مەرگی فەرمانبەر

چێخۆف
لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 6 خولەک  788 بینین

شەوێکی خۆش، ئیوان دیمیتر یۆیچ چێرڤیاکۆف، فەرمانبەری عەدلییە لە ڕیزی دووەمی تیئاتردا دانیشتبوو، بە دووربینە، دەستییەکەی، کپ و بێدەنگ تەماشای نواندن «ئاقووسەکانی کرنوێل» ی دەکرد و لە خۆشییانا بە خەیاڵ بە ئاسماندا دەگەڕا بەڵام کوتووپڕ... بە ڕاستی لە چیرۆکەکاندا ئەم وتەیە: «بەڵام کوتووپڕ» زۆر دەبینرێ. بێئینسافی ئەکەین نووسەرەکان هەقیانە. چونکە ژیان لە ڕاستیدا پڕە لە ڕێکەوتی تێبینی نەکراو... ئاخرەکەی کوتووپڕ ڕووکاری چێرڤیاکۆف چرچ و لۆچ بوو، چاوی ئاڵۆزا، پشووی لێبڕا. دووربینە دەستییەکەی لە چاوی دوور خستەوە... ئابتشێ. وەکوو دیتت پشمی. پشمین لە هیچ جێگەیەک و لە هیچ کەس قەدەغە نییە. وەرزێڕەکان، سەرۆکەکانی پۆلیس، جاری وا هەیە کاربەدەستە پایەبەرزەکانیش دەپشمن. چێرڤیاکۆفیش هیچ تەریق نەبۆوە. بە دەستەسڕ لووتی خۆی خاوێن کردەوە. بەڵام سەبارەت بەوە کە پیاوێکی بەئەدەب بوو ڕوانییە دەوروبەری خۆی تا دڵنیا بێ کەسی سەخڵەت نەکردووە. لێرەدا تووشی خەجاڵەتی هات و تەریق بۆوە لە ڕیزی پێشەوە پیرەمێردێک لە بەردەمی ئەو بە سەبرێک بە دەسکێشەکانی سەرە ڕووتاوەکەی و ملە ئەستوورەکەی خاوێن دەکردەوە و لەبەر خۆیەوە بۆڵەبۆڵی بوو. چێرڤیاکۆف پیرەمێردەکەی ناسی: سەرتیپی ئەهلی بوو، ناوی بریزژاڵۆف بوو، لە وەزارەتی ڕێوبان کاری دەکرد. لە دڵی خۆیدا گوتی: پڕیشکم پڕژاندە ئەو پیاوە. هەرچەند سەرۆکی من نییە و، سەرۆکی کەسێکی ترە، بەڵام باش نییە، دەبێ عوزرخوایی لێ بکەم. چێرڤیاکۆف کۆکی و سەری بردە پێشەوە و بە ئەسپایی بە گوێی سەرتیپیدا چپاند:

-جەنابی سەرتیپ، ببوورە، من بە ئەنقەست پڕیشکم نەپڕژاندە ئێوە.

-قەی ناکا، هیچ نییە.

-توخوا ببوورە. خوا دەزانێ نەمدەویست.

-ئاغا، فەرموو دانیشە. وازبێنە با گوێمان لێ بێ. چێرڤیاکۆف خۆی زۆر بە خەجاڵەت و شەرمەزا زانی. بزەیەکی گەوجانە کەوتە سەر لێوی و دووبارە دەستی کردەوە بە تەماشاکردنی شانۆی تیئاترەکە. تەماشای دەکرد، بەڵام ئیتر ئەو کەیف و لەزەتەی پێشووی نەبوو. زۆر شپرزە و پەشێو بوو، کاتی پشوودان خۆی گەیاندە بریزژاڵۆف. تاوێک بەدەوریدا هەڵخولا، پاشان غیرەتی نا بەر خۆی و شەرمی نا بەلاوە و بە سەرتیپی گوت:

-جەنابی سەرتیپ، من پڕیشکم پڕژاندە ئێوە... ببوورە... من ئاخر...

-ئاخ، دە بیبڕەوە، هەر لە بیریشم نەماوە، کەچی تۆ هێشتا واز نایەنی! چێرڤیاکۆف بە چاوێکی بەدگومانییەوە ڕوانییە ڕووکاری سەرتیپ و لە دڵی خۆیدا گوتی... «دەڵێ لەبیرم نەماوە، بەڵام نگریسی و ناڕەسەنی لە چاوی دەبارێ. تەنانەت فیزی نایەنێ قسەش بکا. ئاخر دەبێ تێی بگەیەنم کە من هەرگیز حەزم نەدەکرد... ئەمە شتێکی تەبیعییە... ئەگینا وا خەیاڵ دەکا کە من ویستوومە تفی لێ بکەم. ئەگەر ئێستاش وا خەیاڵ ئەکا، قسەی تێدا نییە پاشان ئەمەی بە خەیاڵدا دێ.

چێرڤیاکۆف کە چووەوە ماڵەوە کردەوەی گەوجانەی خۆی بۆ ژنەکەی گێڕاوە. لای وابوو ژنەکەی سەرسەرەکی گوێی لێ گرت و بە گرنگی نەزانی. ژنی چێرڤیاکۆف نەختێ ترسا، بەڵام کە تێگەیشت بریزژاڵۆف سەرۆکی مێردەکەی نییە دڵی حەساوە. سەرەڕای ئەوەش بە مێردەکەی گوت:

-بچۆ عوزرخوایی لێ بکە. ڕەنگە لای وابێ تۆ ڕێوشوێنی هەڵسوکەوت و تێکەڵی نازانی و، ناتوانی لە ناو خەڵکدا جێی خۆت بکەیەوە.

-ڕاستە، تەواو وایە. عوزرخواییم لێکرد، بەڵام کردەوەی ئەو عەجایب بوو، تەنانەت تاقە قسەیەکی حیسابیشی نەکرد. جگە لەوە جێگاکەش بۆ قسە کردن نەدەبوو.

چێرڤیاکۆف سبەینێ جلوبەرگی نیوەڕەسمی تازەی کردەبەری، سەری شانە کرد و چووە لای بریزژاڵۆف. لە هۆدەی چاوەڕوانیی سەرتیپ، هێندێ کەس کە بۆ کاری خۆیان هاتبوون دانیشتبوون. سەرتیپ خۆی خەریکی کۆ کردنەوەی نامە و عەرزوحاڵەکان بوو. دوای ئەوە کە بە شکات و داوای چەند کەس ڕاگەیشت، چاوی بە چێرڤیاکۆف کەوت.

فەرمانبەری عەدلییە بەو دەموکاوێژەی کە ڕاپۆرتی پێ دەدەن، گوتی:

-جەنابی سەرتیپ ئەگەر لە بیرتان بێ لە تیئاتر من پشمیم و پڕیشک پەڕییە ئێوە... ببوو... رە.

-ئەم قسانە چن؟ مەگەر خوا خۆی بزانێ تۆ چەندە شڕی و بڕی دەڵێی!

چێرڤیاکۆف ڕەنگی چڕوچاوی بزڕکا و لە دڵی خۆیدا گوتی: «نایەوێ قسە بکا، وا دیارە تووڕەیە. نەخێر نەدەبوو ئەوە بقەومێ. ئێستاش ناکرێ هەروا بمێنێتەوە، دەبێ تێی بگەیەنم».

کە سەرتیپ بە عەرزوحاڵی هەمووان ڕاگەیشت و بەرەو هۆدەکەی خۆی کەوتە ڕێ، چێرڤیاکۆفیش کەوتە دوای و نووزەنووز گوتی:

-من سەبارەت بە هەستی پەشیمانییەکە بە خۆمدا دەپەرمووم جەنابتان سەغڵەت کەم. ئێوە، جەنابی سەرتیپ خۆتان دەزانن کە من نیازێکم نەبوو.

-تۆ منت کردۆتە گەپجاڕ!

سەرتیپ لە هۆدەکەوە دەرکەوت. چێرڤیاکۆف لە دڵی خۆیدا گوتی: ئێرە جێگەی گەپوگاڵتە نییە. سەرتیپە، بەڵام نایەوێ تێبگا. ئێستا کە وای لێ هات منیش لەم کابرا بەفیز و دەعیەیە عوزرخوایی ناکەم، قیروسیا، نامەی بۆ دەنووسم، بەڵام خۆم نایەمە لای. خوا شایەتە ئیتر پێم نانێمە ئێرە.

چێرڤیاکۆف بەدەم ئەم بیر و خایاڵانەوە گەڕاوە ماڵەوە. ئەوەندەی هەوڵی دا نەیتوانی ئەو نامەیە ڕێکخات کەوا دەیەویست بۆ سەرتیپی بنووسێ. ئاخرەکەی ناچار بوو خۆی بچێتەوە لای سەرتیپ. کە سەرتیپ بە چاوی پرسیارەوە ڕووانییە بیچمی چێرڤیاکۆف، چێرڤیاکۆف بە نووزەنووزەوە گوتی:

-من دوێنێ هاتم جەنابتانم سەخڵەت کرد، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی فەرمووتان بە هیچ کلۆجێ نیازی گاڵتە و پێکەنینم نەبوو. من عوزرخوایی ئەوەم کرد کە پشمیم و پڕیشکم پڕژاندە ئێوە.

بە هیچ جۆرێ نیازی پێکەنین بە خەیاڵمدا نەهات. من چۆن دەوێرم پێبکەنم؟ ئەگەر وای لێ بێ ئێمەمانان پێبکەنین، ئیتر ڕێز و حورمەتی پیاوی گەورە چۆن دەمێنێ؟

سەرتیپ کە لە تووڕەیییان ڕەشوشین هەڵگەڕابوو، دەلەرزی، گوتی:

بڕۆ، لاچۆ لەبەر چاوم!

چێرڤیاکۆف بە دەنگێکی زۆر نزم و ترس و لەرزەوە پرسی:

-چتان فەرموو؟

-سەرتیپ کە بە جارێ لە دن دەرچووبوو، زرم لاقی لە زەوی کوتا و دووبارە نەڕاندی:

-بڕۆ، لاچۆ لەبەر چاوم!

چێرڤیاکۆف جەرگ و هەناوی داکەوت، گوێی زرینگاوە، چاوی کەوتە ڕەشکەوپێشکە. پاشەوپاش بۆ لای دەرگاکە کشاوە و خۆی گەیاندە جادە. بە لەقەلەق بەرەو ماڵ کەوتەڕێ. کە گەیشتە ماڵەوە بێئەوەی جلوبەرگە نیوەڕەسمییەکەی داکەنێ، لەسەر قەرەوێڵەکەی پاڵکەوت و... مرد