هونەرمەند پێویستە لە ڕۆڵی خۆیدا بتوێتەوە

لە ماکسیم گۆرگییەوە بۆ کۆنستانتین ستانیلاڤسکی
لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 13 خولەک  694 بینین

هونەرمەند کەسێکە کە بزانێ چۆن ئەو شتانەی زەینی خۆی وەریگرتوون بەکاربهێنێ، لەناو عونسورە هاوبەشەکاندا کە پێوەندیان بە تەواوی خەڵکەوە هەیە، «عناصری موضوعیفارسی» بدۆزێتەوە لە شکڵ و فۆڕمێکی شایاندا بییان نوێنێ.

زۆربەی خەڵک ناتوانن زەینییەکانی خۆیان بە چاکی دەربڕن.

هەر کاتێ بیانەوێ ئەوەی هەستیان پێکردووە بە چەشنێکی ڕووناک و ورد پیشان بدەن، لە ژێست و فۆڕمە قەراردراوەکانی وەکوو: وشەکان، وێنەکان و ئەو بزووتنەوانەی کەسانی دیکە بەکاریان هێناون، کەڵک وەردەگرن.

یانی لەو کردەوەدا وە شوێن ئەو شتە قەراردراوانە و ئەو ڕێ و شوێن و ئاکارانە دەکەون کە باون و لە لایەن گشتەوە قبووڵ کراون، وە هەستەکان و فام کراوەکانی خۆیان بە بەر لەشی کەسانی تردا دەکەون و، تەماشاکەر لە وجوودی ئاڕتیست و هونەرکاردا کەسێکی دیکە دەبینێ.

من لەو بڕوایەدام هەر ئینسانێک سروشتی هونەرکاری لە وجوودی خۆیدا هەیە و، ئەگەر بە چاکی هەستەکان و فامکراوەکانی خۆی سەرنج بدا و خەریکیان ببێ، ئەو سروشتە لە وجوودی ئەودا پەروەردە دەبێ.

ئینسان ئەرکی خۆناسین، دۆزینەوەی هەڵوێستی زەینی خۆی لە حاست ژیان، ناسینی خەڵک، فامکردنی واقعییەتەکان و نواندنیان لەو فۆڕمانەدا کە خوڵقاوی ئەون، وە ئەو بەیانەی کە هی خۆیەتی هەمیشە لە وزە و توانادا هەیە.

وەرە بۆ نموونە پیاو و پێنج ژنی عادەتی بهێنە بەر چاوی خۆت لەگەڵ دەمەبەستی پەروەردەنەکراوی سروشتی هونەری، دە هەڵویستی جیاواز لە حاست ژیان، دە تەسویری لێڵ لە مەسەلەی دیاری و تایبەتی، وە تەنانەت دە بیروڕای جیاواز بەرەو ڕوو دەبێ. هەر کامێک لەم پێنج پیاوە لە بارەی ژنی دڵخوازی خۆی بیروڕایەکی بە تەواوەتی شەخسی و تایبەتی هەیە. هەرکامێکیش لەو ژنانە لەمەڕ پیاوی دڵخوازی خۆی ئاواتێکی جیاوازی هەیە.

یەکێ لەم پێنج پیاوە لای وایە ژنێکی لەچەر و ڕژد، ژنێکی ماڵداری کەرە و خاوەنی عەقڵی ژیانە. پیاوی دووەم لە ژنێکی ئاوا بێزارە، پیاوی سێیەم ئەو ژنە بە چارەڕەش و ناڕەسەنە دادەنێ، پیاوی چوارەم بە گەپجاڕی دەزانێ، ئاخرەکەی پیاوی پێنجەم وەکوو «پۆلیۆشکینا» ی تەماشا دەکا و هەر بەو جۆرەش بەرەڵڵای دەکا. ئەوی پێنجەم بێنرخترین ئینسانە.

هەر بەم جۆرە ژنانیش ئاوات و ئارەزووی جیاوازیان هەیە. یەکێک لە دنیای خەیاڵی خۆیدا قوماری عیشق و دڵداری بە «مقدسفارسی» ێک دەدۆڕێنێ و هێز و توانای ڕۆحیی ئەو تێکدەشکێنێ. یەکی تر کەسێکی کەم نرخی خۆش دەوێ و بە عیشقی خۆی دەیگەیەنێتە شانازی و سەربەرزی، ئەوی سێیەم بیر لەوە دەکاتەوە کە تەبیعەت گاڵتەی بەو کردووە وا لە قاڵبی ژندا خوڵقاندوویەتی، لەبەر ئەوە خۆشی لە هیچ نایەت، چونکە بەغیلی بە ئازادی پیاوان دەبا. ئەوی چوارەم تەنیا حەز لەوە دەکا کە هاوسەرێک و دایکێک بێ، ئەو هەستی ئینسانانەی قووڵی لە حاست ئەم ئەرکە هەیە بەڵام لەبەر هێندێ شت ناتوانێ بگاتە ئەم ئامانجە. ئەوی پێنجەم ژیانی بەهەر جۆرێ بێتە پێشەوە قوبووڵە، بە بێ هیچ چاوەڕوانییەکی تایبەتی. هەرکاتێ ئازاری یەکێ لە نزیکانی خۆی دەدا، بە ڕاستی سەری سوڕدەمێنێ کە چۆن شتێکی ئاوای لە دەست قەوماوە؟

هەر کامێک لەم دە ئینسانە لە ژیانی خۆیدا گەلێک کەسی دیوە: گالیسکەلێخوڕ، مەغازەدار، ئاکتۆر. وە لە مێشکی هەر کامێکیشیاندا، ڕەنگە بێ ئاگا وێنەیەکی لێڵ لەم کەسانە و لەم «تیپانە» جێگیر بووبێ، وێنەیەک لە تایبەتییەکانی گالیسکەلێخوڕ، ئاکتۆر، مەغازەدار، و دایک – بەڵام وێنەی هەرکامێک لە تاقم و تیپەکانی ناوبراو دەبێ ئەوەندە ڕۆشن و ڕووناک بێ کە وێنەی هەر تاقم و تیپێک لەوانی دیکە جیاواز و دیاری بێ، بە جۆرێکی وا کە ئینسان بتوانێ تەنیا بە سەرنجدانی ئەو وێنەیە، تاقمەکەی لەمەڕ ئەو ناو ببات و تایبەتییەکانی ئەو بهێنێتە بەرچاوی.

لە بەرامبەر تۆدا دە کەس هەن، تەواو بەو جۆرە کە تۆ دەتەوێ ئەوان ببینی، تەواو بەو جۆرە کە ئەوان خۆیان و یەکتر دەبینن، وە تەواو بەو جۆرە کە ئەوان حەزدەکەن خۆیان ببینن.

ئاخرەکەی تۆ دە کەسی خۆ خوازت لە بەرامبەردایە – خۆخواز، چونکە هەر کامێکیان حەز دەکا لە ژیاندا ئەوەندە بلوێ کەسێکی گرنگ و ناسراو بێ.

تۆ ئەم پرسیارەی خوارەوە لەگەڵ یەکێکیان بهێنە گۆرێ:

«ڕای تۆ لە بارەی ژنێکی میهرەبان کە هەموو ئینسانێک، هەر جۆرێ کە هەن، بە ڕۆڵەی خۆی دەزانێ، چییە؟» لە یەکێکی تر بپرسە:

«ڕای خۆی لە بارەی پیاوێک، کەوا بیر دەکاتەوە، ژیان لەسەر ئەم گۆی زەوییە بە ڕاستی پیس و تێکەڵ بە چەپەڵییە، لە ژیان بێزاریشە و دەشترسێ، بە خودا و ژیانی پاش مەرگیش بڕوای هەیە دەربڕە».

لێرەدا تۆ دوو وێنە و تەسویرت لە بەرامبەردا هەیە: پیاوێک کە شەق لە ژیان هەڵ دەدا و، ژنێک کە خۆی بە خانمی جیهان دەزانێ. ئاشکرایە، لە نێوان ئەوەدا کە زیندووە و بەکارە، لەگەڵ ئەوەی کە مردووە و وێستاوە تەزاد و دژایەتی هەیە.

وێنە و تەسویرێکی دیکە بخوڵقێنە لە ژنێکی خۆش ڕابوێرێ «وەکوو دۆن ژوان» کە بە بێ لێکۆڵینەوەی جینسی و بێ بیر کردنەوە لە دۆزینەوەی پیاوانی دڵخواز، هەوڵ دەدات تووشی هەر پیاوێک بێ ڕایکێشێ بۆ لای خۆی.

بە خوڵقاندنی ئەم سێ «شخصیتفارسی» و کەسە، یا بە زمانی تیئاتری، بە بوونی ئەم سێ نەخش و ڕۆڵە ، ۆ نەک تەنیا ماددەی پێویست بۆ خوڵقاندنی نواندن نامەیەک لەبەردەستدا هەیە، بەڵکوو پێویست بوونیشی هەست دەکەی. ئەم نەخشانە لە بەرامبەر یەکتردا دابنێ و بڕوانە چۆن دەسبەجێ دەست بە یاری – بە ژیان – دەکەن.

ژنی دووەم خەریکی کەڵکەڵەی پیاوی موقەددەس دەبێ. ژنی هەوەڵ مەیدانی سەرەڕۆیی هیچ کەس نادات. پیاوی موقەددەس ڕەنگە بۆ لای ژنی هەوەڵ ڕاکێشرێ و، ژنی دووەم «خۆش ڕابوێر» ئەوە تووشی سەرسوڕمان بکا، لەوانەیە ماوەیەک لە نێوان ئەو دوانەدا وەکوو باندۆڵ بلەرێتەوە، لەوانەشە توانا و دەستەڵاتی ژنی هەوەڵ دیل و ئەسیری کات و پاشان ژنی دووەم بیڕفێنێ. بەهەر جۆرە خودی ژیان تۆڵە لەو پیاوە موقەددەسە دەستێنێ، کەوا حەز لە ژیان ناکا. ئەمە نەریتی ئەبەدی ژیانە لە هەموو شوێن و جێگایەک. کارمان بە زاهیدان و موقەددەسانی گەورە نییە کە ژیانیان بە چەشنێکی دیکەیە.

ئێستا وەرە دەستی چەند «شەخسییەت» یا نەخش و ڕۆڵی دیکەش بکێشە ناو شانۆوە.:

بە ئاکتۆری چوارەم بڵێ:

«تایبەتییەکان و کردەوەی کەسێکی حۆل و پرتە و بۆڵە بنوێنە».

ئەو، لە نەخشی برای ژنە خۆش ڕابوێرەکەدا، یا عاشقی ژنەکەی هەوەڵدا بخەرە یاری – درام، زیندووترە و گوڵی پێچراوەتر دەبێ.

بە ئاکتۆری پێنجەم بڵێ:

«لە بەرامبەر پیاوە موقەددەسەکەدا لە نەخشی ئینسانێکی شاد و عاشقی ژیاندا وەرە مەیدان».

بەوی شەشەم بڵێ: «نەخشی پیاوێک یاری بکە کە چارەنووس کەنەفتی کردوو، ناهومێدە، بەڵام هەمیشە لە پاڵ خۆیدا هەست بە ڕازی بوون دەکا و هەرگیز، کەس تاوانبار و بەرپرسی چارەڕەشی خۆی نازانێ».

بەوی حەوتم بڵێ: «نەخشی کچێک یاری بکە کە بە ئاواتی بە دایک بوون و پێکەوەنانی ژیانێکی هێدی و هێمنی خێزانییەوە، لە قوژبنێکی کلاو چەپەکی دنیا. وە وا دیارە لە جیهانی خەیاڵدا لای وایە لە جێگایانی تازە و ئاسۆی نوێدا دەتوانێ ژیانێکی زۆر سادە و جوان پێکەوە بنێ». هەشتەمین، نۆیەمین، دەهەمین و ئاخرەکەی چەندەمین هونەرکار بە نەخش و ڕۆڵی جیاجیاوە بهێنە سەر شانۆ وە چەند نەخشی فەرعیش لەهەر جێگایەک کە شەخسییەتی ڕۆڵەکانی بە چاکی نەخشە کێشرابێ، تێهەڵئەنگووتنی ئەوان قەتعییە.

بۆ نموونە پیاوی موقەددەس کە شەقی لە ژیان هەڵداوە، کوتوپڕ هاوار دەکا: «ژن ماکەی تەواوی چەپەڵییەکانی ژیانە. چونکە ئەو، لە پێناوی لەزەتخوازیدا زاوزوو دەکا و دەبێتە هۆی خوڵقاندن و درێژەکێشانی ژیان». دەسبەجێ ئەو پیاوەی کە عاشقی ژیانە بە سەرسوڕماوی دەنەڕێنێ تا نیشان بدات کە ئەو قسەیە هەڵەیە. ئەوانی تریش ئەکەونە خۆ، وەڵامی ئەو پیاوە موقەددەسە بدەنەوە. ئاخرەکەی ئەم دوو ڕایە، یا باشتر بڵێین ئەم دوو مەیل و حەزکردنە تێکهەڵدەئەنگوێن، وە ئەمە نووچکە و لووتکەی پێیس و نواندن نامەکەی تۆیە. ئەم کۆمێدییە دەلوێ بگۆڕێ بەڵام ڕوون و دیارە کە ئەمە پێوەندی بە چەشنی بەرفراوانکردنی هۆیەکانەوە هەیە لە تۆێی بەجێگەیاندن و درێژەدانی یارییەکاندا. نابێ لەبیر بچی کە لە بارێکی ئاوادا ئاکتۆر و یاریکەر تەنیا خوڵقێنەری پێیس و نواندن نامەکەشە. هەم خوڵقێنەری ڕۆڵ و هەم مودافیعی تەواوی شەخسییەت – ئەو تەواوەتییەی لەژێر تەئسیری ئەو شەخسییەتانە و ئەو ڕۆڵانەدا کە بە ئامانجی موخالیفەوە کەوتوونەتە بەرامبەر ئەو، لەوانەیە بپسێ.

ئێستا ئەمە تۆی کە بزووتنەوەی نواندن نامەکە ڕێنوێنی دەکەی. تەواو بەو جۆرەی کە «مولێر» لە زەمانی خۆیدا کردی. یانی وەکوو خۆی نووسیویەتی: لە کاتی مەشقکردنی نواندن نامەیەکدا، بە پێی تێگەیشتنی ئاکتۆر و یاریکەرەکان لەو شەخسییەتانەی نواندن نامەنووس ناساندوونی، گەلێ جار نواندن نامەکەی نەختێ دەگۆڕێ. تۆ لە هەر جێگایەک وتووێژەکان درێژن کورتیان دەکەیەوە، هەر کامێک لە یارییەکان خاو و بەشێنەیین دەیانخەیە بزووتن و جموجۆڵ. وە کەنار شانۆوە باشتر لە یاریکەرەکان دەتوانی ببینی کە فڵان ئاکتۆر بۆ ئەو ڕۆڵە دەشێ کە گرتوویەتە ئەستۆی یان نا، یا دوین و ئاخاوتنەکەی هی خۆیەتی یا لاسایی کردنەوەیە؟ ئاکتۆر و هونەرەکان چ ژن و چ پیاو، پێویستە لە نەخش و ڕۆڵی خۆیدا نوقم بێت و بتوێتەوە تا بتوانێ لە دەربڕینی هەستەکان و پیشاندانی حاڵەتەکاندا سەرکەوێ. لە کاتی هەڵئەنگووتنی شەخسییەتەکانی... نواندن نامە و ئارەزووەکان و مەبەستەکانی ئەواندا، دەبێ تەواوی قسە و باسە زیادییەکان دەرهاوێژرێن. مەبەستێکی بنەڕەتیی دیکە ئەمەیە کە دەبێ حەزکردنی هونەرکار و ئاکتۆر بە ڕۆڵی دڵخوازی خۆی لە بەرچاو بگیرێ. هەر هونەرکارێک هەوڵ دەدا کە ڕۆڵی خۆی بە باشترین چەشنێ کە بۆی دەلوێ یاری بکا، و بە نواندنی تیپێک کە زۆرتر لێی شارەزایە، شانۆ داگیرکا و درەوشانەوەی ڕۆڵەکانی تر بخاتە ژێر تیشکی خۆی. سەبارەت بەمە هونەرکار دەبێ لە قوبووڵکردنی نەخش و ڕۆڵەکاندا دەرفەتی هەڵبژاردنی ببێ. هەروەها دەبێ بە تەواوەتی ئەوە لەبەر چاو بگیرێ کە ئەدەبیاتی زاڵ «مسلط» هورووژم نەکاتە سەر کاری زیندووی هونەرکار. یانی هەوڵ نەدا و شەو وتەی قەراردراوی عادەتی لە نواندن نامەکە زیاد بکا، چونکە لەوانەیە تەماشاکەر، ئاخاوتن و حاڵەتی ئەوانی گەلێ جار لەسەر شانۆکانی تیئاتر دیبێ و سەرنج دابێ. ئەم جۆرە کارانەی هونەرکار ڕەنگە بە تەواوەتی بێ ئاگایانە بێ. لەبەر ئەوە نابێ لەوەدا ببێ کە زیانیان هەیە، چونکە تازەیی نواندن نامە دەفەوتێنێ.

هەر بەو جۆرە کە وتووێژی شەخسییەتەکانی نواندن نامە دیاری دەکرێ و دەخرێتە سەر کاغەز، قاڵبی نواندنەکەش، شانۆ بە شانۆ ڕێک دەخرێ. دەتوانرێ ڕازاندنەوەی ئەدبیی نواندن نامەکە بە نووسەرێکی پیشەیی بسپێردرێ. بەڵام لەم بارەدا لە توانادا هەیە پێشی حەز کردنی ئەو بۆ گەیشتن بە «ئەوپەڕی کەماڵی ئەدەبی» بگیرێ، چونکە وتووێژەکان و ستیلی نواندن نامەکە لە چەشن و شێوەی عادەتی دەردەکا.

بۆ نموونە:

ئێوارەیەکی زستان، چەند کەس لە هۆدەیەک دانیشتبوون و چاوەڕوانی کەسێکن. دەلوێ ئەو کەسەی چاوەڕوانی دەکرێ باوک یا خزمێک بێ کە لە دادگای ناوچە لە ژێر موحاکمەدایە و، بە هەر جۆر خۆشەویستێکی ئەو خێزانەیە. ئەم کەسانە هەر لەو کاتەدا کە دەزانن تاوانەکە ئەو کردوویەتی، بە بێ گوناهی دەزانن.

وتووێژی ئەوان دەتوانێ زۆر جێگای سەرنج بێ. خەڵک هەوڵ دەدەن شتێک بە خۆیان بسەلمێنن کە هەرگیز شایانی قوبووڵ کردن نییە. دیارە ئەمەش دەلوێ کە ئەوان بەڕاستی وا خەیاڵ بکەن کە تاوانبار کراوە کە بێگوناهە. ئاشکراشە کە ئەمە لێکدانەوەیەکی دیکەیە. لەم بارەدا دەلوێ ئەو کەسانە بە باسکردنی ئەمە کە ڕەنگە ئەو بێتاوانە حوکم بدرێ یەکتر تووشی ترس و خۆف بکەن. ئینسانێک دەتوانێ نیشاندەری حاڵەتی جۆربەجۆری داماوی و سەرلێشێواوی بێ. لەبەر ئەمە دەتوانرێ لە بیچمی ئەم تاقمەدا گەلێ حاڵەت سەرنج بدرێ. بەڵام لەم کاتەدا دەرگا دەکرێتەوە و پیاوە تاوانبارکراوەکە، پاکانە کراوە و شاد و دڵخۆش دێتە ژوورەوە. دەردەکەوێ کە ئەو بەڕاستی بێتاوان بووە و، بە پێچەوانەی تێبینی هەمووان، تاوانەکە خزمێکی دەوڵەمەند کردوویە کە هەمووان لایان وابوو بە دیاری و سەوقاتێکی زۆرەوە دێتەوە. بەروبووی ئەم ڕەوتە، ڕوونکردنەوەی هەڵەی ئەو کەسانەو لەناوبردنی نەختێ ترسیش! دەبێ.

دەتوانرێ دیسان مەسەلەی سادەتر بهێنرێتە سەر شانۆ. هێندێ داخواز بگرە بەرچاو کە دەیانەوێ لە تاقیکردنەوەی فێرگەی هونەری تیئاتردا هاوبەشی بکەن. لێرەدا دەتوانرێ درامی ڕاستەقینە و، لەگەڵ ئەوەیشدا شانۆیەکی زۆر شایانی تەماشاش سەرنج بدرێ. ئەو کەسانە دانیشتوون و، لە کاتێکدا کە قسە دەکەن هەوڵی ئەوەیانە کە شڵەژانی دەروونی خۆیان بشارنەوە. تاقمێک بە چەشنێکی زۆر شایانی پێکەنین لە خۆیان دڵنیان. دیارە ئەمانە کەسانێکی لێهاتوو نین. بەڵام بە لای تاقمێکی دیکەوە، ئەم تاقیکرانەوەیە، مەسەلەی مەرگ و ژیانە، ئەمانە یەک لە دوای یەک دەچنە سالۆنی تاقیکرانەوە و دێنەوە. قینەبەری، شادی، حەزکردن، بەغیلی و ئاخرەکەی کە هەر جۆرە هەست و مەیلێک دەتوانرێ لە شانۆیەکی کورت و بچووکدا لە بیچمی ئەواندا ببینرێ.

لەگەڵ ئەم نامەیەدا، من گەڵاڵەی کۆمیدییەک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکتان بۆ دەنێرم.

«م. گۆرگی»