دیدەنییەکانی مامۆستا حەسەن قزڵجی - عەبدوڕەزاق بیمار

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 14 خولەک  844 بینین

مامۆستای چیرۆکنووس حەسەن قزڵجی یەکێکە لە هەرە نزیکترین نووسەرانی کورد بە خوێنەوارانییەوە. من هەر جارە ناوی ئەو و چیرۆکەکانی ئەوم بەرچاو کەوتبێ، یەکسەر قسەکەی مامۆستا هێمنم بیرکەوتۆتەوە کە لە پێشەکیی کۆمەڵە چیرۆکی «پێکەنینی گەدا» نووسیویەتی و دەڵێ: «چیرۆکی قزڵجی وەکوو حەڵوای تەنتەنانی بەناوبانگە، تا نەیخۆی نازانی چەند شیرینە». بەڕاستی چیرۆکەکانی دەڵێی حەڵوایە و لەناو ددانە کەل و کۆمەکانی مامۆستا هێمندایە و لەو کاتەشدا شێعرێکی بە سۆز دەخوێنێتەوە. چێژی لە بن مەڵاشوومە و بیرم ناچێتەوە و چیرۆکەکانی ئەو مامۆستایە جیهانێکی سەربەخۆیە. چەند سادەن، ئەوەندە بە بەهرە و هونەروەرن. مایەی شادییە لە بارەگای ڕۆژنامەی «بیری نوێ» دیدەنییەکی کورتمان بوو، وتووێژەیەکی پوختەمان کرد و، وا لەمەولا بۆ خوێندەوارانی «بیری نوێ» یان دەگێڕمەوە.

-کۆمەڵە چیرۆکی «پێکەنینی گەدا» مایەی پەسەندی و ڕێزلێنانی خوێندەواران بوو... ئێمە لە «یەکێتیی نووسەرانی کورد» لە کۆڕێکی ئەدەبیدا کە خەڵکێکی زۆر هاتبوون باسی نرخاندنی چیرۆکەکانمان کرد. ئەوە بوو مامۆستا حسێن عارف لێکۆڵینەوەیەکی وردی دەربارەی چیرۆکەکان خوێندەوە. ئایا جگە لەو کۆمەڵە چیی ترت نەنووسیوە؟

*بەڵێ، چیرۆکی تریشم نووسیوە، بەڵام کۆم نەکردوونەتەوە. پێویستیان بە نووسینەوە هەیە و تا ئێستا بە ئومێدی چاپکردنیان نیم، بۆیە ماونەتەوە.

-وا تێبگەم پێویستیان بە دەستکاریی تازە هەبێت؟

*نەخێر، ئەو چیرۆکەی دەینووسم هەر ئەوەیە و جارێکی تر نایگۆڕم، چونکە من چیرۆک بە زادەی ئەو ساتەی دەزانم کە تیا نووسراوە و ئەگەر جارێکی تر دەستکاریی بکەم مانای وایە ئەو هەستەم بەرانبەر بەو شتە و بابەتەکە دەگۆڕێت و ڕەسەنیی لە دەست دەچێت.

-بەڵام خۆ شێعر نییە؟

*لەوەدا فەرق ناکات. ئەدەبییات چ شێعر چ پەخشان، زیاتر لەسەر ئیحساسە. ئەگەر زانست لەسەر عەقڵ و ژیری وەستابێت، ئەدەبییات لەسەر بنچینەی ئیحساس دامەزراوە.

-ئەگەر هەر چیرۆک زادەی هەستی ئەوساتە بێت، ئایا لە چوار چێوەیەکی تەنگدا دیار ناکرێت؟

*نا، چونکە مانای ئیحساس... ئەوەیە لە واقعی وەرگرێت. واقیعیش مەودایەکی زۆر فراوانی هەیە، بۆیە هیچ لە چوارچێوەیەکی تەنگەبەردا نابێت.

لنین دەڵێ:«ئەدەبییات بریتییە لە ئینعکاسی واقیع لە مێشکی مرۆڤدا». یەکێک لە بوارەکانی واقیع ژیانی مرۆڤە، ئەویش ئێجگار پان و فراوانە و «ئەو» ئینعیکاسە ماوەیەکی زۆر فراوانی دەبێت.

نووسەری وا هەیە لە شێوەی ڕۆماندا دەری دەبڕێت و هەمیشە لە شێوەی چیرۆکی کورتدا یان هەڵبەستدا نیشانی دەداتەوە. بە تایبەتی دان لە چیرۆکی کورت گیردەکەم چونکە لە جیهاندا ئێجگار باوی سەندووە و ئەمڕۆ خەڵک حەزدەکەن شتی کورت و پوخت بخوێننەوە، چونکە سەدەی خێراییە.

-ئەی گوایا ڕۆمان لەم مەیدانەدا دەوری نەماوە؟

*وەڵامەکەم هەر بۆ چیرۆکی کورت بوو کە من خۆم دەینووسم. ئەوەی ڕۆمان دەنووسێ هەر هەمان ئینعکاسات دەردەبڕێ، بەڵام بە گوێرەی هەمەجۆریی دیمەن و ڕووداوی فراوانی پێویستی بە پشوو درێژی و دەستکاری و گۆڕینی جاروبار هەیە. چیرۆکی کورت، بە لای منەوە، وەکوو وتارێک وەهایە، ئیتر کە نووسیم پێویستی بە دەستکاری نییە... بە تایبەتی هەر چیرۆکێکم لە وەختێکی دیار و بە پێی زرووفێکی تایبەتی نووسراوە.

یەکێتیی بابەت

-هەر چەندە هەر چیرۆکێک لە سات و کاتێکی تایبەتدا نووسرابێت، هەمیسان پێویستە هێڵێکی سەرەکی هەموو چیرۆکەکانی کۆمەڵەیەک بە نموونە بە یەکەوە ببەستێت، بەمەوە یەکێتیی بابەتیان دیاربێت.

*لەگەڵ ئەوەشەوە، چیرۆکەکانم لە لایەن ئەیدیۆلۆژییەوە هەموویان گونجاوی یەکترن، هەموو دەربارەی خەباتی چینایەتی نووسراون، بەڵام هەریەک کە کاتێک دروستی کردوون کە ئەو کاتە بووە خۆمی تیا ژیاوم... ڕۆژگارێک لەناو جووتیارانی شارەزووردا ژیام، چیرۆکێکم نووسی. کاتێکیش لە بەغدا بووم و کاتب بووم لای بازرگانێک چیرۆکێکی ترم نووسی.

بەڵێ لای هەندێ نووسەر لە بیروڕادا ناکۆکییەک زەق لە بەشەکانی بەرهەمەکەیدا خۆ دەنوێنێ، چونکە سەرتاپای بەرهەمەکەی ئینعیکاسی هوشیارییەکی سیاسی و ئەیدۆلۆژییەکی دیاریکراو نییە. دەبینین شاعیرێک کە دەربارەی جووتیاران دواوە خەباتی چینایەتیی لێ دەردەکەوێ، بەڵام لە باسی دەرووندا دەڵێی مناجات لە پەردەی غەیبدا دەکات.

ڕۆمان و چیرۆکی درێژ

-فەرمووت چیرۆکی کورت لە جیهاندا زۆر باوە، بەڵام بایەخی ڕۆمان لە ئەدەبدا ئێجگار گرنگە. دەبێ بۆچی تا ئێستا ڕۆمانێکت نەنووسیبێ؟

*جارێ ڕۆمان نووسین وەختێکی زۆری پێ دەوێ و منیش تا ئێستا ئەو ماوەیەم نەبووە.

دوای ئەمە، لە چاو کۆمەڵیشەوە، ئاستێکی ڕۆشنبیری و خوێندەوارییەکی ئەدەبیی تایبەتیی پێ دەوێ. خوێندەواری کورد خووی بە شێعر گرتووە و کەمتر بە پەخشان. وەکوو لێکدراوەتەوە زووتر شان لەبەر شتی درێژ دەردەکێشێ و ناخوێنێتەوە. میللەتی دواکەوتووش شێعری لە پەخشان زۆرترە. خوێندەوار تا دەگاتە ئەو پلەیەی چێژ لە پەخشان وەردەگرێ ڕادە و ئاستێکی بەرزتری دەوێ. منیش پێویستم بەوە بوو بە زووترین کات و لە نزیکترین کەلێنێکدا دەنگی خۆم بە خوێنەوەر بگەیەنم. بۆیە چیرۆکی کورتم بڵاو کردەوە. چیرۆکی کورت لە جیهاندا تا دێ بە باوتر دەبێت. ئەوانەی زۆرتر ڕۆمان دەنووسن مەبەستیان ئەوەیە بکرێ بە فیلمی سینەما و گەلێکیان لایەنە بازرگانییەکەی بە بەرچاو دەگرن. تەنانەت لە مەیدانی سینەماشدا چیرۆکی کورت دەستەپاچە نەوەستاوە. بە نموونە «ئۆ. هانریکەس» چیرۆکنووسی ئەمەریکی کە ٦٠٠چیرۆکی کورتی زیاتر نووسیوە و یەکێکە لە نووسەرانی ڕیالیزمی ڕەخنەگری، هەندێ چیرۆکی لە یەکێتیی سۆڤیەتدا کراون بە فیلم و هەر وەکوو ڕۆمان کەڵکیان لێ وەرگیراوە.

-مامۆستا، وا بزانم تا ئێستا ڕۆمانێک یا چیرۆکێکی درێژت نەنووسیوە. ئەم دیاردەیە لای هەموو چیرۆکنووس و ئەدیبەکانمان ئاشکرایە... لە کاتێکدا کە ئەم هونەرە لکێکی هەرە گرنگی ئەدەبێکی پێشکەوتوون. ئەدەبی کورد بەبێ ئەمە کەلێنێکی زۆر گەورەی تیایە و پڕ نابێتەوە.

*قۆناغەکانی گەشە کردنی ئەدەبییات لەگەڵ گەشە کردنی ژیان دەڕوا... زرووفی ژیانی نووسەر و دەست ڕۆیشتن و دەست پەرژانی و پایەی خوێندەوار لە لایەکەوە و پێویستی ژیان و زرووف لە لایەکی ترەوە مایە و هۆی پەیدابوونی چیرۆکی درێژ و ڕۆمانن. وا دیارە تا ئێستا زرووفی پێویست نەبووە. ئەگەر ببوایە ڕۆمانیش پەیدا دەبوو.

بە نموونە موحەممەد عەلی ئەفغانیکەس کە کوردێکە و لە کرماشانشوێن دەژی، تا ئێستا دوو ڕۆمانی نووسیوە کە زۆر باش و پەسەندن و کراویشن بە فیلم، بەڵام بە فارسی نووسیونی. ڕەنگبێ زرووفی ژیانی پێویستی بەوە کردبێت بە فارسی بڵاویان بکاتەوە.

-ئەی تۆ؟

*بەو مەرجە ئەگەر زرووف کۆمەکە بکات، بەڵێن بە خوێندەواران دەدەم لەم بابەتەوە کۆششێک بکەم.

بنچینەی فۆلکلۆر

-چیرۆکەکانت زۆر لە تامی فۆلکلۆر و هونەری ڕەمەکیی ئادەمیزادەوە نزیکن: بابەتەکانیان، ڕاوێژی گێڕانەوەیان، مەبەست و شێوەی دەربڕینیان و.

*بە مەسەلەی فۆلکلۆر، مەکسیم گۆرگی دەڵێ: «فۆلکلۆر گەورەترین چاوگەی ئەدەبییاتی هەر میللەتێکە و هەرگیز وشک نابێت». فۆلکلۆر ژیانی زۆربەی خەڵک بە پان و پۆڕییەوە نیشان دەدات.

هەر ئەدەبێکیش لە فۆلکلۆر نزیک بێتن لای زۆربەی خەڵک، بە تایبەتی لای جووتیاران، پەسەندە.

لای میللەتان نموونە زۆرە. لە بوڵگارستان ئەدیبێک هەیە ناوی «ئیلین پیلینکەس» ە. مامۆستا بووە لە دێهات و تێکەڵاوی ژیانی لادێ بووە و چیرۆکەکانی هەموو لەسەر بنچینەی ژیانی خەڵک و عالەم هەڵچنیون، بەڵام پێی موتەئەسیر نیم، چونکە دوای نووسینی چیرۆکەکانی خۆم بەرهەمی ئەوم خوێندووەتەوە.

ڕوخسار و شێوەی نووسین

-ئەی بەرامبەر بە ڕوخسار و شێوەی نووسینی چیرۆک بە گشتی و چیرۆکی خۆت ڕات چییە؟

*بێگومان، چیرۆکی کورت لە فارسی و عەڕەبی و کوردیدا باو نەبووە. لە ڕۆژهەڵاتدا عادەت وابووە لە ئەدەبدا مەیل بە شکڵ بدرێت نەک ناوەڕۆک. بە هەموو کەرەستەی وەکوو تەشبیهـ و جیناس و موحەسیناتی وتەی کۆنەوە پەخشانیان ڕەنگاندووە. «جاحيظعەرەبی» دەڵێ: مەعنا شتێک نییە گرنگ. عەڕبیش و عەجەمیش دەتوانێ مەعنا بزانێت، بەڵام وتە و وشەبەندی گرنگە. ئیتر هاتوون پەخشانیان بەمانە نەخشاندووە. فارس و کوردیش هەر بە «لەفز» ەوە خەریک بوون. ئەگەر کەسێک لاریی لەمەدا کردبێت بەرهەمەکەیان بە ئەدەب نەژماردووە. کە چیرۆکنووسین هاتە ناوەوە زۆرتر هەر هەوڵی ئەم ڕێگەیە دراوە. بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا وا نەماوە. چونکە بەم کارە ئەدەبەکە ئاڵۆز دەبێت و لە تێگەیشتنی گشتی دوور دەکەوێتەوە. یەکێک ئەگەر لە ڕوانگەی ئەیدیۆلۆژیی چینایەتییەوە بنووسێت، خۆی بەوانە ماندوو ناکات.

لە لایەنی ستیل «داڕشتن» ەوە مەرج نییە هەموو نووسەران یەک شکڵی تایبەتی بگرنە پێش. هەرکەسە دەبێ ئازادییەکی تەواوی هەبێت، کام شکڵ دەگرێت و بۆی هەیە لە هەر نووسینێکدا شکڵێک بەکار بهێنێ. شکڵ گەلێ جۆرە:

١. بە شێوەی گێڕانەوەکەیان نووسەر یەکسەر خۆی قسە دەکات یان لە زمانی یەکێکی تر دەیگێڕیتەوە هەروەک چیرۆکەکانی چێخۆف.

٢. بە شێوەی دەمەتەقێ و تووێژ.

٣. بە شێوەی تەبیعی ڕووداوەکان چۆن ڕوویان داوە وەها دێنە پێشەوە.

٤. ڕووداوەکان تێکەڵ دەکرێن، کۆتایی ڕووداو دێتە پێشەوە، ئینجا دەست بە گێڕانەوەی تەفسیلات دەکرێت، بە تایبەتی لە چیرۆکی پۆلیسیدا ئەمە دەکرێ. لە هەڵبژاردنی هەر تەرزێک نووسەر سەربەستە... لە بارەی شکڵدا لێنین دەڵێ: دەبێ ئەدەبییات دیموکراتیک بێ... واتە فراوانترین کۆمەڵانی خەڵک تێی بگەن. بە لای منەوە، بۆیە پێویستە سادە و ڕەوان بێت، نەک وەکوو ئەدەبییاتی بۆرجوایی ئاڵۆز و سەخت و تێگەیشتنی زەحمەت بێت.

ئاسانی و تەنکی

زۆر کەس دەڵێن دوور نییە ئەو سادەییە لەو ئەدەبەدا مەبەستە کە هەموو خەڵک تێی بگات نابێتە هۆی تەنگاوی و بە قوربان کردنی هونەر و بۆ خاتری ئاسانی و سادەییەکەی، ڕەنگی هونەر و بەهرەی ئەدەبییەکەی لێ دەچێتەوە، یان ئەو قووڵی و بە پیتییەی مەبەستیەتی جێی تیا بێتەوە.

نووسینی ئاڵۆز هەرگیز بەڵگەی هونەری نەبووە و نییە، تەنانەت لە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتدا لە کۆندا کوتراوە- سەهلی مومتەنیع- دیارە ئەم وتەیە لە چاو ئەو سەردەمەی لێی پەیدا بووە چ بەڵگە و مانایەکی بە دەستەوە داوە و چۆن تا ئێستاش لە سنوورێکی بایەخداردا دەخولێتەوە.

چیرۆکەکانی چێخۆف کە لە پلەیەکی بەرزی هونەر و ناوداریدان زۆر سادەن، بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت نووسینیشیان زۆر زەحمەتە. نموونەی ئەدەبی ئاڵۆز، بە وێنە سوریالی، ئەگەر لە قەپیلکەکەی دەرکەیت ناوەڕۆکی تێدا نامێنێتەوە و کەس تێی ناگات.

ئەدەبی بۆرجوایی بۆ ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت وەختی پێ ڕابوێرن، بەڵام ئەدەبی میللەت بۆ فێر بوونە. بۆ ئەوەیە وەعی لێ وەربگیرێت.

-بەڵام بۆ فێر کردنی میللەت بوار و مەجالی تر هەن...

*بەڵێ، تەثقیف شێوەی زۆرە، ڕۆژنامە، خوتبە، ئەدەبییاتی حیزبی. بەڵام تەثقیفی غەیرە موباشیر بە ئەدەب دەکرێت. ئەم شێوەیەیان زیاتر لە مێشک دەچەسپێت و دەمێنێتەوە. مارکسییەت دەڵێ: ئەدەبییات ئەیدیۆلۆژییەتە. کابرای نووسەر هەرچەندە لە ئەیدیۆلۆژی ئاگاداریی نەبێت، دیعایە بۆ ئەیدیۆلۆژی دەکات. شاعیری چەرخی عەبباسی دیعایەی بۆ خەلیفە و دامودەزگای دەکرد. هەر بابەتێکی وەری گرێت. بە نموونە شێعری موناجات، سەروبەر بریتییە لە دانەواندنی سەری تەسلیم بۆ قەزا و قەدەر، لە دواییدا مەنعی هەموو کۆششێکی مرۆڤ دەکات و پێویستی پێ ناهێڵێت.

لە بری بەرامبەردا ئەدەبییاتی پێشکەوتوو ئەیدیۆلۆژی ئاراستە دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەدەبییاتی حیزبیش جیاوازیی هەیە، کە ئەم لە ڕێگای وێنە و هونەرەوە شت بە گەل دەگەیەنێت.

چۆن ئەدەب بە گەل دەگات؟

-هەندێک دەڵێن ئەدەب بۆ تایبەتە و بۆ گشت نییە. جارێ گەیاندنی بە گشت ئاسان نییە و ئەگەر پێشی بگەن دوور نییە تێی نەگەن؟

*ئەم دابەش کردنە دیوارێکە لە نێوان پارچەیەک و پارچەیەکی تری گەلدا... ئەگینا ئەدەبی پێشکەوتوو، کەم و زۆر، خەڵک هەر تێی دەگات... بە مەرجێک پێیان بگەیەنین. لێرەشدا نووسەر دەورێکی گرنگ دەگێڕێت... نووسەرێک ئەگەر بۆ پارە یان بۆ بارێکی تایبەتی نووسی، ئەوەندە ماوەی ئەوەی نییە خەم لەوە بخوات ئایا تێی دەگەن یان نا... بەڵام نووسەری بەهرەمەند و شارەزا و خاوەن ئەیدیۆلۆژی کە شت دەنووسێ بیریش لە خوێندەوارانی دەکاتەوە گەیاندنی ئەدەبیش لەم چەرخی ئەمڕۆدا شتێکی زەحمەت نیە، لە ڕێگەی وەسائیلی حیزبییەوە یان لە ڕێگەی تیئاتر و شنز و کۆڕبەستنەوە ماوە زۆرە. بە کورتی ئەگەر ئەم جۆرە ئەدەبەیان پێبگات تێی دەگەن.

-مامۆستا وەکوو دەزانین لە تەرجەمە کردنیشدا دەستێکی باشت هەیە و گەلێ نموونەمان دیون... ئایا لە بارەی تەرجەمەوە چی دەفەرموون؟

*هەندێ چیرۆکم کردووە بە کوردی، هیی: چیخۆف، ئێلین پێلین «بوڵگاری»، ئۆ. هانری «ئەمریکی»، شۆڵۆخۆف، مەکسیم گۆرگیکەس، زیاتر لە زمانی بوڵگاری و فارسییەوە. لە کرداری تەرجەمەدا بۆم دەرکەوتووە کە تەبیعەتی زمانان «بە تایبەتی کە لە یەک فامیلیای زمانان نین» ماوەی ئەوە نادات وشە بە وشە یان ڕستە بە ڕستە تەرجەمە بکرێت، چونکە جوملەبەندی و سەبکی کوردی لەگەڵ هی ئەوانا ناگونجێت، بەڵام دەشێ مەبەستی نووسەر و شێوەکە و خوسووسیاتی ئەدەبیی ئەم نووسەرە لەناو نەبرێت. من تەرجەمەی حەرفی بە ڕەوا نازانم، بەڵام وەنەبێت مەفهوومی چیرۆکەکە وەربگرم و یەکسەر بە کوردی دایڕێژمەوە یا کورت و پوختەیەکی لێ وەربگرم. بەڵکوو بە نموونە دەڵێم ماوەیەکی زۆر لەسەر وشەی «شەپک» ی جووڵا بۆ بەرامبەرەکەی وشە بوڵگارییەکەی چیرۆکێک پەکم کەوت تا دۆزیمەوە.

دوا وتە

-لە کۆتایی ئەم دانیشتنەماندا مامۆستا قزڵجی ئارەزوو دەکات ڕووی دەم بکاتە نووسەرانی کورد و دەڵێت:

١. ئەدەبییات باشترین هۆی ڕوونکردنەوەی خواست و ئامانجی گەلە و هیوادارم لە بەکارهێنانیدا دەریغی نەکەن، هەم بۆ ڕوونکردنەوەیان و هەم بۆ خزمەتی زمانی کوردی. نووسەری کورد ئەگەر خزمەتی زمان نەکات، بەرپرسییەکی گەورەی تووش دەبێت.

٣. ئەو ناو و جێگایانە شەرح بکرێت کە لە نووسیندا دێنە پێش، وەکوو ئەوە کە نووسرا «سەرشەقام» مەرج نییە هەموو خوێندەوارێک بزانێ ئەمە ناوی گەڕەکێکە لە شاری سلێمانی.

٣. تکا دەکەم نووسەران چەند دانەیەک لە بەرهەمە دانراوەکانی خۆیان بۆ دەزگا ڕۆشنبیری و کتێبخانە بەناوبانگەکانی جیهان بنێرن، چونکە من کە لە دەرەوەم دەزانم دەستگیر کردنی لاپەڕەیەکی کوردی بۆ کەرد زمانان چەند بە زەحمەت دەکەوێت، چ جای بێگانان و ئەوانەی دەیانەوێت ئاگاداری باری ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کوردیمان ببن.

*لە دواییدا زۆر سوپاسی مامۆستای بەڕێز و هێژامان کاک حەسەنی قزڵجی دەکەین وا ئەوەی لەم دیدەنییەدا گوتبووی بۆ خوێندەوارانمان گێڕایەوە. جا ئەگەر لەم قسە گێڕانەوەدا بە دەم ئەوەوە خوانەخواستە وشەیەک یا قسەیەکمان هەڵبەستبێ، هۆی لەسەرچوون و لەبیرچوونە. هیوادارین بە چاوی لوتفەوە نیگا بکات.