لە بارەی هێندێ لە نهێنییەکانی ڕێزمانی کوردی
مامۆستا مەسعوود موحەممەدکەس ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد و، دەمڕاستی لێژنەی زمان و زانستەکانی، کتێبێکی بە ناوی چەند حەشارگەیەکی ڕێزمانی کوردی بڵاو کردۆتەوە، لەم کتێبەدا گەلێ مەبەستی وردی هێناوەتە گۆڕێ. لە هێندێکیان بە درێژەی دواوە، لە هێندێکیشیان بە دوودڵییەوە قسەی کردووە بۆ هێندێکی دیکەشیان تەنیا ئیشارەتی کردووە. بە کورتی، دیارە ویستوویەتی ئەو مەبەستانە بخاتە پرس و ڕا و لێکۆڵینەوە، نەک هەروا ڕاستەوخۆ خۆی داسەپێنێ. ئەمەش ڕەوشت و کردەوەیەکی زۆر باش و پەسەندە. لەم وتارەدا دەمەوێ لە چەند مەبەست، لە مەبەستەکانی ئەو کتێبە بدوێم و بنج و بناوانەکانیان پیشان بدەم. هیوادارم «کۆڕی زانیاری کورد» لە چاپەمەنی خۆیدا بیخاتە بەرچاوی لێزانان تا بە چەشنی پێویست باسیان لەسەر بکرێ و نەتیجەی دڵخواز دەسکەوێ، مەبەستەکان ئەمانەن:
ناوگر
«ت» لە کۆتایی هێندێ فیعلدا.
پاشگری «رە»، «وە»، «انێ».
پاشگری «ک»، «ا».
هاتنی «ڕاناوی لکاو» لە پێش فیعلەوە لە شێوەی کرمانجی سەروودا.
١. ناوگر
«بەهار» لە باسی جیاوازی نێوان زمانی «پەهلەوی» و زمانی «دەری» کۆندا دەنووسێ: «هێندێ جار فیعلێکی تێنەپەڕیان بە هۆی هێنانی ئەلفێکەوە دەکردە تێپەڕ وەک لە «برگشت، برگاشت- یانی گێڕانەوە»، لە «نشست، نشاست- یانی دانیشاندن»، لە «گذشت، گذاشت و گذارد- یانی تێپەڕاندن» دا و هی تریان دروست دەکرد» . «هێندێ جاریش لە فیعلێک دوو تێپەڕ «موتەعەدی» یان دروست دەکرد: یەکیان «عامفارسی» و یەکیان «خاصفارسی». وەک لە فیعلی «برگشتنفارسی» کە تێپەڕە عامەکەی «برگردانیدنفارسی» ە. بۆ تێپەڕی «خاصفارسی» یش ئەلفێکیان لێ زیاد دەکرد و دەبووە «برگاشتن». ئەمەیان نەماوە» . مامۆستا مەسعوود لە باسی ناوگردا باشی بۆ چووە. وەکوو لەو قسانەی سەرەوە دەردەکەوێ ڕیشەی ئەم کارە زۆر کۆنە و ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ لای سەردەمی ساسانییەکان کە زمانی «دەری» زمانی دەرباری ئەوان بووە. لە زمانی کوردیشدا هێنانی ئەم ئەلفە لە هێندێ فیعلدا بووە و ئێستاش ماوە. بەڵام ئەمەمان لێ ڕوون نییە کە ئەم دوو زمانە، هێنانی ئەم ئەلفەیان لە زمانەکانی «پرثوی- شمالی و جنوبی» وەرگرتووە، یا لە زمانی کوردیدا لە ڕۆژگارانی زۆر کۆنەوە هەر بووە، یا لە زمانی «دەری» یەوە کەوتۆتە ناو زمانەکەمان. من خۆم لام وایە ئەم «ناوگرە» لە زمانی «دەری» وەرنەگیراوە و، لە ڕۆژگاری زۆر کۆنەوە لە زمانی کوریدا هەبووە. چونکە ئەو فیعلانەی زمانەکەمان کە ئەم ناوگرەیان تێدایە خاوەنی شکڵی تایبەتی کوردی خۆیانن. بەهەر جۆر، هێنانی ئەم ئەلفە لە هێندێ فیعلی کوردیدا وەکوو گوتمان ڕیشەیەکی مێژوویی کۆنی هەیە و وا دیارە گشتی تریشە لەوەی کە لە زمانی «دەری» دا بووە و کەم تا کورتێکیش ماوەتەوە. ئەوا لێرەدا چەند فیعل بە نموونە دەهێنێتەوە وەک:
١. سۆن: سوم، سوت، سوی، سومان، سوتان، سویان. ئەلفێک هاتۆتە نێوان «س» و «و» بۆتە:
ساوێن: ساویم، ساویت، ساوی، ساویمان، ساویتان
دەساوم، دەساوی، دەساوێ، دەساوێن، دەساون.
«مەولەوی دەڵێ بڵێسەم وەسای گەردوون سەر ساوا».
٢. جۆن: جوم، جوت، جوی، جومان، جوتان، جویان، ئەلفێک هاتۆتە نێوان «ج» و «و» بۆتە: جاوین.
جاویم: جاویت، جاوی، جاویمان، جاویتان.
دەجاوم، دەجاوی، دەجاوین، دەجاون.
٣. بووردن بە «مانای بەخشین و وازلێهێنان»: بوردم، بوردی، بوردین، بوردن. ئەلفێک هاتۆتە نێوان «و» و «ر» بۆتە: ڕابواردن:
بواردم، بواردت، بواردی، بواردمان، بواردتان، بواردیان.
دەبوێرم، دەبوێری، دەبوێرێ، دەبوێرین، دەبوێرن.
ئەم فیعلە پێشگری جۆربەجۆری پێش دەکەوێ و ماناکەی دەگۆڕێ.
«ڕا» دەکەوێتە پێشی و ماناکەی دەبێتە وەخت و کات بەسەربردن: ڕام بوارد، ڕات بوارد، ڕای بوارد.. تا دوایی.
پێشگری «هەڵ» ی دەکەوێتە پێش و مانای «استثناء» و جیاکردنەوە دەدات:
هەڵم بوارد، هەڵت بوارد، هەڵی بوارد.. تا دوایی.
«بوار» ناوی جێگایە، ئەسڵەکەی «بوارد» بووە، دالەکەی قرتاوە، یانی جێگای پەڕینەوە.
٤. ئەنگۆتن بە مانای «پێکران، پێکیان، ئەنگێوران»: ئەنگوتم، ئەنگوتی، ئەنگوت.. تا دوایی. ئەلفێک هاتۆتە نێوان «گ» و «و» بۆتە: ئەنگاوتن:
ئەنگاوتم، ئەنگاوتت، ئەنگاوتی، ئەنگاوتمان، ئەنگاوتیان، ئەنگاوتتان.
دەئەنگێوم، دەئەنگێوی، دەئەنگێوێ، دەئەنگێوین، دەئەنگێون.
ئەم فیعلە ئەگەر پێشگری «هەڵ» ی پێشکەوێ ئەلف زیاد ناکرێ.
«ئەنگێوە» سفەتی فاعیلە، ئەو کەسەی باش دەپێکێ.
٥. شردن- ئەلفێک هاتۆتە نێوان «ش» و «ر» بۆتە «شاردن»، پاشگری «وە» ی دواکەوتووە بۆتە «شاردنەوە»:
شاردمەوە، شاردتەوە، شاردیەوە، شاردمانەوە، شاردیانەوە، شاردتانەوە.
دەشارمەوە، دەشاریەوە، دەشارێتەوە، دەشارینەوە، دەشارنەوە.
لە هێندێ لەهجەدا ئەلفەکە دەبێتە ێ: دەشێرمەوە، دەشێریەوە.. تا دوایی.
«شارانەوە» مصدری «المبنی للمجهولعەرەبی» ە: شارامەوە، شارایتەوە.. تا دوایی.
«شرت» لە «شرت و گرم» دا لەم ڕیشەیەیە. ئەسڵەکەی «شرد- مەسدەری «مرخَّمعەرەبی» ە. دال بۆتە تێ.
بۆ نموونەی «شاردنەوە»: مەولەوی دەڵێ: «تا فەلەک مەودای نەی تۆ شاردەوە».
٦. پەستن- ئەسڵەکەی «پەستۆتن» ە. ئەلفێک هاتۆتە نێوان «ت» و «و» بووە بە پەستاوتن:
پەستاوتم، پەستاوتت، پەستاوتی، پەستاوتمان، پەستاوتیان، پەستاوتتان.
دەپەستێوم، دەپەستێوی، دەپەستێوێ، دەپەستێوین، دەپەستێون.
لە پەستا: «بێ پسانەوە». پەستاکردن «متراکم کردن». پەستاوتە «ادخار».
٧. ژمردن «بە فارسی: شمردن. ئەوانیش هێندێ سیغەی لێ صەرف دەکەن، بە تایبەتی لە مضارعدا». ئەلفێک هاتۆتە نێوان «م» و «ر» بۆتە ژماردن.
ژماردم، ژمارت، ژماردی، ژماردمان، ژماردتان، ژماردیان
دەژمێرم، دەژمێری، دەژمێرێ، دەژمێرین، دەژمێرن
ژمارە، ژماردە، ئەژمارە، ئەژماردە، هەموویان لەم ڕیشەیەن.
٨. بژردن- ئەلفێک هاتۆتە نێوان «ژ» و «ر» بۆتە بژاردن:
بژاردم، بژاردت، بژاردی، بژاردمان، بژارتان، بژاردیان
دەبژێرم، دەبژێری، دەبژێرێ، دەبژێرین، دەبژێرن
بژاردن، پێشگری «هەڵ» ی پێش دەکەوێ دەبێتە «هەڵبژاردن» بە مانای «انتخاب».
ژماردن و بژاردن، پاشگری «وە» یان دوا دەکەوێ دەبنە «ژماردنەوە» و «بژاردنەوە» بە مانای «جبرانی خسارت». «بژار» یش لەم ڕیشەیەیە، ئەسڵەکەی «بژارد» ە، دالەکەی قرتاوە.
مصدری «ژمردن» و «بژردن» بە بێ زیادکردنی ئەلف، وابزانم لە کار کەوتووە.
٩. بزۆتن «بە مانای حەرەکەت»: بزۆتم، بزۆتی، بزۆت.. تا دوایی. ئەلفێک دێتە نێوان «ز» و «و» دەبێتە بزاوتن:
بزاوتم، بزواتت، بزاوتی، بزاوتمان، بزاوتتان، بزاوتیان
دەبزێوم، دەبزێوی، دەبزێوێ، دەبزێوین، دەبزێون.
بزێو- وەک «سەربزێو- دەست بزێو»، بزێوی- وەک «سەربزێوی- دەست بزێوی»، بزێوکە «بە هێندێ گۆرانی هەرزە دەڵێن- بن بزێوکە»، بزوێن «محرک»- هەموویان لەم ڕیشەیەن. بزوت «ئەو دارەی لە کوانودا نەختێکی سووتاوە» لەم ڕیشەیە نییە. ئەو ئەسڵەکەی «بسوت» ە، «س» بۆتە «ز».
١٠. نردن یا نرتن- لە نردن وابزانم تەنیا «نردۆ» ماوە. بە هێندێ نان دەڵێن کە دەیپێچنەوە و بۆ دەشتەۆانی دەنێرن. یا کەسێک دەڕوا بۆ لایەک و لەگەڵ خۆی دەیبا: «نردۆیەک نان، دوو نردۆ نان». بەڵام «المبنی المجهولعەرەبی» ی ماوە: نراومەتە سەر کار، دەنرێمە سەر کار. مەسدەرەکەی «نران» ە. لە «نرتن» یش کە دال بۆتە تێ وا بزانم تەنیا «نرت» ماوە کە لەگەڵ «نوێ» بەکار ئەهێنرێ. وەک: «نرت و نوێ».
«نردن»- ئەلفێک هاتۆتە نێوان «ن» و «ر»- بۆتە ناردن:
ناردم، ناردت، ناردی، ناردمان، ناردتان، ناردیان
دەنێرم، دەنێری، دەنێرێ، دەنێرین، دەنێرن.
لە هێندێ لەهجەدا فیعلی «ناردن» پێشگری «ئە» ی پێش دەکەوێ و «ئـ» دەبێتە «هـ» پاشان ئاوای لێ دێ:
هەناردم، هەناردت، هەناردی.. تا دوایی.
١١. قەڵشتن- ئەلفێک دێتە نێوان «ڵ» و «ش» دەبێتە قڵاشتن:
قڵاشتم، قڵاشتت، قڵاشتی، قڵاشتمان، قڵاشتتان، قڵاشتیان، دەقڵیشم، دەقڵیشی، دەقڵیشێ، دەقڵیشین، دەقڵیشن.
١٢. نشت «هاتە جەم کانیکی ڕۆنشت و نانێ خوە خوەر..» «کۆمەڵە تێکستی فۆلکلۆری کوردی». پرۆفیسۆر کەناتی کوردۆ، لاپەڕە «٩٦» ئەلفێک هاتۆتە نێوان «ن» و «ش» بۆتە ناشت:
ناشتم، ناشتت، ناشتی، ناشتمان، ناشتتان، ناشتیان
دەنێژم، دەنێژی، دەنێژێ، دەنێژین، دەنێژن.
١٣. سپردن- ئەم فیعلە وەکوو «بەهار» دەڵێ ئەسڵەکەی «آو سپردن» ە و «پرثوی- پەهلەوی» خالسە. لە «آو- بەمانا لەسەر- علی» و «سپردن» دروست کراوە. فارسەکان کردوویانەتە «آسپردنفارسی». لە کوردیدا ئەلفێک لە نێوان «پ» و «ر» دا زیاد کراوە بۆتە «ئەسپاردن». «سپاردن» یش دەگوترێ: ئەسپارم، ئەسپاردت، ئەسپاردی، ئەسپاردمان، ئەسپاردتان، ئەسپاردیان.
دەسپێرم، دەسپێری، دەسپێرێ، دەسپێرین، دەسپێرن
- «مبنی للمجهولعەرەبی» ەکەی «سپێران» ە: سپێرای، سپێرا.. تا دوایی.
- پێشگری «ڕا» یان دەکەوێتە پێش و دەبنە «ڕاسپاردن» و «ڕاسپێران». بە مانا «سفارشفارسی» ی فارسی یا «توصيهعەرەبی» ی عەڕەبی:
ڕام سپارد، ڕات سپارد.. تا دوایی
ڕاسپێرم، ڕاسپێری.. تا دوایی
- جاری وا هەیە «پ» دەکەوێتە پێش «س» و دەبێتە «پەساردن». لەم کاتەدا تەنیا لەگەڵ «هەڵ» بە کاردێ و ماناکەشی دەگۆڕێ و دەبێتە دژی مانا پێشوەکەی:
هەڵم پەسارد، هەڵت پەسارد، هەڵی پەسارد.. تا دوایی.
١٤. خوەرن. «ئەوێ خوەرن تێر نەددا زاڕوا..»، «کۆمەڵە تێکستی فۆلکلۆری کوردی»، پڕۆفیسۆر کوردۆ لاپەڕەی «١٣٢» ئەسڵەکەی «خوردن» یا «خوەرتن» ە. بەشی هەوەڵ لەم وشەیە یانی «خوەر» بەهار دەڵێ زۆر کۆنە و لە ڕۆژگاری کۆندا تاقە پیتێک بووە، پاشان بە دوو پیت نووسراوە، شکڵی پەهلەوییەکەی «خو» بووە، وەکوو: «خورد» و «خوەتای». دەشڵێ: چەند سەدەیە «تەلەفوز» ی ئەوە لەبیر چۆتەوە و تەنیا کوردەکان بە دروستی دەیڵێن. لە خوەردندا لە جیاتی سەر «فەتحە» کە ئێمە بە «هـ» ی دەنووسین، ئەلفێک خراوەتە نێوان «و» و «ر» بۆتە «خواردن»: خواردم، خواردت، خواردی، خواردمان، خواردتان، خواردیان. لە «موزارع» دا کە «ر» ەکە دەقرتێ، ئەلفەکەشی لەگەڵ دەڕوا:
دەخۆم، دەخۆی، دەخوا، دەخۆین، دەخۆن
وابزانم ئەوەندە نموونەیە، لەگەڵ بنج و بناوانە مێژووییەکەی، بەسە بۆ سەلماندنی بوونی «ناوگر» لە فیعلی کوردیدا. بەڵام لە بارەی چەند وشە کە مامۆستا مەسعوود وەکوو نموونە بۆ بوونی «ناوگر» هێناونی ڕام لەسەر ڕای ئەو نییە و وا لە هێندێکیان دەدوێم:
١. برێشکە: ئەم وشەیە وشەیەکی کۆنی پەهلەوییە. لە ئەسڵدا «وریژیتک» ە. فارسەکان کردوویانەتە «برشتهفارسی». لە کوردیدا «یت» ی لێ فڕێ دراوە بۆتە «وریژک». «و» کراوە بە «ب»، «ژ» یش کراوە بە «ش» بۆتە «بریشک». هێیەکی وەدوا خراوە بۆتە «برێشکە». سیغەیەک لەو ڕیشەیە لە نامیلکەیەکی پەهلەوی ئەشکانیدا بە ناوی «درخت آسوریکفارسی» هاتووە، کە لە بارەی کێشەی نێوان دارخورما و بزنە.
دار بە بزن دەڵێ:
«هێزم ام آتوران کی توسیچ بریژند» یانی: درام بۆ ئاگرەکانی تۆی پێ دەبرژێنن. ئەمەش دەتوانێ بەڵگە بێ بۆ ئەوە کە «ی» لە برێشکەدا لە ڕیشەی وشەیەک و لەلاوە نەهاتووە.
٢. برنج - «ر» لەم وشەیەدا لە ڕیشەی وشەکە دەژمێردرێ. ئەمیش هەر بەو شکڵە لە «درخت آسوریکفارسی» دا هاتبووە. دار لە شانازی خۆیدا بە بزن دەڵێ: گوزام هچ از کرند کی کوپند شی و برنج» یانی دەنگ لە من دروست دەکەن کە جۆ و برنج بکوتن.
٣. ئاسەوار، لام وایە لە «آسار» ی عەڕەبییەوە نەهاتووە. ئەم وشەیە ئەسڵەکەی «ئاستەوار» ە. کاتێ «ت» بە دوای «س» دا دێ، «ت» دەقرتێ و «س» قەڵەو دەکرێ وەکوو: «ئێستە» کە دەگوترێ «ئیسە». ئەمیش لە «ئاستەوار» ەوە بۆتە «ئاسەوار» و پاشان «ئاسەوار». مەولەوی دەڵێ:
«ساقی ئاوەردە و گرد کیاسیتێنێن»
«وریا بەردێن و، کردە ئاستێنێن»
«ئاستێن» ئەو کەسەیە کە «مخلفاتفارسی» و شوێنەوار لە دوای خۆی بەجێ دەهێڵێ. «ئاستە» مخلفات و شتی جێهێڵراوە. ئەم وشەیە وابزانم زۆر جوانە لە جیاتی تۆماری قورس و لە زمان ناخۆش بە مانای «ابقاء و تثبيت و تسجيلعەرەبی» بەکار بهێنرێ، وەک بگوترێ «لە مێژوودا ئاستە کراوە» یا «گۆرانییەکی ئاستە کردووە».
٤. خارشت، وشەیەکی فارسییە، ئەسڵەکەی «خارش» ە، اسمی مەسدەرە. فارسەکان خۆیان جاری وا هەیە «ت» لە دوای اسمی•مصدەرەوە دەهێنن، یان ئەم «ت» یە لە کوردیدا ڕەگەڵی خراوە. ئەم وشەیە و هی دیکەی لەم چەشنە لە کوردیدا ناتوانن ببنە بەڵگەی هیچ شتێک. لە کوردیدا لە جیاتی ئەم وشەیە دەڵێن «خورۆ». ئەگەر مەبەست نەخۆشی پێست بێ، بە پێی چەشنی نەخۆشییەکە ناوی هەیە وەک: بیرۆ، گەڕێ، گەڕۆڵی.
٥. شەبەق، هەر شەبەقی بە مانای ئەسڵی خۆیەتی کە ڕووناکایی دانە وەک دەڵێن: «شەبەقی بەیانی» یا «شەبەقی داوە». کاتێ بە مانای «قەڵەشت» بەکار دەهێنرێ، مەبەست ئەوەیە کە ڕووناکایی لێوە دیارە. زەمانی زوو شتێکی کۆن کۆنیان دەچنی پێیان دەگوت: «مام شەبەقە». شەوەک، شەوەکێ، شەبەکە، لەگەڵ شەبەقە هەموویان لە ڕیشەیەکن.
٦. ڕێژە لە «ڕێژان» ەوە هاتووە. مامۆستا خۆشی دەڵێ: لە هێندێ لەهجەی کوردیدا لە جیاتی «ڕشتن»، «ڕێشتن» دەڵێن. ئەمە وەکوو «گێڕە» لە «گێڕان» و «کێشە» لە «کێشان» وایە. «بێژە» ش لە «پێژان» ە نەک لە «پژان». لە موکریان دەڵێن: «خشت پێژ»، «تەپاڵەپێژ». بەو کەسەش کە بە بەش نەک بە کرێ تەپاڵە دەپێژێ دەڵێن: «لاپێژ».
٧. ئاراو، ڕەنگە لە «ئارا» بە مانای ئەوە بێ لە گۆڕێدایە و «ئاو» ی تێکخرابێ و بووبێتە «ئارائاو» پاشان یەکێ لە ئەلفەکان قرتابێ.
٨. کۆمەڵ- «کۆم» بە مانای کۆوەبوون و گردەوەبوونە، وەک دەڵێن: «ئەم پیاوە کۆم بۆتەوە» یانی چەمیوەتەوە و گردەوە بووە، یان کۆمایەک خۆڵ، ئەوەندەی گردکراوەتەوە. لامەکەشی وەکوو لامی گردەڵ، زەردەڵ، ڕۆشەڵ، گەندەڵ، ڕوتەڵ وایە. پاشگرێکە بۆ مانای «ئەتساف و خاوەنداری» بەکار دەهێنرێ.
٩. دروێنە، لە «دروان» ەوە هاتووە. ئەلفەکەی بۆتە «ی» وەک: سوان و سوین، دڕان و دڕین، بڕان و بڕین. دروان بۆتە دروێن، پاشان «هـ» ی کەوتۆتە دواوە و کردوویەتە ئیسمی مەسدەر یا سیفەتی مەسدەری و بۆتە «دروێنە».
١٠. لامێژ- لە موکریان «لامژ» دەڵێن، لە جیاتی «گوێرەمێژ» یش، «گوێرەمژ» دەڵێن. بەڵام لێرەدا هەق بە لای مامۆستادایە. «مژین» ئەلفی «ناوگر» ی لێ زیاد کراوە بۆتە «ماژین». پاشان ئەلفەکە بۆتە «ی» و «ماژ» بۆتە «مێژ». لەناوچوونی «ماژ» نابێتە هۆی ئەوە کە «مێژ» ی لێوەر نەگیرابێ.
١١. ڕەمانە، ڕەنگە لە پێشگری «ڕە» و «میانە» تێکخرابێ و پاشان «ی» ی میانە قرتابێ. «رە» پێشگرێکە لە هێندێ لەهجەدا لە پێش وشەوە دێ و مانای «لە» و «معيتعەرەبی» دەدا وەک: ڕەگەڵی کەوە، ڕەدو کوتووە، ڕەسەر کەوت، ڕەبن کەوت. یا لە «ڕەمیا- نە» یە و «ی» قرتاوە، «ڕەمیا» یانی: هەڵاتوو، ڕۆییو جوڵاو. مەولەوی دەڵێ: «ڕەمیای بۆی باروت هەردە و هەردە».
١٢. «ت» لە کۆتایی هێندێ فیعلدا:
«ت» لە کۆتایی فیعلەکانی وەکوو: «دەکات، دەچێت، دەخۆیت، دەکەیت، دەکەوێت» دا، وەک مامۆستا مەسعوود دەڵێ گومانی تێدا نییە کە ڕاناو نییە. لە پێش هەموو شتێکدا سەبارەت بەمە کە خەڵکێکی زۆر لە کوردستان دەڵێن:
«دەکا، دەچێ، دەخۆی، دەکەی، دەکەوێ».
شتی واش ناتوانرێ بگوترێ کە ئەم هەمووە خەڵکە بە هەڵە چوون. هەروەها ئەمەش ناتوانرێ بگوترێ کە لە شێوە ئاخاوتنەکەی ئەواندا «ڕاناو» نییە. ئەم دوو شێوە ئاخاوتنە
هەردووکیان دروستن و تەنیا جیاوازی لەهجەییان لە نێودا هەیە. دەتوانین ئەوەش بە ڕاشکاوی بڵێین کە لە لەهجەی دووەمیشدا لە ڕۆژگارانی کۆندا «ت» هەبووە و بە هۆی «تەتور» ەوە سواوە. چونکە قانوونێکی گشتییە، وشە بەرەو کورتبوون و سووکبوون دڕوا نەک بەرەو درێژبوون و قورسبوون.
بۆ نموونە، «تەتور» ی چەند وشە لە ئەوێستایەوە بۆ کوردی پیشان دەدەین:
ئەوێستایی: پەهلەوی: کوردی:
آئیویانگهنە همیان هەمانە
دروج دروچ درۆ
دخیو دهیوک دێ
دسە دە دە
ماونگە ماس مانگ
تیگر تیگ تیخ
تیگری تیر تیژ
اینگە آسن ئاسن
دەمێنێتەوە ئەوە کە بزانین بنج و بناوانی ئەم «ت» یە لە کوێوەیە. «بەهار» دەڵێ: جۆرە «ت» ی یەک لە ئەوێستادا خاسی کۆتایی وشەکانە . لێرەدا نموونەیەکی هێناوە و دەڵێ چ جۆرە وشەیێک. بەڵام ئەگەر تەنیا لە کۆتایی فیعلەکاندا هاتبێ ئەوا بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەی ئێمە بەسە. ئەگەر لە کۆتایی هەموو وشەیەکدا هاتبێ دیسان ئاشکرایە کە فیعلیش وەبەر دەکەوێ. ئەما وا دیارە زیاتر لە کۆتایی فیعلدا هاتبێ. چونکە لەو هەشت وشەیەی ئەوێستاییدا ئەگەر «هـ» ش بە «ت» ی سوک کراوە بژمێرین تەنیا لە کۆتایی سێ وشەیاندا هاتووە. شتێکی دیکەش ئەمە پتەو دەکا. «بەهار» لە پەڕاوێزی لاپەڕەی «٣٠» دا دەڵێ: «لە زمانی کۆنی دەریدا لە دووەم کەسی کۆی «موزارع» دا کە دەبێ «ید» بێ، لە جیاتیان «یت» یان دەهێنا، لە جیاتی «کنید» و «روید» دەیان گوت «کنیت» و «رویت». بە هەر جۆر وا دیارە لە ئەوێستائی و پەهلەوی کۆندا، لە کۆتایی فیعلەکاندا دوای «ا» و «ی»، «ت» هاتووە. هەر ئەمەشە کە لە دوایی هێندێ فیعلی کوردیدا وەک: «دەڕوات» و «دەچێت» ماوەتەوە. لە زمانی دەری کۆنیشدا ئەمە جاروبار بە گۆڕینی «د» بە «ت» ڕەچاو کراوە. بەڵام لە پەهلەویدا لەبەر ئەوە کە «هیچ کاتێ لە پێش «ن» ی مصدریەوە دال نەهاتووە و هەمیشە «ت» بووە، «ت» ەکە خۆی هاتۆتەوە، وەک ئەم دوو نموونەیە لە «درخت آسوریک»:
١. «بوژ او ام نپردت کواز هچ تو اور ترا ام پت وس گونگ هیر». یانی بزن دێتە سەرم، بە گژمدا دێ کە من لە تۆ لە سەرەوەترم بە گەلێ چەشنە شت.
- «نپردت» لە «نپردیتن» ەوە هاتووە، یانی بە گژدا چوون.
٢. «دت هم برت آویختند کذش آن گفتە بوت درخت آسوریک». یانی دوو هاوکێشە بە یەکدا هەڵبرژان کاتێ «درخت آسوریک» ئەوەی گوتبوو.
- «بوت» لە «بوتن» ەوە هاتووە، یانی بوو.
٣. پاشگری «رە»، وە «انێ».
١. پێشگری «رە» وەکوو لە سەرەوە باسکرا بە مانای «لە» یە. هەر وەکوو دەبێتە پێشگر دەشبێتە پاشگر و لە دوای فیعلی «فەرمان- امر» ەوە دێ. لەم کاتەدا ماناکەی دەگۆڕێ و بۆ «تەئکید» ە، وەک: «بیڵێرەوە، قەرزەکەم بدەرەوە، دەرگاکەم لێ بکەرەوە، بیفرۆشەرەوە». ئەم پێشگری «رە» یە، نە لە پەهلەویدا هەیە و، نە لە دەریدا. لە پەهلەویدا «رای» هەیە بە مانای «بۆ». ئەمە لە ئەردەڵان ماوە و دەگوترێ، لە دەریشدا «را» هەیە کە نیشانەی «مەفعول لە- وە مفعولی بە واسیتە» یە و بە دەگمەن بۆ «تەئکید» یش دێ. «رە» وەکوو پێشگر و پاشگر وا دیارە لە ڕۆژگاری گەلێ کۆنەوە لە زمانی کوردیدا هەیە.
٢. پاشگری «وە» لە فیعلەکانی وەک بچۆرەوە، بڵێرەوە، بمدەرەوە، بکەرەوە و هی دیکەدا بۆ چەندپاتە کردنەوەیە. ئەمە لە پەهلەویدا بە شکڵی «وا» هەیە و پێشگرە و «ئەداتی اعادەیە» وەک: «واگویە» و «واگیر» و «وارسی». مانایەکی دیکەشی هەیە کە «اپاچ- باز» ە و «نفی معیت» دەگەیەنێ وەک: «مهر از ما وا مگیر». هێندێ جاریش لە جیاتی «وا»، «فا»، هاتووە. لە کوردیشدا «وە» دەبێتە پێشگر وەک:
«وەکە، وەخۆ، وەنوسە».
لە کرمانجی سەروشدا بە شکڵی «ڤە» هاتووە. گوتمان «وە» ی پاشگر بۆ «اعادە» و دووپاتکردنەوەیە، لێرەدا پێویستە زۆر بە وردی سەرنج بدرێ. چونکە بەو کابرایە کە دەڵێی: «ئەو کتێبە بنووسەرەوە، یان قەرزەکەم بدەرەوە، یان ئەو گایەی کڕیوتە کە جوت ناکا بیفرۆشەرەوە». کابرا لەوە پێش کتێبەکەی نەنووسیوە، قەرزەکەی نەداوەتەوە و گاکەی نەفرۆشتووە و بە ڕواڵەت وا دیارە «اعادە» و دووپاتەکردنەوەیان تێدا نەبێ، وەک لە: بیڵێرەوە و، بچۆرەوەدا هەیە. بەڵام کە لێی ورد دەبیەوە مەبەستەکە بەرفراوانە. ڕووی فەرمانەکە لە «اعادە» و دووپاتەکردنەوەی فیعلەکەیە، جا هەر ئەو کارا و «فاعل» ەو کردبێتی وەک لە: بیڵێرەوە و بچۆرەوەدا، یا فیعلێکی تر وەک لە: بنووسەرەوە و بدەرەوە و بفرۆشەرەوەی نموونەکانی سەرەوەدا. تەنانەت بەرکار «مفعول» ەکانیش یەک بن وەک کتێب و وەرز و گا لە نموونە پیشان دراوەکاندا یان یەک نەبن وەک کەسێک بە کابرایەک دەڵێ: «ئەم کاوڕەم بۆ بکوژەرەوە». نە کابرا لەوەپێش ئەو کاوڕەی کوشتووە، نە کاوڕەکەش لەوەپێش کوژراوە. بەڵام فیعلی کوشتن لەوەپێش بەدەست فاعیلی تر لەمەڕ مفعولی تر کراوە. پاشگری «وە» لە فیعلی «بخۆرەوە» دا جگە لە مەبەستی «اعادە» بۆ جیاوازی نێوان «اكلعەرەبی» و «شربعەرەبی» ە.
٣. پاشگری «انێ» کە لە هێندێ فیعلی وەک: «دەچمەوانێ، دەچینەوانێ» و هی دیکەدا کە لە سلێمانیشوێن و بانەشوێن و سەردەشتشوێن و مەریوانشوێن دەیڵێن، بنج و بناوانێکی تا ڕادەیەک دووری هەیە. «بەهار» دەنووسێ: («کردتانی» و «کردمانی» و «کردشانی» صیغەی زۆر کۆنی زمانی دەرین کە لە جیاتی هەوەڵ کەس و دووەم کەس و سێیەم کەسی کۆی ڕابردوو «جمع ماضی» کە دەبوو «کردیمی»، «کردیتی» و «کردندی» بڵێن- «کردمانی» و «کردتانی» و «کردشانی» یان دەگوت). لە «دەچمەوانێ» و «دەچیتەوانێ» دا ئەمە پەیدا بووە. بەڵام فەرقیان تەنیا ئەوەیە لە کوردیدا پاشگری «وە»- کە لە فارسیدا نییە- کەوتۆتە نێوان «م» و «ت» وە و بۆتە: (دەچمە «وە» انێ دەچێت «وە» نێ). لێرەدا پێویستە ئەوەش بڵێین تەنیا بوونی «انێ» لە دوو زمانی کوردی و دەریدا ناتوانێ ببێتە بەڵگەی ئەوە کە زمانی کوردی لە زمانی دەری وەرگرتووە. بۆ ئیسپاتی ئەوە بەڵگەی پتەوتر پێویستە. شتی دیکەی وەک ئەمەش هەروایە. هەڵدەگرێ هەردوو زمانی کوردی و دەری، «انێ» و شتی دیکەی وەک ئەوەیان ڕاستەوخۆ لە زمانان و لە لەهجەکانی پێشووتر وەرگرتبێ. ڕوونکردنەوەی ئەم جۆرە شتانە لێکۆڵینەوەی هەراوتر و قووڵتری دەوێ.
٤. پاشگری «ک»، «ا»:
٥. مامۆستا مەسعوود زۆر باشی بۆ چووە کە دەڵێ:«ک» پاشگرە. ئەم مەسەلەیە لە زمانە ئێرانییە کۆنەکاندا ڕیشەیەکی قوڵی هەیە. لە زمانی پەهلەویدا، لە کۆتایی هێندێ وشەی «مصغر و نا مصغر» دا کە ئەمڕۆ «هایەکی غەیرە مەلفوز» دەبینرێ کافێک لە نێوان عەڕەبی و فارسیدا هەبووە. وەک «بندک»، «دستک» کە بۆتە: «بندە» و «دستە» و جاروبار ئەو کافە ماوەتەوە، وەک: «مردک» و «کۆدک». لە زمانی کوردیدا پاشگری ک هەیە، مەیدانیشی زۆر فراوانە و بۆ گەلێ مەبەست دێ:
١. بۆ «تصغیر» و بچوککردنەوە، وەک: دار- دارک «دارکەتۆتن».
لان- لانک «بێشکە». قۆڵ- قۆڵک. دڕ- دڕک. شۆڵ و تۆڵ- شوڵک و توڵک.
٢. بۆ «عهد و تعريفعەرەبی» وەک: میوانەکەم بەڕێ کرد، شتەکەم دایە، ماڵی چووە خانووەکەوە.
٣. بۆ «اتصاف و خاوەنایەتی» وەک: شل- شلک. تەڕ- تەڕک. ڕوخ- ڕوخەک. سەر- سەلک، سەرەک. بن- بنک. لاو- لاوک. ڕەو- ڕەوەک.
٤. بۆ «ئالەت و هۆ» وەک: زەرد- زەرتک «هۆی زەردکردن» بە «گێنۆ» دەڵێن کە گیایەکە بەنی پێ ڕەنگ دەکەن. «کوت- کوتەک» «هۆی کوتان».
٥. بۆ میهرەبانی، وەک: ژن- ژنەکە. پیاو- پیاوەکە. کوڕ- کوڕەکە. کچ- کچەکە.
٦. بۆ دیاریکردنی کات و زمان، وەک: بەیان- بەیانەکی. شەو- شەوەکی.
٧. بۆ دیاریکردنی لاو «جهە» وەک: لا- لاوەکێ. ڕاست- ڕاستەکی. چەپ- چەپەکی.
٨. بۆ دیاریکردنی «محل» و جێگا، وەک ناو، نێو- ناوک، نێوک. خلیس- خلیسک.
٩. بۆ دیاریکردنی «حاڵەت»: وەک: بزر- بزڕک. دامرد- دامرک. ئاڵۆز- ئاڵۆزک، ئاڵۆسک. هەڵتروش- هەڵتروشک.
هی دیکە و بۆ مەبەستی دیکەش وەک: ملوانک، بەروانک، ڕانک، جلک، بان بانک، ئاوماڵک «ئەو پل و پوشەی ئاو ڕایدەماڵێ و دەیهێنێ»، شۆرتک «لە موکریان بە جێی خۆشۆردن دەڵێن: لۆرک، نێرک و نێرتک». گرتک «پارچە ئێسکی بە گۆشتەوە».
هەر بەو جۆرە کە لە هێندێ وشەی وەک: نەخش، ڕەنگ، ڕەخس و هی دیکە فیعل دروست دەکرێ و دەڵێن: ڕەنگاندومە، دەیڕەنگێنم، نەخشاندومە، دەینەخشێنم، ڕەخسا، دەڕەخسێ، لە هێندێ لەمانەش فیعل دروست دەکرێ، وەک:
لە خلیسک- خلیسکام، خلیسکای، خلیسکا
لەبزڕک- بزڕکام، بزڕکای، بزڕکا
لە هەڵتروشک- هەڵتروشکام، هەڵتروشکای، هەڵتروشکا.
هی دیکەش و لە هەموو ئەمانەدا «ک» پاشگرە و «ا» وەکوو «ا» ی خورا، کرا، برا.. پاشماوەی «ان» ی مەسدەرییە، دوای قرتانی «ن» ەکە.
٥. هاتنی ڕاناوی لکاو لە پێش فیعلەوە لە شێوەی کرمانجی سەرودا. مامۆستا مەسعوود دەڵێ: «باسی ناوگر وەکوو هەموو باسێکی دیکەی ڕێزمانی کوردی لە شێوە ئاخاوتنی ئێستاکەمان سەرهەڵدەدات، نەک لە بنج و بناوان و سەرچاوەی چەند سەد و چەند هەزار ساڵ لەمەوپێش. گریمان بە توێژینەوەیەکی مێژوویی و ورد و قوڵ بۆمان دەرکەوت فڵانە پاشگر و پێشگر و ناوگر لە کۆندا نەبوون یا جۆرێکی تر بوون، ئێمە هەر دەبێ وەک ئێستایان سەیر بکەین و بیاننرخێنین». قسەیەکی دروست و ڕەوایە و گومانی تێدا نییە کە ئێمە دەبێ هەر وەک ئێستا بڕوانینە زمانەکەمان و تایبەتیەکانی بنرخێنین و بەناوی ئەوەوە کە فڵانە شت لە فڵانە کاتدا هەبووە و ئێستا نەماوە ناتوانین و ناشبێ بەسەر زمانەکەمانیدا بسەپێنین. هەروەها ئەو شتەش کە ئێستا هەیە و لە زەمانی کۆندا نەبووە و ناتوانین و نابێ بە ناوی ئەوەوە کە ئەوسا نەبووە لە زمانەکەمانی دەرهاوێژین. بەڵام وەکوو دەزانین زمانەکانی پەهلەوی، دەری، کوردی و چەند زمانی تریش هەموویان لە ڕەگەزێکن. پەهلەوی و دەریش وەکوو کوردیش لە چەند لەهجەی جیاواز پێک هاتوون و تەئسیریان لە یەکتردا کردووە. زمانی کوردی لەبەر خزمایەتی لەگەڵ ئەوان و نزیکی لەو زمانانە شتی هاوبەشی لەگەڵ ئەوان کەم نییە. شتی واش لە زمانی کوردیدا هەیە سەرچاوەکەی دەگاتەوە زمانی ئەوێستایی یا پەهلەوی بەڵام لە زمانی فارسی ئێستادا نەماوە. لەبەر ئەمە داخستنی دەرگای تۆژینەوەی تایبەتییەکان و تێکستەکانی ئەو زمانە کۆنانە، لە سنووری پێویستدا، بۆ دۆزینەوەی بنج و بناوانی مەسەلەیێکی ڕێزمانی کوردی، یا چەشنی «تطور» ی وشە.. ڕەوا نییە. بەڵام ئەگەر ئەم تۆژینەوەیە هەر بۆ چەنەلێدان و فڕوفیشاڵ و خۆهەڵکێشان یا لەمەڕ شتی لاوەکی و ناپێویست بێ، بێگومان نابێ گوێی بدرێتێ. جا ئێستا ئەوا دەگەڕێینەوە سەر ئەسڵی مەبەستەکە. هاتنی ڕاناوی لکاو لە پێش فیعلەوە لە شێوەی کرمانجی سەرودا، وەک:
وی گرت، وان گرت، من گرت، مەگرت، تەگرت، وەگرت.
یا لە شێوەی کرمانجی خوارودا لە کاتی نەفیدا وەک:
نەمگرت، نەتگرت، نەمانگرت، نەتانگرت، نەیانگرت، ڕیشەیەکی قوڵ و کۆنی هەیە و لە زمانی پەهلەویشدا هەبووە. لە زمانی پەهلەویدا ڕاناوی فاعلی لە پێش فیعلەوە هاتووە. ئەم ڕاناوە یا بە نیشانەی ئیزافە یا بە «آف» بە مانا واوی عاتفە، یا بە واوی عاتفە، یا بە ڕاناوی ئیشارەی «ان» ەوە.. لکاوە و لە پێش فیعلەوە هاتووە .
ئەوا دوو جۆر لەو نموونانەی بەهار هێناونی پیشان دەدەین:
افم- وم افمان- ومان
افت- وت افتان- وتان
افش- وش افشان- وشان
ڕاناوی جۆری یەکەم ئاوا سەرف کراوە.
افم گپت- من گوتم افمان گپت- ئێمەگوتمان
افم گپت- ئەو گوتی افتان گپت- ئێوە گوتتان
افت گپت- تۆ گوتت افشان گپت- ئەوان گوتیان
ڕاناوی جۆری دووەم، یانی: وێم، وێت، وێش، وێمان، وێتان، وێشان هەر بە شکڵی خۆیان لە شێوەی هەورامیدا ماون:
«مەولەویکەس»
وێت- پەرسا بێت چۆنی؟ وێت غەڵەت کەردەن مەر نمەزانی دووریت چ دەردەن؟
«مەولەوی»
ویش- هەنارەکەی دڵ پڕ جە دانەی ئێش پیشیای کورەی نار عەشق وێش
«مەولەوی»
«مەولەوی»
«خانای قوبادیکەس»
«خانای قوبادی»