دەربارەی وەرگێڕانی «گێلە پیاو»ەوە

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 22 خولەک  1781 بینین

کتێبی گێلە پیاو بە قەڵەمی نووسەری ناسراوی ئەم سەردەمەی تورک: عەزیز نەسینکەس، کاک عەبدوڵڵا حەسەن زادەکەس کردوویەتە کوردی و، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەری کۆماری عێراق بڵاوی کردۆتەوە. کاک عەبدوڵڵا دانەیەکی لەو کتێبە بۆ من ناردبوو، داواشی کردبوو ڕای خۆم لە بارەی کارەکەی بنووسم. بۆ ئەوەی لە قسەی ئەو برادەرە خۆشەویستە دەرنەچم، نەختێ لەم بارەیەوە دەدوێم. عەزیز نەسین نووسەرێکی «ساتیریک» یا خۆمانە بڵێین: بە تەوس و توانج و ئیتاڵییە. نەشتەری قەڵەمەکەی لە کوان و دمەڵی کۆمەڵ دەدا و کێم زوخاوی دەردەخات. بە تەڕدەستی «ئەوەی لە دیزەدایە بە ئەسکوێ دەری دەهێنێ». بە ڕاشکاوی، چەوت و چەوێڵی و نالەبارییەکانی ڕێژێمی فیئودال- بورژوایی وڵاتی خۆی وەبەر لیس و تێڵای گاڵتە و تیتاڵی دەدا و ئاگری پێکەنینی پێوە دەنێ. وای گڕ تێبەردەدا ئەگەر چاوی کۆنەپەرستی بارانی پەڵەشی بەسەردا ببارێنێ ناتوانێ دایمرکێنێ. لە گێلە پیاو یشدا هەر وایکردووە. عەزیز نەسین بۆ نووسینی گێلەپیاو ڕەنگە لە ڕۆمانی چارە ڕۆمانی «چارە ڕەشەکان- ئەلبۆساء»ی ڤیکتۆر هۆگۆکەس «١٨٠٢- ١٨٨٥» ئیلهامی وەرگرتبێ. لە چیرۆکی «گێلە پیاو» دا کە دەگەیە لاپەڕەکانی ٢٠٣- ٢٠٦ کە «گێلە» دەبێتە بەڕێوەبەری قوتابخانە و بەم بۆنەیەوە جێژنی بۆ دەگرن و، لە جێژنەکەدا دەیەوێ پێشینەی خۆی بدرکێنێ و دەڵێ: «هاوڕێیان! ڕێگا بدەن پێ بە گوناهی خۆم بنێم. زیاتر لەوە ناتوانم خۆم ڕاگڕم. من تووشی ئازاری ویژدان بووم. وەرن بمگرن!» تەواو، ئەو دیمەنەت بیر دەکەێتەوە کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەی ڤیکتۆر هۆکۆ سەرۆکی شارەوانییە و زۆر خزمەتی شارەکەی کردووە و، لە لایەن ئیمپەراتۆرەوە لەقەب و نیشانی بۆ دێ، بەم بۆنەیەو جێژنی بۆ دەگرن و لە جێژنەکەدا ڕاستی خۆی دەڵێ و خۆی بە گرتن دەدا. ئەمە نابێتە کەموکۆڕی بۆ کارەکەی عەزیز نەسین، نووسەری گەورەی وا لە دنیادا کەم نین کە ئیلهامیان لە یەکتر وەرگرتووە و، تەنانەت «اقتباس»یشیان لە کاری یەکتر کردووە. بۆ نموونەی «اقتباسفارسی» وتەیەکی ماکسیم گۆرکیکەس دەگێڕینەوە کە دەڵێ: کاتێ هەوەڵ جار «فاوست»م موتاڵا کرد نزیکەی بیست ساڵانە بووم، دوای ماوەیەک تێگەیشتم کە دوو سەد ساڵ پێش «گۆتێ»ی ئەڵمانی، کەسێکی ئینگلیسی کە ناوی «کریستۆفێر ۱ مارلۆ بووە»، بەسەرهاتی «فاوست»ی نووسیوە.. وە تەواوی ئەو کتێبانەی لە بارەی «فاوست» نووسراون سەرچاوەی ئەفسانەیەکی سەدەکانی ناوە ڕاست هەڵقوڵیون. ڕەوتی چیرۆکەکە لە لاپەڕەکانی ٧٨- ٧٩ دا وەکوو جێگاکانی دیکەی ڕەوان نییە و نەختێ لێڵە. لەو جێگایەدا گێلە سەرۆکی لقی بانکە لە قەزایەک، ئەفسەرێک کە دراوسێی هۆدە و ئاشنایەتی، شەوێک جلەکانی گێلە وەردەگرێ و پێیانەوە دەچێتە سەر بانگەهێشتن و دوو شەو دوو ڕۆژ نایەتەوە. دواجار فەرمانبەری دایرە دێ بە دوای گێلە دا کە بچێ بۆ دایرە، لەبەر بێ جلکی ناتوانێ بچێ. ئاخرەکەی جلکی ئەفسەرەکە دەکاتە بەری و دەچێ . لێرەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە دیار نییە. لە قەزایەکی بچووک ئەو ئەفسەرە چۆن دوو شەو و دوو ڕۆژ سۆراغی نییە؟ چۆن نەچۆتە سەرکار، ئەگەر چووە چۆن بە جلکی ئەهلییەوە چووە؟ گێلە کە سەرۆکی لقی بانکە و پارەشی هەیە چۆن تاقە دەستێکی جلک هەبووە؟ بۆچی پارەی نەداوە بە فەرمانبەرەکە بچێ دەستێ جلکی بۆ بکڕێ؟ یا نەیناردۆتە لای یەکێ لەوانەی لەژێر دەسەیدا کاریان دەکرد دەستێ جلکی بۆ بخوازێتەوە؟ نووسەر بەسەر ئەوانەدا تێپەڕیۆە و بەپەلە گێلە ی بە جلکی ئەفسەرییەوە سواری تەیار کردووە و، بەرەو بەسەرهاتەکانی دوایی خستویەتە ڕێ.

بەهەرجۆر ئەمە وەکوو سەرەتایەکی قسە، ئیشارەیەکی بچووک بوو بۆ چیرۆکی «گێلە پیاو» ئەگینا لێکۆڵینەوەی چیرۆکێکی «٣٨٠» لاپەڕەیی، هەروا بە دەم ڕێوە و بە سوک و هاسانی سەرناگرێ. ئێستا دێینە سەر ئەسڵی مەبەست کە وەرگێڕانەکەی کاک عەبدوڵڵایە. وەرگێڕانێک بە باش دەژمێردرێ کە لە پێش هەموو شتێکدا وشەکان دروست بن، وتەکان پڕ پێست لە قاڵبی زمانی کوردیدا داڕژابن، مانای وتەکانی تێکستە ئەسڵییەکە بە ڕۆشنی گەیەندرابێ، ڕەوتی مەبەستەکە لە وەرگەڕاوە کوردییەکەشدا ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵ بێ. بە کورتی ئەوەندە ڕێکوپێک بێ، ئەگەر لە سەدا سەدیش نەبێ، بەلانی کەمەوە تا ڕادەیەکی زۆر خوێنەر وایدانێ کە ڕاستەوخۆ بە کوردی نووسراوە. هەستی ئەمە کە لە زمانێکی ترەوە بە ناڕەوانی کراوە بە کوردی، هەر تاوە نا تاوێک وەکوو چقڵ بە چاویدا نەچێ و هەراسان و جاڕزی نەکات. وەرگێڕانەکەی کاک عەبدوڵڵا لەم بارەیەوە تەواوە. وشەکان دروستن و، وەکوو گای مۆزکرد و پاش و پێش و ئەملاو ئەولایان پێنەکراوەو لە جێی خۆیاندان. وتەکان ڕێکوپێکن. ڕاوێژی دەم و قەڵەم ڕەوانەو، مەبەست و مانا ئاڵۆز و کوت و بچڕ نەبووە. خوێنەر دەتوانێ تا ڕادەیەکی زۆر و بگرە نزیکەی سەدی نەوەد و پتریش لە تێکستە کوردییەکە دڵنیا بێت و بیری خۆی بە ڕەوتی چیرۆکەکەوە خەریک بکات. ناڵێم لە سەدا سەد. چونکە جاروبار و کەم کورتێک پێچەوانەی ئەمە دەبینرێ. هەروەها کە دەشڵێم تێکستە کوردییەکە مەبەستم بە چەشنی گشتییە، تا دیالێکتیش بگرێتەوە. پاشان دەگەڕێینەوە سەر ئەم دوو مەبەستە. عەزیز نەسین وەکوو گوتمان نووسەرێکی «ساتیریک»ە، چزووی قەڵەمی لە کار و کردەوە و نەریت و ئاکاری چینی سەرەوەی کۆمەڵ دەچەقێنێ و، بۆ چینەکانی خوارەوە و هەڕەمەی خەڵک دەنووسێ. لەبەر ئەمە بە زمانی ئەمان یانی سادە و ڕەوان دەنووسێ و زاراوە و کینایە و مەجاز و ئیشارە و تەوس و توانج و قسەی نەستەق و پەندی پێشینانی ئەمان زۆر لەکار دەکا و دەهێنێ. سەبارەت بەمە وەرگێڕانی نووسراوەکانی ئەو کارێکی سووک و هاسان نییە. کەسێک دەتوانێ وەریانگێڕێ کە لە زمانی هەڕەمەی گەلی کورد زۆر شارەزا بێ و بەرامبەرەکانی ئەو تەوس و توانج و تەنانەت جنێوانە لە کوردیدا بدۆزێتەوە و لە جێگای خۆیاندا دایان نێ. دەنا ئەگەر وشە بە وشە بیانکاتە کوردی شتێکی زۆر بێتام و بێزراو و پووچەڵیان لێ پەیدا دەبێ. کاک عەبدوڵڵا ئەم کارەی زۆر جوان لە دەست هاتووە، وەک ئەمانەی خوارەوە:

- «دوو کچی قەیرەی هەبوون»، لاپەڕەی ٧٦

- (سەرلەنوێ نێوکم بڕا و ناوم نرا «کامل»)، لاپەڕەی ١٣٨ «ناوک»یش دەگوترێ.

- «ئەو جینگەنەیی جارانم نەمابوو»، لاپەڕەی ١٤٠.

- «هاورێشمی خاسە ڕەنگ..»، لاپەڕەی ١٤١.

- «دێیەکی زۆر چەپەک و پەنا..»، لاپەڕەی ٢١٤

- «لە شوێنێکی پەسیو پاروەنانێک پەیداکەم»، لاپەڕەی ٢١٧

- «ئارام و ئۆقرەم لێ هەڵگیرابوو»، لاپەڕەی ٢٢٥

- «کوڕینە! لە تەنگانەدا هەمیشە پشووتان سەرخۆبێ»، لاپەڕەی ٢٢٥

- «هەر لەگەڵ چاوم بە ڕوکاری سەرۆک کەوت ناسیمەوە»، لاپەڕەی ٢٢٦، «ڕوکار» بە مانای ڕوخسار، زۆر جوانە.

- «دووبارە دەتگرنەوە و دات دەکەنەوە»، لاپەڕەی ٢٤٤.

- «چما تا ئیستا نەتدیوە..»، لاپەڕەی ٢٥٠.

- «تەححا! ئەدی چۆن..»، لاپەڕەی ٢٥٣.

- «ئاغا! لە خۆڕینی باش نییە»، لاپەڕەی ۲۸۲.

- «بە جارێک زەندەقی بردم»، لاپەڕەی ۲۹٦

«زەندەق» لە «زەند» و «زەندە» وەرگیراوە، کە دوو وشەی زۆر کۆنن. ئەوەی هەوەڵیان بە مانای گیان و ڕۆحیش هاتووە، دووەمیان بە مانای گەورە و مەزن، پاشان بۆتە «زەندەک» و کافیش گۆڕاوە بە قاف و بۆتە «زەندەق». بە مەجاز بە مانای «جورئەت و جەسارەت»ە.

- «بورهان شەیپوری قوڕبەسەر دەم لە پوش بوو»، لاپەڕەی ۲۹٦.

- لەوەی ئەو ئینسانە دڵپاک و نیاز پاکانەم فریو دابوو بە خۆمدا دەشکامەوە، لاپەڕەی ۲۰٤.

- «گیرفانیان بڕیبووە و بە فلسم دەکوت فەتاح بەگ»، لەپەڕەی ۱۹٥، پتر «فەتاح پاشا» دەگوترێ.

- «هێشتا لە قوڵکەیەک ڕزگار نەببووم خەریک بوو بمخاتە چاڵێکەوە». لاپەڕەی ۱۹٦.

- «پێش .. ئەوەی ئورهانی ئەسڵی بێ فیز ماڵکی بدەمێ»، لاپەڕەی ۱۹۲.

- «بەڵام تازە لە چی دەترسام، پاش ڕووتکردنێ تەشتی تەڵا لەسەر سەرت دانێ»، لاپەڕەی ۲۱۱، پتر دەڵێن: «تەشتی تەڵا بەسەرەوەنێ».

- «ئەوان نەیاندەزانی من بەچی دەخوڕم و پشتم بە چ ئەستوورە کە قسەم وانێران»، لاپەڕەی ۲۱۱.

- «باش پێوە ببووم، ئەملام تات و ئەولام تات»، لاپەڕەی ۲۸۲.

- «تات» بە مانای بەردی پان و درێژە، وەک: «تاتە نوێژ»، «تاتە شۆر»، یەکەمیان بەردی نوێژ لەسەرکردنە، دووەمیان بەردی مردوو لەسەر شۆردن. لە گۆرانیدا هاتووە: «لەسەر تاتەشۆر هەر تۆم لە بیرە». ئەملام تات و ئەولام تات وەی دایە جیقم دەرهات مەتەڵۆکەیە بۆ ئاش.

- ژنەکە دەستی کرد بە بۆڵەبۆڵ: ئەتۆش سەگت بە دیاری بۆ هێناوین، لاپەڕەی ۱۳۰.

ئەمانە هێندێ نموونە بوون لە وشە ڕەسەن و، کینایە و مەجاز و قسە نەستەقە جوانانەی کە لە ناو هەڕەمەی خەڵکدا باون و کاک عەبدوڵڵا لە وەرگێڕانەکەی خۆیدا هێناونی. لە پێشدا گوتمان: خوێنەر دەتوانێ سەدی نەوەد و پتریش لە تێکستە کوردییەکە دڵنیابێ». ئەو سەدی چەندەی دیکەمان بۆ ئەوە هێشتەوە کە کاکی وەرگێڕ جاروبار لە وەرگێڕانەکەیدا وەدوای تێکستە فارسییەکە کەوتووە، وەک:

- «پیوو» لاپەڕەی «١٨٠» کە وشەیەکی تورکییە و وادیارە وەرگێڕی فارسی هەروەک خۆی هێناویەتی. لە کوردیدا دەڵێن: «هەی هەی» «حەییەی حەی». ژنان «ئەللەل»یش دەڵێن. خۆشی لە لاپەڕەی «۱٤۱» دا «هەیهو»ی هێناوە کە زۆر جوانە.

- «بە چ ڕوویەکەوە دەمتوانی بچمەوە لایان» لاپەڕەی «۱۸۰». وابزانم وا جوانتر بوو بگوترێ: «چۆنم لە ڕو دەهات»، «چۆن لە ڕوم هەڵدەهات»، «چۆن بەخۆدا دەپەرموو».

- «گوزەرانی پێدەکەم» لاپەڕەی «۱۸۲». کوردییە ڕەسەنەکەی ئاوایە: «پێی بەڕێ دەچووم». «گوزەران»یش بەڕێچوونە.

- «بەڵام ئەو دەسۆبەردار نەدەبوو» لاپەڕەی «۱۸٤». لە کوردیدا دەگوترێ: «بەڵام ئەو دەستی هەڵنەدەگرت»، «.. وازی نەدەهێنا»، «لە گۆڵ نەدەبۆوە».

- «چ دەبێ بکەم» لاپەڕەی «۱۸٥». باشتر بوو بگوترایە: «دەبێ چ بکەم».

- «پاش حەوت- هەشت ساڵ ڕابردوەکەم لەبیر خەڵک دەچێتەوە» لاپەڕەی «۱٤۱». ڕەنگە «پێشینەکەم» جوانتر بێ. خۆشی لە لاپەڕەی «۲٤۷»دا ئەمەی بەکار هێناوە.

- «ئەوەندە دەست و پێی خۆم ونکردبوو» لاپەڕەی «۲۱٥». وشە بە وشە وەریگێڕاوە. کورد ئەمە ناڵێ.

- خۆشی هەر لەو لاپەڕەیەدا، لە جێگایەکی دیکە کوردییە ڕەسەنەکەی هێناوە: «ئەمن ئەوەندە تێکچوبووم».

یا دەگوترێ: «ئەوەندە سەرم لێ شێوابوو»، «ئەوەندە پەشۆکابووم»، «ئەوەندە پەشێو بووم».

- «هەر چۆنێک بوو هاتنی من لەگەڵ جێژن و شادمانی خەڵک بەرەو ڕوبوو» لاپەڕەی «۳۳۲».

- وەرگێڕانەکە وشە بە وشەیە. دەبوو بگوترێ: «کە من گەیشتمێ خەڵک لە خۆشیانا کردیانە جێژن و شایی»، «هاتنی من بووە جێژن و شایی بۆ خەڵکەکە».

- «ئاغای گوڵی کورد و لە قاقای پێکەنینیدا» لاپەڕەی «۲٤۱». کاک عەبدوڵڵا وەوای تێکستە فارسییەکە کەوتووە، وەرگێڕی فارسیش وادیارە دوای توکییەکە کەوتوو. لە تورکیدا دەڵێن: «ئاگا گولدیتورکی» یانی ئاغا پێکەنی. بەڵام لە فارسیدا ناگوترێ: «ئاقا گل کردفارسی». بەڵام دەگوترێ «آقا محبتش گل کردفارسی» یانی مەحەبەتی پشکوت. دەبوو بگوترێ: «ئاغا وەک گوڵ گەشاوە و لە قاقای پێکەنیندا».

- «ئێمە هەمیشە کەسێکمان دەوێ خەڵکی سەرگەرم بکا» لاپەڕەی «۲٤۲». دەبوو بگوترێ: «خەڵکەکە سەرقاڵ کا»، «خەڵکەکە بخافڵێنێ»، «خەڵکەکە خەریک کا».

- «نەیدەتوانی خۆی بپارێزێ و پەتەی کەوتە سەرئاو» لاپەڕەی «۲٤۲». وەرگێڕانەکە وشە بە وشەیە. دەبوو بگوترێ: «نەیدەتوانی وریایی خۆی بکا، یا نەیدەتوانی ئاگای لە خۆی بێ و باقری دەرکەوت»،«لێی ئاشکرا بوو».

- «منیش بە تەنێ لەو کێو و وەجان هاتبووم» لاپەڕەی «۲٥۳» «گەیشتبووە گیانم»، «لە گیانی خۆم وەڕەز ببووم».

- «بۆ خۆشم نەمدەزانی سەرەنجامی ئەم کارە بە کوێ دەگا» لاپەڕەی «۲٥٤» «خۆشم نەمدەزانی ئاخرەکەی ئەم کارە دەگاتە کوێ»، «خۆشم نەمدەزانی لەم کارەدا چم بەسەردێ».

- «دەرگای وا لە ناکاو کردەوە کە سواخی ئەملاو ئەولای هەڵوەری» لاپەڕەی «۲۸٥» «دەرگای وا توند و لە ناکاو کردەوە کە سواخی لاشیپانەکانی بەربۆوە- یا کەوتە خوارەوە».

- «پەیکەری زل و زەبەلاحی جەنابی نەقیب وەژور کەوت» لاپەڕەی «۲٥۹». پەیکەر وشەیەکی فارسییە بە مانای «صورت و جثهعەرەبی»ی عەڕەبییە. نالیش لە کوردیدا بەو مانایەی بەکارهێناوە: «هەی کەرێکم بۆ چ پەیکەر تەیکەری هەوراز و لێژ». ئێستا لە کوردیدا بە مانای «تمثال- جسمعەرەبی»بەکاردێ. لە جێگای وادا «قەڵافەت» باشتر، وەک شێخ ڕەزاکەس لە باسی کەڵەشێرەکەیدا دەڵێ: «قەڵافەت وەکوو مەولان بەگەکەی ..».

- «من زۆرم ئەو شیرینکارییانە دیبوو» لاپەڕەی «۲٦۰». شیرینکاری وشە و زاراوەیەکی فارسییە بە مانای مەخسەرە و گەپ و گاڵتەیە. لە کوردیدا باو نییە. لە جیاتیان دەبوو بگوترێ:«.. زۆرم ئەو گۆنگەڵانە بەسەر هاتبوو» ، «پەندی وام زۆر پێدرابوو» یان هەڕەمەیی بڵێین:«قوڕ و چڵپاوی وام گەلێ بە قونان هەڵپەڕبوو».

- «لە بەندیخانە لەنێو لاتەکاندا باوە» لاپەڕەی «۲٦۰». لات وشەیەکە هەڕەمەی خەڵکی فارس دەیڵێن و، بە مانای «شقاوهعەرەبی»ی عەرەبییە. لە کوردیدا بە کەسێکی هەژار و بێ بژیو دەڵێن وەک: «ئەوندە لاتە، سەگ کلکی لێدا دەکەوێ». لە جێگای «لاتفارسی»ی فارسی، لە کوردیدا دەگوترێ، سەرسەری، چەقاوە سوور، لاپرەسەن، لالەوەڕ، لاسار. لە شارباژێڕ «چەورە»ش دەگوترێ.

- «بۆ ئەوەی خۆی بنوێنێ ئەم جۆرە دەستە گوڵانە بە ئاودا دەدا» لاپەڕەی «۲٦۰». دەبوو بگوترێ: «بۆ ئەوەی خۆی ڕابنێ، یان ، بۆ خۆڕانان ئەم فڕوفیشاڵانە دەکات» یا «ئەم گۆنگەڵانە دەگێڕێ».

- لە کوردیدا لە جیاتی «دەستەگوڵ» کە فارسییە و بە ئیملای کوردی نووسرواوە- چەپکەگوڵ و دەسکەگوڵ دەگوترێ. ئەوە نییە لە کۆتایی حیکایەتدا، حیکایەت بێژ دەڵێ: «دەسکێ، یان چەپکێ گوڵ و چەپکێ نێرگز، مەرگی ئێوە نەبینم هەرگیز». «دسته‌ گل به‌ آب دادنفارسی» کینایەیەکی فارسییە، وا دیارە ئیشارە بێ بۆ حیکایەتێکی کۆن لەبیرچۆتەوە و تەنیا کینایەکە ماوەتەوە.

حیکایەتەکە گوایا ئاوای: «عەباسە، خوشکی هارونە ڕەشید» «۸۰۰ز» وەکوو مێژوونووسەکان دەڵێن و لە شێعری شاعیرەکاندا هاتووە، نێوانی لەگەڵ جەعفەری بەرمەکی هەبووە. جۆگەیەک ئاو بە ماڵی عەباسدا ڕۆیشتووە و چووە بۆ ماڵی جەعفەر. عەباسە نامەی بۆ جەعفەر دەنووسی و دەینا ناو چەپکێ گوڵ و، لە حەوشەی خۆیانەوە چەپکە گوڵەکەی بە ئاودا دەدا. جەعفەریش لە حەوشەی خۆیان لەسەر جۆگەکە دەوێستا و چەپکە گوڵەکەی دەگرتەوە. چلوچۆکەر پێیان زانی و بۆ هارونە ڕەشیدیان گێڕاوە. دەڵێن ئەمە بووە هۆی فەوتانی بنەماڵەی بەرمەکی. ئەمە «تراژیدیان». ئەرەستۆ دەڵێ: تراژیدیا ئەوەیە کە کار پێچەوانەی خۆی لێ پەیدا ببێ. یان بە عەڕەبی: «تحول الفعل الی ضدهعەرەبی». عەباسە ئەو کارەی سەبارەت بە عیشق و خۆشەویستی کردووە، کەچی بۆتە هۆی فەوتانی بنەماڵەی بەرمەکی. لە فارسیدا ئەو کینایەیە بۆ کارێکی دۆستانە و خۆشەویستانەی وا بەکار دەهێنرێ، کە ببێتە هۆی مەینەت و چەرمەسەری جا بەم پێیە وەرگێڕی فارسی لە جێی خۆیدا بەکاری نەهێناوە. کاک عەبدوڵڵاش کە وەدوای ئەو کەوتووە تووشی هەڵەکەی ئەو بووە. پێویستە ئەوەش بڵێین کاتێ ئەم قسەیە دروستە کە لە تێکستە فارسییەکەدا ئاوا بووبێ.

- «دەمم کرایەوە و گوتم «زەکی»» لاپەڕەی «۲۶۰». «زەکی» لە فارسیدا وشەیەکی سوکە لە کوردیدا لە جیاتی ئەوە دەڵێن:«تڕحەو». نەختێ بە ئەدەبی تر و بە مەجاز دەڵێن: «تەڕت نەوێکا!».

- «بەتایبەتی ڕیشی ڕەش و بە پشتی من..» لاپەڕەی «۲۶۶» - «ڕیشەڕەش و پڕەکەی من».

- «لێفە و دۆشەگەکەم لە بەندیخانە بڵاوبکەمەوە» لاپەڕەی «۲۷۷» - «بەم زوانە پێخەفەکانم لە بەندیخانە ڕاخەمەوە».

- «دەبێ .. بە قازانجی بورهان دەستبەکار بم» لاپەڕەی «۲۸۸» - «بە قازانجی، یا بە سودی بورهان بکەومەخۆ - بکەومە کار - هەڵبدەم - خەریک بم».

- «منیش ڕاست دوچاری ئەو حاڵە ببووم» لاپەڕەی «۲۷۹» - «منیش هەر ئاوام لێقەومابوو - وام بەسەر هاتبوو».

-«نوێنەری ئاغا.» لاپەڕەی «۲۷۹»- «پیاوی ئاغا - کوێخا ئاغا - گزیری ئاغا».

- «ئەمە چ گوکارییەکە؟» لاپەڕەی «۳۶۲»- «ئەم کارە گواوییە چییە؟»

- «تەباخەکە بە جارێک دەست و لاقی خۆی ونکرد و زمانی ڕەق بوو» لاپەڕەی «۳۶۲»- «چێشتکەرەکە بە جارێک پەشۆکا»، «سەری لێشێوا و زمانی بەسترا، دەمی ڕەق بوو».

- «لە پێشدا ئەگەر بە تاوانی کڵاو لەسەر نان دەگیرام هیوایەکی بەربوونم بوو» لاپەڕەی «۲۰۹»- لە پێشدا کە لەسەر ساختەچییەتی، کەڵک بازی، دەستبڕێ و گوێبڕێ دەگیرام.

- «دیسان ڕۆژنامەکان هەنگامەیەکیان بەرپا دەکرد» لاپەڕەی «۲۰۹»- دیسان ڕۆژنامەکان قولە و هەرایان دەناوە- بەیت و باویان ڕێکدەخست، لە هەرایان دەدا.

- «شاڵوارێکی مەخمەری کۆنم لەبەردا بوو» لاپەڕەی «۱۱٤»- لە پێدا بوو. بۆ جلکی لای خوارەوەی لەش وەکوو دەرپێ و پانتۆڵ و ڕامگ، لە پێدابوون دەگوترێ. بۆ جلکی لای سەرەوە، یا بۆ دەستێک جل، لەبەردابوون دەڵێن، وەک کەوایەکی ڕەشم لەبەردابوو، یا ڕانک و چۆغەی سوورم لەبەردا بوو.

- «بێدەنگ بە کڵاوچی دز»! لاپەڕەی «۱۰۱»- بێدەنگ بە ساختەچی دز! دەغەڵی دز! کڵاوچی لە کوریدا نالوێ.

- «زۆر باشە بڕۆ دەست بەکاربه» لاپەڕەی «۹٥»- بچۆرە سەرکار، بچۆ کاربکه، بڕۆ خەریکی کاربە.

- «دووکەڵ لە کەللە سەرم هاتەدەر..» لاپەڕەی «۷۸»، لە کوردیدا نامە ناگوترێ- ئەقڵ لە کەللەمدا نەما، واقم وڕما، لە دین دەرچووم.

- «ئەوەندە دەستەپاچە ببووم..» لاپەڕەی «۱۲۹»- ئەوەندە تێک چووم، ئەوەندە پەشۆکام، بە جورێکی وا سەرم لێشێوا.

- «بەتانی خۆم لێ بڵاو کردەوە» لاپەڕەی «۲۱۰»- بەتانی خۆم لێ ڕاخستەوە.

- «ئەسپەکان بەغار بەرەو کوێستان دەڕۆیشتن» لاپەڕەی «۲۲٥»- ئەسپەکان بەرەو چیا، بەرەو کەژ، بەرەو کۆسار «هەورامی» کەوتنە غار. وشەی «کوهستانفارسی» لە فارسیدا یانی جێگای شاخاوی. چونکە لە دوو کەرتی «کوه‌فارسی» بە مانای چیا و «ستان» بە مانای جێگا تێکخراوە. بەڵام «کوێستان» یا وەک لە ناوچەی سنەشوێن و شارەزوورشوێن دەڵێن «کێوسان» لە کوردیدا بە مانای جێگای ساردە وەک دەڵێن: «گەرمێن و کوێستان دەکا». یا وەک لە گۆرانیدا هاتووە: «کوێستانان خاڵ خاڵ بەفری ناچێتۆ- یارم تۆریاگە ئاشتی نابێتۆ».

- «هاوڕێکەت ئازاد بوو» لاپەڕەی «۲۱٥» - «هاوڕێ» بۆتە زاراوەیەکی سیاسی. وا باشتر بوو بگوترێ: هاو هۆدەکەت، هاو دەنگەکەت، برادەرەکەت.

- ئەمانەش هێندێ لەو وشە و کینایە و مەجازانەی کە وشە بە وشە لە تێکستە فارسییەکەوە کراونەتە کوردی و، لە زەمانی ئەدەبی کوردیدا جوان نین. وە لەبەر چوار مەبەست بە تایبەتی پەنجەم خستە سەر ئەمانە: یەکەم جوانی وەرگێڕانەکە دەشێوێنن. دووەم لە گەرمێن تێیان ناگەن. سێیەم لە جیاتی ئەوانە وشە و زاراوە و کینایەی ڕەسەنی کوردی هەن و ئەگەر ئەمانە و هی وەک ئەمانە لە نووسیندا ببنە باو، هینەکانی خۆمان لەبیردەچنەوە و زیانێکی قورسمان لێ دەکەوێ. چوارەم بەشکم وردبوونەوە و لێکۆڵینەوەی وشەکان لەناو قەڵەم بە دەستەکانماندا ببێتە باو، وشەی جوان و ڕەسەن لە هی چەوت و چەوێڵ و نادروست هەڵاوێردرێ.چونکە بەردی بناغەی شتی ئەدەبی، هێنانی وشەی دروست و ڕەسەن و جوانە. هەر شتێک بە وشەی نادروست، یان چەوت و چەوێڵ بنووسرێ، با بە ئاوی زێڕ و تەڵاش بێ بە شتێکی ئەدەبی ناژمێردرێ. یان بە لانی کەمەوە بە شتێکی ئەدەبی دزێو و ناڕەسەن وەردەگیرێ.

- لەمەپێش گوتمان «تێکستە کوردییەکە بە چەشنی گشتی کە دییالێکتیش بگرێتەوە». مەبەست ئەوەیە وەرگێڕانەکە هێندێ شێوەی دیالێکت و ناوچەیی پێوە دیارە. یەکێ لەوانە «ی»ی زیادیە. بۆ نموونە: «ئارەقێکی ساردم بە لەشیدا هات» لاپەڕەی «۱۲٦»، «ئێستا ئەو کەرەی لەو قوڕەی وەپەڕێنە» لاپەڕەی «۲۰۹»، «ڕێگا لەوێ باشتر نابێ» لاپەڕەی «۲۹۱»، «هێندێک کار لە پێش چاوی پیاوی زۆر هاسانن» لاپەڕەی «۹۰».

«ی»ی «لەشی»، «ئەو کەرەی»، «لەو قوڕەی»، «لەوەی»، «پیاوی» و هی تری وەک ئەمانە لە ڕۆژگاری کۆندا دەبێ ئەرکێکیان بەجێ گەیاندبێ و کەڵکێکیان هەبووبێ. بەڵام تێپەڕ بوونی ڕۆژگار و «تطور»ی زمان لە کەڵکی خستوون و ئێستا لە زمانی ئەدەبیدا بوونەتە زیادی. پێویستە ئەوەش وەبیر بخەیتەوە کە ئەمە لە ئەمڕۆکەدا. کە زمانی ئەدەبیمان هێشتا شوێنەواری دیالێکت و «لهجە»کانی زۆر پێوە ماوە بە هەڵە ناژمێردرێ و، تەنیا دەتوانین تۆزێ بە ناڕەوان و نافەسیحی دانێین. لە وەرگێڕانی تەواو باشدا، ئەگەر لە تێکستە ئەسڵییەکەدا تووشی زاراوە یان ئیشارە بۆ بەسەرهات و حیکایەت و شتێکی وا هاتین کە لە زمانی کوردیدا نییەو نەناسراوە، دەبێ ئەو زاراوە و ئیشارەیە بهێنین و لە داوێنی لاپەڕەکەدا ڕوونی کەینەوە. وەک: «هیچ لۆتییەک سەلوجی ڕەت ناکاتەوە» کە کاک عەبدوڵڵا لە لاپەڕەی «۲۸۲»دا هێناویەتی. لۆتی لە کوریدا بەو کەسانە دەڵێن کە تا پێش شەڕی دووەمی جیهانیش بە دێهاتەوە دەگەڕان و، بە دەهۆڵ و زوڕناوە ورچ و مەیموونیان هەڵدەپەڕاند. بە مەجاز بە ئینسانی بێعاریش دەڵێن. لە زمانی هەڕەمەی فارسیدا بە مانای «ابوجاسمعەرەبی»ی عەڕەبی بەکار دەهێنرێ. لەو وتەیەی سەرەوەدا لە جیاتی «ڕند- ڕێیەکە ژێری هەیە» بەکارهاتووە کە لە ئەدەبی فارسیدا بە مانای بێباک و «لا ابالی و لاقیدفارسی»ە. یانی ئەو کەسەی بە ڕواڵەت بۆ لۆمە دەشێ، بەڵام لە دڵ و دەروونی خۆیدا پاک و بێخەۆشە. لە سۆفیگەریدا بە مانای وەشوێن کەوتنی «حق و حقيقهعەرەبی» و گوێنەدان بە ڕواڵەت و «تقلید»ە، «حافظکەس» ئەم وشەیە زۆر بەکار دەهێنێ. «مرا روز ازل کاری به‌ جز رندی نفرمودندفارسی» یانی ڕۆژی ئەزەل لە ڕیندی بەو لاوە کارێکیان بە من نەسپارد. لە کوردیدا «ڕەند» بە مانای جوان و جوامێرە. دەڵێن «کیژێکی ڕەندە» یانی جوان و شۆخە، «پیاوێکی ڕەندە» یانی جوامێرە بە مانای زەوی بەیاریش هاتووە. «صبوحیفارسی» پیاڵەیەک شەرابە، ئەوانەی شەو سەرخۆش بوون بەیانی خواردوویانەتەوە. ئەمە لە شێعری حافزدا زۆر هاتووە. وەک «گر فوت شد سحور چه‌ نقصان صبوح- از منی کنند گشا طالبان یارفارسی» یانی با پارشێویش لەکیس چوبێ قەیناکا، سەبوحی ماوە. ئەوانەی داواکاری یارن ڕۆژو بە شەراب دەشکێنن. لێرەدا ئیشارە بۆ مانای شەراب و ڕۆژ و یار لە باری سۆفیگەرییەوە دەکا و دەڵێ: ئەوانەی دەیانەوێ بگەنە دیداری «مراد» با تاعەتی نیوەشەویشیان لەکیس چووبێ قەیناکا، بەیانیان لە «پیرو دەزگیر» کە داواکاران ڕێنوێنی دەکا، پیت و بەرەکەت وەردەگرن و بە هۆی ئەوەوە دەگەنە «مراد» . هەروەها هێندێ وشەی کەم ناسراویش وەک: «تانە» لاپەڕەی «۱۸٤» ، «وچان» لاپەڕەی «۲۲۸»، پەژیوان لاپەڕەی «۳٦٥»، «گرۆ» «۲٤٤» و هی تر.. دەبوو لە داوێنی لاپەڕەکاندا مانایان بنووسرێ. دەڵێم لە داوێنی لاپەڕەکاندا بنووسرایە. چونکە من لەگەڵ ئەوە نیم کە لە کۆتایی کتێباندا وشەنامە دەنووسن. ئەم کارە سەر لە خوێنەر دەشێوێنێ و ناچاری دەکا هەر جارێک تووشی وشەیەکی نەناسراو هات لە وشەنامەکدا بۆی بگەڕێ و بیدۆزێتەوە و مانای بزانێ و بگەڕێتەوە سەر خوێندنەوەکەی. لەم هاتوچۆیەدا هەودای مەبەستەکە لە زەینیدا دەپسێ. کە چەند جار پەیتاپەیتا تووشی ئەم گێرە و کێشەیە هات وەڕەز دەبێ و کتێبەکە فڕێدەداتە ئەولاوە. بەڵام کە لە دواێنی لاپەڕەکەدا مانای لێدرابێتەوە. گورج تەماشای دەکات و دەڕوا بەڕێی خۆیەوە. ئەمە چەند مەبەستێک بوو لە کتێبی گێلە پیاودا کە کاک عەبدوڵڵا حەسەن زادە لە زمانی فارسییەوە کردوویەتە کوردی وەبەرچاوم کەوت. بە ڕاشکاوییەکی تەواویشەوە دەڵێم ئەم سەرنجانە لە نرخی کارەکەی ئەم کەم ناکەنەوە و بە کتێبێکی «۳۸۰» لاپەڕەییەوە دیار نین. وە وەرگێڕانەکەی بە یەکێ لە وەرگێڕانە هەرە باشەکانی تا ئێستا لە زمانی کوردیدا دەزانم و پیرۆزبایی لێدەکەم لەسەر کاری وەرگێڕان کە کارێکی زۆر پێویست و بەنرخە و ئەویش زۆر باشی لە دەست دێ شێلگیر بێ.