و دیموکراتیدا پەلە و تالووکە بکرێ و سۆسیالیزم بەزۆر فرمان و ئەسپاردن دامەزرێ زیانێکی وا لە سیستمی کۆمەڵایەتی پەیدا ئەبێ کە بە ئاسانی چارەسەر ناکرێ.

تەنیا ئەو کاتە قۆناغی دیموکراتی میللی دەتوانێ ببێتە سەرەتای دامەزراندنی سۆسیالیزم کە ڕابەرایەتی چینی کرێکار و حزبی ئەو کە بە بیروباوەڕی مارکسیزم «لێنینیزم چەکدار بێ» لە کۆمەڵدا مسۆگەر کرابێت.

دەرسی یانزەهەم: حزب

حزبی چەشنی نوێی کرێکار باشترین چەکی پێویست و گرنگە بۆ دەستخستنی سەرکەوتنی خەباتی چینایەتی و شۆڕش و سەرکەوتن لە دامەزراندنی ژیانی نوێی سۆسیالیستیدا... حزبی چەشنی نوێی چینی کرێکار شوێنی کۆبوونەوە و ناوەندی پێشڕەوترین کەسانی چینی کرێکار و تەواوی ئەو کەسانەیە کە ئامادەن لە ڕێگەی ئامانجەکانی ئەم چینەدا خەبات بکەن.

حزبی شیوعی تاقە حزبی چەشنی نوێی چینی کرێکارە لە وڵاتێکدا کە خەڵکی جۆربەجۆری تێدا ئەژین حزبی چەشنی نوێی چینی کرێکار «هەروەها ڕێکخراوەکانی تری چینی کرێکار» ئەبێ تاقە ڕێکخراوی تەواوی خەڵکەکانی بێ تا خەباتی گشت کرێکاران یەک و بەرەو سەرکەوتنیان ببات... حزب لە ڕابەرایەتی و کادر ئەندامانی سادە پێکدێت... ڕابەرایەتی لە حزبدا کۆمەڵییە «جماعیعەرەبی» بەڵام مەسئوولییەت بەرپرسیاری فەردییە... کاری ڕابەرایەتی بەپێی ڕێوشوێنی زانست دیاری ئەکرێت و ئەمەش چوار بەشە:

١. کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست و موتاڵا کردنیان بە وردی.

٢. لێکۆڵینەوە و پشکنینی بەڵگەکان بە پێی مارکسیزم-لێنینیزم.

٣. دەرهێنان و دانانی دروشم و ڕێنوێنییەکانی کار لەو لێکۆڵینەوانە.

٤. بە جێگەیاندنی ئەم دروشم و ڕێنوێنیانە... پێڕاگەیشتنی بەجێگەیاندن و ڕاستکردنەوەی هەڵە و سەرلێشێوان... بە کورتی شێوەی بیرکردنەوە و کاری ڕابەرایەتی و تەواوی حزب نابێ شێوەی زەینیگەری و «ذاتیعەرەبی» بێ. بەڵکوو ئەبێ سەرنجی واقعی «عەینی-موضوعی» بدرێ بێئەوەی گوێ بدرێتە ئەوەی ئاخۆ بە باری ئاوات و ئارەزووەی ئێمەدایە یان نا.

ناوەرۆکی مەرکەزی حزب کە ڕێکخراوەی حزب هەڵئەسووڕێنێ پێی ئەوترێ کادر یان تێکۆشەرانی حزب. کادر لە تێکۆشەرترین و وریاترین ئەندامی حزب بە پێی هەڵبژاردن یا دیاریکردن ئەخرێتە سەرکار.

دامودەزگا و بینای حزبی چەشنی نوێی چینی کرێکار بە پێی مەبدەئی ناوەندایەتی دیموکراتی بەڕێوە ئەبرێت. ناوەندایەتی «مركزيتعەرەبی» یانی گوێڕادێری کەمایەتی بۆ زۆربە. گوێڕادێری هەیئەتەکانی خوارەوە بۆ ئەوانی سەرەوە و ڕێکوپێکی یەک چەشن لە بەرامبەر ڕێنوێنییەکان و ئەسپاردنی حزبدا. ڕەوشتی دەستبەش پێکەوەنان و تاقم دروستکردن لە حزبدا قەدەغەیە. بوونی یەکێتی ئیرادە و کارکردن مەرجی بنچینەی پاراستنی دەسەڵاتی تێکۆشەرانی حزبە.

دیموکراتی مانای ئەوەیە ئۆرگانەکانی ڕابەرایەتی بە هەڵبژاردن بێ. ڕابەرایەتی ڕاپۆرت بخاتە بەردەم ئەندامانی حزب. هەقی ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن ئازاد بێ. پێش بڕیاردان باس و لێکۆڵینەوەی پێویست لە مەسەلەکاندا بکرێ. دوای بڕیاردانی تێکڕا بۆ جێبەجێ کردنی ئەو شتانەی بڕیاریان داوە تێبکۆشن. بە پێی بارودۆخی خەبات تەناسوبی نێوان ناوەندایەتی و دیموکراسی ئەگۆڕڕێ... بەڵام حزب هەرگیز نابێ لەم مەبدەنە گرنگە دەرچێت.

لە حزبدا ئەبێ باری نهێنی و ئاشکرایی لەبەرچاو بگیرێت... دەزگاکانی ڕابەرایەتی حزب لە بەرامبەر ئەندامەکانی حزب و ئەندامانی چین و کۆمەڵدا هەمیشە واقعیەت و ڕاستەقینە ئەڵێن. بەڵام هەر لەو کاتەشدا ئەبێ بۆ دەرخستنی سەرکەوتن و بۆ بەربەستی دەرفەتی دوژمن و پاراستنی حزب و ئەندامانی بایەخ بدرێ بە نهێنی لە ئیشوکاردا.

بە باش سەنجدانی تەناسوبی نێوان نهێنی و ئاشکرایی لەو مەسەلە گرنگانەیە کە ئەبێ بە چەشنێکی تایبەتی ڕوون بکرێتەوە... حزب خاوەنی بەرنامەکەیە کە ئامانجەکانی دوور و نزیکی حزبی تیا ڕوون کراوەتەوە هەروەها خاوەنی پەیڕەوی ناوخۆیە «النظام الداخلی» کە ڕێوشوێن و ژیانی حزبایەتی و پێکهێنانی دامودەزگای حزبی تیا ڕوون کراوەتەوە. ڕێوشوێنی حزب بۆ هەموو ئەندامان وەک یەکە و بەجێگەیاندنی ئەوانە ئەرکی سەرشانی هەموو ئەندامەکانی حزبە. حزب بە بێ جێبەجێکردنی ئەو ڕێوشوێنانە بە وردی و ڕێکوپێکی، توانای خەبات و تێکۆشانی خۆی لە کیس ئەچێت.

دەرسی دوانزەهەم: خەباتی حزبی

خەباتی حزبی دوو جۆرە:

١. خەباتی دەرەوەی حزب

٢. خەباتی ناوخۆی حزب

یەکەم: خەباتی دەرەوەی حزب: ئەمە خەباتی سەرەکی حزبە... خەباتی حزبە لە دژی دوژمنەکان و هەموو ئەوانەی پێچەوانەی دیموکراسی و سۆسیالیزمی ئەجووجڵێنەوە... ئەم خەباتە دژی ئەو دوژمنانە و هەموو ئەوانەشە کە بۆ ماوەیەک یان هەمیشە هاوکاریان ئەکەن... چینی کرێکاریش لەم خەباتەدا لایەنگیر و هاوپەیمانی خۆی هەیە... مەبەستی ئەم خەباتە گەیشتنە بەو ئامانجەی کە لە بەرنامەی حزبدا دیاریکراوە. ئەم خەباتە دوو چەشنی هەیە:

خەباتی ئایدیۆلۆجی یان «فیکری»: ئەم خەباتە بە قازانجی دنیابینی:A

و دوژمنەکانی حزبە. لە ڕێگەی پڕوپاگەندەی نووسراو و زمانی و هی ترەوە ئەبێت.

خەباتی حزبی سیاسی: هاوبەشیکردن لە هەڵبژاردن و لە خەباتی:B

پاڕلەمانیدا... ڕێکخستنی خۆپیشاندان بۆ هێنانەدی مەبەستێکی سیاسی. خەباتی جۆربەجۆر بۆ زاڵبوون بەسەر هێزە سیاسییەکانی بەرەنگاردا.

خەباتی ئابووری: یانی ئامادەکردنی چینی کرێکاران و:C

هاوپەیمانەکانی بۆ خەباتی داواکردن لە ڕێگەی هێنانەدی مافەکانی ئابووری و پیشەیی خۆیاندا... و هەڵکێشانی ئەم خەباتە لەگەڵ ئامانج و مەبەستەکانی سیاسی.

خەبات بە دوو چەشن ئەکرێ:

١. ئاشکرا لە چوارچێوەی مۆڵەتی یاساییدا.

٢. نهێنی و لە پشتەوەی ئەو یاسایانەوە کە هەن حزب لە کاتی کارکردنی ئاشکراییدا هەمیشە خۆی بۆ ئەوە ئامادە بکات کە هەر کاتێ پێویست بوو بە باری نهێنیدا وەرچەرخێت.

خەباتی نهێنی دەسەڵات و دەرەتانی حزب تەنگەبەر ئەکات. لەبەر ئەوە ئەبێ حزب لە کاتی نهێنیدا هەمیشە بۆ ئاشکرا بوونی خۆی خەبات بکات. لە سەردەمی کاری نهێنیدا حزب ناچارە شێوەی ژیانی خۆی بگۆڕێت. خەباتی دەرەوەی حزب بۆ گەیشتن بە ئامانج دوو چەشنی بنچینەیی هەیە:

-چەشنی هێمنانە و بە ئاشتی... وەک: ڕاپەڕین... خۆ پیشاندان و... هتد.

-چەشنی زەبرە و بەتەوژم و هێز بەکارهێنان... وەک: ڕاپەڕین. شەڕی شۆڕشگێڕی.

حزب بە لایەوە باشترە کە لە ڕێگەی هێمنانەوە بە ئاشتی بگاتە ئامانج. بەڵام چینەکانی سەر حوکم و خاوەن دەسەڵات هەروا بە ئاسانی مل نادەن و تێکۆشانی بە تەوژم بە زۆر بەسەر حزبدا ئەسەپێنن.

خەباتی حزبی لە دژی دوژمنەکانی حزب بە پێی ڕێوشوێنێک ئەکرێ کە پێی ئەوترێ ئستراتیژی و تاکتیک... ئێمە لە دەرسێکی تردا بە درێژی ئەمە ڕوون ئەکەینەوە.

خەباتی ژوورەوەی حزب:

ئەم خەباتە لە دژی ئەوانەیە کە دنیابینی و ڕێوشوێنی ڕێکخراوەکانی حزب تێک ئەدەن و لە مەبدەئەکانی ژیانی ناوخۆیی حزب لائەدەن و سەرکێشی ئەکەن بە پێچەوانەی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ... ئەم خەباتە بۆ پتەو کردن و یەکپارچەیی حزبە، بۆ چەسپاندنی ڕیزەکانییەتی...، بۆ لەناوبردنی هەڵەی چەپ و ڕاستڕەوییە لە ڕێبازی حزب یان هەیئەتەکانیدا... شێوەی بنچینەیی خەباتی ژوورەوەی حزب «ڕەخنەیە»... خەباتی ژوورەوەی حزب ئەبێ خاوێن و داهێنەرانە بێت و دووربێت لە ڕەوشتی دەستەیی و تێکدەری و خۆپەرەستی و مەبەستی شەخسی... ئەگەر وانەبێ زیانێکی زۆر ئەدا لە حزب و دەزگاکانی زەبت و ڕەبتی حزبی لاواز ئەکات.

دەرسی سیانزەهەم: ئستراتیژ و تەکتیک

ئستراتیژی و تەکتیکی حزبی چەشنی نوێی چینی کرێکار عیلمێکە کە زانا گەورەکانی چینی کرێکار- مارکس و ئەنگلس و لێنین- و خاوەن بیروڕاکانی تر بناغەیان داناوە... ئستراتیژی و تاکتیکی حزبی شۆڕشگێڕی چینی کرێکار عیلمی ڕابەرایەتی و خەباتی پڕۆلیتاریا و هەموو زەحمەتکێشەکانە بۆ ڕزگاری نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و بۆ سەرکەوتنی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم.

ئستراتیژ سەردەمێکی مێژوویی پێگەیشتنی شۆڕش ئەگرێتە بەر... شۆڕش دوو قۆناغی ئستراتیژی هەیە قۆناغی یەکەم دیموکراسی میللی- کە ئامانجی ئستراتیژی لەم قۆناغەدا گەیشتن بە سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری و بە دیموکراسی کردنی ژیانی سیاسی و ئابوورییە.

قۆناغی دووەم سۆسیالیستە: دروشمەکانی ئستراتیژی یانی ئەو دروشمانەی کە داوای حزب لە قۆناغێکی تایبەتی ئستراتیژیدا دیاری ئەکات.

بەڵام تاکتیک سەردەمەانی کەموکورت ناوەوەی قۆناغێکی ئستراتیژی و چەشن و شێوەی دیاریکراوی خەباتیش لە مەرج و زرووفێکی تایبەتیدا ئەگرێتە بەر.

تاکتیک بەشێکە لە ئستراتیژ و تابیعی ئەو. ئەبێ قۆناغەکانی تاکتیک بە جۆرێک دەستنیشان بکرێن و بە چەشنێک بەڕێوە ببرێن کە سەربکێشێتە گەیشتن بە ئامانجی ئستراتیژی. ئەو دروشمانەی کە لە قۆناغەکانی تاکتیکیدا ئەهێنرێتە ناوەوە پێیان ئەوترێ دروشمی تاکتیکی... قاعیدە و ڕێوشوێنەکانی بنەڕەتی ئستراتیژی و تاکتیکی حزبی شۆڕشگێڕ بە پێی تەجروبە دەستکەوتوون.

لێکۆڵینەوەی وردی مەرجەکانی خودی و بابەتی «الموضوعيه و الذاتيهعەرەبی» جووڵانەوە. لێکدانەوەی وەزعی تایبەتی دنیا و وڵات. خۆپاراستن لە دەردی لە ڕێ لادانی چاپ و ڕاست و هەڵپەرەستێتی یەمینی و یەساری. مەرجی گەیشتن بە ئامانجی باش و دروستی ئستراتیژی و تاکتیکە.

ڕێکخستنی ئەو هێزانەی کە ئەتوانرێ لە کاتێکی تایبەتیدا لە دژی دوژمن یەک بگرن و چەند بتوانرێ زیاتر ڕووتاندنەوە و تاقخستنەوەی دوژمن. کەڵک وەرگرتن بە جۆرێکی باش لە هەموو عامل و هۆیەکانی لەبار. کەڵک وەرگرتنی دروست لە هێزەکانی هەمیشەیی و کاتی شۆڕش. هەڵبژاردنی ڕاست و دروستی کاتی دەستکردن بەکار. دۆزینەوەی تاڵ و هەودا ئەسڵییەکانی کار لە ڕەوتی خەباتدا. دیاریکردنی کەسانی لێهاتوو بۆ پێسپاردنی کار. بەشکردنی گیروگرفتەکان بە دەستە دەستە و چاک کردنی هەر دەستەیەکیان بە جۆرێکی تایبەتی هێنانەدی هەر جارەی بەشێک لە ئامانجەکان بەڵام ڕۆیشتن بە وریایی و ئاگادارییەوە بەرەو ئەو ئامانجانە... و هێندێ شتی تری لەم بابەتە زنجیرەیەک بنەما و ڕێوشوێنی ئستراتیژی و تاکتیکە و بە پێی تەجروبە دەستکەوتوون و ئەبێ لە ڕەوت و ڕێبازی خەباتدا لە بەرچاو بگیرێن.