سەرەتا (بۆ مەم و زینی ئەحمەدی خانی، وەرگێڕانی هەژار)

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 18 خولەک  1437 بینین

شاعیری نەمر و بەناوبانگی کوردپیرەمێردکەس ڕاست ئەکا کە ئەڵێ: نامرن ئاوانەی وا لە دڵی میللەتا ئەژین. میللەتان هەرگیز نامرن، میللەتان هەرگیز ئەستیور و وەجاخ کوێر نابن و شوێنیان کوێر نابێتەوە.

کەند و کۆسپ لە ڕێگەی هەموو هۆز و تیرە و بەرە و میللەت و نەتەوەیەکدا بووە و ئەشبێت، میللەتان وردە وردە و لەسەرخۆ ئەبووژێنەوە و ئەگەشێنەوە و بە خۆدا دێن و پێئەگەن لە کاتی تەنگ و چەڵەمەدا، لە تەنگانە و لێقەوماندا، لە وەختی ژێردەستی و دیلی و زەبوونیدا، لە تووش هاتنی کەند و کۆسپی نەتەوایەتیدا، کەسانێک هەڵەکەون کە تیشکی خۆشەویستی میللەت، نەتەوە دۆستی، هاوخۆێن پەرستی، ڕووناکایی جوامێری و پیاوەتی و مرۆڤایەتی، عەشق و ئەوینی بێشکەی باوک و باپیران، خانە و لانەی خۆیان و کەسوکاریان، مایەی ژین و ژیانیان ئەداتە مەغز و مێشکیان، بیریان ڕوون ئەکاتەوە، دڵیان ئەگەشێنێتەوە، ئاسۆی دیمەنگای چاویان هەراو و بەرین ئەبینن و، بەدڵی وریا و زیندوویان زووتر و زۆرتر هەست بە ئێش و ئۆف و دەرد و ناڵەی میللەتەکەیان ئەکەن. مرۆڤایەتی و جوامێری، ویژدان و گەل پەرستی تین و تاویان ئەدا کە بە پەرۆشی وڵات و نیشتمانی خۆیانەوە بن، خەمی گەلی خۆیان بخۆن و بکەونە چارە سەری هۆز و ئاو و خاکیان، لەسەر وڵات و نیشتمانیان بکەنەوە، مافی خوروای نەتەوەیان بستێننەوە، خەڵک ڕابەری بکەن بۆ ژیانێکی باشتر و دوا ڕۆژێکی ڕووناکتر. ئاشکرایە کە پێداویستی و هەر میللەتێک بە پێی ڕۆژگار و ناوچە و مەڵبەند ئەگۆڕێت. بەڵام ئەوانەی ئەو ئەرکانەیان گرتۆتە ئەستۆی خۆیان و لە ڕێگای ئاوات و ئارەزووی میللەتەکانیاندا ڕەنجیان داوە و ژیانی خۆیان لە پێناو ناوە چ سەرکەوتوو بن و چ تێشکابن نەتەوەکانیان ڕەنجبەخەساریان ناکەن، هەمیشە لەمەڕ ئەوان ئەمەکدار ئەبن و لە کانگای دڵدا جێگەیان ئەکەنەوە و هەموو بەرەیەک بە بەرەی پاش خۆیان ئەسپێرن. پێشینیان چەند جوانیان وتووە: دڵ ئاگای لە دڵە. هەر وەکوو میللەتان لە دڵی ئەو جۆرە پیاوە گەورانەدا حەواونەتەوە، ئەو پیاوانەش لە دڵی نەتەوەکانیاندا ئەحسێنەوە، هەڵکەوتوویی ئەمەیە و هەڵکەوتووش ئەمانن. هەڵکەوتوویش وەکوو باوی ژیان و پێداویستی عینسان ڕەنگاوڕەنگ و جۆڕاوجۆرە، دەریای مێژوو پڕە لەم جۆرە گەوهەرانە کە هەریەکە لە بیچمێک و هەر تاکەی لە ڕەنگێکە. فەیلەسوفەکانی یۆنان کە خزمەتیان بە زانیاری کردووە، کریستۆف کلۆمب کە ئەمەریکای لە گەرووی ئاودا دۆزیوەتەوە، لنکۆلن و جۆرج واشنگتۆن کە گەلی ئەمەریکایان لە بێگانە و دیلی ڕزگار کردووە، یان شکسپێکەسر و ویکتۆرهۆگۆکەس و دانتیکەس و پوشکینکەس و ماکسیم گۆرکیکەس و چیخۆفکەس بە نوکی قەڵەم چاوی دوژمنی گەلیان کۆڵیوە، یان لێنین کە بناوانی ژیانی ئینسانی گۆڕیوە، یان نزیکتر بڵێین سوکارنۆ و کاسترۆ و پێشەوای بەرز و مەزنی عێراق کاک عەبدولکەریم قاسمکەس کە قایمترین قەڵای ئیستیعماری تێکشکاند نموونەیەکی بەرز و بەنرخی هەڵکەوتویین. میللەتان هەموو لە بنەماڵەی ئینسانن، هیچ نەتەوەیەک لە هۆزێکی کە گەورەتر نییە، ڕەسەن و ناڕەسەنی قسەیەکی پڕوپووچە، پێشکەوتوویی و دواکەوتوویی سەبارەت بە ڕێگە و جێگە و پێوەندی ئابوورییە کە بۆتە هۆی شارەزایی و دەوڵەمەندی و تێگەیشتن و پێگەیشتن. ئەو میللەتانەی لە جێگای فەرمان و گەرمێن و بە ڕێژە و پڕ پیت و بەرەکەت یان لە قەراخ چەمی گەورە و لەسەر بەندەران و لە پەنای کانگایاندا ژیاون، زووتر و زۆرتر بووژاونەتەوە. ئەمریکا کە ئەمڕۆ خۆی بەسەرگوڵی جیهانی ئابووری ئەزانێت چوار پێنج چەرخ لەمەوپێش لەسەر نەخشەی جیهان ناوی نەبووە، یەکێتی سۆڤیەت کە ئەمڕۆ ئاڵای لەسەر پشتی مانگ هەڵکردووە نیوە چەرخ لەمەوپێش لە دەریای چارەڕەشی و نەزانی و دواکەوتووییدا پەلەقاژەی بوو. کوردیش میللەتێکە لە میللەتان، وەکوو نەتەوەکانی دیکەی جیهان لە بنەماڵەی ئینسانە، به کوێرایی چاوی دیکتاتۆر و کۆنەپەرستەکانی ئێران و تورک و کۆماری یەکگرتووی عەڕەبی ڕەوتی مێژوویی خۆی ئەبڕێ و ئەگاتە وارگەی بووژانەوە و پێگەیشتن. نەتەوەی کورد هەرچەند جێگاکەی- کە کوردستانە- کێو و کەژ و سەخت و چڕ و ساردوسڕە و پێوەندی ئابووری لەگەڵ دنیادا کەم بووە و بە هۆی چاوچنۆکی ئیستیعمارەوە کوت و پچڕ کراوە دیسان لە زگوزا نەوەستاوەتەوە و ئەستێور و وەجاخ کوێر نەبووە. بارامی چوبینە کە لە پێش ئیسلامدا خەسرەوی ئیمپڕاتۆری ئێرانی ڕاونا و کردی بە ماڵی قشەدا، سەلاح الدینی ئەیووبیکەس کە ڕۆژهەڵاتی لە دەستدرێژی ئەورووپا ڕزگار کرد و کونەمشکی لە ڕیچاردشێردڵ ی ئیمپڕاتۆری بەریتانیا کرد بە قەیسەری، ئەبوحەنیفەی دینەوەری و ئیبن خەلەکان لە مێژووزانیدا و ئامێدی و شارەزووریی لە ڕێ و شوێنی ئیسلامدا ئەحمەدی خانیکەس و مەولەویکەس و بێسارانیکەس لە جیهانی ئەدەبدا نموونەی بەرز و بەنرخی هەڵکەوتووەکانی کوردن. لە نزیکتر بدوێین شێخ مەحموود کە بە کوێرایی چاوی ئیستیعمار، بانگی حوکومەتی پادشایی کوردی دا، قازی موحەممەدکەس کە لە کوردستانی بەستراو بە ئێرانەوە ئاڵای کۆماری کوردی هەڵکرد و خوێنی خۆی کردە هەوێن و ڕشتییە خاکی پاکی مەهابادشوێنەوە، مەلا مستەفای بارزانیکەس کە بە بنەماڵەی بەربەرەکانێی ئیستیعماری عوسمانی و ئینگلیزیان کردووە و خۆشی بەرەنگاری ئیستیعماری بەریتانیا بوو، لوتی نووری سەعید و فاشیستەکانی تورک و ئێرانی دا لە بەرد و بۆ یەکەمین جار بە شاکارە ستراتیژییەکەی لەمپەر و سنووری ئاسنینی ئیستیعمار و نۆکەرەکانی شکاند و چووە یەکێتی سۆڤیەت، یان لە جیهانی ئەدەبدا پیرەمێردکەس و بێکەسکەس و حەمدیکەس و کاک هەژارکەسی خۆشمان هەر کامێکیان لە بابەت کاری خۆیانەوە نموونەی هەڵکەوتوویی گەلی کوردن و لەو ڕۆڵانەن وەجاخی کوردیان ڕۆشن کردۆتەوە. ئەحمەدی خانی یەکێکە لەو هەڵکەوتووانە کە لە دڵی میللەتی کورددا ئەژین، لەو ڕۆڵە بەنرخانەیە کە وەجاخی کوردی ڕۆشن کردۆتەوە، لەو ئەستێرە گەشانەیە کە لە عاسمانی ئەدەبی کوردیدا هەمیشە ئەدرەوشێتەوە. خانی ناوی ئەحمەدە کوڕی ئەلیاسە، لە عێلی خانیانی وڵاتی بایەزید و بۆتانە، ساڵی «۱٦٥۰» لە دایک بووە و لە تەمەنی پەنجا و هەشت ساڵیدا لە بایەزید مردووە و نێژراوە. ئەلیاسی باوکی بە چەند ساڵ پێش لەدایکبوونی ئەحمەد لە بایەزید دانیشتووە، بەڵام پێوەندی لەگەڵ عێلەکەی خۆی هەر بووە، لە بایەزیددا گەورەماڵ بوون. ئەحمەدی خانی لە مزگەوتی «مرادیە»ی بایەزید، لە ئۆرفە و لە ئەخلات و بتلیس خوێندوویەتی و سەری میسریش داوە، زانایەکی سەربەدەرەوە و بەناوبانگ بووە.

***

شاکاری ئەحمەدی خانی چیرۆکی مەم و زینە. ئەگەر شاکاری نیزامی گەنجەویکەس کە لەیلا و مەجنوونە پاڵەوانی چیرۆکەکەی عەڕەبن و چیرۆکەکەش لە بنەڕەتەوە عەڕەبییە، ئەگەر یەکێ لە شاکارەکانی تری کە شیرین و فەرهادە پاڵەوانی چیرۆکەکەی کوردن، لە چیرۆکی مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا پاڵەوانی چیرۆکەکەش کوردن و چیرۆکەکەش لە بنەڕەتەوە کوردییە. مەم و زین ڕەواقی مێشک و شیلەی مەغز و بیری خانییە «ئەو وتارە شیرنانە و ئەو بیرە جۆراوجۆرە پاکی کچی تازە بووک و ڕووسوورە»، خانی ئەو تەڵای دەستە و شار و ئەو گەنجە بەنرخ و بێئەژمارەی لە دەریای بیری هەرا و بەرینی خۆی کۆکردۆتەوە و بە لێزانییەکەی هەڵکەوتووانە بە هەودای بێهاوتای هاوریشمی شێعر خوێندوویەتەوە، لە شار و بازاڕی هەندەرانی نەکڕیوە و لە خەزێنە و گەنجینەی کەسی نەدزیوە، ڕاست ئەکا کە ئەڵێ:

ئەم نامە کە خاوە، یان لەبارە
سەد ڕەنجی لە ڕێگەدا، دراوە
ساوایە، مناڵە، شیر نەمشتو
تازەبەرە، تازەپێگەیشتوو
میوەی منە خۆشە بۆی نەماوم
کۆرپەی منە بۆتە چاوی چاوم
خشڵ و جل و یار و زێڕ و زەنبەر
نەم خواستووە هی منن سەروبەر

ئەگەر چیرۆکی مەمی ئالانیش لە پێش ئەحمەدی خانیدا گوترابێت هیچ له نرخی شاکارەکەی خانی کەم ناکاتەوە، چونکە خانی چیرۆکێکی خەیاڵی هەڵنەبەستووە، بەڵکو چیرۆکێکی ڕاستەقینە و ڕووداوی بە جوانترین خشڵ ڕازاندۆتەوە و بە شیرینترین شێوە هۆندوویەتەوە. ئەوەتا ئەبینین دوای چەند چەرخ تازە لە بازاڕی ئەدەبدا ئەو شتانە پەسەند ئەکرێن کە باری ڕاستەقینەی ڕووداو نیشان بدات، واتە خانی لە سەردەمی خۆیدا و بە سێ چەرخ و نیو لەمەوپێش بە بیری ورد و چاوی تیژ و دڵی ڕووناکی چیرۆکی ئەمڕۆ پەسەندی گوتووە و کاری ئەمڕۆی کردووە. سەرەڕای ئەمەش فیردەوسیکەس تووس ئەڵێت: «ڕۆستەم قارەمانێک بووە لە سیستان من کردوومەتە ڕۆستەمی داستان». ئایا کەس هەیە بڵێ: چونکە ڕۆستەم لە پێشا بووە شانامەی فیردەوسی شاکارێکی ئەدەبی نییە؟ یان چونکە چیرۆکی قەیس و لەیلا عەڕەبییە و چیرۆکی شیرین و فەرهاد کوردییە، لەیلا و مەجنون و شیرین و فەرهادی نیزامی شاکار نین. ڕاستە کە ئەحمەدی خانی چیرۆکێکی دڵداری نووسیوە و لەمەدا بە پێی داب و داهاتی کوردەواری بزووتۆتەوە، چونکە نەتەوەی کورد بۆ هەموو جۆرە کارێکی گرنگ، چ شەڕوشۆڕ، چ عەشق و دڵداری چیرۆکێکیان لێ گێڕاوەتەوە و پتریش وابوە ئەو چیرۆکانە بە شێعر گوتراون و پێیان گوتووە: بەیت وەکوو بەیتی لاسە شۆڕی باڵەکی، ناسر و ماڵ ماڵ، بەیتی دمدم، شێخی سەنعان، خورشید و خاوەر و بەیتی ئەوڕەحمان پاشای بەبە و .. خانی لە پەسنی پاڵەوانەکانی چیرۆکەکە و سەر یەکخستنەوەی بەسەرهاتەکان و ڕێکوپێکی کارەساتەکان و نەرمونیانی وشەکان و جوانی شێوە و خۆشی ڕاوێژ و تەڕو پاراوی قسەکاندا گەیاندوویەتە ئەوپەڕی ڕەوانی و دادی داوە، بەڵام جگە لەمەش خانی مەبەستێکی گرنگتری بووە و مەم و زینی کردۆتە بەهانە، وەک خۆی ئەڵێ:

دەردی دڵی خۆم بێ لەم وتانە
زین و مەم، ئەدی چین؟ بەهانە

مەبەستی ڕاستی خانی دەردی دڵ بووە، خانی لەو هەڵکەوتووانە بووە کە زۆر زوو هەستی بە ئێش و ئۆفی نەتەوەکەی خۆی کردووە، ئاوات و ئارەزووی میللەتەکەی خۆی بە گوێچکەی دڵ بیستووە، کوت و پچڕی و دیلی و کەنەفتیی کورد و کوردەواری بە وردی سەرنج داوە و گلەیی لە بەختی ڕەشی کورد ئەکات و ئەڵێ:

بەدبەختی سەری لە ئێمە داوە
تۆزکاڵێ کەمایەسی نەماوە
ئاخۆ دەبێ ڕووبکاتە کەم بوون؟
یاخۆ هەر ئەبێ بە مانی گەردوون؟

خانی سەردەمی دەستەڵاتداری کوردی بیر ئەکەوێتەوە و کەنەفتی پاش سەربڵندی ئەبینێ و گلەیی لە ڕۆژگار ئەکات و ئەڵێ:

ڕێ و شوێنی وەهایە چەرخی گەردوون
نەویایەتییە لە پاش بەرز بوون

خانی ورە بەرنادا و ناهومێد نابێت و تیشکی هیوا لە دڵی ئەدا و ئارەزووی میللەتی کورد دەرئەبڕێ و ئەڵێ:

تۆ بڵێی کە هەڵێ چ زوو چ دێرێک
بۆ ئێمە لە عاسمان ستێرێک؟
بەختی مە لەخەو هەڵستێ جارێک
جارێک بکەوێتە کار و بارێک

خانی بە پێی ڕۆژگاری خۆی دەرمانی دەردی کوردەواری ئەدۆزێتەوە و داوای پاشایەک ئەکات کوردستان بخاتەوە سەریەک و کوردان سەربەرز کات و لە کەساسی ڕزگاریان کا:

بۆ مەش کە هەبایە پادشایێ
خوا تانجێکی پێ ببەخشیایێ
ئێمەی لە کەساسی دەردەهێنا
بێستانی هیوای وەبەر دەهێنا

مەغز و مێشکی خانی لەو ڕۆژگارەدا ڕەمەکی نەبووە، بیری ئەم پیاوە لەچاو زەمانی خۆی سەمەرەیە، خانی بلیمەتێکە لەو زەمانەدا پێودان و ڕێ و شوێن بۆ ئەو پادشایە دائەنێت کە ئارەزووی ئەکات بۆ کوردستان و ئەڵێ:

بۆ مەش کە ببایە سەربڵندێک
زۆرزان و بەبیر و مەرد و ڕەندێک

ئینجا ڕووئەکاتە پارە و دراوی حکومەتەکەی و وێنەی پادشایەکەی لێ ئەدا و ئەڵێ:

نەخشی لە دراوی مەش درابو
بێ نرخ و چروک و باو نەمابو
خانی لە ژێر دەستی تورک و عەجەمان بێزارە و فەرمانبەری بۆ کوردان بەلاوە شەرم و عارە و ئەڵێ ئەگەر پاشایەکمان ببوایە:
تورکان نەدەبوون بەسەرمەدا زاڵ

بۆ کوند نەدەبووینە لانە و ماڵ؟

چۆن بۆ عەجەمان ئەبوینە ژێر دەست؟ ژێردەستی شتی وەها نەوی و پەست

خانی بیر لە هۆی سەربەرزی و گەورەیی ئەکاتەوە و سێ شت ئەدۆزێتەوە، یەکیان دلێری و ئازایی، دووهەمیان مەردی، سێهەمیان دڵئاوایی و بەخشەندەیی:

ئەم بوکی جیهانە بۆ کوڕێکە
شیرێکی بەدەست و شێردڕێکە
خشڵ و جل و شیرینی و نیشانی
بەخشینە بەبیر و ڕێگەزانی
پرسیم لە جیهان ڕەقی لە بەردی
نەرمیت بە چیە؟ گوتی: بەمەردی

خانی کە ئەم ئاکارانە هەموویان لە کورددا ئەبینێت و تەماشاش ئەکات هەر ژێردەستن، تووڕە ئەبیت و گلەیی لە چارەنووس ئەکات:

دنیا کە وەها بەخشش و شیر
بۆ پیاو دەستەمۆ ئەبێت و دەسگیر
کورد چۆن دەبێ دیل و چارەڕەش بن
کەی ڕاستە لە خۆشی دورەبەش بن
دەست ڕژدی ئەمانە حاتەمێکە
هەر گوردێ لەمانە ڕۆستەمێکە

خانی لە تووڕەییەکەی خاو ئەبێتەوە و دێتەوە سەرخۆ، سەرلەنوێ بە وردی سەرنجی ژیانی نەتەوەکەی ئەدات و هۆی ڕاستی دیلییەکەیان ئەدۆزێتەوە و ئەزانێ کە ئاڵۆزی و ناکۆکی ناوخۆیان و سەر ڕەقی و دەمارزلییانە، بەڵام دڵی نایە ڕێوڕاست بیڵێ و بە شێوەیەکی هێجگار نەرم و مامۆستایانە دەری ئەبڕێ:

هێندەی کە بە جەرگ و دورەترسن
کەمتر لە بەیەک گەین ئەپرسن
کەس بۆ کەسێ نابێ چاودەبەر بێ
هەرکەس دەیەوێ زل و لەسەر بێ
لەم سەر ڕەقییە و دەماری زلیان
بێگانە دەبن سواری ملیان

ئەمجار خانی دوامین دەرمانی دەرد و ئاخرین چارەی دیلی و ژێردەستی و هۆی ڕزگاری و سەربەرزی ئەدۆزێتەوە و ئەڵێ:

کوردیش کە ببایە یەک دڵ و دەست
دەستیان دەکەوت ژیانی سەربەست
پەیدا دەبوو باو و گەورەیی و ژین
ناومان دەرئەکرد بە بیر و زانین
***

وەکوو لە پێشەوە گوتمان خانی ئەم چیرۆکەی کردۆتە بەهانە بۆ دەربڕینی دەردی دڵی خۆی، خانی شێوەی ژیان و سەنگبایی مێشک و بیر و ئاکاری میر و بەگ و خانان و مەزنانی ئەو سەردەمەی باش هەڵسەنگاندووە و زۆر چاکیان تێگەیشتووە، زانیویەتی کە پەیدا بوونی پادشایەک و کۆبوونەوەی دەستەڵات لە دەست دەوڵەتێکدا بە کەیفی میر و بەگ و خانان نییە، تەنانەت ناشتوانێ ئارەزووەکەشی بێ پەردە و ڕاستەوخۆ دەربڕێت، ناچار بووە ئەم چیرۆکە بهۆنێتەوە و بە ناوی سەرەتاوە لەم بابەتەوە بدوێ، جگە لەمەش ئەیەوێت مەیگێڕ ڕژدی نەکات و پیاڵەی بۆ پڕکا و نەیپسێنێتەوە و لە پەستا بیداتێ تا کار بکاتە سەر دەروونی و هێزداربکا دڵەی زەبوونی، لە میر و مەزنان نەترسێ و ڕازی نهێنی خۆی دەربڕێ، جا لێرەدا بە شێوەیەکی بەرزی ئەدیبانە دەستی وەشاندووە و بە کوێخا و گزیریان ناو ئەبات:

مەیگێڕ لە دەسی مەدە هەلێکە
وەک گیانی نەمر مەیێکی تێکە
کوێخا و گزیر بەڵان نەزانن
دەرکەین کوڵ و خەم ئەویش لەوانن
سەرخۆش ببم و بەخۆم بنازم
نیازم هەموو ئاشکرا بخوازم

خانی جگە لەوە کە مەترسی لە میر و مەزنان بووە، لە خویندەوارانی سەردەمی خۆشی دڵنیا نەبووە، چ بکا چارە چییە و بڵێ چی؟ «کەڵەشێرێکی بێوادە بخوێنێ سەری دەبڕن»، گوڵێکی لە زستاندا بڕوێ سەرما ئەیبات، چیکڵدانەی خەڵک بیروباوەڕی بەرز و بڵندی خانی هەڵنەگرتووە، ناچار پەنا بەخوا ئەبات و ئەپاڕێتەوە چیرۆکەکەی ئەکەوێتە دەس لاساران و خوێندەوارانیش لێی لەهەرا نەدەن:

خوایە مەدە دەستی پیاوی لاسار
ئەو دڵبەری شۆخ و شەنگ و نازار
پاڕانەوەمە لە خوێندەواران
بێهودە نەکەومە لێو و زاران

خانی پاش ئەوە کە ئەزانێ کەس گوێ ناداتە دەردی دڵەکەی، کەس قازانجی خۆی نانێتە پێناوی گەل، کەس ئامادە نییە هەنگاوێک بەرەو ئامانجە بەرزەکەی هەڵێنێت، تاک و تەنیا هەر خۆیەتی و خۆی:

مەزنی مەکە ژێر و چاکەناسە
بۆم تێنەگەیندرا چ باسە!

لە عاسمانی بەرزی ئامانج و ئارەزوویەوە ئەگەڕێتەوە بۆ لای خۆی، ئەرکی خۆی کە ئەدیبێکە ئەنجام ئەدات و ئەیەوێ تا بۆی بکرێ خزمەتی ئەدەب و زمانی کوردی بکا، و کارێکی وا بکا:

بێگانە ئەڵێن کە کورد نەزانن
بێ نووسەر و هۆنەر و زەمانن

چیرۆکی مەم و زینی خانی وەک گەنجینەی پڕ گەواهیرات وایە، ئەکرێ لە زۆر بابەتەوە لێی بدوێین، بەڵام لەم سەرەتایەدا ئەوەندە بەسە، خویندەواران خۆیان بە وردی سەرنجی بدەن و بە ئارەزووی خۆیان گەوهەری نایابی لێ هەڵبژێرن. هەژار ناوی عەبدولڕەحمانە، کوڕی حاجی مەلا موحەممەدە، ساڵی «۱۹۲۱» لە بووە، لە بنەماڵەیەکی زانای دینییە، هەژار وەکوو جارێکی تریش لە سەرەتای دیوانەکەیا کە بە ناوی ئاڵەکۆک چابکرا، نووسیوومە بیروردی و باریکبینی لە نالی و میللەتدۆستی و نیشتمان پەرستی لە حاجی قادری کۆیی وەرگرتووە. حاجی مەلا موحەممەدی باوکی هەژار هەرچەندە زانای دینی بوو، چاولەدەستیی پێ ناخۆش بوو، نەیئەویست بە یارمەتی ئەم و ئەو بژی، خەریکی بازرگانی بوو، بژێوی خۆی بە دەستی خۆی پەیدا ئەکرد و کاروباری دینیی خەڵکی بە خۆڕایی ئەنجام ئەدا. کەس و کاریان لە لادێ زۆر بوو، هێندێک زەوی و زاریشیان بوو، جا سەبارەت بەمانە، هەژار لە ژیانی خەڵکی ناوبازاڕ و مەلا و فەقێی مزگەوت و وەرزێر و جوتێری لادێ شارەزایە، واتە لە هەناوی گەلدا ژیاوە و بە ئێش و ئۆف و ڕەنج و دەردی گەل ئاشنایە، گرنگترین لایەنی شێعرەکانی هەژار ئەمەیە کە بە زمانی ساکار و بێ گرێ و قۆرتی گەلە، ژیانی گەل نیشان ئەدات، ئاوات و ئارەزووی گەل دەرئەبڕێ، دەردی گەل ئەناسێ و دەرمانی بۆ ئەدۆزێتەوە. هەژار شاعیرێکی دڵداری نییە، عاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵ نییە، عاشقی کێو و کەژ و بەندەن و چیا و شیو و دۆڵی کوردستانە، شەیدای گەلی خۆشەویستی کوردانە لە پێناوی کورد و کوردستاندا گێرە و کێشە و چەرمەسەریی زۆر و زەوەند و بێئەژماری دیوە، بەڵام شاعیرێکی ئازا و دڵقایمە، سەری بۆ هیچ تەنگ و چەڵەمەێیک دانەنەواندووە، بە هێزی بیروباوەڕی خۆی لەبەرامبەر هەموو تاڵی و سوێری و سارد و گەرمی ڕۆژگاردا ڕاوێستاوە، هەرگیز لە شێعرەکانیدا هاواری خۆی ناکات، هەمیشە بە پەرۆشی گەلەوەیە. هەژار مێشک و بیری هەراو بەرینە، بە تەنگ میللەتەکانی تریشەوە هەیە، ئازادی بۆ نەتەوەی کورد و گشت نەتەوەکانی تریش دەوێت. هەژار لایەنگری ئاشتییە و دوژمنی شەڕ و جەنگە، هەمیشە نوکی ڕمی قەڵەمی ڕائەدێرێتە چاوی ئیستیعمار و دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی و دەرەبەگی. هەرکەس شێعرەکانی بخوێنێتەوە ئەمانەی بە ئاشکرایی تێدا ئەبینێت. گەلێ شێعری هەژار بە زمانی ئازەربایجانی و ڕووسی وەرگێڕاون، سەربەخۆیان لە ڕۆژنامەکانی وڵاتەکانی سۆڤیەت تەنانەت لە ڕۆژنامە هەرە گرینگەکان وەکوو: پراودا و ئازوێسیتا دا چاپ کراون، هەژار لەم سەفەرەدا کە چووە یەکێتی سۆڤیەت بە ئەندامی شانازی دەستەی نووسەرانی ئازەربایجانی سۆڤیەت دیاری کرا. بە کورتی هەژار یەکێکە لە ڕۆڵەکانی کورد کە لە باری شێعر و ئەدەبەوە وەجاخی کوردستانی ڕۆشن کردۆتەوە. هەژار لە هەڤاڵەتیدا ڕاست و بە ئەمەگە، قسەخۆش و دەم و ڕاوێژ شیرینە، بێفیز و بێ فڕوفیشاڵە، خۆپەسەند و دەمار زل نییە، لە بابەت بیچمەوە حەز ئەکەم وێنەیەکی خۆی لەگەڵ ئەم سەرەتایەدا چاپ بکات تا خۆتان بیبینن و پێویستی بە گێڕانەوە نەبێ. هەژار کە مەم و زینی خانی لە ڕاوێژی کرمانجییەوە بە سۆرانی ئەگێڕێتەوە، نە وەرگێڕان و تەرجەمەیە، نە بەڵگەیە بۆ ئەمە کە ئەم ڕاوێژانە وەک دوو زمانی جیاواز وان، بەڵکو ئاسەوارە بەنرخەکەی خانی بە شێوەی ڕەوان و ڕێکوپێکی ئەمڕۆ و بە کوردی پەتی ژیاندۆتەوە و گیانی خانی بەم کۆماری دیموکراسی کورد و عەڕەبە و بەم ئازادییەی کە ئارەزووی ئەکرد، شاد کردووە و بەرەی ئەمڕۆی بە شاکارەکەی خانی و ڕۆژگاری خانی ئاشنا کردووە. بەم جۆرە بەخۆداهاتن و بوژانەوەی ئەدەبی کوردی نیشانداوە. هەرکەس مەم و زینی خانی لەگەڵ مەم و زینی هەژار بە وردی سەرنج بدات تێئەگا کە ئەدەبی کوردی چ مەودایەکی بڕیوە تا ئەوا گەشاوەتەوە و گەیشتۆتە ئەمڕۆ. لە بازاڕی ئەدەبدا ئەمە کارێکی زۆر گرنگ و هێژایە و خزمەتێکی گەورەیە بە ئەدەب و فەرهەنگی کوردی. ئیتر هومێد وایە هەژار بتوانێ پتر یاریدەی گەل و نیشتمانی بدات.